بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2025، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێم و گشت کوردستانییان دەکەم و هیوای شادی و خۆشگوزەرانی و ساڵێکی پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان دەخوازم. سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە بە داخەوە بە هۆی کێشە دروستکردن و نەناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، مووچەخۆرانی هەرێم، ساڵێکی دارایی سەختی دیکەیان بەڕێکرد.حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە ئەم کێشەیە لە سالی داهاتوو، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت. هەروەها ئومێدەوارین، لە زووترین کاتدا، گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەنجام بگات و لە سەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی حکومەتێکی یەکگرتووی بەهێز و سەرتاسەری دروست بکرێت، کە لە ئاست ئەرک و ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوودا بێت و بێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات. ساڵی نوێ لە هەموو لایەک پیرۆز بێت و هیوادارم ساڵی ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی بێت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2024/12/31
ساڵی 2024، سەرەڕای ئەوەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ژمارەیەکی زۆری پڕۆژەی خزمەتگوزاری کردەوە، هاوکات چەندان بڕیاری دڵخۆشکەری لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەرکرد. ژمارەیەک بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە 2024دا: - ڕۆژی 19ـی تشرینی یەکەم، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی لەسەر بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دا. - ڕۆژی 25ی ئاب، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس بوو، بکرێنە گرێبەست. - لە هەمان مانگدا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و خوێندنگە ئیسلامییەکان بکرێنە گرێبەست. - ڕۆژی 17ـی تشرینی یەکەم، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی دا لەسەر کەمکردنەوەی ڕسووماتی مامەڵەی بەناوکردنی خانووبەرە و گۆڕینی خاوەندارێتی، لە ڕێژەی ٪3 بۆ ڕێژەی ٪1 لە بەهای خانووبەرە و زەوی، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی بارگرانیی سەرشانی هاووڵاتییان و ئاسانکاری لە ڕاییکردنی کاروباری بەناوکردنی موڵکەکانیان. - ڕۆژی سێشەممە 15ـی تشرینی یەکەم، وەزارەتی ناوخۆ، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەقەزاکردنی ناحیەی بەحرکەی لە پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند. - لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران لە 23ـی تەمووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕێنمایيی ڕاگرتنی باجی سەر چێشتخانە، هۆتێل، نەخۆشخانە تایبەتەکان، سەموونخانە و نانەواخانەکانی دەرکرد. - ڕۆژی یەكشەممە 28ـی تەمووز، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: "مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، فەرمانی كرد و ڕايسپاردووین بۆ ئەوەی كاری پێویست ئەنجام بدرێت، بە پێدانی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنیشیانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەڵگری كارتی زانیاریی ناوچەكانی ماددەی 140 ی دەستوور و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن." - ڕۆژی 23ـی تەمووز، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی داراییی هاووڵاتییان و پیشەوەران له هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە ڕاگرتنی وەرگرتنی باج لەسەر چێشتخانە و هۆتێلەکان، نەخۆشخانە تایبەتییەکان و سەمونخانە و نانەواخانەکان و زەوییە بەتاڵەکان. - یهكشهممه 21ـی تەمووز، مهسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، بەدروستکردنی 24 قوتابخانه و نهخۆشخانهیهكی گهورهی سووتان له سهنتهری شاری ههولێر و دهوروبهری. - 9ـی تەمووز، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی لەسەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە و دابینکردنی پێویستییەکانی کۆلیژەکە درا، بە بڕی ملیارێک و512 ملیۆن و 498 هەزار دینار، لەسەر بودجەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. - ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە 27ـی ئاداری 2024، لە پاڵ کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ، بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 20%ی پارەی کرێی کەڵەکەبووی بەشداربووانی کارەبای هاووڵاتیانی دا، تا ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناهەمواری دارایی لە هەرێمی کوردستان. بڕیارەکە لە 7ـی نیسانی 2024 ، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن. چەندین بڕیاری دیکە کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، لەوانە: 1-تەرخانكردنی زەوی و بەسەر فەرمانبەرانی ناسوودمەندبوو 2- داشكاندنی 20%ی پارەی كارەبا و ئاو و هاتوچۆ 3- داشکاندنی 50%ی ڕسوماتی هێنانی گۆشت 4- داشکاندنی 20% لە كرێی خوێندنی پارالێل 5- داشكاندنی 20%ی ڕسووماتی كرێی شارەوانیی كرێچییان 6- لێخۆشبوون لە سزای دواكەوتنی باجی کاسبکاران 7- لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی - یەكشەممە، 17ـی ئادار، بەبڕیاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، دەست بە پێدانى تابلۆی ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە كرا و زیاتر لە 700كەس داوای ژمارەی ئۆتۆمبێلیان كردووە. - لە چوارچێوەی بایەخپێدانی زیاتری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەسوکاری شەهیدان و بە مەبەستی هاوکاری و کارئاسانی بۆ خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر لێخۆشبوون لە خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش لە گشت پێشینە کشتوکاڵییەکان هاوشێوەی پێشینەکانی دیکە کە لە ئەستۆی خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش دان.
دوای پشووەکانی سەری ساڵ، قۆناغی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستپێدەکات. سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری لیژنەی وردبینی دابەشکردنی زەوی ڕایگەیاند: وردبینیکردن بۆ فۆرمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر و هێزە ئەمنییەکاندا بەردەوامە، دوای پشووەکانی سەری ساڵ، قۆناغی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات. دیارترین ئەو وەزارەتانەی کە وردبینی لە فۆرمەکانیاندا کراوە ئەمانەن: - وەزارەتی پەروەردە 94 هەزار فۆرم وردبینی بۆ کراوە.-وەزارەتی ناوخۆ 65 هەزار فۆرم وردبینی بۆ کراوە.- وەزارەتی خوێندنی باڵا 18 هەزار فۆرم وردبینی بۆ کراوە.- وەزارەتی پێشمەرگە 13 هەزار فۆرم وردبینی بۆ کراوە. دوای وردبینیکردن نووسراوێک لە وەزارەتی شارەوانییەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت، تاوەکو ڕەزامەندی لەسەر دابەشکردنی زەوی بدرێت بەپێی سنووری جوگرافی فەرمانبەر و هێزە ئەمنییەکان. بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستیپێکرد، هاوکات نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەر و خانەنیش سوودمەند دەبن و زەویان پێ دەدرێت. وەزارەتی شارەوانی وردبینی بۆ زیاتر لە 190 هەزار فۆرمی تەواوی وەزارەتەکان کردووە، هاوکات نزیکەی 90 هەزار فۆرمی دیکە ماوە وردبینی تێدا بکرێت کە دیارترینیان وەزارەتەکانی، کشتوکاڵ، ئەوقاف، تەندروستی، خانەنشینی گشتییە.
ئهمڕۆ دووشەممە، 12/30 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، له پهيوهندييهكى تهلهفۆنيدا، به بۆنهى ههڵبژاردنهوهى به ئهميندارى گشتيى يهكگرتووى ئيسلاميى كوردستان و سهركهوتنى كارهكانى كۆنگرەی نۆیەم ، پيرۆزبايى له سهڵاحهدين محهمهد بههائهدين و يهكگرتووى ئيسلاميى كوردستان كرد و هيواى سهركهوتنى بۆ خواستن.لە پەیوەندییەکەدا ، هەروەها باس لە قۆناغی هەستیاری ئێستا کرا و جەخت لە کارکردنی پێکەوەیی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان کرا .ئهميندارى گشتيى يهكگرتووى ئيسلاميى كوردستان، سوپاس و پێزانینی بۆ پەیوەندیی و پیرۆزباییکردنی سەرۆکی حکومەت دەربڕی.
