Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13728 بابەت
هەواڵ
11-01-2025

پەیامی مەسرور بارزانی لەبارەی مووچە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ پەرلەمانتار و وەزیرە کوردەکانی حکومەتی عێراق گوتی، "ناکرێت ئێمە هەموو کێشەی خۆمان کورت بکەینەوە تەنیا لە بابەتی مووچەدا. بەداخەوە بەغدا بە سیاسەتێکی سەرکەوتووانە توانیویەتی کێشەکانی ئێمە بچووک بکاتەوە." مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "هەموومان مووچەخۆر و فەرمانبەری ئیداری و پێشمەرگەمان هەیە، بۆیە نابێت ئینتیمای سیاسی حیزبە سیاسییەکان رێگر بێت لەوەی هەمووتان نوێنەرایەتی هەموو کوردستان بکەن." لە کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان و حکومەتی عێراقی گوت، "ئێوە سێ ئەرکی گرنگتان لەسەر شانە، چ وەک وەزیر و چ وەکو پەرلەمانتار، یەکێکیان کاری پیشەیی خۆتانە کە لە ئاستی وەزارەت و پەرلەمان دەبێت جێبەجێی بکەن. دووەم، هەر یەکێکتان سەر بە لایەنێکی سیاسییە، بێگومان بەرژەوەندیی لایەنی سیاسیی خۆیشتان لەبەرچاو دەگرن، بەڵام ئەرکی هەرە گەورەتان ئەرکی نیشتمانپەروەرییە، سەر بە هەر حیزبێک بن و لە هەر پۆستێک بن، ئێوە نوێنەری خەڵکی کوردستانن." مەسرور بارزانی گوتیشی، "یەکەم ئەرکی ئێوە[ی پەرلەمانتار و وەزیر لە عێراق]، بە رای ئێمە و بە رای هەموو خەڵکی کوردستان، ئەوەیە کە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، بەرگری لە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن، کە بەداخەوە ئەم بابەتە بووەتە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان، ئەگینا ئێمە چەندین خاڵی دیکە هەیە کە دەبێت داکۆکیی لەسەر بکەین، مادەی 140 هێشتا جێبەجێ نەکراوە، بابەتی ناوچە دابڕێندراوەکان لە هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکراوە، بابەتی پێشمەرگە هێشتا وەکو پێویست چارەسەر نەکراوە، بابەتی قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال و قوربانیانی رژێمی پێشوو، هەمووی لەبیرچوو." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "ناکرێت ئێمە هەموو کێشەی خۆمان کورت بکەینەوە تەنیا لە بابەتی مووچەدا. بەداخەوە بەغدا بە سیاسەتێکی سەرکەوتووانە توانیویەتی کێشەکانی ئێمە بچووک بکاتەوە. سەرقاڵمان بکات بەوەی ئایا مانگانە مووچەی خەڵکی کوردستان دەدرێت یان نا، ئەی ئەو هەموو شتانەی دیکە چی؟ 100 ساڵە کوردستان قوربانی دەدات، لەپێناو مووچە بووە یان لەپێناو پێناسە، خاک، نیشتمان، یەکسانی و ئازادی بووە؟" هەروەها جەختی لەوە کردەوە، "ئەو رەفتارانەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە و قبووڵکراو نییە؛ دەبێت ئەم پەیوەندییە راست بکەینەوە." هەر لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئەو مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، مامەڵەیەکی فیدراڵیزم نییە، مامەڵەی فیدراڵیەت و گیانی فیدراڵی نییە، لەگەڵ پارێزگایەکیش بەو شێوەیە مامەڵە ناکات." لەبارەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵییشەوە لەسەر مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد، حکومەتی فیدراڵ "پابەند نابن بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی ئەگەر بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بێت." سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، "دەمانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان لە 2025 لە دڵەڕاوکێ رزگاری بێت." مەسرور بارزانی داوای یەکهەڵوێستیی لە لایەنەکان کرد و گوتی، "ئەگەر ئێمە یەکهەڵوێست بین و بەغدا هەست بەوە بکات کە کوردستان جیددییە لەوەی پێداگیری لەسەر مافە دەستوورییەکانی خۆی و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان دەکات، من باوەڕ ناکەم بەغدا نە ئەو هێزەی هەبێت و نە ئەو نیەتەی هەبێت، بتوانێت پەراوێزی خەڵکی کوردستان بکات و داواکارییەکانمان نادیدە بگرێت."

