بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان دوای ماوەیەکی زۆر لە ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، سەرئەنجام ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەنگاوێكی گرنگدا دەنگی بە "پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە" دا كە تایبەتە بە گەڕانەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان. ئەو بڕیارە لەشوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەنماف، بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرجەم ئەو لایەنانە دەكەم كە ڕۆڵیان لە تێپەڕاندن و پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە هەبووە و سوپاسیان دەكەم.هیوادارم ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ ڕاستكردنەوەی هەموو ئەو هەڵە و ناڕاستیانە كە لەدژی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی عێراق بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە. مسعود بارزانی21ی كانوونی دووەمی 2025
ئەمڕۆ سێشەممە 1/21، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ عەیدەرۆس زوبەیدی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن و سەرۆکی ئەنجومەنی ئینتیقاليی باشووری یەمەن کۆبووەوە.لە دیدارەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و یەمەن و گۆڕانکارییەکانی سووریا تاوتوێ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایش و ئاراميی ناوچەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە 1/21، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک عەلیێڤ خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە نیشان دا و ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی نێوان ئازەربایجان و گەلی کورد کرد، سەرۆکی حکومەتیشی بانگهێشتی ئازەربایجان کرد و ڕاشیگەیاند کە لە بەرنامەیدایە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات. هەروەها ئامادەییشی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانی نێوان باکۆ و هەولێر دەربڕی.سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی و هاوئاهەنگیی کۆماری ئازەربایجانی کرد و جەختی لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 1/21، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووريی داڤۆس، لەگەڵ خالید ئەلفالح، وەزیری وەبەرهێنانی عەرەبستانی سعوودی کۆبووەوە. وەزیری وەبەرهێنانی سعوودی، سڵاو و ڕێزی شا سەلمان و شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمانی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە. سەرۆکی حکومەت وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان هەرێمی کوردستان و عەرەبستانی سعوودی، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودیە دەربڕی
ئەمڕۆ سێشەممە 1/21 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ شاندێکی شانشینی بەحرەین کە لە شازادە عیسا بن سەلمان ئال خەلیفە ، شێخ سەلمان بن خەلیفە ئال خەلیفە وەزیری دارایی و ئابووری نیشتمانی و عەبدوڵڵا عادل فەخرۆ وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و شێخ سەلمان ئەحمەد ئال خەلیفە سەرۆکی دیوانی جێنشینی بەحرەین پێکهاتبوو. شاندەکە سڵاو و ڕێزی شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە شای بەحرەین و هەروەها جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئامادەیی شانشینی بەحرەینیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشاندا.سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی شانشینی بەحرەینی کرد، بەتایبەتی شا حەمەد و خواستی بەهێزترکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەی دووپات کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 1/21، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ یان لیپاڤسکی، وەزیری دەرەوەی کۆماری چێک کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری چێک لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری تاوتوێ کرا. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا و بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی سووریا ئاڵوگۆڕ کرا.
