لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەردا و لەژێر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەست پێدەکات. مامەڵەی وەرگرتنی وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بۆ 27 وەزارەت و فەرمانگە تەواو بووە، کە تێیدا 240 هەزار و 111 فەرمانبەر لە وەرگرتنى زەوی سوودمەند دەبن. پێدانی زەوی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە فەرمانبەرانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، سۆران، ڕاپەڕین، گەرمیان و زاخۆ. ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستان دا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان. فەرمانگەی میدیا و زانیاری
لەسەر سکاڵای بەرپرسێکی یەکێتی، سەرنووسەری دەزگایەکی میدیایی لە سلێمانی ڕاپێچی بەردەم دادوەری ئاسایش دەکرێت. سێ ساڵ لەمەوبەر، دەزگای میدیایی دیپلۆماتیک دۆسیەیەکی گەندەڵی ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی بەناوی دابان شەدەڵە بڵاودەکاتەوە. لەسەر ئەو دۆسیەیە، دابان شەدەڵە سکاڵای یاسایی لەسەر خاوەنی دامەزراوە میدیاییەکە تۆمار دەکات کە ناوی هێمن باقڕە، دوای چەندین دانیشتن ساڵی پار دادگا سکاڵاکەی لە بەرژەوەندی خاوەنی دەزگای دیپلۆماتیک یەکلایی کردەوە. دوای بردنەوەی داوا یاساییەکە، دەزگاکە دەقی نووسراوی دادگایان لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیای خۆیان بڵاوکردەوە و وتیان ئێمە براوەبووین. ئێستا دابان شەدەڵە دیسان داوای یاسایی تۆمار کردووە، دەڵێت ئێوە ناوی منتان زڕاندووە و نووسراوی دۆڕانی دادگاتان بڵاوکردوەتەوە. لەسەر ئەم سکاڵایە، سەرنوسەری دیپلۆماتیك ئەمڕۆ بەیاسای خراپ بەكارهێنانی مۆبایل، لەبەردەم داوەری ئاسایش ئامادە بووە، بە دادوەری ئاسایشی وتووە، ئەم سکاڵایە کۆمیدیە، بڵاوکردنەوەی بڕیاری دادگا مافی خۆمانە، دەبێت خەڵکی لێ ئاگادار بکەینەوە کە لەو دۆسیەیە ئێمە براوە بووین. سەرەنجام دادوەر بە کەفالەتی ملیۆنێک و 500 هەزار دینار هێمن باقڕ ئازاد دەکات تا ڕۆژی دادگایکردنی.
لە میانی دانانی بەردی بناغەی کردنەوەی شەقامە سەرەکییەکانی گوندی کۆری لە زۆنی B، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند: ئێمە پشتیوانی لە داخوازی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکەین، پێویستە سەرجەم مووچەخۆران لە دژی بەغدا مانبگرن بەو پێیەی بەغدا مافەکانیانی زەوت کردووە، ئەوانەشی لە پشت خێمەی مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانین، هەر ئەوان هۆکاری بڕینی مووچەی مووچەخۆران بوون لە بەغدا. یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا جەختی لەوە کردەوە، هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پشتی ئەو خێمەوە دەستی پێکردووە. پارێزگاری هەولێر گوتی: مامۆستا و فەرمانبەر و مووچەخۆر و تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناڕازییە، بەڵام ئەوان لە بەغدا نا ڕازیین، بەغدا زوڵم لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوانەی لە پشتی خێمەی مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانین، بابەتەکانیان ئاوەژوو کردووە و تێکەڵی پرس و کێشەی دیکەیان کردووە و دەڵێن: ڕای گشتی لەگەڵ ئەو پرسە دایە، بەڵام ڕای گشتی لە 20ـی ئۆکتۆبەر سەلماندی لەگەڵ کێدایە، هێشتا پەرلەمان و حکوومەت دەستبەکار نەبوون، ئێستا هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی عێراق لە پشتی خێمەکە دەستی پێکردووە. گوتی: ئەوانەی لە بەغدا پێشنیازیان کرد مووچە و بوودجەی خەڵکی کوردستان ببڕدرێت، ئێستا لە پشتی خێمەکە قسە دەکەن، ئەوانەی لە بەغدا دەستیان هەڵبڕیووە و دەنگیان داوە بۆ دژایەتی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، هاتوون لەژێر خێمەکە فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن، دەڵێت: ئێمە لەگەڵ ئەوانمانە و لەگەڵ ئەو عەرەبانەمانە کە ئێستا لە دێگەلە لەنێو کۆستەرەکانن، عەرەبێک نە خەڵکی هەرێمی کوردستانە، نە فەرمانبەری هەرێمی کوردستانە، لە بەغدا بوودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕن، ئەوان دێن بەناوی خۆ نیشاندەر و خەڵکی ناڕازی هەرێمی کوردستان کێشە و گرفتەکان دێننە هەولێر، ڕێگەیان پێ نادرێت، ئەوانە ڕەزا قورسەکانن، نەوەک ئەوانەی فەرمانبەری هەرێمی کوردستانن، مامۆستایان مافی خۆیانە و مافی خەڵکی تەواوی هەرێمی کوردستانیشە مان بگرن و خۆی نیشان بدەن و ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەر بەو زوڵم و ستەمەی بەغدا لە هەرێمی کوردستانی دەکات.
