Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13728 بابەت
هەواڵ
31-01-2025

لە هەولێر پارکێکی گەورە دروست دەکرێت

لە شوێنی گوندی ڕەشکین گەورەترین پارک لە سەر ڕووبەری نزیکەی 120 هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر بودجەی تایبەتی نووسینگەکەی، بە گوژمەی ( 15 ملیار دینار ) لەسەر ڕووبەری نزیکەی 120 هەزار مەتر دووجا، پارکی ڕەشکین لە شاری هەولێر دروست دەکرێت. پڕۆژەکە لەم بەشانەی خوارەوە پێک دێت: 1- پەرژينى پڕۆژەكە بە درێژایی هەزار و 600 مەتر. 2-دروستكردنى گەراجى ئۆتۆمبێل . 3-دروستكردنى دوو كافترياى مۆدێرن. 4- دروستكردنى ڕێڕەوی ڕاکردن و پايسكلسواری. 5- دروستكردنى دوو عەمبارى ئاو بە قەبارەی 300 مەتر سێجا. 6- لێدانی بيرى ئاو بەقووڵی 500 مەتر. 7- كارى سيستمى كارەبا و سيستەمى ڕووناککەرەوەی پڕۆژەکە. 8- سەوزایی و چاندنی هەزار دار و چيمەنى هەميشە سەوز و دەیان هەزار گوڵ.

هەواڵ
31-01-2025

ئەمڕۆ وەزارەتەکانی دارایی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ کۆدەبنەوە

ئەمڕۆ وەزارەتەکانی دارایی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ یەکلایکردنەوەی چارەنووسی مووچەی ئەمساڵ کۆدەبنەوە. بڕیارە ئەمڕۆ،  هەینی، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق، هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ بۆ یەکلایکردنەوەی چارەنووسی مووچەی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم کۆببنەوە. بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا، هەریەکە لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەیف سامی، وەزیری دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئامادەبن. تێیدا گفتوگۆ لەسەر ناکۆکییەکانی پەیوەست بە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم و ئاستەنگەکان بکەن. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش، تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە بوو لە پەرلەماندا.  دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا لێکگەشتنێکی گشتیی پەسەند کراوە بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە، بە تایبەت ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان."

هەواڵ
30-01-2025

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ رێگری لێکرا بچێتە ناو ئاسایشی رانیە

دەستەى مافى مرۆڤ لەسەر ئەشکەنجەدانى زیندانیان لەناو ئاسایشى رانیە هاتەدەنگ و دەڵێت، بەڕێوەبەرى ئاسایشى راپەڕین سەرپێچییەکانى پشتڕاستکردووەتەوە و وتویەتى، رێکارى یاسایى گیراوەتەبەر. پێنجشەممە ٣٠ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە لەبوونی حاڵەتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لەناو زیندانیانی ئاسایشى رانیە، بۆ ئەو مەبەستەو بەدواداچوون راستەوخۆ شاندێکی دەستەکە لەگەڵ سەرۆکی دەستەکە چوونەتە زیندانەکە. ئاماژە بەوەشکرا، دوای پەیوەندی کردن بە بەڕێوەبەری ئاسایشی راپەڕین، روودانی سەرپێچییەکانى پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە کە رێکارى یاسایى لە گەل ئەنجامدەران گیراوەتە بەر. ئەوەش خراوەتەڕوو، لەکاتێکدا دەستەکە ویستوویانە سەردانی ناو زیندانەکانی ئاسایش بکەن، رێگەیان نەدراوە بچنە ناو بیناى ئاسایشەوە و رێگەش نەدراوە وێنە بگیرێت، بەوهۆیەوە شاندەکە نەیانتوانیوە هیچ شتێك لە بارەى دۆخى زیندانییەکانەوە بزانن. ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی یاساو رێنماییەکان ئەرکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤە بەدواداچوون بۆ پێشیلکاریەکان بکات لەهەرکوێ بێت و لەسەر دەزگاکانی هەرێمە هاوکاربن و ئاسانکاری بکەن بۆ تیمەکانی دەستەو نابێت رێگر بن.

هەواڵ
30-01-2025

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی لە سه‌رۆكى فه‌ره‌ن...