هەژماری من ڕێگەیەکی نوێی تۆمارکردن دەخاتە بەردەم فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی. بە مەبەستی تۆمارکردنی سەرتاسەری لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من، لەمەودوا فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی دەتوانن لەڕێگای پڕکردنەوەی فۆڕمێکی ئۆنڵاین خۆیان تۆماربکەن و ببنە خاوەنی هەژماری بانکی. ئەم بژاردە نوێیە بەشێکە لە هەوڵەکانی هەژماری من بۆ ئاسانکاری لە تۆمارکردنی فەرمانبەران تاوەکو بتوانن بەشێوەیەکی ئاسان و بەبێ سەردانیکیردنی بنکەکانی تۆمار خۆیان تۆماربکەن. بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەتوانن سەردانی ئەم لینکە بکەن: https://enketo.moda.digital.gov.krd/x/9jPTAyDU
ئەمڕۆ بە بەشداری زیاتر لە 360 سەرکردە و 60 سەرۆکی وڵاتانی جیهان کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا دەستی پێکرد. هاوکات هەر ئەمڕۆ ماڵی کوردستان لە داڤۆس کرایەوە. کۆڕبەندی داڤۆس لە ساڵی 1971 لەلایەن ئابووریناسێکی ئەڵمانی کلاوس شوابەوە دامەزراوە، وەک کۆڕبەندی بازرگانی ئەوروپی دەستیپێکرد، کە سەکۆیەک بوو بۆ گفتوگۆ لەنێوان سەرکردە سیاسی و بازرگانی و ئەکادیمییەکان، ئەمساڵ کۆڕبەندەکە لەژێر تەوەری "هاوکاری بۆ سەردەمێکی زیرەک"، بەڕێوەدەچێت و پێشوازی لە سێ هەزار بەشداربوو لە 130 وڵاتی جیهانەوە دەکات، لە نێویاندا هەزار و 600 بەڕێوەبەری جێبەجێکار و کەسایەتیی بازرگانی، پێکەوە، تاوتوێی چارەسەری هەندێک لە ئاستەنگە هەرە دیارەکانی جیهان دەکەن، وەک ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قەیرانی غەززە و سووریا تا گۆڕانی کەشوهەوا و دوای ئاگرکەوتنەوە وێرانکارەکەی کالیفۆرنیا ماڵی کوردستان لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ یەکەم جار لە کۆڕی ئابووری جیهانی لە داڤۆس 2024 دامەزرا. لە ڕێگەی ماڵی کوردییەوە سەرۆکوەزیران دەیەوێت دەروازەیەک بکاتەوە بۆ نیشاندانی تواناکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان وەک ناوەندێک بۆ وەبەرهێنان و داهێنان، بۆ پەرەپێدانی دەرفەتەکان بۆ هاوبەشی جیهانی و گەشەی ئابووری. لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی 2025 لە داڤۆسی سویسرا، ڕۆژانە بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکان پێشوازی لە میوانان دەکات و دەرگا بۆ گفتوگۆی ئامانجدار و بەسوود و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بۆ چارەی دەرفەت و ئاستەنگە ناوچەیی و جیهانییەكان كراوە دەبێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە دۆناڵد ترەمپ و گەلی ئەمریکا و دەڵێت: لەکاتی دەستبەکاربوونی ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، هاوبەشی ستراتیژی کوردستان و ئەمریکا و پەیوەندی نێوان گەلەکەمان و هێزە چەکدارەکان بە بەهێزی ماوەتەوە".
دۆناڵد ترەمپ لە باڵەخانەی کاپیتۆڵ سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بووە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا. لە رێوڕەسمێک دا کە لە کۆشکی کاپیتۆڵی واشنتن بەڕێوەچوو، هەریەکە لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا سوێندی یاساییان خوارد و دەسبەکاربوون.
شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچە لە کۆبوونەوەدان، بەپێی زانیارییەکانیش بڕیار لەسەر چارەنوسی مووچەی مانگی ١٢ و مانگی یەکی ئەمساڵ دەدرێت.ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ـی کانونـی دووەمـی ٢٠٢٥، بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، هەریەکە لە بەڕێوەبەری ژمێریاری و بەڕێوەبەری بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق بەشدارن. هاوکات، شاندەکەی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەکەن لەسەر هەمواری خشتەکانی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٥ و هەروەها چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا مووچەی مانگی ١٢ـی مووچەخۆرانی هەرێم دابەشنەکراوە و وەزارەتی دارایی عێراقیش رایگەیاند، کە دەستیان بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانیان کردووە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتە سویسرا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووريی جیهانی لە داڤۆس، کە ئەمساڵ بە دروشمی (هاریکاری لەپێناو سەردەمی زیرەکدا) لە ڕۆژانی 20 - 24 /1 بەڕێوەدەچێت. لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکەدا، سەرۆکی حکومەت، زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات و دەرفەتەکانی برەودان بە هاریکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان تاووتوێ دەکات ، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێناندا. هەروەها ئەمساڵ (ماڵی کوردستان Kurdistan House ) لە داڤۆس، کە ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت کرایەوە، چەندین چالاکی بە بەشداريی ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و خاوەنکارانی کوردستان ڕێکدەخات، بە ئامانجی ناساندنی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی. بەشداریی سەرۆکی حکومەت لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلوماسی و پێشخستنی پرۆسەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستاندا.