Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13728 بابەت
هەواڵ
15-01-2025

بەرپرسێکی پەکەکە لە پێنجوێن کرایە ئامانج

میدیای فەرمی تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەواڵێکی بەپەلەدا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریدا لە سنووری پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، بەرپرسێكی پەکەکە بە ناوی ئیسلام دوتکانلو لەگەڵ پاسەوانەکەی کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.  میدیای فەرمیی تورکیا بە پشتبەستن بە سەرچاوە فەرمییەکانی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە، هێرشەکە کەی کراوە و وردەکارییەکانی نەخراوەتەڕوو.  بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە رێگەی تۆڕی سیخوڕیی تایبەت بە خۆی شوێنی ئیسلام دوتکانلو و ئاکام شاهی دەستنیشان کردووە و لەسەر ئەو بنچینەیە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجامداوە.  بە گوێرەی ئاژانسی فەرمیی تورکیا، ئیسلام دوتکانلو یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) و ئاکام شاهی ناسراو بە شڤان چیا، پاسەوانی بووە و ماوەیەک لە ئێران و جۆلەمێرگ بووە.

هەواڵ
15-01-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 1/15 مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان،پێشوازی له‌ ڤیکتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد. له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا كه‌ ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ريكا لە هەرێمی کوردستان و سکۆت بۆڵز نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەی بوون، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و سووریا تاوتوێ کرا. جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ، جەختی لە گرنگیی پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی وڵاتەکەی کردەوە. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، چونکە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە و وەستانی، زیانێکی زۆری بە بودجەی گشتیی عێراق گەیاندووە. بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پێویستی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی بودجەدا جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری بنێرێت. دۆخی گشتی سووریا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە.

هەواڵ
14-01-2025

عێراق و بەریتانیا لەسەر دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران رێککەوتن

هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەریتانیا کۆبوونەوە و دەڵێن، رێککەوتن لەسەر ئەوەی بە زووترین کات ئەو کۆچبەرانە دیپۆرتبکرێنەوە کە مافی مانەوەیان لە بەریتانیا نییە. هەروەها گفتوگۆیان کردووە لەبارەی هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە. لە کۆبوونەوەکەدا باسی پرسەکانی بازرگانی، ئابووری و وەبەرهێنان، ئاسایش و بەرگری، کەشوهەوا و ژینگە و چەند پرسێکی دیکە کراوە. بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە پێویستە رێگە بگیرێت لە قاچاخچییەتی بە مرۆڤ، کە ژیانی زۆر کەسی خستووەتە مەترسییەوە

هەواڵ
14-01-2025

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا کۆبووەوە

-   سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی سەربازیی و دیپلۆماسیی ئەمریکی لەبارەی پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، کۆبوونەوەیەکی "فراوان"یان کرد. رۆژی 14ـی کانوونی دووەم سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لایەنی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە بەرپرس و پەیوەندیداران لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندەکەی ئەمریکاش بە سەرۆکایەتیی جەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بوو. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە تەوەری چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا، وێڕای خستنەڕووی دوا هەنگاوەکانی پڕۆسەکە، گرنگیی پڕۆسەکە و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپاتکرانەوە. "سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتوو، جەخت لە هاوکاری و هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە، کرایەوە." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمەی راگەیاندووە.  دۆخی گشتیی ڕووداوەکانی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو. لەبارەی چاکسازییەکانی نێو هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چەند جارێک هۆشداری داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر چاکسازیی نەکرێ، هاوکارانییەکان رادەگرن. هێزەکانی ئەمریکا لە رێگەی راوێژپێدان، مەشقپێکردن و توانادارکردن یارمەتیی پێشمەرگە دەدات و مانگانە نزیکەی 20 تا 25 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکان تەرخان دەکات.  20ـی ئابی 2023، ماتیو مکفارلن، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، گوتی، وەک پابەندییەک بە یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن، پێویستە هەنگاوەکانی ئەنجامدانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خێرابکرێن، بۆ ئەوەش، هەنگاوی یەکەم دروستبوونی "ویستی سیاسی" سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانە بۆ دیاریکردنی وەزیرێک بۆ پێشمەرگە.  ئەیلوولی ساڵی 2022، وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن یاداشتی لێکگەیشتنی نێوانیان بۆ چوار ساڵی دیکە نوێکردەوە. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازی لە بواری رێکخستن و دارایی پێشمەرگەدا بکات و لە بەرامبەر ئەوەدا، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە رووی دارایی و سەربازییەوە.  رۆژی 20-04-2024 لیوا رووکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە سلێمانی لەبارەی چاکسازییەکان قسەی بۆ رووداو کرد: "بەرنامەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و ''ئەگەرچی ئاستەنگی لەپێشە و بە خاوی دەکرێت، بەڵام بەرەوپێشچوون لە پڕۆسەکەدا هەیە".

