لە مۆزەخانەیەکی هۆڵەندا ژمارەیەک کەرەستەی گرانبەهای مێژوویی دزران، مێژووی کەرەستەکان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی پێنج سەدە پێش زایین و بەشێکە لەو مێژووەی لە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی ماوەتەوە. گرووپێکی نەناسراو لە شاری ئاسنی هۆڵەندا بە بەکارهێنانی بۆمبی دەستی هێرشیان کردووەتە سەر مۆزەخانەی درێنتسی و سێ بازن و کڵاوێکی لە زێڕ دروستکراوی گرانبەهایان دزییوە. بەرپرسانی مۆزەخانەی درێنتسی ڕایانگەیاند: لە کاتژمێر 03:45 خولەکی نیوە شەودا پۆلیس ئاگادارکراوەتەوە لەوەی دەنگی تەقینەوە لە مۆزەخانەکە بیسراوە، دوای گەیشتنی پۆلیس بە شوێنی روداوەکە، دەرکەوتووە سێ بازنەی زێڕی شاهانە و کڵاوێکی زێڕینی کۆتۆڤینیستی و چەند پارچەیەکی دیکەی گرانبەها نەماون، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ 450 ساڵ پێش زایین.هاری توپان بەڕێوەبەری گشتی مۆزەخانەی درێنتس ڕایگەیاند: ڕۆژێکی تاریکە بۆ مۆزەخانەی درێنتس و تووشی شۆک بووین بەهۆی ڕووداوەکانی دوێنێ شەو لە مۆزەخانەکە، لە مێژووی 170 ساڵەی خۆیدا، هیچ کاتێک ڕووداوێکی وەها گەورە ڕووی نەداوە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسین. بڕیار بوو لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، مۆزەخانەی درێنتسی لە شاری ئاسنی باکوری هۆڵەندا پێشانگای "داسیا" بۆ نیشاندانی کەرەستە لە زێڕ و زیو دروستکراوەکانی ئیمپراتۆری ڕۆمانی بکاتەوە. جگە لە دزینی ئەو خشڵ و زێڕە گرانبەهایانە، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبە دەستییەکەوە زیانێکی زۆر بە مۆزەخانەکە گەیشتووە و بەهۆیەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک مۆزەخانەکە بە رووی سەردانیکەراندا دادەخرێت.
سەرۆک بارزانی، بۆ کۆچی دوایی دکتۆر دەشتی دزەیی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، بە داخەوە کە هەواڵی کۆچی دوایی دکتۆر دەشتیم بیست، جەنابیان بەشی زۆری تەمەنی بۆ خزمەتکردنی بواری ئەکادیمی و چارەکردنی نەخۆشەکان تەرخان کردووە.شەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک بارزانی، بۆ کۆچی دوایی دکتۆر دەشتی دزەیی پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتیی دیاری هەولێر و پزیشك و زانای كورد دكتۆر (دەشتی دزەیی)ـم پێ گەییشت.سەرۆک بارزانی دەڵێت: دكتۆر دەشتی دزەیی بەشی زۆری تەمەنی خۆی بۆ خزمەتكردنی بواری ئاكادیمی و پزیشكیی كوردستان و یارمەتیدان و چارەكردنی نەخۆشەكان تەرخان كردووە و لە هەمانكاتیشدا كەسایەتییەكی نیشتیمانپەروەر و پەرۆشی تەندروستیی هاووڵاتیان بوو و پێگەیەكی بەرزی لە ناوەندە زانستی و پزیشكی و جەماوەرییەكاندا هەبوو و لەدەستدانی خەسارەتێكی گەورەیە.لە پەیامەکەدا سەرۆک بارزانی، پرسە و سەرخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و دۆستان و هاوكارانی خواڵێخۆشبوو دكتۆر دەشتی دزەیی و سەرجەم پزیشكانی كوردستان دەكات و دەڵێت: خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.سەرۆک بارزانی گوتیشی: لە خودای گەورە داواكارم گیانی خوالێخۆشبوو دكتۆر دەشتی دزەیی بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانییەکانی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ "کەمترین فەرمانبەر" زەوییان وەرگرتووە و زۆرینەیان لە چاوەڕوانی وەرگرتنی زەویدان. ئاوات دەباخ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند: "جگە لە فەرمانبەرانی شارەوانی سلێمانی، زۆرینەی فەرمانبەرانی دیکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکان تاوەکو ئەمڕۆ زەوییان وەرنەگرتووە". لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 20 هەزار کەس مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، بەڵام ئاوات دەباخ دەڵێت: "نزیکەی هەزار و 100 کەس زەوییان وەرگرتووە و ئەوانی دیکە تاوەکو ئەمڕۆ زەوییان وەرنەگرتووە". هەر ئەمڕۆ زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند: "دابەشکردنی زەوی رانەگیراوە، بەڵکو ناوەکان لە وەزارەتی شارەوانین و ئێمەش چاوەڕێی رێکارەکانین". گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد: "هەرکاتێک وەزارەتی شارەوانی ناوەکانی گەڕاندەوە، رێکارەکان تەواو بوون و فەرمانی وەرگرتنی زەوی بۆ هەر ناوێک دەرکرد، ئێمەش رێکارەکانی دابەشکردنەکە دەستپێدەکەین". بەگوێرەی زانیارییەکان، تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا بەشێکی فەرمانبەران لە پارێزگاکانی دیکەش زەوییان وەرگرتووە و زۆرینە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و لە چاوەڕوانی وەرگرتنی زەوییەکەیاندان. رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن: ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون.