هەواڵ
11-01-2025

چەند پەیامێکی گرنگ لە مەسرور بارزانییەوە

پێش كەمێك (ئەمڕۆ شەممە 11/1/2025) كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت لەبارەی مووچە و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاند:*ڕەفتارێكی ستەمكارانە لە بەغداوە دژی خەڵكی كوردستان دەكرێ*دەبێ خەڵكی كوردستان لەم دۆخە ناخۆشە دەروونییە ڕزگار بكرێ*دەبێ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق راست بكرێتەوە*داوای مافە دەستوورییەكانمان لە بەغدا دەكەین*خەڵكی كوردستان شایانی ئەو ستەم و نادادپەروەرییە نییە كە دژی دەكرێ*هەر كاتێك دادگای فیدراڵی بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان، بەربەستی بۆ دروست كراوە.سڵاو

هەواڵ
11-01-2025

چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو ئەنجامی دامەزراندنی 7050 کەس رابگەیێندر...

چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو ئەنجامی دامەزراندنی 7050 کەس لە نەینەوا رابگەیێندرێت، هەزاریان تایبەتن بە قەزای شنگال. ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ شەممە 11-01-2025 رای گەیاند، رێکارەکانی راگەیاندنی ئەنجامی دامەزراندنی 7050 کەس بە گرێبەست لە پارێزگای نەینەوا لە قۆناخی کۆتاییدان، بڕیارە لە 10 رۆژی داهاتوودا ئەنجامەکە رابگەیێندرێت مانگی حەوت دەرگای پێشکێشکردن بۆ ئەو دامەزراندنە کرایەوە و مانگێک بەردەوام بوو. دواتر لیژنەی پەیوەندیدار دەستی بە سەیرکردن و یەکلاییکردنەوەی فۆرم و دۆسییەکان کرد. پێنجشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر ئەو بابەتە میوانداریی لیژنەکەی کرد. ئەحمەد دووبەردانی، کە ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە ئەنجوومەنەکە، دەڵێت، "لەو 7050 دامەزراندنە، هەزاریان تایبەت کراون بۆ شنگال و 50یان بۆ فڕۆکەخانەی موسڵ. ئەوانی دیکە بەگوێرەی چڕیی دانیشتووان و پێویستیی وەزارەتەکان بەسەر قەزا و ناحییەکانی پارێزگاکەدا دابەشکراون." دووبەردانی دەڵێت، ئەوانەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانن و خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ن، مافی پێشکێشکردنیان هەبووە. دامەزراندنەکە بە گرێبەستە، بۆ سێ ساڵە و کەسی دامەزراو مانگانە 300 هەزار دینار وەردەگرێت. ئەو 7050 کەسە لە کۆی ئەو 150 هەزار دامەزراندنە گرێبەستەیە کە لە بودجەی سێ ساڵەی عێراق 2023 و 2024 و 2025 دیاریکراون.

هەواڵ
10-01-2025

هەژارترین سەرۆکی جیهان تووشی شێرپەنجە بووە”

ئاژانسی بۆسکێدای ئۆرۆگوایی بڵاویکردەوە، کە خۆسێ مۆنیکا سەرۆکی پێشووی ئۆرۆگوای تووشی شێرپەنجە بووە و خۆشی دەڵێت، من دەمرم. بە گوێرەی ئاژانسەکە، خۆسێ مۆنیکا سەرۆکی پێشووی ئۆرۆگوای، کە ئێستا تەمەن 90 ساڵ، تووشی شێرپەنجەی سورێنچک بووە، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، ئێستا نەخۆشییەکەی بۆ جگەری بڵاوبووەتەوە، بۆیە “چاوەڕێی مردن” دەکات. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی “بۆسکێدا”ی ئۆرۆگوای، گوتی: شێرپەنجەکەی بە تەواوی ناو سورێنچکی گرتووەتەوە و تەشەنەی کردووە بۆ جگەر کۆلۆنی. ئەو گوتیشی: ئێستا ناتوانم بە هیچ شتێک بیوەستێنم، چونکە من کەسێکی بەساڵاچووم و دوو نەخۆشی درێژخایەنمیش هەیە. ناوبراو لە چاوپێکەوتنەکەدا، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ناتوانم چارەسەری کیمیایی، یان نەشتەرگەری بکەم، چونکە جەستەم ناتوانێت بەرگەی ئەوە بگرێت”. هەروەها راکیل پانۆن، پزیشکی تایبەتی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، پشتڕاستیکردەوە کە ئەو شێرپەنجەیەی مۆنیکا تووشی بووە، گەشەی کردووە و بووەتە وەرەمێکی شێرپەنجەیی و بۆ جگەر بڵاوبووەتەوە. ئەو ڕوونیکردەوە، بەهۆی تەمەنی زۆر و حاڵەتەکانی دیکەی وەک هەوکردنی بۆرییەکانی خوێن و نەخۆشییە توندەکانی گورچیلە، بژاردەکانی چارەسەرکردن هەر لە سەرەتاوە سنووردار بوون. مۆنیکا نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٥ سەرۆکی ئۆرۆگوای بووە، لە درێژەی قسەکانیدا گوتوویەتی: ڕاشکاوانە بڵێم من دەمرم و جەنگاوەریش مافی ئەوەی هەیە پشوو بدات. مۆنیکا لەوکاتەی سەرۆکی ئۆرۆگوای بوو، ناوبانگێکی زۆری هەبوو، بەهۆی وەی وەک کەسێکی ئاسایی دەژیا و بە “هەژارترین سەرۆکی جیهان”یش ناوبانگی دەرکردبوو.

