راگەیەنراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە: رۆژی چوارشەممە بەرواری ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی ١٢ بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە وەزارەت و لیواکانی پیادە دابەش دەکرێت.دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان، ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی ئەنجام داون، بۆ ئەم مەبەستە، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی (٢٠٢٤/١٢)، دابەش دەکرێت.لە ئێستادا(٣٧٧٣٠) پێشمەرگە و ئەفسەری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، کە ئەمەش قۆناغێکی گرنگە وەزارەتی پێشمەرگە پێی گەیشتووە لە پڕۆژەی هەژماری من، لە هەمانکاتدا بەشێکی تری پێشمەرگە لە رێگای سیستەمی بانکیەوە هاوکاری وەردەگرن و لەکاتێکی نزیکدا لە وەزارەتی پێشمەرگە بە سیستەم کردنی پڕۆژەی هەژماری من کۆتایی دێت.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە چوارچێوەی سەردانەکەی دا بۆ تورکیا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا، بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سووریا تاوتوێ کرا." لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، "جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا." هاوکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، لەبارەی دۆخی سووریاش، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامیی و ئاسایش و مافی گشت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ سێشەممە 1/7 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا. لەو سەردانەدا سەرۆکی حکومەت، لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، وەزیری دەرەوە هاکان فیدان و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.لە دیدارەکاندا ، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە و بە تایبەتی گۆڕانکارییەکانی سووریا تاوتوێ دەکرێت.
ئهمڕۆ سێشەممە 7ی 1ی2025، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێک سەردانی ئەنقەرە دەکات. مهسرور بارزانی لەو سەردانەیدا چاوی بە سهرۆككۆمار و بەرپرسانی باڵای تورکیا دەکەوێت و چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییەکانی هەرێمی كوردستان و تورکیا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و پرسە ناوچەییەکان تاوتوێ بکرێت. دوا سەردانی سەرۆکوەزیران مهسرور بارزانی بارزانی بۆ ئەنقەرە، ڕۆژی 19ی حوزەیرانی 2024بوو کە لەگەڵ سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری دەرەوەی هاکان فیدان کۆبوویەوە.
کۆنگرێسی ئەمریکا بە فەرمی بە 312 دەنگ بردنەوەی دۆناڵد ترەمپی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024 پەسند کرد. دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەچنە کۆشکی سپی. رۆژی دووشەممە 06-01-2025 کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەنگی لەسەر پەسندکردنی بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دا. ترەمپ 270 دەنگی پێویست بوو بۆ ئەوەی بردنەوەکەی پەسند بکرێت، 312 دەنگی هێنا و پەسند کرا. پرۆسەی دەنگدانەکە بەبێ کێشە و هیچ ناڕەزایەتییەک بەڕێوەچوو. بڕیارە رۆژی 20-01-2025 دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانسی جێگری، سوێندی دەستوور بخۆن و بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو بچنە کۆشکی سپی. هەرچەندە کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان و رکابەری ترەمپ دۆڕا، بەڵام لە دەنگدانەکەی کۆنگرێس 226 دەنگی هێنا. لەکاتی راگەیاندنی پەسندکردنەکە، کامالا هاریس گوتی: "دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا، 312 دەنگی بەدەستهێنا. کامالا هاریس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا 226 دەنگی بەدەستهێنا." ترەمپ دەبێتە 47ـەم سەرۆکی ئەمریکا و لە دوای بردنەوەکەی 2016، ئەمە دووەم جارە بچێتە کۆشکی سپی. لە هەڵبژاردنی 2020 کە ترەمپ و جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا رکابەر بوون. بایدن لە ترەمپی بردەوە و لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەسندکردنی بردنەوەی بایدن لە 06-01-2021، ژمارەیەک لایەنگری ترەمپ هێرشیان کردە سەر کۆنگرێس. لەوکاتەوە ترەمپ بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە ویستوویەتی ئەنجامی هەڵبژاردن دەستکاری بکات. سەرەڕای تۆمەتەکان، ترەمپی 78 ساڵ توانی بە جیاوازییەکی زۆر هەڵبژاردنی ئەمریکای 2024 بباتەوە. نزیکەی 900 کەس لەوانەی هێرشەکەیان کردە سەر کۆنگرێس لە لایەن دادگەوە سزادراون و ئێستا بەندن. ترەمپ چەند جارێک ئاماژەی بەوەداوە کە لێبووردنیان بۆ دەربکات و بە "بارمتە" وەسفی کردوون. پێچەوانەی ئەوان، لە پرۆسەکەی ئەم جارە هیچ دیموکراتێک ناڕەزایەتی دەرنەبڕی و بێکێشە بەڕێوەچوو.
