ئەمڕۆ دووشەممە 2/17، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەجید تەخت ڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلاميی ئێران بۆ کاروباری سیاسی کرد. لە دیدارەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلاميی ئێران تاوتوێ کرا و جەخت لە برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەسەر بنەمای بەرژوەنديی هاوبەش کرا.
كاركردن لە پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر پەلەی تێدا دەكرێت و هەوڵ دەدرێت بەر لە جەژنی ڕەمەزان، ئەو كارانەی هێشتا ماون تەواو بكرێن و بازاڕەكە بە تەواوەتی لەلایەن كاسبكارانەوە بەكار بهێنرێتەوە. سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، سەرپەشتیارانی بەشی شوێنەواری پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێری ڕاسپارد، هەرچی زووە كارەكانیان خێراتر بكەن و پەلە بكرێت بۆ ئەوەی بەزووترین كات كاسبكارانی بازاڕەكە بەر لە جەژنی ڕەمەزان، دەست بە كارەكانی خۆیان بكەنەوە. ئێستە كاری نۆژەنكردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بەردەوامە و بەشێك لە دوكاندار و خاوەنكارەكانیش گەڕاونەتەوە سەر ئیشوكارەكانیان، هەوڵ دەدرێت بەر لە جەژنی ڕەمەزان، زۆرترین كاسبكاری تری بازاڕەكە بگەڕێنەوە سەر شوێنی كاركردنی ڕۆژانەی خۆیان. لە پێنجی نیسانی 2024 ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر كەوتەوە، نزیكەی 250 دوكان و حەوت كۆگە سووتان، دوای رووداوەكە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بازاڕەكەی كرد و گوتی، ئەوەی پێمان بكرێت بۆ قەرەبووكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە دەیكەین
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوو سەرچاوەی ئاگاداری ڕاستەوخۆی عێراق ڕایانگەیاندووە، بانکی ناوەندی عێراق پێنج بانکی ناوخۆیی دیکە لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی قەدەغە دەکات، ئەمەش دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا دێت لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و قاچاخچێتی دۆلار و پێشێلکارییەکانی دیکە. بانکەکانیش بریتین لە: بانکی موشریقی عەرەبیی ئیسلامی، بانکی یەکگرتوو بۆ وەبەرهێنان، بانکی سەنەمی ئیسلامی،بانکی میسکی ئیسلامی و بانکی ئەمینی عێراقی ئیسلامیی، هەروەها ئەمریکا مامەڵەی دۆلاری لە سێ کۆمپانیای پارەدانی ئەلیکترۆنیی عێراقیش قەدەغەکرد. شایەنی باسە هیچ کام لەو بانکانە بەژداریان نەکردووە بە هەژماری من، هاوکات یەک لەم پێنج بانکە باشدارە لە تەوتین.