هەواڵ
10-01-2025

پێشەوا هەورامانی: حکومەتی هەرێم گفتووگۆ لەبارەی کشانەوە لە بەغدا دەکات

پێشەوا هەورامانی: سبەینێ لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێم کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دەدرێت. ئەمڕۆ هەینی 10ـی کانوونی دووەمی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، سبەینێ کاتژمێر 10ـی بەیانی لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، نوێنەرانی هەرێمەکە لە حکوومەتی فیدراڵ و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن ئەنجام دەدرێت. پێشەوا هەورامانی لەلێدوانێکی تایبەتدا گوتی: لە کۆبوونەوەکەی بەیانی کشانەوە لە بەغدا یەکێک دەبێت لە بژاردەکان کە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. هەروەها گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرا کرد، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی بەیانی، تایبەت دەبێت بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵی.

هەواڵ
10-01-2025

زانیاری لەبارەی گوڕی بوومەلەرزەکەی سلێمانی

بوومەلەرزەیەک لە سلێمانی روویدا و بەهۆی هێزەیەکەیەوە هاونیشتمانیان هەستیان پێکردووە. محەممەد کەمال، شارەزای کەشوهەوا و بوومەلەرزە رایگەیاند: "بوومەلەرزەکە کاژێر 02:40ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 10-01-2025 روویداوە". بەگوێرەی ماڵپەڕی ڤۆڵکانۆ دیسکەڤەری، کە چاودێریی بوومەلەرزە لە جیهان دا دەکات، چەقی بوومەلەرزەکە بەکرەجۆی سلێمانی بووە و گوڕەکەی 3.4 پلەی رێختەر بووە.  بە گوتەی محەممەد کەمال، گوڕی بوومەلەرزەکە 3 پلە بووە بە پێوەری رێختەر و بە قوڵایی هەشت کیلۆمەتر روویداوە و ناوەندەکەی گەڕەکی بەکرەجۆ بووە. بەهۆی بەهێزیی بوومەلەرزەکەوە بەشێکی هاونیشتمانیان هەستیان پێکرد و لە ماڵەکانیان چوونە دەرەوە.