بە داخەوە هەواڵی کۆچی دوایی پزیشک و کەسایەتیی ناسراوی هەولێر دکتۆر (دەشتی دزەیی )م بیست. خوالێخۆشبوو لە بواری پزیشکی و تەندروستیدا، خزمەتێکی زۆری کردووە. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو دەکەم و هاوبەشی خەمیانم. خواى مهزن گيانی بە بەهەشت شاد بكات و ئارامى و دڵنهوايیش، بە بنەماڵەکەی ببەخشێت. مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى کوردستان
بڕیارە سبەى شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسى مووچە و بودجە کۆببنەوە، ئەندامێکى لیژنەى داراییش دەڵێت، لەبارەى رادەستکردنى داهاتى ناوخۆ، هەرێم دوو پێشنیازیی بە بەغدا داوە. ئەمڕۆ شەممە ٢٥ـی کانونـی دووەمـی ٢٠٢٥، خهلیل دۆسکی، ئهندامی لیژنهی دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ههرێم دوو پێشنیازی كردووه، لهوانه ئامادهن تهواوی داهاتی ناوخۆ رادهستی بهغدا بكهن، بهو مهرجهی بهغدا پشكی ههرێم له بودجه رهوانه بكات. ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیازی دووەم ئەوەیە حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەواویی خەرج بکات، لە بەرامبەردا هەرێم نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بکات. هاوکات وتیشی، رۆژی یهكشهممه شاندێکی ههرێم سهردانی بهغدا دهكات و رێككهوتنێكی گرنگ لهبارهی خهرجكردنی مووچه و داهاتی ناوخۆ ئهنجام دەدات.
ئیدارەی نوێی ئەمریکا 538 کۆچبەری نایاسایی رەوانەی وڵاتەکانیان کردەوە، گوتەبێژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، کۆچبەرەکان بە فڕۆکەی سەربازی رەوانەکراون. کارۆلاین لێڤێت، گوتەبێژی ترەمپ لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئەمە گەورەترین ئۆپراسیۆنی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانە لە مێژووی نزیکی وڵاتەکە روویدابێت. جێبەجێکردنی بڕیارەکە دوای چەند رۆژێکی کەم لە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، 47ەمین سەرۆکی ئەمریکا دێت کە بەوە ناسراو سیاسەتی توندی بەرامبەر کۆچبەرانی نایاسایی هەیە. پێشتر لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن ترەمپ بەڵێنی دا هەڵمەتی توند و یەکلاکەرەوە دژی کۆچبەرانی نایاسایی رابگەیەنێت، کارۆلاین لێڤێت لەوبارەیەوە دەڵێت، بەڵێنەکان دران و جێبەجێکران