دابەزینى نرخی نەوت و زیادبوونى زیاتر لە 8 تریلیۆن دینارى خەرجى بەکاربردن، کێشەى کەمبوونەوەى پارەى نەختینەى لە عێراق دروستکردووە. بەو هۆیەوە مووچەى هەندێک دامەزراوە نەدراوە، سەرەڕاى ئەوەى وەزارەتى دارایی دەڵێت، "کێشەى کەمی نەختینەمان نییە." دواکەوتنى مووچە لە بەغدا کێشەى بۆ مووچەى هەرێمى کوردستان دروستکردووە، چونکە بووەتە هۆی دواکەوتنی ناردنی تەواوکاریی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و دووەم، لەگەڵ هەموو مووچەی مانگی کانوونی یەکەم. "هێشتا پارەى مووچە نەهاتووەتە سەر هەژمارە بانکییەکەم"، ئەمە گوتەى پەرلەمانتارێکى عێراق بوو بۆ رووداو لە شەوى 29ـی کانوونى یەکەم، لەکاتێکدا بەگوتەى ئەو پەرلەمانتارە، مانگەکانى رابردوو لەنێوان 20 بۆ 25ـی مانگ، مووچەى وەردەگرت. ئەو گازندەیەى پەرلەمانتارەکە کە نەیوست ناوى بڵاوبکرێتەوە، هاوکات بوو لەگەڵ روونکردنەوەیەکى هەمان شەوى وەزارەتى دارایی عێراق کە دەڵێت "ئەوەى بڵاودەکرێتەوە لەبارەى ئەوەى ناتوانین مووچەى ئەم مانگەى فەرمانبەران بەهۆى نەبوونى پارەى نەختینەوە خەرج بکەین، راست نییە و بەردەوامین لە دابەشکردنى مووچە، بەگوێرەى ئەو خشتەی داندراوە." بەڵام نەبیل مەرسوومى، شارەزاى ئابووریى عێراق گوتی "ئەگەر کێشەى نەبوونى پارەى نەختینە نییە وەک ئەوەى وەزارەتى دارایی باسی دەکات، بۆچى مووچەى زۆر وەزارەت نەدراوە یان دواکەوتووە؟ مانگەکانى دیکە پێدانی مووچە لە 23ـی مانگەوە دەستى پێدەکرد و لە رۆژى 25 دا سەرجەم وەزارەتەکان مووچەیان وەردەگرت." بەگوێرەى بەدواداچوونەکان، جگە لە پەرلەمان، چەند فەرمانگەیەکى سەر بە وەزارەتەکانى پەروەردە و رۆشنبیریش مووچەیان وەرنەگرتووە. نەبیل مەرسوومى هۆکارى نەبوونى پارەى نەختینە بۆ کەمبوونەوەى داهاتى نەوتى بەهۆى دابەزینى نرخەکەى دەگەڕێنێتەوە و، دەڵێت "نرخى نەوت لە بازاڕى جیهانیدا گەیشتووەتە 73 دۆلار، لەکاتێکدا نرخى نەوتى عێراقى سێ دۆلار کەمترە." ئەوە لە کاتێکدایە لەخشتەى بودجەى گشتیی 2024، نرخى نەوت بە 80 دۆلار خەمڵێندراوە. بەگوێرەى دوایین ئامارەى وەزارەتى دارایی عێراق، داهاتى نەوتى تاوەکو مانگى تشرینى یەکەم 110 تریلیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا داهاتى خەمڵێندراوى نەوت لە خشتەى بودجەى 2024 بۆ هەموو ساڵەکە 120 تریلیۆن دینارە. نەبیل مەرسومى دەڵێت "مانگانە نزیکەى یەک ملیار دۆلارى داهاتى نەوت دەچێت بۆ ئەو کۆمپانیایانەى خاوەنى گەڕى گرێبەستەکانن لەو کەرتەدا." لە بەدواداچوونەکان دەرکەوتووە، یەکێک لە هۆکارەکانى