هەواڵ
10-01-2025

تورکیا مەرجەکانى وەرگرتنى ڤیزا بۆ هاونیشتمانییانی سلێمانى قورستر دەکات

لە دواى سزاکانى سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى، تورکیا مەرجەکانى وەرگرتنى ڤیزاى هاونیشتمانییان قورستر دەکات و ژمارەیەک لە هاونیشتمانیی سلێمانیش بەناچارى پەنا بۆ شوێنەکانى دیکە دەبەن بۆ وەرگرتنى ڤیزا. عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکانى سلێمانى رایگەیاند، "وەرگرتنى ڤیزاى تورکیا بۆ گەنجەکان قورسترە و ئەگەر چەند مەرجێکیان تێدانەبێت، ناتوانن ڤیزا وەربگرن، کە لەگەڵ مەرجەکانى ڤیزاى شنگن جیاوازییان نییە، چونکە داواى تاپۆى خانوویان لێدەکرێت، لەگەڵ پشتگیریى شوێنى ئیشەکەى و داهاتەکەى و ئامانجى سەردانەکەى بۆ تورکیا". گوتیشى، "هاونیشتمانییانی سنوورى پارێزگاى سلێمانى بەزۆرى داواکردنی ڤیزایان رەتدەکرێتەوە، بۆیە بەناچارى پەنا بۆ شوێنەکانى دیکە دەبەن بۆ وەرگرتنى ڤیزا کە لە هەندێک شوێن نرخەکەى گەیشتووەتە نزیکەى سێ هەزار دۆلار". عەتا ئەنوەر، ئاماژەى بەوەشکرد، "ماوەى زیاتر لە شەش مانگە تورکیا ڤیزاى بۆ دوو تەمەنى جیاواز هەڵگرتووە بەجۆرێک ئەو کەسانەى تەمەنیان لە سەروو 50 ساڵییەوەیە لەگەڵ ئەو کەسانەى تەمەنیان لە خوار 15 ساڵییە بەبێ ڤیزا دەتوانن سەردانى تورکیا بکەن". دەشڵێت، "ئەو بڕیارە لەگەڵ باشییەکانیدا گرفتى بۆ ژمارەیەک خێزان دروستکردووە، چونکە منداڵەکانیان ئەوانەى تەمەنیان لەسەروو 15 ساڵییەوەیە قبوڵ ناکرێن، کە ئەوەش رێگرە لە گەشتى ئەو خێزانانە بۆ تورکیا". بەگوتەى عەتا ئەنوەر، لە مانگى ئابى ساڵى 2024ـەوە تورکیا بەتەواوى گۆڕانکارى لە شێوازى پێدانى ڤیزا بە هاونیشتمانییانی هەرێمى کوردستان و عێراق کردووە و ڤیزاکە لە یەک جۆرەوە کراوە بە سێ جۆر و نرخەکانیشیان جیاوازە کە لە 145 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 185دۆلار، بەراورد بەساڵانى رابردوو نرخەکان زیادیکردووە. لە سلێمانی نزیکەی 150کۆمپانیا و نووسینگە مامەڵەی وەرگرتنی ڤیزا و تکتی فڕۆکە بۆ گەشتیاران دەکەن، بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکان، پێش راگرتنی گەشتەکان، رۆژانە هەریەکەیان بە تێکڕا نزیکەی 150دۆلار تەنیا لە وەرگرتنی تکت بۆ گەشتیاران قازانجیان دەکرد، بەڵام لەماوەی ساڵێک و نۆ مانگ راگرتنی گەشتەکاندا زیاتر لە 14ملیۆن دۆلار لە راگرتنی تکتەکاندا زیانیان بەرکەوتووە. رۆژی 3ـی نیسانی 2023، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ راگرت، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چەند جارێک سزاکانى بۆ سەر فڕۆکەخانەکە درێژ کردووەتەوە.

هەواڵ
10-01-2025

 ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس زیانەکانی دیاریکرا

ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس دەکرێت یەکێک بێت لە پڕزەرەرترین کارەساتە سرووشتییەکانی مێژووی ئەمریکا. بەپێی ئاماری دامەزراوەی میدیایی "ئاکیو وێزەر"ـی ئەمریکی کە تایبەتە بە راپۆرت و توێژینەوەی تایبەت بە کەشوهەوا، تاوەکو ئێستا زیانی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس لە نێوان 52 بۆ 57 ملیار دۆلارە. ئەو زیانە زۆربەی بەهۆی سووتانی باڵەخانە و خانووەکانەوە دروستبووە، بەتایبەتی کە ناوچەکە لە رووی خانووبەرەوە لە بەهادارترینەکانی ئەمریکایە. جۆناسان پۆرتەر، بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوەی کەشناسیی دامەزراوەکە دەڵێت: "ئەمە [ئاگرەکە] یەکێکە لە کارەساتبارترین ئاگرەکانی مێژووی کالیفۆرنیا". لەنێو ئەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، سانتا مۆنیکا و مالیبون، کە بەهای بەشێک لە خانووەکانیان زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە. پۆرتەر دەڵێت: "ئەگەر لە رۆژانی داهاتوو باڵەخانەی زیاتر بسووتێن، رەنگە ببێتە کارەساتبارترینی مێژووی کالیفۆرنیاش لەڕووی ژمارەی باڵەخانە سووتاوەکان و زیانە ئابوورییەکانەوە". نزیکەی 10 ملیۆن کەس لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا دەژین کە سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیایە. شارەکە زۆرترین چڕیی دانیشتووانی تێدایە لە ئەمریکا. نرخی موڵک و باڵەخانەکانی لۆس ئەنجلس زیاتر لە 2 تریلیۆن دۆلارە. بەهۆی ئاگرەکەوە ماڵی بەشێک لە دیارترین ئەکتەر و ئەستێرەکانی هۆڵیوود سووتاون، لەوانە بیڵی کریستاڵ، ماندی موور و پاریس هیڵتن. بەپێی دوایین ئامار کە بەرپرسانی خۆجێیی شارەکە بڵاویان کردووەتەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 10 کەس گیانیان لەدەستداوە. نزیکەی 10 هەزار ماڵ و باڵەخانەش سووتاون.