سهرۆك بارزانی ئاماژه بهوه دهكات، ڕقی له بهكارهێنانی زاراوهی "كهمینهكان" دهبێتهوه؛ جهختیش دهكاتهوه ههمووان له ههرێمی كوردستان له ئاسایش و ئارامی و سهقامگیردان. لەبارەی سووریاوە گوتی: پێویستە کورد لە وڵاتەکەدا ڕێگەی گفتوگۆ بگرێتەبەر.ههینی، 24ـی كانوونی دووهمی 2024، سهرۆك بارزانی له میانی چاوپێكهوتنێكیدا لهگهڵ كهناڵی "شهمس"، ڕایگهیاند، دژی بهكارهێنانی زاراوهی "كهمینهكان" بهڵكوو چهند ساڵێك لهمهوبهر سهردانی پهرلهمانی كوردستانی كوردستانی كردووه و پێی ڕاگهیاندوون له بری بهكارهێنانی ئهم زاراوه، زاراوهی "پێكهاتهكان" بهكار بهێنرێت.سهرۆك بارزانی سهبارهت به بارودۆخ و پێشهاته نوێیهكانی سووریا گوتی، ئاماژهكانی كهوتنی ڕژێمی بهشار ئهسهد دهركهوتبوون، بهڵام بهم شێوه خێرایه، ههرگیز چاوهڕوانكراو نهبوو. سهرنجی بۆ ئهوهش ڕاكێشا، ڕژێمهكه ساڵی 2011 دهڕووخا، بهڵام ئهو كات ئێران، ڕووسیا و حزبوڵڵای لوبنانی ڕێگهیان له كهوتنی گرت.سهرۆك بارزانی باسی لهوه كرد، ئهوهی له سووریادا ڕووی دا و ڕژێمهكهی بهشار ئهسهد ڕووخا، دووبارهبوونهوهی ههمان سیناریۆی كهوتنی مووسڵ بوو له ساڵی 2014ـدا.سهبارهت به سهركردایهتی نوێی سووریا سهرۆك بارزانی گوتی: ئهوهی تا ئێسته له دهسهڵاتدارانی نوێی سووریا دهیبیستن، زۆر باشه، بهڵام ئومێدهوارن وهكوو خۆیان جێبهجێ بكرێن. به مافی خۆمانی دهزانین هۆشیار و ئاگهدار بین، چونكه قسه به تهنیا بهس نییه و پێویستی به كردهوه ههیه و كێشهكان چاره بكرێن و سوود له پهند و وانهكانی ڕابردوو وهربگیرێت.سهرۆك بارزانی جهختیشی كردهوه، پێویست دهكات چاوهڕانی كردهوه بن، بهتایبهتی كه كورد لهو وڵاتهدا ساڵان و سهردهمانێكی زۆره به تایبهتی لهوهتهی ساڵی 1962ـوهوه ڕووبهڕووی سهختی و تهنگپێههڵچنین و ئازار دهكرێتهوه و تا ئێستهیش ئهم دۆخه لهسهری ههڵنهگیراوه و بهردهوامه. ههروهها به پێویستی زانی دهسهڵاتی نوێی سووریا له واقیعی كورد له سووریا تێ بگات، هاوكات كوردیش لهم وڵاته دهبێت ڕێگهی ئاشتییانه و گفتوگۆ بۆ چارهكردنی پرس و مافهكانی بگرێتهبهر.
پشتیوان سادق: بهرهوپێشچوون له دانوستانهكانی نێوان لایهنهكان بۆ پێكهێنانی كابینهی نوێ هەیە. هەینی 24ـی کانوونی دووەمی 2025، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروبار ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ڕایگەیاند: بهرهوپێشچوونی گهوره له دانوستانهكانی نێوان لایهنهكان، بۆ پێكهێنانی كابینهی نوێی حكوومهت ههیه. هاوکات دووپاتی کردەوە، ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان شهرعیهتی بۆ ههرێمی كوردستان گهڕاندهوه. لەبارەی بەغدا، وەزیری ئەوقاف، گوتی: ئهوهی بهغدا بهرانبهر ههرێمی كوردستان دهیكات، گێچهڵكارییه و دهیانهوێت كوردستان برسی بكهن. پشتیوان سادق ئاماژهی بهوه دا، پێشبینی دهكهن، گۆڕانكارییهكانی ناوچهكه له بهرژهوهندیی ههرێمی كوردستان و سهرانسهری ناوچهكه تهواو بن.
