بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیێنێ، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، کە تیایدا پەیامی سەرۆکوەزیرانی کوردستانی لەبارەی بودجە و مووچە بە سووودانی گەیاند. ئەمڕۆ سێشممە ڕێباز حەملان بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، لەسەر ڕاسپارەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان، بۆ بەرگریکردن لە قوتی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان سەردانی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران عێراق کۆبووەوە و، لەبارەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئەنجامی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی بە سوودانی گەیاند. ڕاگەیێنراوی فەرمی: لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ سوودانی بە وردەکاری تەواوی ئەو هەنگاوانەم باسکرد کە لەسەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بەبەردەوام بە چەندین تیم بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. مووچەی خەڵکی کوردستان زۆر دواکەوتوە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم لە دۆخێکی ناجێگیر و خراپە، خەڵک زۆر پشوو درێژ و خۆراگربوون، دواتر باسم لەوە کرد داواکاری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستورە کە وەک هەرێم مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و یاسای بودجەو بریارەکانی دادگای فیدراڵییە وەک خۆی بچێتە بواری جێبەجێکردن تایبەت بە شایستە داراییەکانی هەرێم .هەمووان چاوەرێی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی داهاتوین لە بەغدا لە نێوان هەردو وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی بەرێز دکتۆر فؤاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری
لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ( knn ) پەرلەمانتارێکی عێراق لە لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەناوی (غەریب ئەحمەد) چەندین چەواشەکاری و ناڕاستی لەسەر لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان خستووەتە ڕوو، لە پێناو چەواشە نەکردنی ڕای گشتی و خستنەڕووی ڕاستیەکان وەک خۆی بە پێویستمان زانی ئەم خاڵانە بخەینەڕوو. ١- ئەو پەرلەمانتارە لە چاوپێکەوتنەکەیدا چەند جارێک جەخت لەوە دەکاتەوە کە نزیکەی ٧٥٠ هەزار ناوی هاوردەی دووبارە و مردوو لە لیستی مووچەی هەرێم هەیە، ئەوەش هۆکاری درێژەکێشانی کێشەی مووچەیە، ئەوە لە کاتێکدایە میلاکی فیعلی ئێمە بەشارستانی و سەربازی لەبەغداد و لە لیستی مووچە نزیکەی ٧٠٢ هەزار کەسە، جێی خۆیەتی بپرسین ئەو ٧٥٠ هەزار ناوی دووبارە و مردووە لە کوێ جێ کراوەتەوە. ٢- تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو هەرچی داواکاری و تێبینی وەزارەتی دارایی عێراق هەبووە لەسەر لیستی مووچە چارەسەریان کردووە، ئەو داتا و زانیاریانەی لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کورستانە، لە ١٩ وەزارەت و ٨ دەستە و سێ سەرۆکایەتی و یەکەکانی ( ٧٠ ) و ( ٨٠ ) دێت و دواتر لەوەزارەتمان وردبینی دەکرێت، واتە سەرجەم داتاکان دەبیت بە داتای حکومەتی هەرێم نەک وەزارەتی دارایی، وە هیچ کەس و لایەنێکیان ئامادە نییە بەبێ ئاگاداریان هیچ ناوێک زیاد و کەم بکرێت. ٣- بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو لە هیچ ڕاپۆرتێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و نووسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەهیچ جۆرێک ئاماژە بەبوونی ژمارەیەکی لەو شێوەیە و کێشەی لەو جۆرە نەکراوە، وەک ئەو بەناو پەرلەمانتارە باسی دەکات. ٤- بەپێویستی دەزانین لێرەوە ڕایبگەیەنین کە لیستی مووچەی هەرێم پاک و بێ کێشەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەموو ئەو پارانەی لەمانگی شوبات تا حوزەیران وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەبیانووی بوونی ناوی دووبارە و لەیەک چوو، کێشەی بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفی ڕایگرتن، دوای پێدانی ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی داتا و زانیاریەکان سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج کرایەوە. ٥- باشتر بوو ئەو پەرلەمانتارە پێش چاوپێکەوتنەکەی پرسیاری لەسەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکردایە کە لەماوەی نزیکەی ١٠ ڕۆژدا دووجار لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم لەهەولێر و بەغداد کۆبووەتەوە، جەنابیان لەکوێ بووە بۆ ئەوەی لەو ماوەیە پرسیار لەسەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکات بۆ وەرگرتنی داتا و زانیاریەکان، تا بزانێت ئەوە هەرێمی کوردستانە هەموو پابەندییەکانی خۆی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆران جێبەجێ کردووە، نەک لە بێ ئاگاییەوە بێت ژمارەی ناڕاست و بێبنەما بخاتە ڕوو بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و فەرمانبەران. ٦- پرسی مووچە کێشەیەکی کۆن و گشتگیرە و تەنها وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکو هەموو بابەتێکی تایبەت بەمووچە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدرێت و هەموو لایەنە بەشداربووەکانی کابینەی نۆیەم بەپێی ڕێژەی خۆیان بەرپرسن لەو کێشەیە، نە وەزیری دارایی و نە وەزارەتەکەی هێزی سەربازی و پێشمەرگە و میلیشیای نییە، تەنانەت پارێزگاری وەزیر و وەزارەتیش لەلایەن هێزەکانی ناوخۆوە دەکرێت، بۆیە کاری بەناو زیادکردنی نەمردوو نەزیندوو نییە ، کێ خاوەنی ئەوانەن بەڕێزی ئەگەر دەوێرێت با بچێت پرسیاریان لێ بکات. ٧-جێی خۆیەتی بپرسین کاک غەریب نوێنەرایەتی کێ دەکات لەبەغداد!؟. ئەگەر نوێنەری کوردە پێویستە پاساو بۆ مووچەو نان بڕینیان بهێنێتەوە و بەبێ بەڵگەش حکومەتی هەرێم تاوانبار بکات، نازانین ئەم هەڵوێستانە ئەبێت خزمەتی کێ بکات، ئایا بەڕاستی جەنابیان نوێنەری کوردە لەبەغداد!؟. بەڕێزیان ئەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکات لەدادگا ئەم بوختان و ناهەقیانە بسەلمێنێت. وەک وەزارەتی دارایی پێشتریش چەندین جار ڕامانگەیاندووە دەرگای وەزارەتمان بۆ پێدانی داتا و زانیاری کراوەیە، ئەگەر جەنابی دڵسۆز بوو دەبوایە خۆی بەدواداچوونی بکردایە، نەک قسەی سەر تەلەفزیۆن کە لە هەموو شتێک ئاسانترە. وەزارەتی دارایی و ئابووری. ٢٠٢٥/١/٢٨
بڕیارە فرۆشگە و رێستۆرانتەکانی هاوینەهەواری بێخاڵ و ناوچە گەشتیارییەکانی دیکەی ئیدارەی سۆران تێکبدرێن و بەشێوازێکی نوێ دروستبکرێنەوە. بەڕێوەبەری گەشتوگوزار دەڵێت، هیچ خاوەنکارێک بێ کار نابێت و جێگەی دیکەیان پێدەدرێتەوە. هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێشەممە 28-01-2025 رایگەیاند "بەگوێرەی ماستەرپلانێک کە جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەرداوە، گۆڕانکاری لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران دەکرێت و بەشێوەیەکی مۆدێرنی جیهانی، بونیاد دەنرێنەوە". هاوینەهەواری بێخاڵ کە یەکێک لە سەیرانگە بەناوبانگەکانی کوردستان و عێراق، لە چوارچێوەی ماستەرپلانەکەدا تێکدەدرێت و دروست دەکرێتەوە. هەژار حەکیم دەڵێت "کارەکانی ماستەرپلانەکە دەستیپێکردووە، بەڵام هاوینەهەواری بێخاڵ هێشتا کراوەیە و نوێکردنەوەی دەستیپێنەکردووە." هەر ئەمڕۆ د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران رایگەیاند "پڕۆژەکە بۆ پەرەپێدانی گەشتیارییە لەچوارچێوەی ماستەرپلاندا، کە گۆڕانکارییەکە لە خەلیفانەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاوەکو بێخاڵ." بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران گوتی "بەگوێرەی ماستەرپلانەکە، گۆڕانکاری ریشەیی لە سەیرانگەکە و هاوینەوارەکاندا دەکرێت. دڵنیایی دەدەینە ئەو کاسبکارانەی لە بێخاڵ کاردەکەن بێ کار ناکرێن و دوای کۆتاییهاتنی کارەکان، دەبنەوە خاوەن کاری خۆیان" بەگوێرەی ئاماری گەشتوگوزاری سۆران، لە سێ ساڵی رابردوو ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکەیان کردووە.