شه‌وى ڕابردوو، پێنجشه‌ممه‌ 2025/1/30 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی له‌ ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه‌ پێگه‌یشت. تیایدا ده‌ر‌باره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى سووريا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌رێمى كوردستانيان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ گرنگ بۆ سه‌قامگيريى عێراق له‌ قه‌ڵه‌م دا. نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيرى و ڕۆڵى دۆستانه‌ى فه‌ره‌نسا و ماكرۆن له‌ يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له‌ ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ گه‌لى كوردستان هه‌رگيز هاوكارييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌بير ناكات. لاى خۆيه‌وه‌ سەرۆکی فەڕەنسا جه‌ختى له‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و تيشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ فه‌ره‌نسا به‌ بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت، هه‌روه‌ها ستايشى هه‌وڵه‌كانى نێچيرڤان بارزانیی له‌پێناو سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كاندا، كرد. هه‌ر له‌ په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا ماكرۆن پيرۆزباييى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانى له‌ نێچيرڤان بارزانى كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى مافه‌كانى پێكهاته‌كان له‌ عێراق و سووريا و داكۆكييان له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد له‌ سووريا كرده‌وه‌ و چه‌ندين بابه‌تى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌شيان، تاوتوێ كرد.

هەواڵ
30-01-2025

مەسرور بارزانی پەیامێكی سەرەخۆشیی ئاڕاستەی گەلی ئەمریکا دەکات

بەهۆی ڕووداوی پێكدانانی فڕۆكەیەك و هێلیكۆپتەرێكەوە لە ئەمریكا، مەسرور بارزانی، پەیامێكی سەرەخۆشیی ئاڕاستەی گەلی ئەمریكا كرد و ڕایگەیاند: "بیر و فکرم لای قوربانیان و خێزانەکانیانە." ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی 1ی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێكی هاوخەمیی بۆ گەل و حكوومەتی ئەمریكا بڵاو كردەوە و نووسیویەتی: "بەهۆی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی پێکدادانی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرێک لە نزیک واشنتن دی سی، پرسە و هاوخەمیی خۆم ئاڕاستەی گەل و حکوومەتی ئەمریکا دەکەم." لە پەیامی هاوخەمیی سەرۆكی حكوومەتدا هاتووە: "بیر و فكرم لای قوربانیان و خێزانەکانیانە، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم." ئەمڕۆ لە نزیك واشنتن دی سی، فڕۆكەیەك و هێلیكۆپتەرێك پێكیاندادا و بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیا ئەمریكییەكان بەهۆی ئەو ڕووداوەوە زیاتر لە 18 كەس گیانیان لەدەست دا و دەیانی دیكەیش بریندار بوون.

هەواڵ
30-01-2025

ڕاگەیەنراوێک لە دژەتیرۆری کوردستانەوە

دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکانیان، "ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاژێر 17:40، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی کەمپی ئاوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بناری چیای کۆڕەک لە سنووری پارێزگای هەولێر کرا". دژە تیرۆر دەشڵێت، "درۆنەکە ئامانجی خۆی نەپێکا و تێکشکا و کەوتە خوارەوە، هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێ نەکەوتەوە".

