بریارە ئەمڕۆ هەینی، 6-12-2024، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر دۆخی عێراق کۆبێتەوە. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ناسراو بە یۆنامی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کاتژمێر شەشی ئێوارە بەکاتی بەغدا کۆبوونەوەی خۆی لەبارەی دۆخی عێراق و دوا پێشهاتەکان لەو وڵاتە دەکات. بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد ئەلحەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان”یۆنامی” بۆ عێراق وتەیەک لەبارەی پێشهاتەکانی عێراق و یۆنامی لەو وڵاتە پێشکەش بکات. لەوانەش؛ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی و پرسی کاریگەری گۆڕانەکانی کەشوهەوا لەسەر عێراق. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت محەمەد ئەلحەسان لە قسەکانیدا لە ئەنجومەنی ئاسایش باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بکات.
وەزیری کارەبا لەگەڵ تیمی هاوبەشی وەزارەتی کارەبا و نووسینگەی سەرۆکوەزیران بۆ پڕۆژەی ڕووناکی کۆبووەوە. ئەمرۆ پێنجشەممە، 5/12/2024 وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارە پرۆژەی ڕووناکی ڕایگەیاند: کەمال محەمەد سالح وەزیری کارەبا لەگەڵ تیمی هاوبەشی وەزارەتی کارەبا و نووسینگەی سەرۆکوەزیران بۆ پڕۆژەی ڕووناکی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کارەبا جەختی لەسەر گرنگی ئەم پڕۆژەیە کردەوە کە هەنگاو بەهەنگاو بەسەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت بە مەبەستی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەی کارەبا و سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای پێشکەووتووی وەک تۆڕی پێوەری زیرەک. ئەم پڕۆژەیەش پرسێکی نیشتمانییە بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە ماوەی دوو ساڵدا. تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی ڕەشنووسی نەخشەڕێگای جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بۆ هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆ کرا لەسەر هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆژەی ڕووناکی و فراوانکردنی پڕۆژەکە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی گرووپی دهستهى تەحریر شام، محەمەد جۆلانی، داوای لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە "ڕێگە نەدات هێزەکانی حهشدى شهعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دەستوەردان لە سووریا بکەن". هەروەها کەمێک پێش ئێستا سوپای رژێمی سووریا لە شاری حەما کشایەوە و گرووپە چەکدارەکانی سووریا کە بە "ئۆپۆزسیۆنى سووریا" خۆیان دهناسێنن چوونە نێو شارەکەوە.
ئهمڕۆ پێنجشەممە 12/5 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوای لە ئانل بۆرا ئينان باڵيۆزى توركيا له عێراق کرد .لە کۆبوونەوەدا کە ئەرمان تۆپچو کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنەو دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە کرا.باڵیۆزی تورکیا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کرد و هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی و پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا.شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سووریا و پێویستی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. 1 2 3
لە درێژەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری ئەو بڕگەی پرۆژەیاسای بودجە دەکات کە پەیوەستە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق، کە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، تێیدا چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت وەک: خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری پرۆژەیاسای بودجەی عێراق لە ماددەی 13بڕگەی جیم، کە پەیوەستە بە تێچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان. تەوەرێکی دیکە بریتیە لە دەنگدان لەسەر دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی، وە دەنگدان لەسەر هەمواری یەکەمی پرۆژەیاسای پاسپۆرت، ئەمە جگە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق. ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنی چوارشەممە، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، بە بەشداری محهممهد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە شێوەیەکی داخراو بەڕێوەچوو و ناوبراو هۆ پێویستهكانی ههمواری یاسای بودجهی گشتیی فیدراڵی و ههمواریی پێكهاتهی كابینهی حكومهت و هەمواریی بەندی تایبەت بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرلەمانتاران ڕوون کردبوویەوە.
وابڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی مانگەکانی حەوت و هەشت ڕەوانەی بەغدا بکات. بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 50%ی داهاتی ناوخۆ ڕادەستی عێراق بکات. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆی مانگەکانی حەوت و هەشتن و لە ڕۆژانی داهاتوودا دەنێردرێت، ئەمە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق هیچ بیانووێکی بۆ ناردنی مووچە نەمێنێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت دەکاتەوە سەرجەم پابەندییەکانی بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردوون، بەڵام حکومەتی عێراق هێشتا ئامادە نییە تەواوی مووچە بنێرێت، لەکاتێکدا لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 12 کراوە، بەڵام تەنیا 761 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 10 ناردووە و بڕی 235 ملیار دیناریش کورتهێنان هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12/4، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەبدوڵلا مەتەڕ ئەلمەزروعی، باڵیۆزی نوێی دەوڵەتی ئیمارات لە عێراق کرد.سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی لە باڵیۆز کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی و هەموو هاریکاری و پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ باڵیۆز دهربڕی لەپێناو سەرخستنی ئەرکەکەی و پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا. باڵیۆزی ئیمارات، سڵاو و ڕێزى سەرۆکی ئیمارات شێخ محەمەد بن زایدى بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و جەختی لە برەودان بە پەیوەندیی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە. گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
ڕۆژی سێشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز سێرج دیکشن باڵیۆزی بەلجیکا لە عێراق و ئوردن کرد. لەم دیدارەدا باڵیۆزی بەلجیکاستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە خەباتی گەلی کوردستان و بەیهاتنی سەقامگیریی لە هەرێم و عێراق کرد و پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە ئۆکتۆبەری رابردووی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد، و بەشداریی ڕێژەی بەرچاوی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردندا بە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بەهێزبوونی شەرعیەت لەقەڵەم دا.باڵیۆزی بەلجیکا ئەوەشی دووپات کردەوە کە بەلای وڵاتەکەی و یەکێتیی ئەوروپا سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بایەخێکی تایبەتی هەیە. هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەدوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەڕەشەو مەترسییەکانی تیرۆر و پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
ئەم هەفتەیە حکومەتی عێراق بۆ مووچەی مانگی 10 گوژمەیەکی دیکەی پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەمەش قەبارەی ئەو کورتهێنانەی هەیە کەمتر دەبێتەوە. سێ ڕۆژی داهاتوودا، واتە لە سبەی سێشەممە تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 110 ملیار دیناری دیکە دەخاتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان. ئەو بڕە پارەیە لە پشکی بەکارکردن لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە موناقەلە دەگوازرێتەوە سەر پشکی مووچە. ئەمە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەیە کە دوای وەرگرتنی هەڵوێست و ناردنی پەیامی وەرنەگرتنی 761 ملیارەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق داوای کردبوو سەبرێکی لێ بگرن کێشەی کورتهێنان چارەسەر دەکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە 996 ملیار دینار هەیە بۆ مووچە، وەزارەتی دارایی عێراق پێرێ بڕی 761 ملیار دیناری نارد، لەگەڵ ئەو 110 ملیارەی بڕیارە بینێرێت دەکاتە 871 ملیار دینار، واتە تەنیا 125ملیار دینار کورتهێنان دەمێنێتەوە. وربینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی 11 لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی عێراق تەواو بووە. هاوکات وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مانگی 12 یە، لەم ڕۆژانە تەواو دەبێت و هەفتەی داهاتوو بۆ بەغدا دەنێردرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە 12/1 بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە دیپلۆمات و بەرپرسان، لە شاری هەولێر، ڕێوڕەسمی یادی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان-دهۆک بەڕێوەچوو. لە ڕێوڕەسمەکەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان لە دهۆک گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆی ئەمەریکی، زانکۆیەکە بە ئامانجی هێنانی باشترین بەرهەمەکانی بۆ وڵاتەکەمان دامەزراوە و لە بنەڕەتدا لە پێناو بەهێزکردن و پەرەپێدانی تواناکانی لاوانی کوردستانە، چونکە لاوان ناوەند و بنەما و پایەی سەرەکی فەلەسەفەی زانکۆکەن. بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی،بەرپرسان ، دیپلۆماتکاران، میوانە بەڕێزەکان، مامۆستایان، قوتابیان، دەرچووان و هاوڕێیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، ئێوارەتان باش.ئەمڕۆ، بۆ یادکردنەوەی ڕووداو و دەستکەوتێکی بەرچاو کۆبووینەتەوە، کە دەیەمین ساڵیادی کردنەوەی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان - ە لە دهۆک. کە بووەتە جێگەی شانازی و ئیلهامبەخشێکی بێ ئەندازەیە بۆ هەموومان و ساتێکە کە بۆ چەندین نەوەی داهاتوومان یادی دەکرێتەوە. بەناوی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەشێک بوون لەم گەشت و سەرکەوتنە ناوازەیە.ئەو کاتەی درێژەم بە خوێندن لە زانکۆیی ئەمەریکی لە واشنتن دی سی دەدا، بەردەوام بیر و خەیاڵم لای ئەو قوتابییە زیرەک و بەهرەمەندانەی کوردستان بوو، کە دەرفەتی دەستگەیشتنیان بە سیستەمێکی خوێندنی نێودەوڵەتی ئاست بەرز نەبوو؛ بۆیە بەردەوام هەوڵم دەداو خەونم بە داهاتوویەک دەخواست کە ئەوانیش ئەو دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێت و لە سیستەمێکی خوێندنی ئاست بەرزی جیهانی سوودمەند ببن بە بێ ئەوەی پێویست بکات نیشتیمان جێبهێڵن. لەو کاتەدا ئەمە لە خەونێکی گەورە دەچوو، بەڵام من دەستم پێوەگرت و دەستبەرداری نەبووم. دوای 30 ساڵ، هەست بە خۆشحاڵیی دەکەم کە دەبینم ئەو خەونە لە دروستکردنی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان هاتووەتەدی، بە سوود وەرگرتن لە نموونەی پەروەردە و خوێندنێکی ئەمەریکی؛ زانکۆی ئەمەریکی، زانکۆیەکە بە ئامانجی هێنانی باشترین بەرهەمەکانی بۆ وڵاتەکەمان دامەزراوە و لە بنەڕەتدا لە پێناو بەهێزکردن و پەرەپێدانی تواناکانی لاوانی کوردستانە، چونکە لاوان ناوەند و بنەما و پایەی سەرەکی فەلەسەفەی زانکۆکەن.پێویستە هەموومان شانازی بەو ئاست و قۆناخەوە بکەین کە پێی گەیشتووین. کاتێک زانکۆی ئەمەریکی کوردستان-مان دامەزراند، ڕووبەڕووی بەربەستی بەرچاو بووینەوە. تیرۆریستانی داعش تەنیا 12 کیلۆمەتر لە باڵاخانە و کامپسی زانکۆکەوە دوور بوون، ئێمەش لەکاتێکدا لە بەرەکانی پێشەوە بووین بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان و زێدی خۆمان ، بەڵام لە هەمانکاتدا کۆبوونەوەی بێشومارمان ئەنجام دەدا بۆ دامەزراندنی زانکۆکە. تیرۆر و دواتریش پەتای کۆڤید 19، بەربەستی مەترسیدار بوون لە بەردەممان . بەڵام بەهۆی خۆڕاگریی و پابەندییمانەوە، لە درێژەدان بە گەشتە زانستییەکەمان بەردەوام بووین.