لەسەر فهرمانى مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان، لەپێناو دابینکردنى میلاکى پێویست بۆ دامودەزگهکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە و بە مەبەستى باشتر ڕاییکردنى کاروبارى هاووڵاتیيان، 500 کەس بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە دامەزرێندران. ناوی دەرچووان بۆ دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست بۆ پارێزگای هەڵەبجە: https://drive.google.com/file/d/1CIhUmr3Z9ylc8FD3Af9HZp35GRN-tDoC/view?usp=sharing https://drive.google.com/file/d/1CIhUmr3Z9ylc8FD3Af9HZp35GRN-tDoC/view?usp=sharing
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، سبەی ناوی ئەو 500 کەسە ئاشکرا دەکرێت، کە بەشێوەی گرێبەست بۆ فەرمانگەکانی پارێزگای هەڵەبجە دامەزرێندراون. دووشەممە 27ـی کانوونی دووەمی 2025، شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، "ئەمڕۆ نووسراوی ناوی ئەو کەسانەی کە دامەزراون، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە و سبەی ناوەکان رادەگەیێنین." 28-11-2024، ناوی ئەو کەسانەی کە دامەزراون لە نووسراوێکدا لە لایەن ئەنجوومەنی راژەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ پەسندکردن. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، "سبەی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی دامەزراندنی ئەو 500 کەسە رادەگەیێنین و دواتر ناوەکانیان لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاودەکەینەوە." جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بڵاوکردنەوەی ناوی وەرگیراوان، چەند رۆژێک بۆ پەڵپگرتن دیاری دەکەن بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک شیاوی دامەزراندن بووبێت و کەسێکی ناشایستە لە شوێنی دامەزرابوو راستی بکەنەوە. 22ـی شوباتی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی کارگێڕیی سنوورەکە کۆبووەوە. دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران بڕیاری دامەزراندنی 500 کەسی بە شێوەی گرێبەست بۆ پارێزگاکە داوە. دوای بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران، حوزەیرانی پار بەشێوەی ئەلیکترۆنی داواکاری دامەزراندنەکە پڕکرایەوە و دواتر 500 ناو بەگوێرەی مەرجەکان هەڵبژێردران.
لەنزیک گوندی گردجان لە قەزای حاجیاوا ئۆتۆمبێلێک ئاگری گرتووە. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، "درۆن بۆردوومانی ئۆتۆمبێلەکەی کردووە". دەرو قادر، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی ئەوان، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بریندار بووە. ئەو ئۆتۆمبێلەی سووتاوە لە جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەرە. مستەفا رەسوول، بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین، رایگەیاند، "رووداوەکە بۆردوومان بووە و لە رێگەی درۆنەوە کراوە".