جەند رۆژێکە لە سنووری سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت. داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە خشتەی کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان و لەو پێناوەش بە بەردەوامی لەگەل حکوومەتی فیدرال لە بەغدا کار بۆ بەدیهاتنیان کراوە و تا رادەیەکی باش بەرەو پێشچوون هەیە. بە هەماهەنگی لەگەل بەغدا لە هەولی چارەسەرکردنی بابەتە هەلواسراوەکانین.ئەوەی جێگای هەلوەستەیە، کۆمەلێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو ، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن و بەمەش داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران تێکەڵ بە مەرامەکانیان دەکەن. سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپیشان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگرییان لێدەکرێت و هەر هەولێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت رێگەی پێنادرێت.
ڕەزامەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ 73 هەزار کارمەند و فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پێدانی زەوی دەرچووە. شەممە، 28-02-2025، ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێدانی زەوی بە 64 هەزار کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ گەڕاوەتەوە شارەوانی، ئەو 64 هەزار ناوە پۆلیس و زێرەڤانی و فەرمانبەرانی ناوخۆ دەگرێتەوە. هەروەها ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لیستی ناوی 9 هەزار پێشمەرگە گەڕاوەتەوە وەزارەت، هەر فەرمانبەرێك، كە 8 ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت. ناوی کارمەندانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە وەزارەتی شارەوانی دەدرێتە شارەوانییەکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ تەرخانکردنی زەوی، بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و كارتی زانیاری، لیستەکان بۆ شارەوانییەكان ڕەوانە دەكرێن، بۆ ئەوەی زەوییان بۆ تەرخان بكرێت. لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، لیستی ناوی نزیکەی 200 هەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی پێدانی زەوییان بۆ دەرچوو. ڕۆژی 27ی 03ی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ی 5ی 2024، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، خۆی چاودێری جێبەجێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی پێشتر سوود مەند نەبوون، دەشڵێت: پرۆسەکە شەفافانە بەڕێوە دەچێت، هەر کەسێک سوود مەند بێت و فۆرم پڕ بکاتەوە، دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە. شەممە 8ـی شوباتی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: ناوی 73 هەزار کارمەندی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، دوای ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران گەڕاوەتەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بۆ ئەوەی تیر و پشکیان بۆ بکرێت و لە سنووری خۆیان زەوییان پێ بدرێت. پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، خودی خۆی سەرپەرشتی و چاودێری پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەکات و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێرێت کارئاسانی زیاتر بکەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە. ئومێد خۆشناو دەڵێت: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی شەفافانە بەڕێوەدەچێت، هەر کەسێک پێشتر سوود مەند بووبێت و ئێستاش فۆرم پڕ بکاتەوە، دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات، لە تەواوی پاریزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەکاریی بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران کراوە و ڕووبەر و زەوی دیاریکراوە بۆ دابەشکردن لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان.
ئەمڕۆ شەممە 2/8 ، مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی له خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە کرد. لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی پرسە هەنووکەییەکان و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ئاڵوگۆڕ کرد. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافی گشت پێکهاتەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق کردەوە.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 2/7، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە پرسەی خوالێخۆشبوو وەلیدی کوڕی کەسایەتیی ناسراوی کوردستان خالید خۆشناو کرد.سەرۆکی حکومەت پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو کرد و هاوخەمی خۆی پێگەیاندن و هیوای خواست خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات. خالید خۆشناو بە ناوی بنەماڵەکەیانەوە، سوپاس و پێزانینی بۆ بەشداری و هاوخەمی سەرۆکی حکومەت دەربڕی.