لە ساڵی 2018 دەستمان بە هەنگاوەکانی بەدەستهێنانی متمانەپێکردنی ئاستی خوێندنی باڵای ئەمەریکی کرد. سەرەڕای ئاستەنگەکان، توانیمان باوەڕ بە دەستەی خوێندنی باڵای ( نیو ئینگلاندNew England ) بهێنین تا بێنە کوردستان و دەست بە پرۆسەی متمانەپێدانی ئەکادیمی بکەن. ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەڵێم کە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، تاکە دامەزراوەیە لە هەموو عێراقدا، کە لە قۆناخی پاڵێوراوبووندایە بۆ بەدەستهێنانی ئەو متمانە ئەکادیمییە، واتە نمرە و متمانەپێکردنە ئەکادیمییەکەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی ئەمریکاوە دانپێدانراوە و قوتابیان دەتوانن نمرە و دەستکەوتە زانستییەکانیان بگوازنەوە هەر دامەزراوەیەکی تری جیهان. ئەم دەستکەوتە تەنیا داننان نیە بە پێوەرە ئەکادیمییەکانمان، بەڵکو بەردی بناخەی ڕوانگەی فراوانتری حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دامەزراندنی دەزگایەکی متمانەپێکردنی نیشتمانی، کە دەستەی متمانەبەخشینە بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان.بەم دەسکەوتە ناوازەیە، زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە ژینگەی سیستەمی خوێندنی باڵا لە ئاستی هەرێمیی و نیشتیمانیدا بگێڕێت. هاوتەریب لەگەڵ دیدگەی حکومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2030، زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، شانازی بەوە دەکات کە سەرپەرشتی دەستەیەکی کارکردن دەکات لەسەر نموونە و دەستپێشخەرییەکی خوێندن بە ناوی خوێندنی K19، کە تایبەتە بە بەرزکردنەوەی پێوەرە ئەکادیمییەکان، بەهێزکردنی دڵنیایی جۆریی و پێشنیارکردنی چاکسازییە بنچینەییە سیاسییەکان بۆ پێشڤەبردنی خوێندن و پەروەردە بۆ نەوەکانی داهاتوو.زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، بووەتە چرای نمونەییبوون، نەک تەنیا لە بواری خوێندن بەڵکوو لە بواری تەندروستیشدا. کۆلێژی پەرستارییمان لە پێشەنگی داهێناندایە، پسپۆڕەکانی داهاتووی چاودێری تەندروستی، بە زانیاریی پێشکەوتوو و لێهاتوویی پڕچەک دەکات. دەرچووانمان کە بە بەهاکانی پیشەییبوون ئاوێتە بوون و بە بەهرە و لێهاتووییەکانی سەدەی بیست و یەکەم ئامادە کراون، لە شوێنی کارەکانیان و دەرەوەش، سەرمەشقی گۆڕانکارییەکانن. وێڕای ئەوەش، ئێمە لە دابینکردنی پرۆگرامی پەرەپێدانی پیشەیی بۆ خاوەن پیشەکان لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتیش بەشدارین.سەرەڕای ئەوەش، زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، رۆڵێکی گرنگ لە بەرەوپێشبردنی ئابورییەکەمان دەگێڕێت، ئەوەش لە ڕێگەی ئامادەکردنی هێزی کار و بازاڕی کار کە توانستی هاوتابوون و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوچەرخەکانیان هەبێت. ئەمە هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان بۆ پەرەدان نەک بە سیستەمی پەروەردەکەمان، بەڵکو بەرەوپێشبردنی ژینگەی ئابووری نەتەوەکەمان.خۆشحاڵم کە ڕایبگەیەنم نزیکەی 70%ی قوتابیانمان سوود لە سکۆلەرشیپ و دەرفەتی خوێندنی جیاجیا دەبینن، ئەمەش لە ڕێگەی هاوکاریی و بەخشەندەیی بەخشەرەکانمان، ئەمە وێڕای پاڵپشتی و هاوکاریی بەخشەر و هاریکار و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێوەخۆیی و دەرەکییەکان و هاوبەشە دامەزرێنەرەکانمان. لە پێناو دڵنیابوون لە بەردەوامیی توانستی دارایی، سندووقی هاریکارییمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دامەزراندووە، جیا لەمەش، پلانی فراوانترمان بۆ گەشەی زیاتر لە ساڵانی داهاتوو هەی.هیچ کام لەم دەسکەوتانە، بە بێ هەوڵ و ماندووبوون و پاڵپشتی بۆردی ئەمینداران نەدەهاتنە دی. لە ماوەیەی دەیەی ڕابردوو، ڕوانگە و پابەندییەکانیان، رۆڵێکی کارای لە سەرکەوتنی ئەم دامەزراوەیە هەبووە. لێرەوە زۆر سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی زانکۆکە دەکەم کە سەرکردایەتی زانکۆکەیان لە کاتە سەختەکاندا کردووە و کاریان بۆ گەشە و نمونەییبوونی زانکۆکە کردووە.