Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13728 بابەت
هەواڵ
19-01-2025

ئەمڕۆ 55مین کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە سویسرا دەستپێدەکات

وا بڕیارە ئەمڕۆ بە بەشداری زیاتر لە 360 سەرکردە و 60 سەرۆکی وڵاتانی جیهان کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا دەستپێبکات. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش بەشداری لە کۆڕبەندەکە دەکات. کۆڕبەندی داڤۆس لە ساڵی 1971 لەلایەن ئابووریناسێکی ئەڵمانی کلاوس شوابەوە دامەزراوە، وەک کۆڕبەندی بازرگانی ئەوروپی دەستیپێکرد، کە سەکۆیەک بوو بۆ گفتوگۆ لەنێوان سەرکردە سیاسی و بازرگانی و ئەکادیمییەکان. بۆ ئەمساڵ کۆڕبەندەکە لەژێر تەوەری "هاوکاری بۆ سەردەمێکی زیرەک"، بەڕێوەدەچێت و پێشوازی لە سێ هەزار بەشداربوو لە 130 وڵاتی جیهانەوە دەکات، لە نێویاندا هەزار و 600 بەڕێوەبەری جێبەجێکار و کەسایەتیی بازرگانی، پێکەوە، تاوتوێی چارەسەری هەندێک لە ئاستەنگە هەرە دیارەکانی جیهان دەکەن، وەک ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قەیرانی غەززە و سووریا تا گۆڕانی کەشوهەوا و دوای ئاگرکەوتنەوە وێرانکارەکەی کالیفۆرنیا.خاڵی ئەرێنی: کورد لە داڤۆس ئامادەییەکی کارای هەیە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەک کەسایەتییەکی سەرەکی لە داڕشتنی گفتوگۆ ئابووری و ئەمنییەکان ئامادە دەبێت، بەشداریکردنی بەردەوامی هەرێمی کوردستان تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان لەسەر شانۆی جیهان.زانیاریی زیاتر: لە کۆڕبەندەکە سەرۆکە دیارەکانی وەک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ئورسولا ڤۆن دێر لیین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا و ئۆلاف شۆڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، عەبدولەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ئەسعەد حەسەن ئەلشیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، سەردێڕی گفتوگۆکانی ئەمساڵ دەبن.  نزیکەی 15  ساڵە هەرێمی کوردستان بەشدارێکی بەردەوامی داڤۆس بووە، دوو ساڵ لەمەوبەر کردنەوەی ماڵی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە، جێگەی خۆی وەک بەشدارێکی گرنگ لە هاوکاری نێودەوڵەتی و گەشەپێدانی ئابووریی چەسپاندووە. بەدرێژایی ڕۆژانی کۆڕبەندەکە لەم ماڵەدا دەیان کۆبوونەوە و دیداری گرنگی سیاسی و ئابووری لەگەڵ سیاسەتمەدار و بارزگان و گەورە وەبەرهێنەرانی جیهان بەڕێوەدەچێت. لە کۆڕبەندی ئەمساڵ چاوەکان لەسەر ئەوەن، سەرکردەکانی جیهان کلیلی چارەسەری تەنگە سیاسی و ئابوورییەکان بدۆزنەوە، لەگەڵ ئەوەدا بگەڕێن بۆ جیهانێکی زیرەکتر و پەیوەندیدارتر، چونکە ئەو ئاڵنگارییانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبنەوە داوای هاوکاریی زیاتر لە سنوورە جیاوازەکان دەکەن.