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە سەرجەم خانەنشینان دەکات، کە فۆرمی تۆمارکردنیان لە پڕۆژەی (هەژماری من) پڕکردۆتەوە و تا ئێستا نەیان گەڕاندۆتەوە، ئەوە بەزووترین کات بیگەڕێننەوە بۆ ئەوەی بانکەکان فۆرمەکەیان لێ وەربگرێتەوە. دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، داوا لە سەرجەم ئەو خانەنشینانە دەکەین، کە فۆرمی تۆمارکردنیان لە پڕۆژەی (هەژماری من) پڕکردۆتەوە و تا ئێستا نەیان گەڕاندووەتەوە، ئەوە بەزووترین کات بیگەڕێننەوە بۆ ئەو بانکانەی کە فۆرمەکەیان لێ وەرگرتووە. ئاماژەی بەوەش دا، ئەو خانەنشینانەی فۆرمی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـیان وەرگرتووە و نەیانگەڕاندووەتەوە، پێویستە فۆرمەکانیان بە زووترین کات پڕبکەنەوە و بیگەڕێننەوە بۆ ئەو بنکەیەی تۆمارکردنی پڕۆژەی هەژماری من، لەو بانکە حکوومیەی فۆرمەکەیان تیایدا وەرگرتبوو، تاوەکو بتوانن مووچەکانیان لە هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان و بە ئاسانی وەربگرن. دەشڵێت: تاوەکو ئێستا زیاتر لە 290 هەزار فەرمانبەری خانەنشین فۆرمی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـیان وەرگرتووە.
نزیکەی ساڵێکە فۆڕم بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون بە کرێنشینان و کەمدەرامەتان پڕکراوەتەوە، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کەسێک وەرینەگرتووە. بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، ناوەکان لە راستاندندان. ساڵی 2023 وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان پڕکردنەوەی فۆڕمی بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون لە رێگەی ئۆنلاینەوە راگەیاند و، تاوەکو 01-02-2024 پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بەردەوام بوو. توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (دووشەممە) رایگەیاند "ئەو کەسانەی فۆڕمیان بە دروستی پڕکردبووەوە، ناوەکانیان بۆ راستاندن نێردراوە بۆ هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان و، تاوەکو ئەمڕۆ نەگەڕێندراونەتەوە." نزیکەی 60 هەزار کەس فۆڕمی وەرگرتنی یەکەکانیان پڕکردبووەوە، بەڵام نزیکەی 26 هەزاریان کۆدیان بۆ گەڕاوبووەوە و فۆڕمەکەیان پەسندکرا. توانا بەشیر گوتی "یەکەکان کاری نوێیان تێدا نەکراوە، چونکە بودجەی دەوێت. هەرکات ناوەکان گەڕانەوە بۆ وەزارەت و بودجە دابینکرا، کار لە یەکەکان دەکرێت." ژمارەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە بڕیاربوو بۆ کەمدەرامەتەکان دروستبکرێن 9004 شوقە بوو، زۆرینەی کارەکانیان تەواو کراوە؛ 1356ـیان لە هەولێرن، لە سلێمانی 3876، لە دهۆک 2116، هەڵەبجە 192، ئیدارەکانی گەرمیان 360، راپەرین 420، زاخۆ 324 و سۆران 360 یەکە. بەشێکیان 95%ـی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80% و کەمتری تەواو بووە، تاوەکو دەگاتە 13%. وەزارەتی ئاوەدانکردەنەوە دەڵێت بۆ تەواوکردنی کاری سەرجەم شوقەکان، پێویستی بە 267 ملیار دینارە. بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ گەڕانەوەی ناوەکان، ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکەن کە دەبنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوون، هەرکاتێکیش بودجە تەرخانکرا، راستەوخۆ کار لە یەکەکان دەستپێدەکاتەوە، کە "هەندێکیان کاری زۆر کەمیان ماوە". رۆژی 8ـی ئابی 2023 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوونی راگەیاند و گوتی "بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان، ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، دەتوانن فۆڕم پڕبکەنەوە." جگە لە کەمدەرامەتان، بە گوێرەی ئاماری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، نزیکەی 150 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم دەستپێکردنەوەی خەرجیی وەزارەتەکانی راگەیاند و رێنماییەکانی بۆ ئەو مەبەستە بڵاوکردەوە. بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆوە خەرجیی وەزارەتەکان بەپێی رێنماییە نوێیەکان دەستپێدەکاتەوە. لە 10 ی کانوونی یەکەمی 2024 وەزارەتی دارایی هەرێم خەرجیی تایبەتی دامەزراوەکانی راگرت بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ژمێرەکان. بەپێی رێنماییەکانی وەزارەت، بەهۆی ئەوەی هەرێم یاسای بودجەی ساڵی 2025 ی نییە، خەرجییەکان لەسەر رێژەی 1/12 ی خەرجیی فعلی ساڵی 2024 دەبێت تا ئەو کاتەی یاسای بودجە پەسەنددەکرێت.