ئەمڕۆ کە بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی کردنەوەی زانکۆکە ئاهەنگ دەگێڕین، با تەنیا لە دەستکەوتەکان نەڕوانین، بەڵکو ڕوو بکەینە داهاتوویەکی ڕووناکتریش. بەیەکەوە دەتوانین زانکۆی ئەمەریکی کوردستان بکەینە وێنەیەکی نمونەیی تا داهاتووی خوێندنی باڵا لە وڵاتەکەمان وەکو پایەیەکی پرۆسەی دروستکردن و داڕشتنی دەوڵەتسازیی بۆ نەتەوەکەمان دابڕێژێت.بە پێویستی دەزانم لێرەدا، سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانیی بکەم، بۆ پاڵپشتی بەردەوامی لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دە ساڵی ڕابردوودا. سوپاس بۆ فاوەندەیشنی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان بۆ خۆتەرخاکردن و خەمخۆریی و پابەندبوونمان بە ئامانجەکانمان. لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆم ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەم بۆ ئەو پاڵپشتییە بەخشندە و بەردەوامەی لە ماوەی چوارساڵی رابردوودا، پێشکەشی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان-ی کردووە.زۆر سوپاس و دووبارە پیرۆزبایی لە هەموو ئەوانە دەکەم کە بەشێک بوون لە چیرۆکی ئەم سەرکەوتنە. 1 2 3 4 5 6
ئهمڕۆ یەکشەممە 12/1 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی له ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵيۆزى ئهمهريكا له عێراق كرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە. تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵ مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بێ دواخستن و لێبڕین بنێرێت.هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی کە لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پێویستە لە زووترین کاتدا،حکومەتێکی نوێی یەکگرتوو و بەهێز پێکبهێنرێت.هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، جەخت لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی نزیکدا کرایەوە. باڵیۆزی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و خواستی وڵاتەکەی ، بۆ بەهێزترکرنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
ئاماری دادگاکانی هەولێر و سلێمانی دەریدەخەن رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران رۆژ لەدوای رۆژ لە هەڵکشاندایە، پارێزەرێکیش دەڵێت جیابوونەوەی هاوسەران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بەمەترسیش ناوی دەباتئەشواق نەجیب پارێزەر لە لێداوانێکدا ڕایگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی بەرچاو جیابوونەوەی هاوسەران زیادی کردووە و بووەتە مەترسی و بە جۆرێک لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 3500 هاوسەر جیابوونەتەوە ئەمساڵیش ئەوڕێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 4500 کەسوتیشی، لە پارێزگای هەولێر ساڵی ڕابردوو نزیکەی سێ هەزار هاوسەر جیابوونەتەوە و ئەو ڕێژەش بۆ ئەمساڵ گەیشتووەتە نزیکەی چوار هەزار کەسلەبارەی هۆکارەکانی جیابووەنەوەی هاوسەران ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەکرد، چەند هۆکارێک هەن کە سەرەکیترینیان باری ئابورییە بۆ جیابوونەوەی خێزانەکان کە لە ساڵانی پێشوودا بەو جۆرە نەبووە، ناپاکی هاوسەرانیش هۆکارێکی دیکەیە و چەندین هۆکاری دیکەش هەنهاوکات، لە عێراق بەگوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا ، 5462 حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە، کە 1508 حاڵەتی جیابوونەوە بە بڕیاری دادوەری بووە، هەروەها زۆرینەی جیابوونەوەکان لە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ بووە، 698 جیابوونەوەش لەدەرەوەی دادگەکان بووە.