دروستبوونى کێشەى نەبوونى پارەى نەختینە، زیادبوونى خەرجییەکانە بەراورد بە بودجەى 2023، بەتایبەت ئەوەى پەیوەندیدارە بە بودجەى بەکاربردن و ئەو دامەزراندانەى لە ئەم ساڵدا کراون. خەرجیی بەکاربردن لە بودجەى 2023 بە 127.7 تریلیۆن دینار خەمڵێندرابوو، لەکاتێکدا لە خشتەى بودجەى 2024 گەیشتووەتە 136.9 تریلیۆن دینار، بەوەش 8.9 تریلیۆن دینار زیادى کردووە. جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق راگەیاند "ئەو کێشەى نەختینەییە واتاى ئەوەیە عێراق دینار و دۆلارى داهاتى نەوتى پێویستى لەبەردەست دا نییە." جەمال کۆچەر گوتى "دەبوو 25ـی ئەم مانگە وەزارەتى دارایی حساباتى کۆتایی خەرجى ساڵى دابخستایە." سەرچاوەى سەرەکیی دینارى عێراق بۆ وەزارەتى دارایی، فرۆشى دۆلارى پارەى نەوتە کە لەلایەن بانکى ناوەندیى بۆ فرۆشتنى نەختینە و حەواڵەى دەرەکى بۆ ئەو وەزارەتەى دەستبەر دەکات. لە ماوەى زیاتر لە 11 مانگ و 20 رۆژى ئەم ساڵدا، بانکى ناوەندى 60.4 ملیار دۆلارى فرۆشتووە کە بەهاکەى بە نرخى فەرمى دەکاتە 78.5 تریلیۆن دینار و نزیکەى سێ یەکى پارەى خشتەى بوجەى 2024 بووە کە 211 تریلیۆن دینارە. کەمیی نەختینە لە عێراق تەنیا کێشەى بۆ مووچەخۆرانی عێراق دروست نەکردووە؛ پریشکى بەشێک لەو کێشەیە بەر هەرێمى کوردستانیش کەوتووە. وەزارەتى دارایی فیدراڵ 430 ملیار دینارى پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچەى مانگى تشرینى یەکەم و تەواوى پارەى مووچەى مانگى کانوونى یەکەمى ئەم ساڵى نەناردووە. سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغدا گوتی "یەکێک لە هۆکارەکانى نەناردنى ئەو پارەیەی مووچەى هەرێمى کوردستان، تەواونەبوونى دابەشکردنى مووچەى دامەزراوەکانى عێراقە بەهۆى نەبوونى پارەى نەختینە. هەموو مانگێک وا بووە؛ تاوەکو مووچەی ئەوان دابەش نەکرێت، پشکى هەرێمى کوردستان نانێردرێت." چارەنووسى ئەو کێشەیە بۆ ساڵى 2025 دیار نییە، کە ئەگەر نەبوونى دینارى نەختینە بەردەوام بێت، دۆخەکە چۆن دەبێت. بەگوێرەى زنیارییەکان، وەزارەتى دارایی فیدراڵ بەنیازە بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە، قەبارەى بودجەى 2025 کەم بکاتەوە و نزیک بێت لە تەواوى خەرجییەکانى ساڵى 2024، کە ئەگەر هەیە لە 211 تریلیۆن دینارى قەبارەى بودجەى ئەم ساڵەوە، ببێتە 150 تریلیۆن دینار. نەبیل مەرسوومى گوتى "ئەگەر کێشەى کەمیی پارەى نەختینە بەردەوام بێت، یان دەبێت مووچە کەمبکرێتەوە یان وەزارەتى دارایی قەرز لە بانکى ناوەندى و بانکەکانى دیکە بکات."
نەخۆشخانەی هیوا ئاماری نوێی تووشبووانی شێرپەنجە و چارەسەر و پشكنینەكان بڵاودەكاتەوە و سوپاسی پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشخانەكەی دەكات، كە “هەمیشە خەمخۆر و پاڵپشت بوونە بۆ چارەسەری نەخۆشانمان”. د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بڵاویكردەوە، سەرەڕای هەموو ئەو گرفتە داراییانەی، کە هەیە و لە ئێستادا پشووی فەرمیە لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم کوردستان، بەڵام نەخۆشخانەی هیوا بریاری دابوو کە (29/30/12/2024) بکاتە دەوامی فەرمی بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت بە تووشبوانی شێرپەنجە بگەیەنێت. ڕاشیگەیانووە، ئێمە هێشتا توانیومانە خزمەتگوزاریەکان لە ئاستێکی باڵادا پێشکەش بە تووشبوانی شێرپەنجە بکەین و گرفتە داراییەکان نەبوونەتە هۆی لاوازبونی خزمەتگوزاریەکانمان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە. ♦♦وەك بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاشكرای كردووە، ئامارەكانی ئەمرۆی نەخۆشخانەكە بەم جۆرە بوون: 21 نەخۆشی تازە تۆمار کراون 1200 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان كردوە 2300 پشكنینی تاقیگەی جۆراوجۆر بۆ نەخۆش ئەنجام دراوە 740 نەخۆش سەردانی دەرمانخانەیان کردوە دەرمانیان وەرگرتوە 83 نەخۆش پشكنینی تیشك و سۆنەر و ئیكۆیان بۆ کراوە 150 نەخۆش چارەسەری کیمیاییان وەرگرتوە 52 نەخۆش چارەسەری ڕۆژانەیان وەرگرتوە 75 نەخۆش لە بەشی فریاکەوتنی خێرا داغڵ بون 73 نەخۆش لە قاوشە جیا جیاکانی نەخۆشخانە داغڵ کراون و چارەسەری پێویستیان وەرگرتوە 10 نەخۆش پشکنینی مۆخی ئێسک د. یاد ڕوونیشی كردۆتەوە، لەسەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک 5 نەخۆش سەردانی کردوە لەهەمان کاتدا 15 نەخۆش چارەسەری ددانیان بۆ ئەنجام دراوە.
لە پارێزگای هەولێر ژمارەیەك كامێرای چاودێری لە ترافیكەكان دانراون و پێنج جۆر سەرپێچی تۆمار دەكەن، سیمایەكی جوان بۆ رێكخستنەوەی رێڕەوی ئۆتۆمبێلەكان دروست دەكات. ئەو كامێرایانە لە بەشێكی زۆری ڕێگەوبانەكان و چواڕیانەكانی شاری هەولێر، بە دووری 20 مەتر لە نزیك ترافیك لایتەكان دانراون، پێنج جۆر سەرپێچیی جیاواز تۆمار دەكەن. ئەو سەرپێچییانەی كە ئەو كامێرایانە تۆماریان دەكەن بریتین لە: - لێدان لە گڵۆپی سوور. - كاتێك شۆفێر هێڵی تایبەت بە پەڕینەوە تێدەپەڕێنێت. - كاتێك شۆفێر بیەوێت لە دەستی ڕاست بێتەوە ناو ترافیك لایت. - خێرایی لێخوڕین. - بەكارهێنانی مۆبایل و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی. جێی باسە بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاو بوونەتەوە، ئێستە ئەم كامێرایانە لە قۆناغی ئامادەكاریدان و بەشێوەیەكی تاقیكاری دانراون، پاشان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر، كارپێكردنیان بەفەرمی ڕادەگەیەنرێت.