سەرچاوەیەكی ئاگادار ڕایگەیاند، سەرۆک مەسعود بارزانی هەوڵی نێوەندگیری لە نێوان كوردانی ڕۆژاڤا و حكومەتی نوێی سوریا داو و بڕیارە بەمنزیكانە گفتوگۆكان دەستپێبكەن، دەشڵێت، "نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە نیازە سەردانی سوریا بكات و بە ناوچەكانی ڕۆژاڤای كوردستاندا بگەڕێتەوە بەمەبەستی نزیككردنەوەی هەردولا". بەگوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، كە ئەمڕۆ دوشەممە بە میدیاكانی عێراقی ڕاگەیاندوە، سەرۆک بارزانی نێوەندگیری لە نێوان کوردانی سوریا و ئیدارەی نوێی دیمەشق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع كردوە بە مەبەستی كۆبونەوە و دیالۆگ. شاندێكی هەسەدە لەگەڵ سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا کۆبوەتەوە ئاماژەی بەوەشكرد، بەمنزیکانە دیالۆگ لەنێوان کورد و حكومەتی نوێی سوریا دەستپێدەكەن، بەوپێیەی دو ڕۆژ لەمەوبەر شاندێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەگەڵ سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا کۆبوەتەوە. نێچیرڤان بارزانی سەردانی ڕۆژاڤای كوردستان دەكات بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە نیازە لە ماوەكانی داهاتودا سەردانی سوریا بكات و دواتر لە ناوچەکانی باکوری و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بگرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوەش بەمەبەستی نزیكردنەوەی دیدو بۆچونەكانی هەردولا.
یەكێك لە تاقانەكانی ئەنفال كە پێشتر راوێژكاری قوباد تاڵەبانی بووە، رای دەگەیەنێت كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دووبارە خەڵكی ئەنفال دەكاتەوە، لە ڕێگەی هاوردەكردنی ئەو كاڵایانەی كە مرۆڤ تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەكەن! تەیمووری ئەنفال، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”کوردستانیانی خۆشەویست، دەمەوێت لێرەوە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان و بەتایبەی دەڤەری گەرمیان ئاگادار بکەمەوە لە کارێکێی زۆر قێزەونی نا یەکێتی نا نیشتمانی نا کوردستان (مەبەستی لێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە).“ هەروەك ڕوونی كردۆتەوە: ”ئەم کۆلکە حزبە هەستاوە بە قاچاخ هاوردەکردنی پەتاتە و کوولەکەی خراپ کە هەڵگری نەخۆشیی شێرپەنجەن. هاووڵاتیان بە بەکارهێنان و خواردنیان تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبن، بۆیە تکایە ئاکاداری تەندرووستیی خۆتان بن.“ لە كۆتاییشدا جەختی كردۆتەوە: ”ئەم جۆرە بازرگانییە لەلایەن یەکێتییەوە، دووبارە ئەنفالکردنی خەڵکی کوردستانە.“ ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ دووشەممە 6ی 1ی 2025، شوان كەلاری، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق كە خەڵكی گەرمیانە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”ژەهرخواردکردنی بەکۆمەڵی هاووڵاتیانی گەرمیان و کوردستان لە ڕێگەی (پەتاتە و کوولەکە)ی ژەهراویی هاوردەکراوی قاچاخەوە بۆ عەلوەی کەلار، (جینۆسایدێکی سپییە) و دەبێت ڕێگەی لێ بگیرێت و قەبووڵ نەکرێت.“ هاوكات بە پێویستی زانیوە بە زوویی حکوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەرهێڵ و لێپرسینەوەی توند بکەن. ئەم نووسینانە پاش ئەوە دێت كە دوێنێ یەكشەممە 5ی 1ی 2025، دڵشاد ئەنوەر، رۆژنامەنووس و پەیامنێری بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا)، لە نووسینێكیدا وەك بانگەشەی بۆ دەكات، نهێنییەكانی هێنانی بەرهەم و خۆراكی كشتوكاڵیی قاچاخی زۆر مەترسیدار لە ئێرانەوە بۆ ناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و سلێمانی، لە دەروازە سنوورییەكانی بن دەسەڵاتی یەكێتی و بە یارمەتیی كۆمپانیاكانی یەكێتی، ئاشكرا دەكات و دەڵێت: ”ئەو بەرهەمانە نایاسایین و شێرپەنجەیان پێوەیە.