هەواڵ
14-01-2025

په‌یامێكی پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانییەوە

بە بۆنەى جەژنى یارانی قەولتاس، گەرمترین پیرۆزبایى ئاراستەی خوشک و برایانی کاکەیى( یارسانان) لە کوردستان و جیهان دەکەم، ئومێدەوارم هەمیشە لە شادی و ئاسوودەییدا بن . ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ قوربانیدان و ڕۆڵی نیشتمانپەروەرانەی خوشک و برایانی کاکەیی هەیە وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کوردستان.جەژنی یارانی قەوڵتاس پیرۆز بێت و هەر لە خۆشیدا بژین. مەسرور بارزانىسەرۆکى حکومەتی هەرێمى کوردستان

هەواڵ
14-01-2025

مەسرور بارزانی و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کۆبوونەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 1/14، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کرد. لە کۆبوونەوەیەکدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکاری و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە کرا و جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگیی ئەمنیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کرا.

گشتی
14-01-2025

نەخۆشخانەی هیوا ئاماری تووشبووانی شێرپەنجە بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوە

نەخۆشخانەی هیوا ئاماری تووشبووانی شێرپەنجەی لە سلێمانی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ساڵەدا زیاتر لە سێ هەزار و ٣٠٠ تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجە تۆمارکراون. ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی راپۆرتی ساڵانەی هۆبەی تۆماری شێرپەنجەی پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ کۆی ژمارەی تووشبوانی شێرپەنجەی پارێزگای سلێمانی بریتی بووە لە سێ هەزار و ٣١٠ تووشبوی نوێ. باسی لەوەشکردووە، لە کۆی سەرجەم تووشبووان ٢١٠ تووشبوویان منداڵن، وتیشی تووشبوانی شێرپەنجە لە جۆری شێرپەنجەی سنگ و كۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌ زۆرترینە. هاوکات بەپێی ئامارەکە ژمارەی توشبووان بە شێرپەنجە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ کەمی کردووە، بەو پێیەی ساڵی ٢٠٢٣ لە نەخۆشخانەی هیوا سێ هەزار و ٣٥٦ توشبووی شێرپەنجە تۆمار کرابوون.

هەواڵ
14-01-2025

وەزارەتی دارایی هەرێم: بەغدا بێویژدانانە مامەڵەی کردوە

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەداتەوە و ڕەتیدەکاتەوە کە هەرێم پابەندی بڕیار و ڕێککەوتنەکان نەبوبێت و ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ سەلماندی ڕاستییەکان بە لیژنەیەکی نێودوڵەتیی. وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکیدا کە بە زمانی عەرەبی بڵاویکردوەتەوە، وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەداتەوە لەبارەی ناپەبەندی هەرێمی کوردستان بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕایگەیاندوە: وەزارەتی دارایی عێراق بێویژدانانە مامەڵەی لەگەڵ هەرێم کردوە و ئەوان پابەندی بڕیارەکان نەبون، هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی ڕادەستی عێراق کردوە و بەشێک لە داهاتی ناوخۆش لە خەرجییەکانی حکومەتدا خەرجکراوە. وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشداوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ مانگانە موچەی نەناردوە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتوە و زیادکردنی موچەی خانەنشینانیش بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی نییە. وەزارەتەکە دروستکردنی ئاستەنگی بەردەم موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خستوەتە ئەستۆی عێراق و ئامادەییشی نیشانداوە بۆ سەلماندنی ڕاستییەکان بە لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی یاخود ناوخۆیی کە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکات.