لە سەرجەم دامودەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى (١٧٢١٨) مامۆستاو فەرمانبەر سودمەند دەبن لە وەرگرتنى زەوى لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکانى هەرێمى کوردستان. دوا بەدواى بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران و دەرچونى ڕێنمایی وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزار بەمەبەستى دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان، بە فەرمانى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فەرمانى وەزارى ژمارە (١٣٣٢٨) لە ڕێکەوتى (٢١/ ٧/ ٢٠٢٤) دەرچوو کە تایبەت بوو بە پێکهێنانى لێژنەى تایبەت بۆ دروستکردنى هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزار و دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا و پێدانى ڕێنمایی بۆ شێوازى پڕکردنەوەى فۆڕمەکان و چۆنیەتى شیکردنەوەى ڕێنماییەکان. سەرئەنجام لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دامودەزگاکانیدا (١٧٢١٨) فەرمانبەر و مامۆستا سودمەند بون لە وەرگرتنى زەوى، ئەویش بەپێى سنورى پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان. لە دواى وەرگرتنى رەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزار سەبارەت بەو ناوانەى کە سودمەند دەبن لە وەرگرتنى زەوى، لە ئێستادا سەرجەم ناوى سودمەندان بڵاودەکەینەوە بەمەبەستى زانینى سودمەندان لە سەرجەم دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان. تێبینى:١- گەڕانەوەى ناوى سودمەندان لەلایەن وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزار بەپێى کارتى زانیارى بوە، واتە کارتى زانیارى بوەتە بنەما بۆ دابەشکردنى زەوییەکان بەسەر سنورى پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان. ٢- ئەمڕۆ ڕێکەوتى (١٦/ ٢/ ٢٠٢٥) سەرجەم فۆڕمى سودمەندان لە دیوانى وەزارەتەوە ئاراستەى وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزار کرا بۆ ئەنجامدانى کارى پێویست لەلایەن پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان. بۆ بینینى ناوى سودمەندان بەپێى پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان کلیکى ئەم بەستەرانەى خوارەوە بکەن: هەولێڕhttps://docs.google.com/spreadsheets/d/1glVLX9-VwU66rjzvHWt5cfvbfpZmw5uP/edit?usp=sharing&ouid=107533421129192219762&rtpof=true&sd=true سلێمانىhttps://docs.google.com/spreadsheets/d/1Dnfl5_dCG7Q4grMNsDhUYENLlFi6EWf7/edit?usp=sharing&ouid=107533421129192219762&rtpof=true&sd=true دهۆکhttps://docs.google.com/spreadsheets/d/1VW4Ccuuhl9eNE4KXzPWd2OZpMIIyGjyG/edit?usp=sharing&ouid=107533421129192219762&rtpof=true&sd=true هەڵەبجەhttps://docs.google.com/spreadsheets/d/1hhuCsxPpC_aSJ-zeSg2HIRpm0LiKmLHS/edit?usp=drive_link&ouid=107533421129192219762&rtpof=true&sd=true گەرمیانhttps://docs.google.com/spreadsheets/d/1_qu6W23OO3oRJ5j_6-mHcEBKuEEq8j4D/edit?usp=sharing&ouid=107533421129192219762&rtpof=true&sd=true سۆرانhttps://docs.google.com/spreadsheets/d/1B8A3ulhaBEVRQ5tvPvmyNHr_ucftPpb0/edit?usp=sharing&ouid=107533421129192219762&rtpof=true&sd=true ڕاپەڕینhttps://docs.google.com/spreadsheets/d/137mkkpYRLtinp8zO5vhHqK8HRAOreu0p/edit?usp=sharing&ouid=107533421129192219762&rtpof=true&sd=true زاخۆhttps://docs.google.com/spreadsheets/d/1FRYXAsgf6ax0J8bYo609ogkw5GWOvcfY/edit?usp=sharing&ouid=107533421129192219762&rtpof=true&sd=true