“ تا ئێستاش یەكێتی وەڵامی ئەو نووسینەی ئەو رۆژنامەنووسەی نەداوەتەوە. دڵشاد ئەنوەر نووسینەكەی لەژێر سەردێڕی (دزی ڕۆژ)ە و نووسیویەتی: ”ئەمڕۆ دەیان تۆنی پەتاتە، کوولەکە و خەیار، داخڵی هەرێم کراوە و هەر هەمووی نایترەیتی زۆر لە ستاندارد بەرزتر بووە و لە عەلوەی کەلار فەحسیان بۆ کراوە، واتە ئەم بەرهەمانە ئەوانەن کە مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەکەن.“ لە درێژەی نووسینەكەیدا، ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێت: ”بار لە ئێرانەوە دێ، کۆمپانیای سەر بە یەکێتی لێرە لەسەری دەنووسن (المنتج المحلی - بەرهەمی خۆماڵی) واتە بەروبوومی ئێرانی دەکەنە بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمەش هەر نووسراوێك لەلایەن کۆمپانیاکەی یەکێتییەوە ٢٥ هەزار دیناری لێ وەردەگیرێ.“ هەروەها نووسیویەتی: ”ورد و درشتی ئەمەی من باسی دەکەم، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ، ئەوەی دەڕواتە فێستیڤاڵەکانی بازاڕ و باسی بەروبوومی ناوخۆیی دەکات، هەر هەمووی ئاگادارە، گەر واش نیە، با سکاڵا تۆمار بکات.“ جێی باسە تا ئێستا وەزیری كشتوكاڵیش وەڵامی ئەو قسەیەی نەداوەتەوە.لە خاڵێكی تری مەترسیدار لەم رووەوە كە دڵشاد ئەنوەر نووسیویەتی، هاتووە: ”یەکێتی لە بان ڕاستایی نزیک کەلار، واتە چەند کیلۆمەترێک ئەودیوی ساڵح ئاغا، شوێنێکی دابین کردووە و دەوروبەرەکەی بە کۆنکریت بەرز کردووەتەوە، کاتێک لێ نزیک دەبیتەوە وا دەزانی دەزگایەکی ئەمنییە، کاتێک سەیری ناوەوە دەکەیت پڕە لە باری بە تەنسیقی هاوردەکراو و بە تەنسیق ڕەوانەکراو. خۆ هەموو کەلار دەتوانێت لە پردەکەی گردەگۆزینە بپەڕێتەوە و ئەم شوێنە ببینێت.“ دەشڵێت: ”پێم وایە ئەم جۆرە لە ئیدارەدانە منی هاووڵاتی لەڕووی دەروونییەوە وێران دەکات و هەست بە هیچ جۆرە ئاسایشێکی خۆراك ناکەم. ئەمە هیچی لەو کارگانەی ڕژێمەکەی ئەسەد کەمتر نیە کە بوون بە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کەپتاگۆن، بۆ خواردنی گەنیو و شێرپەنجاوی چی جیاوازییەکی لەگەڵ ماددەی هۆشبەر هەیە؟ جیا لەوەش، ناشکرێ دزی بگاتە ئەم ڕاددەیە.“ جێی باسە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار سەركردە باڵاكانی یەكێتی، بە هێنانی خۆراك و كاڵا و ماددەی بەسەرچوو و ئۆتۆمبێلی قاچاغ تۆمەتبار كراون، كە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەكانی حكوومەت هێز بۆ ئەم چالاكییانە نایاساییانە بەكار دەهێنن و ژیانی هاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساڵی رابردوو 3705 مۆڵەتی هاوردەکردنیان بە بازرگانان داوە، کە 924یان بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بوون. راشیگەیاند، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 171 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە کراون. یەکشەممە 05-01-2025 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ ساڵی 2024 راگەیاند. ئەو بەرپرسە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "لە ساڵی رابردوودا، 10 بەشە ئاردمان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی دروستکراوی دانەوێڵەی شارەکان دابەشکردووە و گەیشتووەتە