هەواڵ
19-01-2025

مەسروور بارزانی بەشداری کۆڕبەندێکی گرنگ دەکات لە سویسرا

بڕیارە شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس سەردانی سویسرا بكات. ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی كانوونی دووەم، شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی دەكات، بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس سەردانی سویسرا دەكات. شاندەكە لە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی سەرۆكی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە، محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و نزیكەی 20 وەبەرهێن و بازرگانی گەورەی كوردستان پێكهاتووە. كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، كۆڕبەندێكی ساڵانەیە و زۆرینەی سەرۆك، بەرپرسانی وڵاتانی دنیا، گەورە بازرگان و وەبەرهێنەران تێیدا بەشدار دەبن، هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی دنیا لەم كۆڕبەندەدا بەشدار دەبێت. ساڵی رابردوو لە میانەی بەشداریی لە كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان زیاتر لە 45 كۆبوونەوەی سیاسی و ئابووری لەگەڵ سەركردەی وڵاتانی دنیا ئەنجام دا.

هەواڵ
19-01-2025

مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 1/21 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریکردنیدا لە داڤۆس، لەگەڵ ئەلیکساندەر دیکروو، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کۆبووەوە.لە دیدارەکەدا، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ئاماژەى بە گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا دەربڕی. سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاریکاری و پشتیوانی بەلجیکای بۆ هەرێمی کوردستان کرد . هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە ، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری.گرنگیی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سووریا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو 

هەواڵ
19-01-2025

مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لە شاری ئەبوزەبی پایتەخت, لەگەڵ شێخ محەمەد بنزاید ئال نەهیان سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو (ئیمارات) کۆبووەوە.لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا و جەخت لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات و پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە.

هەواڵ
18-01-2025

دەستپێشخەریەکەی مەسرور بارزانی لایەنەکان لەیەک نزیکتر دەکات

ئەو دەسپێشخەرییە نیشتمانییەی كە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە كۆبوونەوەی 11ی كانوونی دووەم لە كۆبوونەوەیەكی گشتیی لە هەولێر رای گەیاند كە هەمووان پێكەوە داوای ماف و شایستەداراییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن لە بەغدا، لایەنەكانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان لە یەكتر نزیك كردەوە. دوای ئەو دەسپێشخەرییە، هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێوەندییەكانیان چووە ئاستێكی باشتر لەوەی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان هەیانە، تا ئەو ڕادەیەی هەریەكە لە مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ بوونەوە. ئامانج عەلی خۆشناو چاودێری سیاسی، گوتی، پێوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی ئێستە لە ئاستێكی باش دایە، بە تایبەت دوای دەسپێشخەرییەكەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان پێكەوە داوای مافەكانی كورد بكەن لە بەغدا. ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی، كە لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان كاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر زوو پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان. دوای دەسپێشخەرییەكەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئێستە بە تەواوی هەست دەكرێت كە حزبەكان لەیەكترەوە نزیكن ئەوكاتەیش پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەت گوتی، كە ئێستە حكوومەت یەك تیمە و كێشەی بەغدا هی پارتی و یەكێتی بە تەنیا نییە.

هەواڵ
18-01-2025

شانەیەکی داعش لە بەغدا دەستگیرکران

سەرچاوەیەک لە شانەی ئەمنی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە؛ شانەیەکی داعش لەناوچەی عەلاوی بەغدا دەستیگیرکراون کە لە حەوت کەس پێکهاتوون و سەرجەمیان هاووڵاتی سوورین، ئەم شانەیە سەرقاڵی سیخوڕیکردن بۆ داعش بوون لە عێراق. بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون کاری سیخوڕی و تۆمارکردنی وێنە و ڤیدیۆی هێزە ئەمنیەکانی عێراق و بارەگاکانی حەشدی شەعبیان کردووە، دواتر وەک زانیاری ناردوویانە بۆ رێکخراوی داعش، دواتر بە هەوڵێکی هەواڵگریی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بەغدا دەستگیرکراون. ئاماژەی بەوە ش دا، ئەو کەسانە لە کاتێکدا دەستگیرکراون کە بە وردی لەلایەن هەواڵگری و هێزە ئەمنییەکان چاودێری کراون، دوتار هەڵیان کووتاوەتە سەر شوێنەکە و دەستیگیریان کردوون. ڕۆژی یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپا هۆشداری لە هاتنەوەی داعش دا و گوتی: داعش لەسنووری سووریا وعێراق بوونی هەیە و ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر دەبن، هەروەها چەکەکانیشیان پێشکەوتووتر بووە. وەزیری دەرەوەی عێراق، نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی بەردەوام ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش و هێزەکان لەو ناوچانە هەن کە زیندانی گەورەی داعشی تێدایە، گوتیشی: ئەگەر ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە بەردەوام بێت، ئەگەری ئەوە هەیە 10 هەزار داعشی نێو ئەو زیندانانە ئازاد بن، سەرباری کەمپی هۆلیش کە مەترسی زۆر گەورەن. فوئاد حوسێن باسی لەوەش کرد، ئەگەر داعش کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بکات چی ڕوودەدات؟، بە دڵنیاییەوە چەکدارەکان دێنە نێو عێراق و وڵاتانی دیکەش.