شاندێکی ئیمرالی لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە هەولێرە و بۆچوونی سەرۆک بارزانی لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا وەردەگرن. هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ و چارەنووسساز لەبارەی پرسی کورد لە ناوچەکە بگێرێت، بەمەش لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان دێنە هەولێر و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەکەن، هاوکات دیدگای سەرۆک بارزانی لەبارەی پرسی کورد و گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە وەردەگرن. بەردان ئۆزتورک، ئەندامی شاندی دەم پارتی ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی گرنگی هەر چوار پارچەی کوردستانە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لە شاندی ئیمرالی کردووە سەردانی بکەن، هاوکات هەر داوایەک لە سەرۆک بارزانی بکرێت، بە هەر شێوەیەک بێت دەیگەیێنێتە جێ. - هاتنی ئەمجارەمان بۆ هەرێمی کوردستان جیاوازە.- لە داهاتوویەکی نزیکدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێک بڵاودەکاتەوە.-هەر کاتێک تورکیا دەستی بۆ پرۆسەی ئاشتی بردبێت بەرەوپێش چووە.- باوەڕمان وایە پرسی کورد بە ئاشتی چارەسەر دەبێت.- ئاکتەری سەرەکی پرۆسەی ئاشتی ئۆجەلانە و ئازادکردنی مەرجە بۆ پرۆسەی ئاشتی. دیدگای سەرۆک بارزانی بۆ شاندەکەی ئیمرالی و گەیاندنی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر پرسی کورد لە باکووری کوردستان دروست بکات و هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی خێراتر بکات.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بۆ بەشی ژمێریاری سەرجەم وەزارەتەکان ناردووە، هەر مووچەخۆرێک کارتی نیشتمانی نەبێت یان ژمارەی کارتی نیشتمانی لە وەزارەتەکە نەبێت مووچەکەی ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە. وەزارەتەکان لەڕێگەی نووسراوێکەوە فەرمانگەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستە فەرمانبەران ئاگادار بکەنەوە، ئەوانەی کارتی نیشتمانییان نییە، خۆیان بەرپرس دەبن لە هەر کێشەیەک کە بەسەر مووچەکەی دێت، یاخود ئەوانەی کارتی نیشتمانییان هەیە و ژمارەکەیان نەهێناوە بۆ فەرمانگە، پێویستە بەزووترین کات ژمارەی سەر کارتەکە بهێنن بۆ فەرمانگە و ئەوانەشی مامەڵەیان کردووە و هێشتان کارتەکەیان وەرنەگرتووەتەوە، دەتوانن بچنە فەرمانگەی کارتی نیشتمانی ئەو شوێنەی مامەڵەکەیان لێ کردووە لەوێ داوای ژمارەی کارتەکە بکەن. کارتی نیشتمانی جێگرەوەی ناسنامەی کۆن و ڕەگەزنامەی کۆنی عێراقییە، ئێستا گۆڕانکاری لە چاپەکەی کراوە و کوالێتیەکەی باشتر کراوە. بەپێی بڕیارێک دوای ئەوەی پسوڵەی بەشەخۆراکی مانگانە کرایە ئەلیکترۆنی، ئەوەی کارتی نیشتمانی نەبێت بەشە خۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت.بەپێی سەر ژمێری ساڵی ڕابردوو دانیشتووانی عێراق زیاتر لە 45 ملیۆن کەسە، داتای وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش پێمان دەڵێت، زیاتر لە 40 ملیۆن عێراقی کارتی نیشتمانیان هەیە.
وەزارەتی دارایی عێراق داوای یەکخستنی پلەی وەزیفی کردووە بەپێی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2024، سەرەتا پلەکان رێکبخرێن، ئینجا دەست بە پلەبەرزکردنەوە بکرێت. بەگوێرەی یاساکە حکومەتی عێراق دەبێت ناونیشانی فەرمانبەرانی خۆیشی رێکبخاتەوە، لەبەرئەوەی کەموکوڕی لە پلەی وەزیفی فەرمانبەرانی خۆیشیان هەیە. رێککخستنەوەی پلەی وەزیفی مەرجی عێراق نییە بۆ کوردستان و رێککەوتوون بە هەماهەنگی یەک و هەر یەکێکیان لەلایەن خۆیەوە ئەم بابەتە چارەسەر بکەن. هەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتوون پێکەوە کار لەسەر رێکخستنەوەی ناونیشانی وەزیفی فەرمانبەران بکەن کە سەرجەم فەرمانبەران دەگرێتەوە و ژمارەیان 552 هەزار فەرمانبەرە. مەرج نییە ناونیشانی هەموویان بگۆڕێت. بۆنموونە هەندێک ناونیشان هەیە لە عێراق هەیە و لە کوردستان نییە، بەپێچەوانەوەش هەندێک ناونیشانی فەرمانبەر لە کوردستان هەیە و لە عێراق نییە.