بریکارەکان، ئێستاش بەشی 10یەم دابەش دەکرێت." بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، ساڵی 2024 نۆ بەشەخۆراکیش دابەش کراون، کە بریتی بوون لە: سێ کیلۆ برنج، کیلۆیەک شەکر، یەک لیتر رۆنی شل، 400 گرام دۆشاوی تەماتە، 500 گرام نیسک و 500 گرام لەتە نۆک. سەبارەت بە چاودێری بازاڕیش، نەوزاد شێخ کامیل گوتی، پار بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی زیاتر لە 51 هەزار سەردانی بۆ شوێنە بازرگانییەکان کردووە و زیاتر لە سێ هەزار و 300 سەرپێچی تۆمار کراون. زیاتر لە 490 ملیۆن دینار پێبژاردنی جۆراوجۆر کراون. هەر لەو ماوەیەدا دەست بەسەر زیاتر لە 630 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوودا گیراوە و لەلایەن لیژنەکانی قایمقامییەت و لیژنەکانی چاودێریی بازرگانییەوە لەنێوبراون. وەک نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، ساڵی 2024 زیاتر لە سێ هەزار و 705 مۆڵەتی بازرگانییان دەرکردووە کە بە بەهای زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار پسووڵەی هاوردەکردنی کاڵا بە بازرگانان دراوە. زۆرترین کاڵاش زیاتر لە وڵاتانی تورکیا، ئێران، چین، ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو هاوردە کراون. نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "924 مۆڵەتی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلمان بۆ بازرگانان دەرکردووە کە بەگشتی 171 هەزار و 954 ئۆتۆمبێلیان هاوردە کردووە، هاوردەکردنەکە بەروارد بە ساڵی 2023 زیاتر لە 50 هەزار ئۆتۆمبێل زیادیکردووە." بەڵام گوتیشی، "مەرج نییە سەرجەم ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان لە هەرێمی کوردستان ساخ بووبنەوە، بەڵکو بەشێکیان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق نێردراون." سەبارەت بە ئاماری هەناردەش، نەوزاد شێخ کامیل گوتی، "زیاتر لە 180 مۆڵەتی هەناردەمان داوە کە زۆربەیان بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بووە."
- ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر بۆ زیاتر لە ٢٠% بەرز بووەتەوە.- زیاتر لە ١٤٦ هەزار دار و گوڵ چێندراون.بەپێی ڕاپۆرتێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، كە بۆ ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار نێردراوە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، لەسەر بودجەی ١٠٠% و ١٥%ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، وەبەرهێنان، دارایی، داهات و پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانی، بە گوژمەی ٧٣ مليار و ٨٧٥ مليۆن و ٦٠٢ ههزار و ٥٢٠ دينار،١٢١ پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شاری هەولێر جێبەجێكراون و كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەشێكیان تەواوكراون و كاركردنیش لە ژمارەیەكیان بەردەوامە.سەبارەت بە بڕی قیری بەرهەمهاتوو لەلایەن كارگەی ئەسفەلتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە، ١٥ ههزار و ٢٧١ تۆن بەرهەمهاتووە و لە چاككردنەوەی چاڵ و شكستی شەقامەكان بەكارهاتووە.سەبارەت بە گرێبەستەكانیش، ههزار و ٦٨٢ گرێبەست كراون. جۆری گرێبەستەكانیش بریتین لە دوكان، گەراج، كۆگا، بەڵێندەرایەتی، ماركێت، سەموونخانە، پێشانگەی ئۆتۆمبێل و چەند جۆرێكی دیكەی گرێبەست.