هەواڵ
14-01-2025

راگەیێندراوێکی بەپەلە لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەی مووچە

وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان دەڵێت، وەزارەتى دارایی فیدراڵى "پابەند نەبووە بە بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى بۆ خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان." وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا کە بە زمانی عەرەبی بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت: "وەزارەتى دارایی فیدراڵ 10 تریلیۆن و 26 ملیار و 883 ملیۆن و 844 هەزار دینارى خستووەتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی و ئابوورى. 726 ملیار و 995 ملیۆن و 775 هەزار 414 دینار بڕدراوە وەک لێبڕینى خانەنشینی و باجى دەرامەت." ئاماژە بەوەش دەکات، پشکى هەرێمى کوردستان بە بودجە دا "11 تریلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن و 335 هەزار دینار بووە، کەچی 822 ملیار و 642 ملیۆن کەمتر نێردراوە." 

هەواڵ
14-01-2025

كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی: ڤیزەی تورکیا لە بازاڕەکاندا ئاستی پێو...

سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی تورکیا پێدانی ڤیزەی بە گەنجان قورس کردووە، بەشێکی گەنجان دەچنە شارەکانی عێراق و بە پارەی زیاتر ڤیزەی ئەو وڵاتە دەکڕن. عەتا ئەنوەر، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە، 14-01-2025، رایگەیاندن: "هەندێک لە گەنجان کە تەمەنیان لە 18 بۆ 22 ساڵە و ڤیزەی تورکیایان پێ نادرێت، پەنا دەبەنە بەر ئەو شارانەی ڤیزەی تێدا دەفرۆشرێت، بۆ نموونە موسڵ و بەغدا، لەوێش نرخی ڤیزەیەک گەیشتووەتە سێ هەزار دۆلار". پێدانی ڤیزەی تورکیا بەشێوەی یاسایی لە باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تێچووەکەی لە نێوان 145 دۆلار بۆ 185 دۆلارە، ئەویش بە گوێرەی جۆری ڤیزەکان، کە سێ مانگی، شەش مانگی و یەک ساڵین. بە گوتەی عەتا ئەنوەر، قورسکردنی پێدانی ڤیزە بە گەنجان یان نەدانی پێیان، تەنیا بۆ سنووری سلێمانی نییە و بۆ "هەموو عێراق و هەرێمی کوردستانە". گوتیشی: "هۆکارەکە ئەوەیە تورکیا رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا هەیە بۆ ئەوەی هاوکاریان بێت لە کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی، ئەو گەنجانەشی لە نێوان 18 بۆ 22 ساڵدان ئەوانەن، کە تورکیا بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە وڵاتی سێیەم، کە وڵاتانی ئەورووپایە". بۆ وەرگرتنی ڤیزەی تورکیا، هاوشێوەی وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتانی شنگن (یەکێتی ئەورووپا) هەرکەس داواکاری پێشکێش بکات، دەبێت پشتگیری کار و بڕی مووچە و پاسپۆرت و بەڵگەنامە عێراقییەکانی پێ بێت. بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان عێراق و تورکیا کە 01-09-2024 چووە جێبەجێکردنەوە، ئەو کەسانەی کە خاوەنی پاسپۆرتی ئاسایین و تەمەنیان لە خوار 15 ساڵ و سەروو 50 ساڵە، پێویستیان بە وەرگرتنی ڤیزەی تورکیا نییە بۆ گەیشتن بەو وڵاتە.