بڕیاره سبهی شاندێكی پارتی دیموكراسی و یهكسانی (دهم پارتی) و شاندی تایبهت به سهردانیكردنی ئیمڕاڵی، سهردانی ههرێمی كوردستان بكات. بڕیارە سبهی یهكشهممه شاندی ئیمڕاڵی بگەنە ههرێمی كوردستان و سهرهتا بچنە هەولیر و دواتر سەردانی سلێمانی بکەن. هاوکات، لە سهردانهكهیاندا لەگەڵ بەرپرسانی کورد لەبارەی گەیاندنی پەیامی ئۆجەلان گفتووگۆ دەکەن و تاوتوێی ئەوە دەکەن کە چاوەڕوان دەکرێت ئۆجەلان داوا لە پارتەکەی بکات چەک دابنێت. ئەمە لەکاتێکدایە، شاندهكه تا ئێستا دووجار لهگهڵ عهبدوڵا ئۆجهلان له زیندانهكهی خۆی له دورگهی ئیمڕالی كۆبونەتهوه. هەروەها، هەفتەیەک لەمەوبەر، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو حزبەی لە شارەکانی تورکیا ڕاگەیاند.
بڕیاره ئهمڕۆ شهممه 15ی 2ی 2025، به پشتیوانیی مهسرور بارزانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، فێستیڤاڵی رۆشنبیریی ساڵانهی لالش له شاری دهۆك بهڕێوه بچێت. فێستیڤاڵهكهی ئهمساڵ لهژێر دروشمی (كلتوری ئێمه سهرچاوهی ڕهسهنایهتیمانه) ئهمڕۆ له هۆڵی كۆنفڕانسهكانی زانكۆی دهۆك بهڕێوه دهچێ و بڕیاره له فێستیڤاڵهكه چهندین چالاكیی كلتوریی ههمهجۆر لهخۆ بگرێت. ڕێكخهرانی فێستیڤاڵهكه ئاماژه بۆ ئهوه دهكهن كه فێستیڤاڵهكهی ئهمساڵ جیاوازه له فێستیڤاڵهكانی تر، ئهوهی ئهمساڵ چهند پانێلێكی تایبهت و جیازاز لهخۆ دهگرێ و تێیدا باس له كلتوری بابوباپیرانی كوردانی ئێزدی دهكات كه چهند زهحمهتییان چهشتووه تاوهكوو گهیاندوویانهته ڕۆژگاری ئهمڕۆمان. كوردانی ئێزدی خاوهنی كلتورێكی رهسهنایهتی دهوڵهمهندن و ساڵانهش ئهو فێستیڤاڵه ڕۆشنبیریه بۆ برهودان به بزاڤی رۆشنبیری و كلتوری بهڕێوه دهبن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تازەترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە باسی لە سەردانەکەی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کرد. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە، باسی لە چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەکانی نێوان کوردانی سووریا و تورکیا کرد و باسی لە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی مافی کورد لە سووریا کرد. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکەیدا باسی لەوەکرد، لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە ڕاشکاوانە باسمان لە پاراستنی مافی کورد لە سووریا و دوورخستنەوە و نەهێشتنی ناکۆکی و نیگەرانیەکانی نێوان تورکیا و کوردەکانی سووریا کردووە، هەردوولا هاوڕابووین لەسەر پێدانی ماوەیەک بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیەکانی نێوان کورد و حکومەتی سووریا و تورکیا.