بەرپرسانی ئەمریکا رایدەگەیێنن، فڕۆکەیەکی بچووکی بازرگانی بە 10 سەرنشینەوە لە ئاسمانی ئەلاسکا ون بووە. رۆژی پێنجشەممە، 7ـی شوباتی 2025 پۆلیسی ویلایەتی ئەلاسکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، فڕۆکەیەک کە جگە لە فڕۆکەوانەکەی نۆ سەرنشینی تێدا بووە، لە نیشتنەوەی دواکەوتووە و نازاندرێت لەکوێیە. فڕۆکەکە رۆژی پێنجشەممە، کاژێر 4:00ـی ئێوارە [کاژێر 4:00ـی بەیانی بەکاتی هەولێر] لە فڕۆکەخانەی ئەنەلەکلیت گەشتەکەی دەستپێکردووە و بەرەو شاری نۆم لە هەمان ویلایەت فڕیوە. هەردوو شارەکە 235 کیلۆمەتر لەیەکدی دوورن و دەبووایە فڕۆکەکە لە ماوەی 45 خولەک تاوەکو کاژێرێک بگەیشتبایە شوێنی مەبەست. پۆلیسی ویلایەتەکە ئاماژە بەوە دەکات، فڕۆکەکە دوای 38 خولەکیش لە فڕینی پەیوەندی لەگەڵ سیستەمی چاودێری فڕۆکەخانەکە هەبووە، بەڵام دواتر پەیوەندییەکەی پچڕاوە. بەرپرسانی ئەلاسکا رایدەگەیێنن، گەڕان بەدوای فڕۆکەکە بەردەوامە و تیمێکی تایبەتیان بۆ گەڕان بەنێو ناوچە شاخاوییەکانی هەردوو شارەکە راسپاردووە. ونبوونی فڕۆکەکە دوایین کارەساتی فڕۆکەوانییە کە لەم دواییانە لە ئەمریکا روویاندابێت. رۆژی 30-1-2025، هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی خۆی بە فرۆکەیەکی مەدەنیدا کێشا و هەردووکیان کەوتوونەتە نێو رووباری پەتۆمەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێوخۆیی رۆناڵد رەیگن کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە واشنتنی پایتەختەوە دوورە. بەهۆیەوە 67 کەس گیانیان لەدەست دا.
پرۆگرامی خوێندن بۆ قۆناخی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی کەم دەکرێتەوە. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی قوتابیان دراوە. وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند: "بەهۆی زۆریی پشووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پرۆسەی سەرژمێریی گشتی و پشووەکانی سەری ساڵ، پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی. لەلایەن لیژنەی باڵاوە کەمکرانەوە". مانگی 12ـی پار، بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە چەند رۆژێک مامۆستایانی هەردوو پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان راگەیاند، جارێکی دیکە مانگی رابردوو بایکۆت لەو سنوورانە دەستیپێکردەوە و بەردەوامە. هەر ئەمڕۆ، بەرپرسێکی باڵای پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند: "کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن پەیوەندی بە بایکۆتەوە نییە، چونکە 12ـی ئامادەیی هەر دەوام دەکەن و زۆرینەی 9ـی بنەڕەتیش دەوام دەکەن". بەرپرسەکەی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هیچ داوایەکیان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە نەکردووە بۆ کەمکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن. هاوکات ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند: "بۆ خوێندنی ئەم ساڵ، کە جیا لە پشووەکانیش درەنگ دەستیپێکرد، بڕیارێکی بەو شێوەیە پێویست بوو، بۆیە وەزارەتیش لە بەرژەوەندیی قوتابیان بڕیارەکەی دەرکرد".
* نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا، بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتی بۆ مۆسکۆ کرد. ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/6 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ڕووسی بە سەرۆکایەتیی میخائیل بەگدانۆڤ نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە کرد. لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا ئاڵوگۆڕ کرا. نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە. نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا، هەروەها بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتی بۆ مۆسکۆ کرد. سەرۆکی حکومەت، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا ، لەم ڕووەوە هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ و ڕێککەوتن لەسەر هەناردکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەمدرا. بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە دوایین گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی سووریا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایشی و ئارامیی و مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانی سووریا.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا دوو ئۆتۆمبێل و حەشارگەیەکی چەکدارانی پەکەکە بۆردومان دەکات و بەهۆیەوە بەرپرسێکی سەربازی و 2 چەکدار کوژران بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی شوباتی 2025، لە کاتژمێرەکانی 10:45 و 11:00ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا دوو ئۆتۆمبێل و حەشارگەیەکی چەکدارانی پەکەکە لە سنووری گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی بۆردومان دەکات. بەگوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی بۆدومانەکانەوە، بەرپرسێکی سەربازی و 2 چەکداری پەکەکە کوژراون و 2 چەکداری دیکەش بێسەروشوێنن.