گشتی
10-01-2025

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لەسەر چەند تۆمەتێک دادگایی دەکرێتەوە

دادگای باڵای ئەمەریکا رەتیکردەوە بڕیاردان لەسەر دۆسییەی پێدانی بەرتیل لەلایەن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاوە بە ئەکتەرێک دوابخات. دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت، بێتاوانە و ئەو فشارانەی دەکرێتە سەری ناڕەوایە. ئەمڕۆ هەینی ١٠ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە، دادگای باڵای ئەمەریکا بە دەنگی پێنج بەرامبەر چوار، داوایەکی ترەمپی رەت کردەوە بۆ دواخستنی ئەو دانیشتنەی دادگا کە ئەمڕۆ بڕیاری لەسەر کەیسی پێدانی بەرتیل لەلایەن ترەمپەوە تێدا دەدرێت. لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەو بێتاوانە هەموو ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی رەت دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، گرنگ نییە چەنجار داواکانی رەت دەکەنەوە، ئەو بەردەوام دەبێت لە تانەدان لە بڕیاری ناڕەوای دادگاکە. ئەمەش دوای ئەوە دێت، پارێزەرانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، ٧ـی ئەم مانگە داوایان لە دادگای باڵای ئەمەریکا کرد، دانیشتنەکە دوا بخات، بەڵام دادگاکە رەتی کردەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٣٠ـی ئایاری ساڵی رابردوودا، دەستەی سوێندخواردنی نیویۆرک ٣٤ تۆمەتی ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکان و پێدانی بەرتیلی بەسەر ترەمپدا ساغکردەوە و چاوەڕوانیش دەکرێت ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدرێت

هەواڵ
09-01-2025

مەسرور بارزانی پەیامێک ئاراستەی سەرۆکی نوێی لوبنان دەکات

پیرۆزبایی لە سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی لوبنان جۆسێف عەون دەکەم. هیواخوازم لە سەرکردایەتیی لوبنان بەرەو سەقامگیری و پێشکەوتن سەرکەوتوو بێت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵ
09-01-2025

پارتی و یەکێتی گەیشتنە ئەنجامی کۆتایی

‎دوای سێ كۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی تەكنیكی پارتی و یەكێتی، لیژنەكە ڕەشنووسی كارنامەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ئامادەكرد. ‎ڕەشنووسی كارنامەی پێكهێنانی حكومەت تایبەتە بە سەرۆكایەتییەكانی حكومەت و پەرلەمان و هەرێم، دەسەڵاتی وەزیرەكان، پرسی خەرجی و داهات، یەكخستەوەی پێشمەرگە، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، ڕووبەڕووبوونەوەی كێشە و قەیرانەكان. ‎دوای ئاراستەكردنی ڕەشنووسی كارنامەی پێكهێنانی كابینەی دەیەم، چاوەڕوان دەكرێت ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بۆ جاری سێیەم لیژنەی باڵای دانوستانی پارتی و یەكێتی كۆببنەوە. ‎بەگوێرەی زانیارییەکانمان، رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، عیماد ئەحمەد جێگریی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێز نیچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و قوباد تالەبانی جێگریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان … ‎دەکرێت گۆڕانکاری کەسیی بکرێت لە پۆستی جێگرەکان؛ بەڵام دوو سەرۆکەکە، نکۆڵی و سازشی بۆ ناکرێت.

هەواڵ
09-01-2025

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر د...

رۆژی پێنجشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز فەرامەرز ئەسەدی کونسوڵی گشتی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد. لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا.هەر لەو دیدارەدا جەخت لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کرایەوە. بارودۆخ و گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە گشتی تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.

1 2 ... 146 147 148 ... 1143 1144