ئەو پارتە سیاسییانەی بەریتانیا کە دژایەتیی کۆچبەران دەکەن دەنگیان لە زیادبووندایە و ئەوانەشی نەرمی بەرامبەریان دەنوێنن دەنگیان کەمیکردووە. وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەش دەڵێت، کۆچبەرە عێراقییەکان لە تاوان دا پلەی سێیەمیان گرتووە. ماڵپەڕی یوگۆڤی بەریتانی دوایین راپرسی خۆی سەبارەت بە دۆخی پارتە سیاسییەکان بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپرسییەکە، ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن بکرێت، پارتی کاری کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە 26٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. لەکاتێکدا دەنگی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنی تەممووزی پار 36٪ بووە. هەروەها، پارتی ریفۆرمی دژەکۆچبەر 25٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی تەممووزی رابردوودا 14.3٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا بوو. ئەو پاشەکشەیەی پارتی کار و بەرەوپێشچوونەی پارتی ریفۆرم بەشێکی زۆری پەیوەندی بە کۆچبەرانەوە هەیە. پێرار 29 هەزار و 437 کۆچبەر چوونە بەریتانیا، بەڵام پار ژمارەکە گەیشتە 36 هەزار و 816 کۆچبەر کە 65٪یان دوای دەستبەکاربوونی ستارمەر بوون. بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی بەریتانیا، ئاداری 2023 تەنیا 20٪ی هاووڵاتییانیان پاڵپشتی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانیان دەکرد، بەڵام ئاداری پار بووە 34٪. بەگوێرەی راپرسییەکەی یوگۆڤ، پارتی پارێزگاران 22٪ی دەنگەکان دەباتەوە، ئەمە 1.7٪ی لە هەڵبژاردنی پێشوو کەمترە. هەروەها، پارتی لیبڕاڵ دیموکرات 14٪، پارتی سەوز 8٪ و پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا 3٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن کە 25٪ی دەنگەکان دەکات، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوو 21.4٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنابوو. 'زۆرترین تاوان لەلایەن پەنابەر و پەناخوازان دەکرێت' یەکێک لەو هۆکارانەی هاووڵاتییانی بەریتانی لە پەنابەر، پەناخواز و کۆچبەران بێزار کردووە دەیانەوێت دیپۆرتبکرێنەوە، "زۆربوونی رێژەی تاوانە" لەلایەن ئەوانەوە. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، پار 1.2٪ی بەریتانییەکان بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانێکەوە دەستگیرکران. ئەمەش بەراورد بە نەتەوە و خەڵکی وڵاتانی دیکە کە پەنایان بۆ بەریتانیا بردووە زۆر کەمە. بە گوێرەی ئاماری ئەو وەزارەتە، پار 21٪ی ئەلبانییەکان بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانێکەوە دەستگیرکران کە زۆرترینە. هەروەها، 10.7٪ی ئەفغانییەکان و 9.3٪ی عێراقییەکانی بەریتانیا بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانێکەوە دەستگیرکراون. جەزائیری، مەغریبی و سۆماڵیش پلەکانی چوارەم تاوەکو شەشەمیان گرتووە. خەرجیی کۆچبەران کۆچبەران بوونەتە بڕبڕەی پشتی هێزی کاری بەریتانیا، بە گوێرەی ئاماری فەرمی، وڵاتەکە پێویستی بە 2.5 ملیۆن دەستی کارە. بە گوێرەی میدیای وڵاتەکەش، لە هەر پێنج کارمەند و کرێکارێکی بەریتانیا یەکێکیان پەنابەر یان پەناخوازە. هەرچەندە کەسانی دیکە بۆ پڕکردنەوەی دەستیکار لەو وڵاتە پێویستن کە دەکرێت کۆچبەران هاوکاربن، بەڵام ئەوان خەرجیەکی زۆر لەسەر حکومەتی بەریتانیا دەکەون. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، پار 5.82 ملیار دۆلاریان لە کۆچبەران خەرج کرد، ئەمە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری لە پێرار زیاترە.