پێشنیوەڕۆی یەکشەممە، 29-12-2024، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەیان، 28-12-2024، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی، بڵاو کردەوە. دەم پارتی باسی لەوە کردووە "تەندروستیی ئۆجەلان باشە و ورەی زۆر بەرزە" لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش ئاماژەی بەوە کردووە "هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا کرا و بەڕێز ئۆجەلان پێشنیازی چارەی ئەرێنی خستە ڕوو بەرامبەر بەو سیناریۆ تاریکانەی کە دەسەپێنرێن." بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە "بەهێزکردنەوەی برایەتیی کورد و تورک، وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە، هاوکات گرنگی و پێویستییەکی چارەنووسسازی بۆ هەموو گەلان وەرگرتووە." ئۆجەلان باسی لەوەش کردووە "بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەستپێشخەری بکەن و هەڵوێستی ئەرێنی و بونیاتنەریان هەبێت بەبێ گیرۆدەبوون بە حیساباتی کاتی و تەسک. بێگومان یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی ئەم بەشدارییە پەرلەمانی تورکیا دەبێت." لەبارەی لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی تورکیا بۆ چارەکردنی پرسی کورد، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ." ئاماژەی بەوەش کردووە "سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە." ئۆجەلان پێی وایە "ڕووداوەکانی غەززە و سووریا دەریان خستووە، نابێت چی دیکە چارەکردنی پرسی کورد دوابخرێت کە هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەکییەوە ئاڵۆزتر بکرێت." ئەوەشی خستووەتە ڕوو " شاندی (دەم پارتی) ئەم ڕوانگەیەی من، لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان باس دەکات. لەبەر ڕۆشنایی ئەمانەدا، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز بکەم، بەوەی هەموو ئەم هەوڵانەمان، وڵات دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی شایستەیەتی و هاوکات ڕێبەرێکی زۆر بەنرخیش دەبێت بۆ گۆڕانکاری دیموکراتی."
بڕیارە ئەم هەفتەیە بەغدا بڕێک پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت و مووچەی مانگی 11 دابەش بکرێت. بەگوێرەی زانیاریەکان، بڕیارە ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق گوژمەیەک پارە بۆ مووچەی خەڵکی کوردستان بنێرێت، بەڵام بڕەکەی دیارنییە، ئەو پارەیەی دەینێرێت لای ئەوان هی مووچەی مانگی 12 یە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 11ی پێ دابەش دەکرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 بە کەموکوڕی نێردراوە و کورتهێنانێکی زۆر هەبوو. ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق لەم ڕۆژانە پارەکە بنێرێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی 11 بڵاو دەکاتەوە.
بەهۆی نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی غاز لەلایەن ئێرانەوە، بۆتەهۆی لەدەستدانی هەشت هەزار مێگاوات کارەبا لە عێراق و پێدانی کارەباش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ڕایگەیاند: بەهۆی درێژكردنەوەی ماوەی نۆژەنكردنەوەی وێستگەكانی غاز لەلایەن ئێرانەوە، بەرهەمهێنانی كارەبا لە 26 هەزارەوە بۆ 18 هەزار مێگاوات كەمبووەتەوە. حکومەتی ئێران پێشتر وەزارەتی کارەبای عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە ماوەی نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی غازی بۆ ماوەی دوو هەفتە دیکە درێژکردووەتەوە. بە درێژایی ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای تەرخانکردنی ئەو بودجە زەبەلاحەی بۆ کەرتی کارەبا لە عێراق، تا ئێستا نەتوانراوە کێشەی کەمی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان چارەسەر بکرێت.
