لە گەڕى دوەمى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار، جۆزێف عۆن وەک 14ـهەمین سەرۆککۆمارى لوبنان هەڵبژێردرا. ئەمڕۆ، پەرلەمانى لوبنان لە گەڕى دوەمى دەنگداندا، جۆزێف عۆنى وەک 14ـهەمین سەرۆکى وڵاتەکە هەڵبژارد، لەکاتێکدا لە گەڕى یەکەمدا نەیتوانى دەنگى پێویست بەدەستبهێنێت.لە گەڕى یەکەمى دەنگداندا، عۆن 71 دەنگى لەکۆى 128 ئەندامى پەرلەمان بەدەستهێنا و نەیتوانى بۆ وەرگرتنى پۆستەکە سەرکەوتو بێت، بەڵام دواى دوو کاتژمێر و لە گەڕى دوەمدا توانى 99 دەنگ لەکۆى 128 دەنگ بەدەستبهێنێت و وەک سەرۆک هەڵبژێردرێت.ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەرلەمانى لوبنان دانیشتنى تایبەتى بە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار دواى دوو ساڵ ئەنجامدا، سەرۆککۆمارى نوێش سەربە پێکهاتەى کریستانە و لەلایەن سعودیە و ئەمەریکاوە پشتیوانى لێدەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/9، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کیارا فرانچینی، جێگری باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد.لە دیدارەکەدا بیروڕا لە بارەی برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و بازرگانی، هەروەها دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابوری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشــتی ئاسایش ئاگاداری ئەو هاوڵاتیانە دەکاتەوە کە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن و هەڵگری (ڤیزە کارد) یان (ماستەر کارد) ی بانکینە :١-لەکاتی گەشتکردنی هاووڵاتییان ، پێویستە ڤیزەکارد یان ماستەرکارد بەناوی خودی گەشتیارەوە بێت، بەپێچەوانەوە کارتە بانکیەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت و هاووڵاتییەکەش رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت.٢-ئەو هاووڵاتییانەی هەڵگری ژمارەیەکی زۆر لە ڤیزەکارد یان ماستەرکاردن بەناوی خەڵکی ترەوە و بەناوی خۆیان نییە، لە کاتی گەشتکردنییان ڤیزەکارد یان ماستەرکاردەکان دەستی بەسەردا دەگیرێت و هەم هەڵگری ئەم جۆرە کارتانەش و هەم ئەو هاوڵاتییانەی کە ڤیزەکارد یان ماستەرکارد بە ناوییانە ، رووبەرووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە وکارتە بانکییەکانیش بلۆک دەکرێن.داوا لە هاووڵاتییانی بەرێز دەکەین ئاگاداری بەڵگەنامە تایبەتییەکانییان بن و رێگە نەدەن خەڵکی تر بەکارییان بهێنێت بۆ دروست کردنی هەژماری بانکی و کارتی بانکی یان کارتەکانییان بدرێتە کەسانی دیکە و مامەڵەی پێ بکرێت بۆ ئەوەی تووشی لێپێچینەوەی یاسایی نەبنەوە . بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش / هەولێر ٩ی١ی٢٠٢٥
تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان کردووە، و نزیکەی 60 کەسیان نەخۆشی نوێ بوون. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بە رۆژی هیوا جەمالی رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، 2077 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، کە 58 لەوانە یەکەمجاریان بووە سەردانی نەخۆشخانەکە بکەن و وەکو نەخۆشی نوێ تۆمارکراون. د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت: ئەو ئامارانە هی رۆژانی سێشەممە 7-1-2025 و چوارشەممە 8-1-2025ـن، بەجۆرێک لە سێشەممە 26 تووشبووی نوێ و لە چوارشەممە 32 تووشبووی نوێ تۆمارکراون. بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە ئەمریکا، ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکەن ئەمانەن؛ - کێشانی جگەرە و نێرگەلە - خواردنەوەی کحول - قەڵەوی - خۆراکە ناتەندروستەکان - پسیبوونی هەوا - بەرکەوتن بە تیشک - نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان
له دوو پرۆژهى شوێنهواريدا له ناحيهى ڕۆڤيا دوو ژووری نیشتەجێبوونی مرۆڤ و گۆزەی تەمەن ههشت هەزار ساڵان دۆزرانەوە. بەپێی دوایین ئەنجامەكانی كاركردن لە هەردوو پرۆژەی شوێنەواری لە گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان، لە سنووری ناحیەی ڕۆڤیاى پارێزگەی دهۆك، دوو شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ، هەروەها جۆرە گۆزەیەك دۆزرایەوە كە تەمەنی بۆ حەوت تا هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.پرۆژەی هەڵكۆڵین لە شوێنەواری گرێ ئاسنگەران بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی جێبەجێ دەكرێت، بەپێی گرێبەستێك كار لە هەردوو شوێنەواری گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان لە پارێزگەی دهۆكدا دەكەن.شوێنەوارناسانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی، دوای كاركردنیان لە پرۆژەی كانی ئەسپەهان، جۆرە گۆزەیەك بۆ بەکارهێنان و خاوێنكردنەوەی "گەنم"یان دۆزییەوە، كە تەمەنی ئەو گۆزەیە بۆ هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەروەها لە پرۆژەی شوێنەواری "گرێ ئاسنگەران"يش، دوو ژووری نیشتەجێبوونی مرۆڤ دۆزرانەوە كە شێوەیان لاكێشەیین و لە كەرپووچ و لەسەر بەرزایيی گردەكە دروست كراون و بەپێی توێژینەوەكان، ئەو ژوورانە هی كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەكە بوونە.بەپێی ئەو توێژینەوە شوێنەوارییانەی بۆ هەردوو پرۆژەكە كراون، ئەو دۆزینەوانە ئەوە دەسەلمێنن كە هەزاران ساڵ پێش ئێستا، ژیانی مرۆڤ لەو سنوورەدا هەبووە و بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بە تایبەتی لە كۆمەڵگەی كشتوكاڵییەوە بۆ كۆمەڵگەی كۆمەڵایەتی و دواتر بەرەو پەرەسەندنی زیاتر و مۆدێرن و بەردەوامبوونی ژیان لە سنوورەكەدا.
ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم كۆبوونەوەی شاندی هاوبەشی تەكنیكیی پارتی و یەكێتی بەڕێوە دەچێت و رەشنووسی كۆبوونەوەكان دەنووسنەوە. شاندی دانوستانكاری یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكە، بریتین لە هەریەك لە ڕێواز فایەق و شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ و ئامانج ڕەحیم و شێخ سەڵاح، هاوكات ئەندامانی شاندی پارتیش بریتین لە هەریەك لە پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح. ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی كانوونی دووەم، كۆبوونەوەی سێیەمی شاندی هاوبەشی تەكنیكیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت. بەپێی زانیارییەكان بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی تر كۆ ببنەوە، تێیدا رەشنووسی كۆبوونەوەكانی پێشوو دەنووسنەوە و بۆ گفتوگۆكان و لیژنەی باڵا بەرزی دەكەنەوە. ئەنجامی كۆبوونەوەی رۆژی سێشەم و چوارشەم بۆ شاندی باڵای هەردوو لایەن بەرز دەكرێتەوە بۆ سەركردایەتیی حزبەكانیان، بڕیار دراوە لە چەند رۆژی داهاتوو شاندی باڵای نێوان هەردوولا جارێكی تر كۆببنەوە. لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردوولا، ڕەشنووسێكیان لەسەر شێوازی پێكهێنانی حكوومەت و داواكارییەكانی یەكێتی لە پارتی ئامادە كردووە و لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت. هاوكات رۆژی 17ـی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو، هەردوو شاندی یەكێتی و پارتی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت كۆ بوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیج رێككەوتنێك لەبارەی دابەشكردن و دیاریكردنی پۆستەكان و میكانیزمی بەشداریی یەكێتی لە كابینەی 10ـی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
مووچەی 25 هەزار خانەنشینی دیکەی کوردستان لەگەڵ عێراق هاوتا دەکرێت. ئەحمەد عەلی، ئەندامی دەستەی باڵای یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ڕایگەیاند: ئێمە لەو کۆمەڵە خانەنشینەین کە پێش 1-1-2014 خانەنشین کراوین، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ هاوتاکردنی مووچە دەمانگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەکانمان هاوتا نەکراوە، داوا دەکەین مووچەی ئێمەش هاوشێوەی خانەنشینەکانی دیکە هاوتا بکرێت. ڕاشیگەیاند: خانەنشینانی کۆیە و ڕانیە و هەڵەبجە کە لەگەڵ ئێمە خانەنشین کراون، مووچەی مانگی 11ی 2024یان بە هاوتاکراوی وەرگرت، ئێمە پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری خانەنشینی سلێمانییەوە کرد، بەڵام وەڵامی نەداینەوە. هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: دڵنیایی بە خانەنشینان دەدەین کە مووچەی هەموویان هاوتا دەکرێت، هۆکاری دواکەوتنی هاوتاکردنەکەش ئەوەیە کە پێڕاناگەین، هەندێک فەرمانگە سیستمەکەی خاوە و هەندێکیان خێرایە. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: کارەکان هەمووی بە قۆناغ دەکرێن، بۆ مووچەی مانگی یەک زۆرینەی خانەنشینان مووچەیان بە هاوتاکراوی وەردەگرن. شایەنی باسە، لە هەرێمی کوردستان 270 هەزار خانەنشین هەیە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 150 هەزار خانەنشین مووچەکانیان هاوتا کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەسروربارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە سەردانی شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کرد و ڕوونی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکاندا، جیا لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، جەخت لە ڕۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرایەوە، بە تایبەتی نەهێشتنی بەربەستەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا. هەروەها لە بارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتيی سووریاش، جەخت لە پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان و ئاشتی و ئارامیی ئەو وڵاتە کرایەوە. لە بڕگەی یەکەمدا، لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران زانیاری لەبارەی بارودۆخی دارایيی ساڵی 2024 خرایەڕوو، کە پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەم زانیارییانەی لە چوارچێوەی ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی خستبووە ڕوو، بەوەی سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی تەرخانکراو لەناو خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق و بەدوورگرتنی لە هەر ناکۆکی و کێشەیەکى نێوان هەردوولا، سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ بەردەوامبوون لەسەر خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵی 2024، بەڵام حکومەتی فیدراڵ پابەند نەبوو بە خەرجکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە لە کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە بەپێی خشتەکانی تەرخانکراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ کە بڕی (11) ترلیۆن و (576) ملیار دینارە، تەنها بڕی (10) ترلیۆن و (752) ملیار دیناری بە فیعلی خەرجکردووە، بۆیە حکومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی، 960 ملیار دیناری خەرجکردووە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، سەرەڕای ناردنی