مەسرور بارزانی دەڵێت، پێویستە هەرێمی کوردستانیش لەو رێککەوتنەدا بەشدار بێت کە بڕیارە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گازی کەرکووک لە نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم BPی بەریتانیدا بکرێت. دەشڵێت، “چیدیکە ناتوانین بێدەنگ بین لە بەرامبەر ئەو مامەڵە خراپەی بەغدا لەگەڵ ئێمەدا دەیکات.” لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە: “ئەو ناوچەیەی کە بەغدا لەگەڵ BP گفتوگۆی لەبارەوە دەکات، ناوچەیەکی ناکۆکیلەسەرە. بە پێی دەستوور، ناوچە ناکۆکیلەسەرەکان شوێنێک نین بەغدا یان هەولێر بتوانن تاکلایەنانە بڕیاریان لەسەر بدەن.” دوای کشانەوەی سوپای عێراق لە ئەنجامی هێرشی داعش لە ساڵی 2014، پێشمەرگە پاراستنی کەرکووکی لەئەستۆگرت. لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، شارەکە کەوتەوە دەستی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان لە دژی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی کەرکووک نین، بەڵکو دژی “میکانزمەکەن”. سەرچاوەیەکی ناونەهێنراو بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، رێگەیەکی بەردەم هەرێمی کوردستان بۆ بەشداربوون لەو گفتوگۆیانە ئەوەیە، بەرپرسانی کورد بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیا بەریتانییەکە کۆببنەوە. “کورد دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بەکاربێنێت بۆ ئەوەی گوشار لە عێراقییەکان و BP بکەن بەشدارییان پێ بکەن.” چاوەڕواندەکرێت لە یەکەم هەفتەی مانگی داهاتوو، عێراق و BP گرێبەستێکی چەندین ملیار دۆلاری واژۆبکەن بۆ ئەوەی کێڵگەکانی کەرکووک پەرەیان پێ بدرێت. مەسرور بارزانی بە رۆیتەرزی گوتووە: “ئێمە هەژموونی ئەوەمان نییە ئەوە بوەستێنین،” بەڵام گرێبەستەکەی بە “نادەستووری” ناوبردووە. هەفتەی رابردوو، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو، چاوەڕواندەکرێت گرێبەستەکە لەوەیان گەورەتر بێت کە ساڵی 2023 لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسیدا واژۆیان کرد، کە قەبارەکەی 27 ملیار دۆلار بوو. بەغدا و BP رێککەوتنێکی سەرەتاییان بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی کەرکووک واژۆکردووە. BP ئەندامێکی ئەو کۆمەڵە کۆمپانیایە بوو کە لە بیستەکانی سەدەی راربدوو نەوتی لە کەرکووک دۆزییەوە و مەزەندە دەکرێت، یەدەگی نەوتی شارە کوردستانییەکە 9 ملیار بەرمیل بێت. کۆمپانیا بەریتانییەکە خاوەنی 50٪ی پشکەکانی ئەو هاوپەیمانییە بازرگانییەیە کە کێڵگەی رومەیلە لە باشووری رۆژئاوای بەسرە بەڕێوەدەبات. هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ‘دەنگی نییە’ ئەم ناکۆکییەی لەسەر گرێبەستەکەی BP دروستبووە لە کاتێکدایە کە بەهۆی ناکۆکیی دیکەوە لە ساڵی 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا وەستاوە. ئاداری ساڵی 2023، تورکیا بۆریەکەی راگرت، ئەوەش دوای ئەوەی کە دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیاریدا، ئەنقەرە بە هەناردەکردنی نەوتەکە بێ رەزامەندیی بەغدا، رێککەوتننامەیەکی نێوانیانی پێشێلکردووە و پێویستە 1.5 ملیار دۆلار بە عێراق بدات. هەرچەندە دوای ئەوە تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ وەگەڕخستنەوەی بۆریەکە نیشاندا، هەناردەکە بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر، بەغدا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەسەر وردەکاریی گرێبەستەکانیان، دەستیپێنەکردەوە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە، لە ئەنجامی ئەوەدا، هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری لەدەستداوە و حکومەتی عێراقیش قەرەبووی نەکردووەتەوە. مەسرور بارزانی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە: “عێراق هەرگیز قەرەبووی ئەو پارە لەدەستچووەی بە کوردستان نەداوەتەوە و تا ئێستاش هیچ چارەسەرێک لە ئارادا نییە.” بڕیاربوو ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری بڕگەیەکی یاسای بودجەی فیدڕالی کۆبێتەوە. بڕگەکە تایبەتە بە دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر لە نزیکەی 7 دۆلار دانرابوو، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان پێیانوابوو ئەو بڕە پارەیە لە سروشتی شاخاویی هەرێمی کوردستان دەستنادات، نێوەڕاستی تشرینی دووەم حکومەتی عێراق پێشنیازی کرد تێچووەکە بە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابنرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەتی عێراق لە کۆتا ساتەکاندا دەستکاری هەموارەکەی کردووە و پاشەکشەی لەو سازشە کردووە. مەسرور بارزانی بە رۆیتەرزی گوتووە، هەموارەکە بەو شێوەیە “بە هیچ شێوەیەک قبوول ناکرێت.” بەڵام ئەمشەو حکومەتی عێراق رەتیکردەوە هیچ دەستکارییەک کرابێت. باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: “جەخت لە پابەندبوونی حکومەت بەو هەموارانە دەکەینەوە کە لە بارەی یاسای بودجە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراون، کە رەچاوی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی دەکەن، هەروەها دووپاتیدەکەینەوە کە نوێنەری حکومەت لە