سەلاحەدین بەهائەدین 728 دەنگی بەڵێ ـی ئەندامانی کۆنگرە بەدەستهێناوە و بووەوە ئەمینداری گشتی یەکگرتوو. ئەمڕۆ کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامی بەڕێوەچوو. هۆشیار عەبدوڵڵا، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین زۆرینەی دەنگەکانی کۆنگرەی بەدەستهێناوە و بە ئەمینداری گشتی هەڵبژێردرایەوە.” لە کۆنفرانسەکەدا گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی باسی لەوەکرد، “تاوەکو کۆتایی هەڵبژاردنەکە سەلاحەدین بەهائەدین هیچ رکابەرێکی نەبووە.” یەکگرتوو ئیسلامیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەوەی سەلاحەدین بەهائەدین پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکەی هەموارکردەوە، چونکە بەپێی پەیڕەوی پێشوو، ئەمینداری گشتی دەیتوانی تەنیا دوو خول ئەمیندار بێت. بەڵام سەلاحەدین بەهائەدین 7 خول ئەمیندار بووە. لەدوای “بردنەوەی زۆرینەی دەنگەکانی حیزبەکەی لە کۆنگرەی نۆیەم”، سەلاحەدین بەهائەدین جارێکی دیکە و بۆ جاری هەشتەم بووەوە بە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
سەرۆکی ئەڵمانیا پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و رۆژی 23ی شوباتی داهاتووی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان دیاریکرد. رۆژی هەینی، 27ی کانوونی یەکەمی 2024، فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا لە گوتارێکدا رایگەیاند، "21ـەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 23ی شوباتی داهاتوو دەکرێت." ئاماژەی بەوەشکرد، "سەقامگیری سیاسی سەرمایەیەکی گرنگی ئەڵمانیایە." هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەوە دوای ئەوە دێت، کە رۆژی 16ی ئەم مانگە ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا شکستیهێنا لەوەی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی وڵاتەکەی کۆبکاتەوە. میدیای ئەڵمانیا لەبارەی بڕیارەکەوە بڵاویکردەوە، سەرکردەکانی پارتی سۆشیال دیموکرات و هاوپەیمانیەتیی کریستیان دیموکراتەکان رەزامەندیی خۆیان دەربڕیوە. بەگوێرەی دوایین راپرسیی میدیای ئەڵمانیا، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، هاوپەیمانیی یەکێتیی سۆشیال کریستیانی باڤاریا و یەکێتیی کریستیان دیموکراتی پارێزگار 32.1٪، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 18.6٪، پارتی سۆشیال دیموکرات 15.9٪ و سەوزەکانیش 13.2٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن. ئەڵمانیا چۆن گەیشت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان؟ رۆژی 7ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتەکەی (پارتی سۆشیال دیموکرات) لە بەرلین بڕیاری دوورخستنەوەی کریستیان لیندنە، وەزیری دارایی دا کە هاوکات سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئازادی میانڕۆی راستڕۆیە، ئەوەش کاردانەوەی پارتەکەی بەدواداهات. میدیای ئەڵمانیا هۆکاری لەکارلادانی وەزیرەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە داوای ژمارەیەک گۆڕانکاری لە پلانی بودجەی 2025 دا کردووە. ئەوەش لەلایەن دوو پێکهێنەرەکەی دیکەی حکومەتەوە کە پارتی سۆشیال دیموکرات و سەوزەکانن، رەتکراوەتەوە. دوای بڕیارەکە، لیندنە گوتی: "ئۆلاف شۆڵتز شکستیهێناوە لە دانانی پلانێکی ئابووریی پێویست بۆ هەستانەوەی وڵاتەکەمان. ئەو هەموو کات نیگەرانییە ئابوورییەکانی خەڵکی پشتگوێ خستووە. ئێستاش گومان لەسەر ژمارەیەک بڕیار دروستدەکات کە وا دەکات خەڵک شانازی بە ئەڵمانیاوە بکاتەوە." دوای ئەم هەنگاوە، پارتەکەی لیندنە کە جگە لەم وەزیرە، سێ وەزیری دیکەشی لە کابینەکەی شۆڵتزدا هەیە، سەرجەمیانی کشاندەوە. هەروەها ئەو کات، شۆڵتز بڕیاری دا، بڕیاردان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئاداری داهاتوو یان بەردەوامی بە حکومەتی ئێستا لە کانوونی دووەمی داهاتوودا بخرێتە دەنگدانەوە. ژمارەیەک پارتیش لەوانە، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیای راستڕۆی تووندئاژۆ پێشوازی لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت کرد.