بانكی ناوەندی عێراق، ئەمڕۆ بڕی ٢٩٦ ملیۆن و ٥٩٠ هەزار و ٩٥٣ دۆلاری خستە بازاڕەكانەوە. لەو بڕە ١٩ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار بە شێوەی نەقد فرۆشراوە و ٢٧٦ ملیۆن و ٧٩٠ هەزار و ٩٥٣ دۆلاریش بە شێوەی حەواڵە فرۆشراوە.
بزانە چۆن حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی بیانووەکانی بەغدای لەسەر لیستی مووچە دەبڕێت. سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی بیانووەکانی بەغدا لەسەر لیستی مووچە نەهێڵێت، کەچی بەغدا رۆژانە بیانووی نوێ دەدۆزێتەوە و هەر بەهۆی ئەو بیانووانە، مووچەی مانگی ١٢ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی فەوتاند. لە نوێترین هەنگاودا و دوای دروستکردنی UPN (سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی) بۆ تەواوی مووچەخۆران، حکومەتی هەرێمی دەیەوێت تەواوی بیانووەکانی دیکەی بەغدا نەهێڵێت و بۆ ئەم مەبەستەش، بۆ لیستی مووچەی مانگی یەک، هەرێم لیستی مووچەی خانەنشینان و تەرازووی پێداچوونی لیستی مووچەی مانگی یەک بە رێکخراوی و بەبێ کەمووکوڕی دەنێرێت. ئێستا دوو لێژنەی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەولێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان تەواوی تێبینییەکانی سەر لیستی مووچە و بابەتی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو بکەن و چاوەڕوان دەکرێت، هەر ئەمڕۆ کۆتایی پڕۆسەکە ڕابگەیەندرێت و دوای تەواوی کردنی کارەکان، شاندێکی حکومەتی هەرێمی سەردانی بەغدا بکاتەوە. لە ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی عێراق سەرەڕای بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی پابەند نەبوو بە ناردنی شایستە دارییەکانی هەرێمی کوردستان و بە بەردەوامیش هەرێمی بە ڕادەستنەکردنی داهاتی ناوخۆ تۆمەرتبار دەکرد، لە کاتێک خۆیان بەردەوام بە کەمی رێژەی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانیان دەنارد.
کەشناسی هەرێم رایگەیاند، بەپێی پێشبینیەکان ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و لەناوچە شاخاوییەکان بۆ نیمچە هەور و هەوری تەواو دەگۆڕێت. ئەمرۆ دووشەممە ٢٧ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما ١ بۆ ٢ پلە نزم دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ. هاوکات کەشی سبەینێ بەگشتى ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ و سبەینێ خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت و بەرزترین پلەی گەرما لە کەرکووکە بە ١٨ پلەی سیلیزی و نزمترین پلەی گەرماش لە ناوچەی حاجی ئۆمەرانە بە ٣ پلەی سیلیزی.پلەکانی گەرما بەم شێوەیه دەبێت: هەولێر : ١٥ پلەى سیلیزى سلێمانی : ١٢ پلەى سیلیزى دهۆک : ١٦ پلەى سیلیزى کەرکوک : ١٨ پلەى سیلیزى زاخۆ : ١٦ پلەى سیلیزى هەڵەبجە : ١٢ پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: ٣ پلەى سیلیزى سۆران: ١٣ پلەى سیلیزى گەرمیان : ١٦ پلەى سیلیزى