هەروەها كۆی گشتیی گوژمەی كۆكردنەوە و چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك لە سەنتەری شاری هەولێر ١٨ مليار و ٥٦١ مليۆن و ٤٨ ههزار دينار بووه. سەبارەت بە چاندنی دار و گوڵ، لە ساڵی ڕابردوودا، لە سنووری شاری هەولێر، لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێری سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ٩١ ههزار و ٨٣١ دار و ٥٤ ههزار و ٨٥٩ گوڵ چێندراون و ڕێژەی سەوزاییش بۆ ٢٠،١٥% بەرزبووەتەوە. پرۆژەكان بەپێی بودجەی تەرخانكراو دابەشكراون، كە لە كۆی پرۆژەكاندا، ٦٤ پرۆژەیان لەسەر ڕێژەی ١٠٠% و ١٥%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ كراون. هەروەها لەسەر بودجەی پارێزگهی هەولێریش ٣٥ پرۆژە جێبەجێ كراون، لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار چوار پرۆژە جێبەجێ كراون، لەسەر بودجەی دارایی يهك پرۆژە جێبەجێ كراوە، لەسەر داهات و پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێريش ١٧ پرۆژە جێبەجێ كراون.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕوونکردنەوە لەبارەی گەیشتنی 441 ملیار دینارەکەی بەغدا دەدات و دەڵێت: تەواوی پارەکەی وەرگرتووە و بۆ مووچەی مانگی 11 خەرج دەکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 کرا و لە سێ ڕۆژی داهاتوودا تەواو دەبێت. بەهۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراقیش لە مانگەکانی ڕابردوودا پارەی بە کەموکوڕی ناردووە، چارەنووسی مووچەی مانگی 12 دیارنییە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: وەزارەتی دارایی عێراق لە 31-12-2024، بڕی 441 ملیار 493 ملیۆن و 599 و 611 دیناری خستە سەر هەژمارەکەمان". بەوتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، "ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانگەکان، تەواوی پارەکەی بەغدایان لە بانک وەرگرتووە و بۆ مووچەی مانگی 11ی خەرج دەکرێت".
پێگەی "مزیج" لە كەناڵی "عەرەبیە" لە دیمانەیەكی لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسینگەی بەشار ئەسەد سەرۆكی رژێمی رووخاوی سووریا كردووە. لەو دیمانەیەدا ئاماژە بە دۆخی ئەسەد خۆی و سوپاكەی دەكات كە بەرلە رووخانی رژێمەكەی، لەوپەڕی شپرزەییدا بوون و تەنانەت سەرۆكی رووسیایش ئامادە نەبووە وەڵامی بداتەوە. پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی كانوونی دووەم، بەشێك لە دیمانەكەی كامل سەقەری بڵاو كردووەتەوە كە بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەسەد بوو. ئەو دەڵێت كاتێك ئۆپۆزسیۆن حەلەبی كۆنترۆڵ كرد، بەشار ئەسەد داوای لە رووسیا كرد لە رێگەی بنكەی سەربازیی حەمیمیمەوە رێگە بە فڕۆكەی ئێرانی بدرێ هاوكاریی سەربازی بۆ سوپای سووریا بگوازنەوە، بەڵام رووسیا ئەو رێگەیەی پێ نەدا. سەقەر زیاتر گوتی، بۆ ماوەی سێ رۆژ بەشار ئەسەد دەیویست پێوەندیی بە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیاوە بكات، بەڵام ئەو وەڵامی نەدایەوە و دۆخی ئەسەد زۆر شپرزە بوو. ئەوەشی گوت، ئێرانییەكان بە ئەسەدیان گوت كە دڵنیاییان پێ نەگەیشتووە تا بتوانن جووڵە بە فڕۆكەكانیان بكەن بۆ گواستنەوەی كەلوپەلی سەربازی بۆ بنكەی حەمیمیم لە رێگەی عێراقەوە بۆ سووریا، چونكە تا ئەوكاتە رووسیا وەڵامی بەشار ئەسەدی نەدابووەوە تا فڕۆكەی ئێرانی بچێتە بنكەی حەمیمیم. دووپاتی لەوەش كردەوە كە ئێرانییەكان گوتوویانە، ئەمەریكا هەڕەشەی كردووە هەر فڕۆكەیەكی ئێرانی جووڵە بكات بۆ ئەو بنكەیە لە رێگەی عێراقەوە بۆ سووریا، دەیخەنە خوارەوە، یان ناچاری دەكەن بگەڕێتەوە. سەقەر لەبارەی سوپاكەیانەوە گوتی، دامەزراوەی سەربازی بەرلە كەوتنی حەلەبیش لەوپەڕی خراپی و شپرزەییدا بوو، توانای