هەموو كاتێكتان باش بینەرانمان، لەم چاوپێكەوتنە تایبەتەماندا كە ئەمڕۆ میوانداریی تێدا دەكەین، لەم دواییەدا بۆ ئەو ماوەیە كە گۆڕانكاریی جیۆسیاسیی جۆراوجۆر و گەورەی تێدا دەبیندرێت، میوانداریی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەین. دەوڵەتی سەرۆك بەخێرهاتیت بۆ ئەم چاوپێكەوتنە تایبەتە لە (العربیة). مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس بۆ میوانداریكردنمان. العربیة: لەم دواییانە پێشكەوتنی گەورەمان بینی كە ناوچەكە بە خۆیەوە دەیبینێت كە دەكرێ ناونیشانە سەرەكییەكەی لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمریكا ترامپ بێت لەم قۆناغەدا. وەك بنەما چۆن دەكرێ پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریكا بخەنە ڕوو؟مەسرور بارزانی: پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان هەیە كە پاڵپشتێكی گەورەی عێراق بوو بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، بە دیاریكراویش لە میانی شەڕ لە دژی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. ئەمریكا یارمەتیی بۆ عێراق پێشكەش كردووە لەو كاتەوەی ڕژێمی پێشوو لادراوە. ئێمە بە سرووشتی پەیوەندیی باشمان لەگەڵ هەموو لایەنە كاراكان لەنێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێش خستووە كە ئێمە ئەو پاڵپشتییەی ئەوان بە بەهادار دادەنێین، ئێمە لە شەڕی دژ بە داعش هاوپەیمان بووین، هەروەها لە پرۆسەی گەشەپێدانی هاوبەش كە هەرێمی كوردستان بە خۆیەوە بینی. العربیة: بەو مانایە، ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی لە نێو عێراق كەم كرایەوە، هەندێك هێز لەنێو هەرێمی كوردستان دەمێننەوە، كامانەن جۆرەكانی ئەو هێزانە یان جۆری ئەو مانەوەیەی هاوپەیمانان لەنێو هەرێمی كوردستان؟مەسرور بارزانی: ئەم بڕیارە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان دەگەڕێتەوە لەبارەی جۆر و ژمارەی هێزەكانی كە دەیەوێ لە هەرێمی كوردستاندا بمێننەوە. پێشتر پلانی سەرەتایی ئەوە بوو كە هێزەكانی هاوپەیمانان لە كۆتایی ٢٠٢٥ عێراق بەجێ بهێڵن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بمێننەوە تا كۆتایی ٢٠٢٦ و دواتر هەرێمی كوردستان بەجێ بهڵێن. بەڵام ئەم گۆڕانكارییانەی لەم مانگانەی دواییدا بینیمان، بە بڕوای من وای كردووە كە هەندێك گۆڕانكاری تەنانەت لە هەڵوێستی بەغداشدا بێت، بۆیە پێموانییە كە ئەم پلانە هێشتا گونجاو بێت وەك ئەوەی پێشتر هەبوو. پێشكەوتنی تازە و ڕێككەوتنی نوێش دێنە ئاراوە، رەنگە شیكردنەوەی تازەی دۆخەكە ئەو ماوە زەمەنییە و ژمارەی ئەو هێزانەیان دیاری دەكات كە لە ناوچەكە دەمێننەوە. بەڵام دیسان ئەم بڕیارە لە كۆتاییدا بڕیارێكە كە حكوومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەیدات لەبارەی چارەنووسی هێزەكانی. العربیة: ئایا هەماهەنگیتان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی هەیە لەمبارەیەوە؟ بۆچوونی حكوومەتی فیدڕاڵی چییە لەبارەی ئەو هێزانە و مانەوەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر؟