هەواڵ
17-01-2025

روونکردنەوە لەبارەی کەم بوونەوەی کارەبا دەدرێت

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کەمبوونەوەی کارەباوە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. ئەمەش دەقی ڕوونکردنەوەکەیە: هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەكەینەوە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ بەرهەمهێنانی غاز، بۆ ماوەی 10 كاتژمێر پەستانی غاز كەمبووەتەوە و بەهۆیەوە 750 مێگاوات كارەبا كەمبووەتەوە. بەهۆی هەندێ گرفتی تەكنیكییەوە کارەکان دواكەوتووە و بەپێی ئەو پلانەی كۆمپانیای دانەغاز دایناوە بڕیارە تا كاتژمێر (8:00)ی بەیانی رۆژی شەممە دۆخەكە ئاسایی بێتەوە. تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بڕی 250 مێگاوات كارەبایان لە هەردوو وێستگەی دووکان و دەربەندیخان زیاد كردووە.

گشتی
17-01-2025

دانیشتووانی دیوانییە: بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە ژیانمان وەکوو ژیان...

دانیشتووانی گه‌ڕه‌كێكی پارێزگای دیوانییه‌ له‌ دژی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان خۆپیشاندان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ژیانیان وه‌كوو ژیانی چاخه‌كانی ناوه‌ڕاسته‌. هه‌ینی، 17ـی كانوونی دووه‌می 2025، دانیشتووانی گه‌ڕه‌كی ته‌قیه‌ له‌ پارێزگای دیوانییه‌ له‌ دژی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كانی ئاو، كاره‌با، ئاوه‌ڕۆ و ڕێگه‌وبان و چه‌ند خزمه‌تگوزارییه‌كی دیكه‌ خۆپیشاندانیان كرد. خۆپیشانده‌ران داوایان له‌ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد، فه‌رمان به‌ حكوومه‌تی خۆجێی پارێزگاكه‌یان بكات، كۆنته‌راتی 42 گه‌ڕه‌كی پارێزگاكه‌ كه‌ به‌ یه‌ك به‌ڵێنده‌ر دراوه‌، وه‌ربگرێته‌وه‌ و به‌سه‌ر چه‌ند به‌ڵێنده‌رێك دابه‌ش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كار و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان خێراتر جێبه‌جێ بكرێن. خۆپیشانده‌ران جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه‌، گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان بێ ئاوی خاوێن و ئاوه‌ڕۆی پێویست و شه‌قامی قیڕتاوكراو و شۆسته‌ و چه‌ندین خزمه‌تگوزاری دیكه‌یه‌. خۆپیشانده‌ران ڕایانگه‌یاندووه‌، به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌ ژیانیان وه‌كوو ژیانی چاخه‌كانی ناوه‌ڕاسته‌.