ئەنجوومەنی نوێنەران جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستنەبوونی هیچ هەموارێکی دیکە بۆ یاسای بودجە کە پێچەوانەی ئەو دەقانە بێت کە ئەنجوومەنی وەزیران پێشکێشیکردوون.” ‘گلەییکردن لە کورد ئاسانە’ رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی سنووری بەرهەمی رۆژانەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستانیان پێکەوە بە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دیاریکردووە. بەڵام بەرهەمەکە ئەو سنوورەی تێپەڕاندووە. مەسرور بارزانی دەڵێت، بەغدا لەسەر ئەوە “گلەیی لە کوردستان دەکات، چونکە گلەییکردن لە کورد ئاسانە.” سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: “کوردستان تەنیا 280 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرهەمدێنێت، کوردستان چۆن زیادەڕۆیی لە بەرهەمهێناندا کردووە؟ بۆچی ناگوترێت هەموو عێراق زیادەڕۆیی لە بەرهەمهێناندا دەکات؟ ئەم کارانەی بەغدا جێگەی داخن کە مەبەست لێیان چەواشەکردنی رای گشتی و رای نێودەوڵەتیشە. ئێمە چیدیکە ناتوانین بێدەنگ بین لە بەرامبەر ئەو مامەڵە خراپەی بەغدا لەگەڵ ئێمەدا دەیکات و لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ بڕینی پشکی ئێمە لە بەرهەمی نەوت و بودجەی نیشتمانیدا.” ژێدەر رووداو
ماڵپەڕی بلوومبێرگی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە داڤۆس رای گەیاندووە، سەری سووڕماوە لەو گۆڕانكارییانەی كە لە رەشنووسی پەسەندكراوی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت كراوە، هاوكات دواخستنی دەنگدانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی عێراق لەسەر رەشنووسە پەسەندكراوەكەی كە پێشووتر رێككەوتنی لەبارەوە كرابوو. ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی كانوونی دووەمی 2025، ماڵپەڕی بلوومبێرگی ئەمەریكی ئاماژەی داوە كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی داڤۆس رای گەیاند، ئەو گۆڕانكارییانەی لەو رەشنووسەدا لەلایەن عێراقەوە كراوە پێشووتر لەبارەی تێچووی دەرهێنانی نەوتەوە لەسەری رێككەوتبووین و چاوەڕواننەكراو بوو. مەسروور بارزانی ئەوەیشی گوتووە، ئەو گۆڕانكارییانەی لە ڕەشنووسەكەدا كراون بێ راوێژ بووە لەگەڵ ئێمەدا. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە تشرینی دووەمی 2024، رەشنووسێكی پەسەند كرد كە بریتی بوو لە تەرخانكردنی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت كە لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت و دەگوازرێتەوە، لای خۆیەوە سەرۆكی حكوومەت رای گەیاندووە، پەرلەمانی عێراق بڕیار بوو دەنگ لەسەر یاساكە بدات بەڵام بەهۆی چەند گۆڕانكارییەكی چاوەرواننەكراو دەنگی لەسەر نەدرا. لای خۆشییەوە هەر ئەمڕۆ گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لێدوانێكی لەبارەی هەوڵەكانی هەمواركردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بڵاو كردەوە و لە لێدوانەكەیدا دەڵێ، دوای چەندان كۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ، لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە هەموار بكرێتەوە و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمیشی بۆ كرا، بەڵام بەداخەوە لە كۆتا ساتەكاندا، دەنگی لەسەر نەدرا. "ئێمە تووشی سەرسووڕمان بووین بەوەی پێشنیارێك لە لایەن نوێنەری حكوومەتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەران، تاكلایەنە و بە بێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بكرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لە هەمان كاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەمواركردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە، بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان" گوتەبێژەكەی حكوومەت وای نووسیوە. هەروەها دووپات دەكاتەوە، ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و كێشەكان قووڵتر دەكەنەوە، خزمەت بە چارەسەركردنی پرسەكان ناكات. "بۆیە ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە، بە هەموو شێوەیەك ڕەت دەكەینەوە و دژی دەوەستین، دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەری ڕێككەوتووین، بخرێتە دەنگدانەوە".
دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە ،هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا ، دەنگی لەسەر نەدرا . ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیارێک لە لایەن نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، تاکلایەنە و بە بێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لەهەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان . ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات. بۆیە ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە ، بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە و دژی دەوەستین. بۆیە دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەر ڕێککەوتووین ، بخرێتە دەنگدانەوە. پێشەوا هەورامانیگوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان2025/1/23