هەواڵ
13-01-2025

كاره‌بای ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كان دەکرێتە 24 كاتژمێری

دووشەممە 13ی 1ی 2025، ئه‌ندازیار ئه‌رده‌وان ئیبراهیم، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای سۆران رایگەیاند: "رێگەپێدانمان لە ئەنجوومەنی وەزیران وەرگرتووە و له‌ مانگی 6ی ئه‌م ساڵ، كاره‌بای ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كانی ناو شاری سۆران ده‌بێته‌ 24 كاژێری." بەگوتەی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای سۆران، نزیکەی 86 هەزار و 239 هەزار هاوبەشی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەوروبەری هەن. ئەمەش بەسەر پێنج پۆل دابەش دەبن، لەوانە ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، میری و کشتوکاڵی. ئه‌ندازیار ئه‌رده‌وان ئیبراهیم گوتی، "وەک پاکێجی یەکەم، کارەبای سەنتەری شاری سۆران دەبێتە 24 کاژێری. دواتر پرۆژەکە بۆ دەوروبەر و قەزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەگوازینەوە." سەبارەت بە کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە سۆران، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای قەزاکە گوتی، پێویستیان بە 300 مێگاوات کارەبایە، بەڵام 100 مێگاوات کارەبایان دەدرێتێ، بۆیە ئێستا بە تێکڕا رۆژانە 8 کاژێر کارەبا دەدەنە هاونیشتمانییان. بە گوتەی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای سۆران، هاوبەشی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تاوەکو ئێستا 78 ملیار دینار قەرزارن. لە ساڵی 2024دا، زیاتر لە 12 ملیار و 452 ملیۆن دینار لەو هاوبەشانە وەرگیراوە. شێوازی وەرگرتنی پارەی کارەبایش بەتایبەت لە پۆلی بازرگانی، بە قیستە و بە چوار قیست لێیان وەردەگیرێت. هاوکات پۆلی ماڵانیش پارەی مانگانە دەدەن و بەشێکیش لەو قەرزەی لەسەریان کەڵەکە بووە، ئەویش دەدەن. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای سۆران داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆژەی رووناکی، پێویستە هاونیشتمانییان قەرزەکانیان بدەنەوە (ساف بکەن) تەنانەت ئەگەر بە قیستیش بێت، بۆ ئەوەی لە کاتی پرۆژەی رووناکی پاڵەپەستۆیان بۆ دروست نەبێت.

گشتی
13-01-2025

عێراق بڕینی 1%ـی مووچەی فەرمانبەران بۆ هاوکاریی غەزە و لوبنان جێبەجێدە...

حکومەتی عێراق بڕیاریدا 1%ـی مووچەی فەرمانبەران بۆ هاوکاریی غەزە و لوبنان و ببڕێت و بڕیارەکە دوو مانگە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جێبەجێدەکرێت. ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەى ئاسایی خۆیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی بە بڕیاری لێبڕینی 1%ـی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دا، بۆ هاوکاریی و پاڵپشتی غەزە و لوبنان، بەڵام  بڕیارەکە خانەنشینانی لێ بەدەرە و مووچەیان لێنابڕێت. بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق، بڕیارەکە لە 24ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2024ـەوە بە جێبەجێکراو هەژماردەکرێت. بەگوێرەى زانیارییەکان، ئەگەر حکومەت لەسەدا یەکی مووچەکەی فەرمانبەران بۆ هاوکاریی غەزە و لوبنان ببڕێت، ساڵانە بڕەکەی دەگاتە 800 ملیار دینار، کە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار دەکات. پێشتر، سەرۆکی پێشووتری دەستەی دەستپاکیی عێراق گوتبووى، ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی بڕینی یەک دیناری مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی نیە بەبیانوی خێر و بەخشین. دادوەر رەحیم عەگێلی ئەوکات رایگەیاندبوو، ئەوەی دەکرێت، موزایەدەیە لەسەر حسابی فەرمانبەران، بڕیارەکە پێشێلکردنی یاسا و دەستوورە و دەرگا بۆ زیادەڕۆیی و پێشێلکاریی دیکە دەکاتەوە.

1 2 ... 144 145 146 ... 1143 1144