کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، لەمشەوەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە، دەشڵێت، جگە لە هەولێر و گەرمیان، بەفر لە سەنتەری سەرجەم شار و شارۆچکەکان دەبارێت. ئەمرۆ چوارشەممە ١٩ـی شوباتـی ٢٠٢٥، کەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، شەپۆلی بەفر و بارانەکە تا رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و رۆژی پێنجشەممەش زۆرترین بڕی باران دەبارێت. ئەوەش خراوەتەروو، لەگەڵ دەستپێکردنى بارانبارین، لە ناوچە سنووریەکان بەفربارینیش دەستپێدەکات، دواتر لە ئەنجامى هاتنى بارستە هەوایەکى ساردتر، بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان، نیمچە شاخاوییەکان، سەنتەرى پارێزگاى سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارەى راپەڕین و زاخۆ دەبارێت. باس لەوەش کراوە، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دەرئەنجامەكانی كۆبوونەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراقی تایبەت بە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەکات. ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، كۆدەبێتەوە و بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆ لەسەر سێ بابەت دەكرێت و ئەوانیش خستنەڕووی وردەكاریی بەشداریی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە لوتكەی جیهانیی حكومەتەكان لە دوبەی و، بابەتی نوێكردنەوەی یاداشتی لەیەكگەیشتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیمارات و ڕاسپاردنی وەزارەتەكان بۆ كاروباری پێویست سەبارەت بە ناوەڕۆكەكەی. لە کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، تایبەت بە یەكخستنی ڕێككارەكانی كوالێتی كۆنتڕۆڵ و پۆلینكردنی بەڵێندەران كە یەكێك بووە لە ئەنجامەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاری هەولێر و بەغدا دەخرێتەڕوو. لەگەڵ خستنەڕووی دەرئەنجامەكانی كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراقی تایبەت بە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە دوێنێ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
حکومەتی عێراق و پەرلەمان دڵینانی دەدەنە مووچەخۆران و دەنگۆی هەر کورتهێنانێکی داراییان رەتکردەوە کە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچە هەبێت، سەرۆکی لیژنەی دارای پەرلەمانیش دەڵێت، مووچە بە تەواوی مسۆگەرە. ئەمرۆ چوارشەممە ١٩ـی شوباتـی ٢٠٢٥، وەزارەتی دارایی ،پابەندبوونی تەواوی خۆی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەوانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە بەبێ هیچ دواکەوتن و کەمیی بودجەیەک، دووپاتکردەوە. هاوکات، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان راگەیاند، مووچە بە تەواوی مسۆگەرە، دڵنیایی دەدەینە مووچەخۆران کە پارەی مووچە هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نابێت و تەنها بە داهات نەوت دەتوانین پارەی مووچە و زۆربە خەرجییەکانی دیکەش دابین بکەین. ئاماژە بەوەکراوە، ئەوەی لە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە بێتوانایی حکومەت لە دەستەبەرکردنی مووچەدا بڵاودەبێتەوە دوورە لە راستییەوە، ئامانجەکەی تەنها سەرلێشێواندنی خەڵکە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ زوو ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان دەرکرد. وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، وەزیری دارایی بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان دەکات و چەند بڕیارێک بۆ زوو ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان دەردەکات. لە ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، ڕۆژی سێشەممە ( ١٨ ی شوباتی ٢٠٢٥ ) بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بەیاوەری شاندێکی وەزارەت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی کرد و لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیش و کارەکانی کۆڵیەوە. لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیەکە بەڕێز وەزیری دارایی جەختی لەسەر زوو ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان کردەوە و چەند بڕیارێکی پێویستی لەوبارەیەوە دەرکرد کە بریتی بوون لە. ١- چالاککرن و بەرەوپێشبردنی سیستەمی ئەلکترۆنی کاروباری خانەنشینان و دابینکردنی پێداویستیەکانی لەماوەیەکی کورتدا. ٢- دابەزاندنی دەسەڵاتی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشین لە سەر ئاستی پارێزگا و قەزا و شار و شارۆچکەکان. ٣- ڕەوانەکردنی فەرمانبەران لەبەڕێوەبەرایەتیەکانی وەزارەتی داراییەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشین بەپێی پێویست تا کاتی تەواو بوونی مامەڵەی ئەو خانەنشینانەی سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشین بوونیان بۆ دەرچووە. لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی گوێبیستی کێشە و داواکاریەکانی بەرپرسانی خانەنشین بوو، بڕیاریدا سەرجەم پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکات و لەکۆتایشدا داوای لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی خانەنشین کرد لەگەڵ هەموو وەزارەت و فەرمانگەکان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات مامەڵەی خانەنشینان تەواو بکرێت و ماف و شایستەکانیان پێ بدرێت.
یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان و سێ یاسای دیکە کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کراون، لە ڕۆژنامەی وەقائیع بڵاو کرانەوە. سێشەممە، 18-02-2025، هەر یەکە لە یاساکانی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان؛ لێبووردنی گشتی، باری کەسێتی و هەمواری بودجەی گشتیی فیدراڵی، لە ڕۆژنامەی فەرمی حکوومەتی عێراق (وەقائیع) بڵاو کرانەوە. بە بڵاوکردنەوەیان، لەمڕۆ سێشەممەوە، ئەو چوار یاسایە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. ڕۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی داگیرکراو بە فەرمانی ئەنجوومەنی ناسراو بە "قیادەی سەورە"ــی هەڵوەشاوە و یاسای باری کەسیێتی و لێبووردنی گشتی دا. ئەگەر یاساکە وەکوو خۆی جێ بەجێ بکرێت، کە تایبەتە بە کەرکووک و سنووری ماددەی 140، زیاتر لە 300 هەزار دۆنم مووڵک و زەوی جووتیارانی کورد و تورکمان کە 50 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دراون بە عەرەبی هاوردە، بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەگەڕێتەوە. دوای دەنگدان بە پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی داگیرکراو، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "سوپاس بۆ خوای گەورە سەرکەوتین، دوای 50 ساڵ لە داگیرکاری و 20 ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، پرۆژە یاسای گەڕانەوەی زەوییەکان دەنگی لەسەر درا." بڵاوکردنەوەی ئەم یاسایانە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، 17-02-2025، سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەوییە کشتووکاڵییەکانی جووتیارانی کورد، سوپای عێراق لە گوندی شەناغەی سنووری کەرکووک، ڕێگرییان لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد کرد و پەلامار و ئازاری جووتیارانیان دا؛ جووتیارانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا. جووتیارێکی گوندی شەناغە ڕایگەیاند "سوپای عێراق، سوپایەکی شۆڤێنییە، پابەندی هیچ یاسا و ڕێککەوتنێک نابێت. ئێمەش مۆڵەتی 48 کاتژمێرمان بە سوپا داوە تاوەکوو گوندەکەمان بەجێ بهێڵێت، ئەگەر تاوەکوو ڕۆژی پێنجشەممە، 20-02-2025، لە ڕێگریی بەردەوام بوون، زەوییەکانمان دەکێڵین، ئەگەر خوێنمان لەسەر داناوە."
ئەمڕۆ سێشەممە 2/18، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بێریس ئیکینجی، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد. لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وزەدا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان، بە تایبەتی دوای پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ، لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، تایبەت بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم.هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا، لەمبارەیەوە، جەخت لە گرنگیی بەشداریی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژە ستراتیژییەدا کرا. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سووریا تاوتوێ کرا و پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکان دووپات کرایەوە.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە حەفتا و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی ئاراستەی مەکتەبی سکرتارییەت و ئەندامانی هەردوو ڕێکخراو دەکات. لە پەیامەکەی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتیدا هاتووە: یەکێتیی قوتابیانی كوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، مێژوویەکی درەوشاوەیان لە خەباتی ڕێکخراوەییان و خزمەتکردنی قوتاییان و لاوان و بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانیان و پەرەپێدانی تواناکانیان هەبووە. ڕۆڵێکی دیار و کاریگەریشیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، خەباتی نیشتمانیی و نەتەوەییمان، داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و دەسکەوتە نیشتمانییەکان گێراوە. -یەکێتیی قوتابیانی كوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، فێرگەیەکی دەوڵەمەند و سوودبەخشی پێگەیاندنی دەیان سەرکردەی بە توانا و لێهاتووی کوردستانیش بوون و بە شانازییەوە، منیش ئەندام و کادیری قوتابیان و لاوان بووم. -ئێستاش کە ئەم دوو ڕێکخراوە تێکۆشەرە، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە و ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە بۆ یەکگرتنەوە، ئومێدەوارم لە کار و تێکۆشانی خۆیان لە پێناو پێشخستنی خەباتی ڕێکخراوەییان بە شێوازێکی پێشکەوتووتر کە لە ئاست پێشکەوتنەکانی ئەم سەردەمەدا بێت بەردەوام بن، هەمیشە لە بەرەوپێشچوون، پێشەنگبوون، نوێبوونەوە، داهێناندا بن. بە باشترین و پێشکەوتووترین شێوە، خزمەتی نەوەی نوێ و قوتابیان و لاوانی کوردستان بکەن. لەم ڕووەوە هەموو پشتیوانییەکی خۆمیان بۆ دووپات دەکەمەوە. لە 18ى شووباتى 1953، یەکەم کۆنگرەى یەکێتى قوتابیانى کوردستان بەشێوەیەکى نهێنى لە شارى بەغدا بەسترا، هاوکات 72 ساڵ بەسەر دامەزراندنی رێکخراوی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت.