هەواڵ
30-01-2025

زانیاری لەبارەی کوژرانی سەلوان مۆمیکا لە سوێد

میدیای سوێد بڵاوی کردەوە؛ سەلوان مۆمیکا پەنابەری عێراقیی تەمەن 38 ساڵ، دوێنێ شەو لە ناوچەی هۆڤشۆی شاری سۆدەرتەلیەی سوێد کوژراوە. بەپێی راپۆرتی SVT، دوای کاژێر 11:00ـی شەو، پۆلیس و تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، پاش ئەوەی لە رووداوێکی تەقەکردن ئاگادارکراونەتەوە. دانیێل ڤیکداڵ، گوتەبێژی پۆلیسی ناوچەی ستۆکهۆڵم بە SVTـی راگەیاندووە "لە شوقەیەکدا پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ دۆزرایەوە، کە تەقەی لێکرابوو و بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە." پۆلیسی ستۆکهۆڵم تائێستا پشتڕاستی نەکردووەتەوە، قوربانییەکە سەلوان مۆمیکایە، بەڵام دەزگای هەواڵگریی سویدیش (سێپۆ) بەشدارە لە لێکۆڵینەوەکاندا. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسەی کوژراوە، لە کاتی رووداوەکەدا لە پەخشی راستەوخۆ بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە. ڤیکداڵ دەڵێت کەسێک بۆ لێکۆڵینەوە دەستگیر کراوە. هەروەها رۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی سوێدی بڵاوی کردەوە، سەلوان مۆمیکا دوێنێ شەو لە شووقەیەک دا لە شاری سۆدێرتێلیەی سوێد کوژرا. گابریێل ڤێرنستێد، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی سوێد (سێپۆ) رایگەیاند "ناتوانین هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم رووداوە بدەین، چونکە کەیسەکە لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت."  مۆمیکا ساڵی 2018 چووەتە سوید و ساڵی 2021 مۆڵەتی مانەوەی سێ ساڵەی پێدرا. هاوینی 2023 کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمەش کاردانەوەی تووندی موسڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە و کارەکەیان سەرکۆنە کرد. بڕیارە ئەمڕۆ لە کاتژمێر 11:00ـی بەیانی دادگای ستۆکهۆڵم بڕیار لەسەر دۆسیەی هاندان دژی گرووپێکی ئایینی بدات، کە دژی مۆمیکا و هاوڕێکەی سەلوان نەجم تۆمار کرابوو.

هەواڵ
30-01-2025

فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر و هێلیکۆپتەرێکی سەربازی خۆیان بەیەکدی دا کێشا

فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر و هێلیکۆپتەرێکی سەربازی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەیەکی ئەمریکا خۆیان بەیەکدیدا کێشا. سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، لە رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە. سیناتۆر رۆجەر مارشاڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "فڕۆکەیەک کە لە ویچیتای ویلایەتی کانساسەوە بەرەو واشنتن دەهات و نزیکەی 60 سەرنشینی هەڵگرتبوو، لەگەڵ هێلیکۆپتەرێکی سەربازی پێکیدا دا". سیناتۆرەکە رووداوەکەی بە "کابووس" ناوبرد. بەرپرسێکی سوپای ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسی راگەیاند، سێ سەربازی سوپای ئەمریکا لەو هەلیکۆپتەرە سەربازییەدا بوون کە لەسەر رووباری پۆتۆماک لە واشنتن لەگەڵ فڕۆکەیەکی بازرگانیی کۆمپانیای پی ئێس ئەی ئەیرلاینز لە جۆری بۆمباردیێر پێکیاندا دا. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە. ئەمێریکان ئەیرلاینز رایگەیاند، 60 گەشتیار و چوار ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی لەنێو ئەو فڕۆکە بازرگانییەدا بوون، کە دوای پێکدادان لەگەڵ هەلیکۆپتەرێکی سەربازی لە ئاسمانی واشنتن کەوتە ناو رووباری پۆتۆماک. بەگوێرەی زانیارییەکان هێلیکۆپتەرە سەربازییەکە خۆی بە فڕۆکەکەدا کێشاوە، لەکاتێکدا فڕۆکەکە ویستوویەتی لە فڕۆکەخانەی رۆناڵد ریگن لە واشنتن بنیشێتەوە. هێلیکۆپتەرەکە لە جۆری بلاک هۆک سیکۆرسکی ئێچ -60ـە، فڕۆکەکەش لە ویچیتای ویلایەتی کانساسەوە دەهات.

هەواڵ
29-01-2025

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، زانیاری سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمشەوی سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان ئاشكرا دەكات.ئەمشەو چوارشەممە 29-1-2025، لە ماڵی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە شاری بەغدا سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان كۆبوونەوە لە نێوان سوودانی و سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق كرا. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند:- لە کۆبوونەوەکە لێکتێگەشتنێکی گشتی پەسەند کرا بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان.- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: کۆبوونەوەیەکی زۆر باشە و ئەرێنی بوو.- لە كۆبوونەوەكەدا لێكتێگەیشتنی زۆر باش هەبوو لەسەر ئەوەی كە پڕۆژە یاسای بودجە وەکو خۆی پەسەند بکرێت بە هەمان ئەو ناوەڕۆكەی حکومەتی عێراق ناردوویەتی و ئێستا لە پەرلەمانی عێراق، گرنگترین خاڵی نێو هەموارەكەش ئەوەیە كە نرخی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بە 16 دۆلار دیار کراوە. بەگوێرەی هەمواری بڕگەی (ج) ماددەی 12 لە یاسای بودجە، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی کوردستان لە 6 دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار زیاد دەکرێت، لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیارە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ دەستپێبکاتەوە.