هەواڵ
17-01-2025

یەکێتی و پارتی ڕێککەوتن

یەکێتی و پارتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی داهاتوو ڕێککەوتن؟ بەگوێرەی پێگەی " بەغداد ئەلیەوم"، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم بەمشێوەیە ڕێکەوتوون: ــ سەرۆکایەتیەکانی هەرێم و حکومەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان. ــ وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان، پەروەردە و تەندروستی بۆ پارتی. ــ سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆك وەزیران و وەزارەتەکانی ناوخۆ، خوێندنی باڵا و پلاندانان بۆ یەکێتی. هەرچەندە بەپێی زانیارییەکانی هێشتا پۆستەکان بەتەواوەتی یەکلای نەبونەتەوە و وەزارەتی ناوخۆش زەحمەتە بدرێتە یەکێتی. دوێنێ پێنجشەممە 16ی1ی2025 هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لە تۆڕی ئێکس نووسی، دوێنێ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانیی کۆبوونەوەیان کردووە. وتیشی: کۆبوونەوەکە هاوتەریب بوو لەگەڵ پڕۆسەی دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ هەرچی زوو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. کەمتر لە سێ مانگە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، پارتی و یەکێتی تاوەکو ئێستا چوار کۆبوونەوەیان لەبارەی پێکهێنانی حکومەت کردوون، دوو کۆبوونەوەی سیاسی بوون و دوو کۆبوونەوەیان تەکنیکی بوون.

هەواڵ
17-01-2025

پەیامی مەزڵوم عەبدی دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" رایگەیاند، دیدارەکەی لەگەڵ  سەرۆک مەسعود بارزانی جێگەی دڵخۆشی بووە، گفتوگۆیان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا کردووە و بە هاوبەشی جەختیان لە یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد کردەوە، هەروەها بە پێویستیان زانیوە لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق دەبێت پارێزگاری لە مافەکانی گەلی کورد بکات.

هەواڵ
17-01-2025

وەزارەتی ناوەخۆ خەڵک ئاگادار دەکاتەوە لە دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری

دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە، گوایە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری تێدا دەکرێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ رەتیدەکاتەوە. چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێکی میدیاکان دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە، گوایە لە 01ـی مانگی داهاتووەوە ژمارەیەک گۆڕانکاری لە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریدا دەکرێت؛ دیارترینیان وانە خوێندنە بۆ ماوەی 21 رۆژ و شۆفێریکردنە بۆ ماوەی 12 رۆژ و زیاترکردنی رسوماتەکانە. ئەمڕۆ هەینی 17-01-2025، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "دەنگۆی گۆڕانکاری لە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری رەتدەکەینەوە و هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستییەوە". بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەموو کەسێک مافی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری هەیە بەو مەرجەی بۆ مۆڵەتی شۆفێری جۆری تایبەت تەمەنی 18 ساڵی تێپەڕاندبێت و بۆ مۆڵەتی گشتیش تەمەنی 20 ساڵ زیاتر بێت؛ هەروەها مەرجە تەندروستییەکانی تێدا بێت و خاوەن رەگەزنامەی عێراق بێت.

هەواڵ
17-01-2025

کەشناسیی هەرێم کەشی ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە

کەشناسی هەرێم، لە ڕاگەیەنراوێکدا کەشی پێشبینیکراوی ئەمرۆ هەینی و سبەی شەممەی بڵاوکردەوە: ئەمڕۆ  هەینى ئاسمان ساماڵ دەبێت لە زۆربەى کاتەکاندا. پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ. سبەی شەممە ئاسمان لە نێوان  ساماڵ و پەڵە هەوردا دەبێت. پلەکانی گەرما کەمێک نزمتر دەبێتەوە بە بەراورد  لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر     : 15 پلەى سیلیزى سلێمانی  : 13پلەى سیلیزى دهۆک     : 14 پلەى سیلیزى کەرکوک  : 16 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 14پلەى سیلیزى زاخۆ      :  14 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران:  2پلەى سیلیزى سۆران:  12پلەى سیلیزى گەرمیان  : 18 پلەى سیلیزى

1 2 ... 142 143 144 ... 1143 1144