بەشی خەزێنەی فیدڕاڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم و ئەوەشی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە بۆ خەرجیی بەکاربردن تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتیەکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرج کراوە بەو پێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، جگە لەو بڕە پارەیە هیچ شایستەیەکی دیکەی هەرێمی خەرج نەکردووە لە تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم وەک بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان. دواتر لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ڕاپۆرتێک لەبارەی ئیعتمادکردنی ژمارەی کەسیی بێهاوتای پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ و ناردنی گشت زانیارییە داواکراوەکان بۆ بەغدا خستەڕوو، کە بەم هەنگاوەش، کۆتایی بە بیانووی حکومەتی فیدڕاڵ دێت سەبارەت بە بابەتی ژمارەی وەزیفی. لەمبارەیەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد، لە ئامادەکردنی سیستەمی پەیڕۆڵ و ژمارەی وەزیفيی مووچەخۆران. بڕگەی کۆتایی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی ناوەندیی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناسراو بە (پڕۆژە سیستمی پەیڕۆڵ) کە قۆناخێکی پڕۆژەی بایۆمەترییە و ڕۆڵی وەزارەتەکان و یەکە ژمێریارییەکانیان لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کە لە سەرەتای ساڵی 2025ــەوە خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەی ئەلکترۆنی ئامادە دەکرێت و بەبێ کەموکوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ دەکرێت. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و لەم ڕووەوە، چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵە تەواوکاریی شایستەی دارایی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت، کە بەداخەوە بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 1ی ساڵی2025داين و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مانگی 12 یان وەرگرتووە، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، وەریان نەگرتووە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم بابەتەکانی پەیوەندیدار بە تەرازووی پێداچوونەوە و لیستەکانی مووچەی چارەسەرکردووە و لیستی مووچەی هەر سێ مانگەکەشی بە تەواوی و بەبێ کەموکوڕی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە.
چوارشەممە، 08-01-2025، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوەکانی ساڵی 2024ی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاگەیاند.گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی ئاماژەی بەوە دا، کۆی ژمارەی ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان، 9 هەزار و 904 ڕووداو بووە، کۆی گشتیی داتاکانیش بەم شێوەیەن:کۆی گشتیی ڕووداوەکان: 9904 ڕووداوڕووداوەکانی سووتانی پووش و پەڵاش: 4755 ڕووداوسووتانی ئۆتۆمبێل: 594 ڕووداوگیانلەدەستدان: 48 ڕووداوخنکان لەناو ئاو: 94 ڕووداوکۆی گشتیی ڕزگاردن: 478 ڕووداوچالاکیی پشکنین: 85785 ڕووداو
ڕۆژی چوارشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کرد. لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کرا. هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی جەختی لە پشتیوانیکردنی دۆزی گەلی کورد لە سووریا و پێویستیی یەکڕیزیی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە سووریا و پشتبەستن بە دیالۆگ و ڕێکاری ئاشتیانە کردەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مووچەخۆران ئاگادار دەكاتەوە كە خاوەنی هەژماری منن. وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، سوودمەندانی هەژماری من، دەتوانن لە سەتان ئامێری ڕاكێشانی پارە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان مووچەكانیان ڕابكێشن. ئاماژه بهوهش كراوه، كە ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە، تەنیا لە سەنتەری شارەكان بەردەست نین، بەڵكو لە چەندان شار و شارۆچكە و شارەدێی تر دانراون و تا بێت ژمارەشیان زیاد دەكرێت. سەردانی ئەم لینکە بکە بۆ بینینی نەخشەی تەواوی ئامێرەکان لە سەرانسەری کوردستان: https://myaccount.gov.krd/atm-locator
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی 1ی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەییی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە و چەند بڕگەیەك تاوتوێ دەكەن.لە بڕگەی یەكەمدا ڕاپۆرتێك سەبارەت بە بارودۆخی دارایی ساڵی 2024 لەبەر ڕۆشناییی دواڕوونكردنەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و خشتەكانی تەرخانكراویی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ دەخرێتە ڕوو.لە بڕگەی دووەمدا ڕاپۆرتێك سەبارەت بە پشتبەستنی ژمارەی كەسیی بێهاوتا (UPN) و ئەنجامی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتریی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانان دەخرێتە ڕوو.لە بڕگەی سێیەمدا بەرەپێشچوونەكانی پرۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی ناوەندیی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم (پرۆژەی سیستەمی پەیرۆڵ)، بە گوێرەی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ دەكرێت.