ئەوە نەبوو شەڕ بكات، جیالەوەی دۆخی دارایی و ئابووری سووریا لەوەش خراپتر بوو كە باس دەكرێت و وڵات بەتەواوی لە رووخان نزیك بووەوە. دواتریش سەقەر گوتی، عێراقییەكان سووریاییەكانیان لە شەشی دیسێمبەردا ئاگادار كردبووەوە كە توركیا رەتی دەكاتەوە هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ بەشار ئەسەد بكات. كێشەی سووریا لە ساڵی 2011ەوە دەستی پێ كرد كە خۆپێشاندانە جەماوەرییەكە لەو وڵاتە دەستی پێ كرد و مەبەستی ئۆپۆزسیۆنیش رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد بوو. دواتریش رووسیا و ئێران بە روونی هاتنە سەر خەت و پاڵپشتیی رژێمەكەیان كرد و لە رووخان رزگاریان كرد، بەهۆیەوە سەتان هەزار كەس كوژران و میلۆنانی تریش ئاوارە بوون و وڵاتەكەیان جێهێشت. ئێستەیش ئۆپۆزسیۆن بە پاڵپشتی توركیا ئەو وڵاتەی كۆنترۆڵ كردووە. چەكدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەكانی كە لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێن، لە 26ی تشرینی دووەمەوە دەستیان بە هێرشێكی بەرفراوان كرد بۆ سەر ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی بەشار ئەسەد، دواتریش بگەنە دیمەشق و لە بەرەبەیانیی زووی هەشتی كانوونی یەكەمی 2024 رژێمەكەیان رووخاند، بەشار ئەسەد و خێزانەكەی سووریایان بەرەو رووسیا جێهێشت و هەڵاتن.
پارێزگای هەولێر ئاماری رۆژانی پشووی سەری ساڵی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پلانەکەیان وەکو خۆی جێبەجێکردووە و هیچ گرفتێک دروست نەبووە. پارێزگای هەولێر ئامارەکانی لەنێوان 25-12-2024 تاوەکو 01-01-2025 تۆمار کردووە. ئامارەکانی پۆلیس، گەشتوگوزار، تەندروستی، بەرگریی شارستانی، ئاسایش و پۆلیسی هاتووچۆ لەو ماوەیەدا روونکراونەتەوە. ئەمڕۆ شەممە، 04ـی کانوونی دووەمی 2025، پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، هاتنی گەشتیار بۆ سنووری پارێزگاکە، ئەم ساڵ 63 هەزار و 411 گەشتیار بووە و بەراورد بە پار، زیاترە. پار 61 هەزار گەشتیار لە رۆژانی سەری ساڵدا سەردانی پارێزگاکەیان کردووە. لە هەفتەی پشووی سەری ساڵدا لە هەولێر، 26 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، کەسێک گیانی لەدەستداوە و 14 کەسی دیکەیش بریندار بوون. پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە هەفتەیەکدا 135 تاوانی جۆراوجۆر ئەنجامدراون، 129یان ئاشکرا کراون و تۆمەتباران ناسراونەتەوە و دەستگیر کراون. دەشڵێت، "6 تاوان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە". بەگوێرەی ئامارەکەی پارێزگای هەولێر، لە هەفتەی پشووی سەری ساڵدا، لە سنووری پارێزگاکە 1623 نەشتەرگەری کراون. 4221 نەخۆشیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە. پارێزگای هەولێر وردەکاریی زیاتری لەبارەی نەشتەرگەرییەکان و سەردانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکان باس کردووە: 225 نەشتەرگەریی گەورە 533 نەشتەرگەریی بچووک 865 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانی لەدایکبوونیان کردووە 414 منداڵ لەدایکبوون 1,269 نەخۆش لە نەخۆشخانەی نانەکەلی و سەنتەری ئاوات چارەسەریان وەرگرتووە4221 کەس بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی سەنتەری دڵیان کردووە لەبارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، پارێزگای هەولێر دەڵێت، 12 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئاگرەکانیان کۆنترۆڵ کردوون و جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.