هەواڵ
29-01-2025

کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە ماڵی سوودانی دەکرێت

  بەگوێرەی زانیارییەکان بڕیارە کاتژمێر هەشتی ئەمشەو لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان لە بەغدا کۆبوونەوەیەک لە ماڵی سوودانی دەکرێت. د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق، لە ماڵی سوودانی کۆدەبنەوە و ئامانجی کۆبوونەوەکە قسەکردنە لەسەر هەمواری پرۆژە یاسایی بودجە و مووچە. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار ئەبن.  لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر هەمواری یاسای بودجە و مووچەی مانگی 12 و  یەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. 

هەواڵ
29-01-2025

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە لەبارەی مووچەوە

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، پیشەییانە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە، هەمان مامەڵەش لەگەڵ وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵ و پارێزگاکانی دیکە دەکرێت. بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-01-2025، وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی قسەکانی رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتەکە لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. وەزارەتی دارایی دەڵێت، "دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە نییە، چونکە ئێمە دەمانەوێت ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکەین کە زیاتر لە ساڵێکە دەریکردووە و هەرێمی کوردستانیش تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لە سەرجەم بانکەکاندا رادەستی وەزارەتی دارایی نەکردووە". لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا، وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات، "هۆکاری دواکەوتنی مووچە جیاکردنەوەی ناوی ئەو فەرمانبەرانەیە کە رەوانەی خانەنشینی کراون، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش وەزارەتی دارایی فیدراڵ تیمێکی فەرمانبەرانی وەزارەت لە ژمێریاری و بودجە و خانەنشینی زیاتر لە 10 رۆژ کاریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرد، بەمەبەستی وردبینیکردنی لیستەکان و لێدەرکردنی ئەو کەسانەی کە رەوانەی خانەنشینی کراون و هەژمارکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی ژمارە 26ـی ساڵی 2019ـی هەموارکراو، هەروەها هەژمارکردنی بڕی زیادەی 100 هەزار دینار بۆ خانەنشینان و پاداشتی کۆتایی خزمەت، هەروەها لێدەرکردنی خانەنشینە کۆنەکان لەوانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە؛ کە ژمارەیان زیاتر لە 29 هەزار فەرمانبەرە". وەزارەتە عێراقییەکە لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت، ئەوان هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نین.

هەواڵ
29-01-2025

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی 5 چەکداری داعشی راگەیاند

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی "5 تیرۆریستی داعش"ی لە دەورووبەری سلێمانی رایگەیاند و دەڵێت، سەرجەمیان داواکراوی دادگەکانی عێراق بوون. رۆژی سێشەممە، 28-01-2025، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش لە سێ ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوودا لە دەورووبەری سلێمانی توانییان 5 تیرۆریستی داعش دەستگیر بکەن". وەکو دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژانی 19-23-26ـی ئەم مانگە کراون، ئەوەش "لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش". ئەو چەکدارانەی دەستگیرکراون، دەزگای ئاسایش دەڵێت، بریتین لە: (ص ث ع)، (و ا ر)، (ص س ص)، (م ع ح) و (خ ب ع). وەکو لە راگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایش دا هاتووە: "سەرجەمیان داواکراوی دادگەکانی عێراق بوون". دەزگاکە باسی لەوە کردووە، "تیرۆریستان بەمەبەستی خۆحەشاردان روویان لە دەوروبەری سلێمانی کردبوو کە لە ماوەی رابردوودا چەندین خولی شەرعی و سەربازییان بینیوە". دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، چەکدارەکان بە مادەی 4 لە یاسای تیرۆر راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.

1 2 ... 137 138 139 ... 1143 1144