ئەو سەربازەی ئەمڕۆ پەلاماری محەمەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی دا، سزای سەربازی بەسەردا سەپێنرا و سەری سفر کرا. ئەمڕۆ دووشەممە 2025-02-17، هێزێكی سەر بە سوپای عێراق هەڵیكوتایە سەر گوندی شەناغەی سەر بە پارێزگای كەركووك و وێڕای ڕێگریی لە جووتیارانی كورد كە سەرقاڵی كێڵانی زەوییەكانیان بوون، ژمارەیەك سەربازی عێراقیش پەلاماری چەند جووتیارێكی كوردیان دا و زیانیان پێگەیاندن، ئەمە كاردانەوەی توندی سەركردایەتیی سیاسیی كورد و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە. بەهۆی درووستبوونی لۆبییەکی گەورە لەسەر دیمەنەکە و کارە قێزەونەکە، بە تایبەت بە دەنگەوە هاتنی سەرۆک بارزانی، سابت ئەلعەباسی، وەزیری بەرگری عێراق بڕیاریدا بە دوورخستەوەی سەربازەکە بۆ ماوەی مانگێک و سەپاندنی سزای سەربازی بە سەری دا.
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان دیمەنی ئازاردانی جووتیارانی كورد و ڕەفتاری نابەجێی ڕێگریكردن لە جووتیارانی كورد كە بچنەوە سەر زەوییەكانیان، دیمەنی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە سەددەی پێشوو بەبیر دەهێنێتەوە. ئەمە ڕەفتارێكی شۆڤینیانە و بێویژدانانە و تاوانە لەدژی جووتیارە بێتاوانەكانی كورد لە پارێزگای كەركووك دەكرێت كە تەنیا تاوانیان ئەوەیە كوردن و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەكانیانن. لێرەدا داوا لە بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵمە بكرێت و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیر بكرێن و سزا یاسایی خۆیان وەربگرن. دەستخۆشیش لەو كوردە قارەمانانە دەكەم كە لەبەرانبەر ئەو ستەم و دەستدرێژییە خۆڕاگر بوونە و با باش بزانن كە ئەوان تەنیا و بێ پشت و پەنا نین و بە هەموو هێزێك پشتیوانی لە خۆڕاگری و ماف و داواكانیان دەكەین. مسعود بارزانی17ی شوباتی 2025
ئەمڕۆ سوپای عێراق بۆ جارێکی تر لە دوروبەری کەرکووک و بە تایبەتی گوندی شەناغە و چوار گوندی دیکەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، رێگری لە جووتیارانی کورد کرد بچنە سەر زەوییەکانیان.ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەوپێشچوون هەبووە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی رژێمی پێشوو لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی خەلکی ڕەسەنی ناوچەکە . ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ، مانگی ڕابردوو ، پرۆژە یاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان پەسەند کرد. ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق، پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و پێویستە هەرچی زووتر، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە. نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2025/2/17
سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتە کرد. رۆژی دووشەممە 17-02-2025 لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی و شاندێکی یاوەری کرد. بارەگای بارزانی رایگەیاند، لەو دیدارەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرا، جەخت لە برەودان و بەردەوامیی ئەو پەیوەندییانە کرا لەسەر بنەمای هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا. بارودۆخی سیاسیی عێراق و گۆڕانکاری و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە بەگشتی تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون
دووشەممە، 17-02-2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ساز کرد. کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) بە ناوی شاندەکەوە قسەی کرد و ڕایگەیاند "کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، زۆر باش بوون و کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر بەرەوپێشچوونی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەبێت." بایندەر باسی لەوەش کرد "گەلی کورد هیوادارە لەسەر بنەمای دیموکراسی و دادپەروەری پرۆسەی نوێی ئاشتی ڕابگەیەنرێت. بە دڵنیاییەوە چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان، کاریگەری ئەرێنی لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت." بە گوتەی هاوسەرۆکی دەبەپە "پرسی کورد، بووەتە پرسێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هەموو وڵاتانی ناوچەکە گفتوگۆ لەسەر چارەکردنی پرسەکە دەکەن، بەڵام هەڵوێست و ڕۆڵی بەرپرسانی کورد، لە هەموو ئەوانەی دیکە کاریگەریی زیاترە." چاوەڕێ دەکرێت دوای گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان، شاندەکەی دەم پارتی کە دوو جار لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان کۆ بووەتەوە، بۆ جاری سێیەم لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ ئۆجەلان کۆ ببنەوە.