مەسرور بارزانی: بە دڵنیاییەوە ئێمە لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵیداین و گوزارشتیشمان لە بۆچوونی خۆمان كردووە، هەروەها لە گفتوگۆ لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان بەشدارین لەو ڕووەوە كە هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی لە هاوپەیمانی هەیە. بەڵام لە كۆتاییدا ئەوەی لە هەموو شتێكی تر گرنگترە، ئەوەیە كە بڕیارێكی فیدڕاڵییە، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان گوزارشتمان لە ویستی خۆمان بۆ میوانداریكردنی هێزەكانی هاوپەیمانان كە لە ناوچەكەدان، كردووە، ئەمەش وەك درككردنی هەرێمی كوردستان بەو مەترسی و ئاڵنگاری و كێشە ئەمنییانەی كە ڕووبەڕووی هەموومان دەبێتەوە. بەڵام وەك باسمان كرد، بەغدا لەسەر بنەمای ئەوەی كە زانیومانە، بە هەڵوێستی خۆیدا دەچێتەوە لەبارەی ئەو ماوە زەمەنییەی كە پێویستە بۆ مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە وڵاتەكە. العربیة: ئەوە یەكەمجار نییە كە بگوترێت هەرێمی كوردستان نەك هەر بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەیە، بەڵكوو لەبەر ئەوەی هەندێك بنكەی ئیسرائیلی لە هەرێمی كوردستانن، دەكرێتە ئامانج. ئێوە بەردەوام ئەم بابەتە رەت دەكەنەوە كە بنكەی ئیسرائیلی لە هەرێمی كوردستان هەبێت. بۆچی هەمووجارێك ئەم بابەتە دەخرێتەوە ڕوو؟مەسرور بارزانی: ئەم تۆمەتە هیچ راستییەكی تێدا نییە و ئەوانەی بانگەشەی بۆ دەكەن بە هیچ شێوەیەك نەیانسەلماندووە. ئیسرائیلییەكان لە هەرێمی كوردستاندا بوونیان نییە. بەداخەوە زۆربەی ئەو تۆمەتانە لە لایەن ئەوانەوە دەكرێت كە هیچ پاساوێكیان بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان نییە و ئەم جۆرە تۆمەتانەیان دروست كردووە، بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هەڵوێستی خراپیان یان هێرشە بێپاساوەكانیان لە دژی هەرێمی كوردستان. هیوادارم ئەو پرسیارەیان لێ بكەیت، بۆچی بەم بابەتە بیانوو دێننەوە؟ دەتوانم دڵنیات بكەمەوە كە ئیسرائیلییەكان لە هەرێمی كوردستاندا نین و هیچ شوێنێكیشیان نییە. العربیة: تواناكانی هەرێمی كوردستان و سەركەوتنەكەی چیە لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكەی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە لایەك و ئێران لە لایەكی تر كە دراوسێیەكی بەهێزی هەرێمی كوردستانە، چۆن سەركەوتن لەم هاوكێشەیە و سەپاندنی هاوسەنگی لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران؟مەسرور بارزانی: ئێمە حوكم بە چارەنووسی خۆمان دەكەین و ئێمەین بڕیارەكانمان دەدەین، وەكیلی هیچ لایەنێك نین، پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەیە، ئەو پەیوەندییانەش شانازییان پێوە دەكەین. هەروەك سنوورێكی زۆر درێژمان لەگەڵ ئێران هەیە و پەیوەندیمان زۆر باشە لەگەڵ ئێران. هەندێك كات تێپەڕین كە ئەو پەیوەندییانە بەرزونزمیان بە خۆیانەوە بینی، بەداخەوە ئەوان بە هۆی هەڵە تێگەیشتن، هەنگاویان بەرەو گرتنەبەری ڕێگەیەكی دیاریكراو نا، هەروەك بینیمان ئەوەی لە رابردوو ڕووی دا، بەڵام ئەم قۆناغەمان تێپەڕاند. ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە كە نیەتی باش گەرەنتییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. پەیوەندیمان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان یان ئێران، لەسەر حیسابی قوربانیدان بە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتەكەی تر نییە. ئێمە رێز لە هەردوو وڵات دەگرین و پەیوەندییەكانمان لەسەر ڕێزگرتنی ئاڵوگۆڕە و ئەوان ڕێزمان لێ دەگرن و ئێمە ڕێزیان لێ دەگرین. العربیة: پێتوایە كە ترامپ شتێك بخاتە سەر ئەم پەیوەندییە ئابوورییانە؟مەسرور بارزانی: ناتوانم لە جێگەی سەرۆك دۆناڵد ترامپ قسە بكەم. بەڵام دەتوانم بڵێم كە هەرێمی كوردستان توانای زۆر باشی هەیە، هەر تەنیا لە كەرتی نەوت و غاز نا، بەڵكوو توانای زۆری هەیە. العربیة: ئایا دەكرێ دروستكردنی حكوومەتی تازە لە هەرێمی كوردستان هەندێك بارودۆخ باشتر بكات؟ ئێمە دەزانین پاش دوایین هەڵبژاردن، پارتی ٣٩ كورسی و یەكێتی ٢٣ كورسی هێنا، هەندێك ناكۆكی هەبوون لەبارەی پۆستە وەزارییەكان، ئایا پێكهێنانی حكوومەت لە ناوخۆ پەك دەخرێت؟مەسرور بارزانی: هیوا دەخوازم كە لەم نزیكانە ڕێككەوتن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی تازە بكرێت، چونكە پێموایە كە ئەمە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندایە. داواشمان لە هەموو براوەكانی هەلبژاردن كردووە كە بەشداریی لە دانوستانەكاندا بكەن، بەڵام بابەتەكە دەوەستێتە سەر سرووشتی دانوستانەكان و كێ لە كۆتاییدا دەبێتە شەریك لە حكوومەت. با بابەتێك ڕوون بكەمەوە، گوتتان پارتی ٣٩ كورسی هێناوە، ئەمە راستە، بەهۆی ئەو گۆڕانكارییەی لە یاسای هەڵبژاردن كرا، چونكە هەرێمی كوردستان پێشتر هەمووی وەك یەك بازنەی هەڵبژاردن دانرابوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا هەرێمی كوردستان دابەش كرا و هەر پارێزگایەك بوو بە بازنەیەكی هەڵبژاردن، ئەمەش گۆڕانكاریی لە كورسییەكانی پەرلەماندا كرد. ئەگەر سەیری دەنگدانی گەل بكەیت، دەبینیت كە پارتی دیموكراتی كوردستان ٤٦٪ی دەنگەكانی هێناوە، بەڵام تەنیا ٣٩ كورسی هێناوە، چونكە دابەشكردنی پۆستەكان بەسەر بازنە و پارێزگاكان، ئامانج لێی كەمكردنەوەی ئەو كورسییانە بوو كە لەسەر بنەمای دەنگدانی گەل بەدەست دێ. پێموانییە كە ئەم ڕێوشوێنە لە رووی دیموكراسییەوە باشترین بێت، بەڵام ئەم بڕیارە لێژنەی باڵای هەڵبژاردن دەریكرد، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردنەكەی هەرێمی كوردستان زۆر سەركەوتوو بوو، بە چاوپۆشیكردن لە ئەنجامەكان، پێموایە كە گەلی كوردستان تێیدا سەركەوتوو بوو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژمارەی كورسییەكان و ئەو حزبەی بردییەوە، بەڵام لە كۆتاییدا ئێمە هەموومان پێویستیمان بەو حكوومەتەیە. العربیة: قسەمان لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێكانی دەكرد. پێش ماوەیەك قسە لەسەر ناوبژیوانییەك هەبوو، چاوپێكەوتنێكم لەگەڵ بەڕێز مەزڵووم عەبدی هەبوو، پێی گوتم كە چاوپێكەوتنی لەگەڵ سەرۆك بارزانی هەبووە و داوای لێكردووە كە ناوبژیوانی لەگەڵ توركیا بكات بۆ هێوركردنەوە، ئەم دۆسیەیە بە كوێ گەیشت؟مەسرور بارزانی: هەست بە دڵەڕاوكێ دەكەین لەوەی كە لە سووریا روودەدات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ئێمە دراوسێیەكی راستەوخۆیانین، كاریگەر دەبین بەو ڕووداوانەی كە لەوێ روودەدەن، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی كورد لە سووریا دەژین. لە هەمان كاتدا پەیوەندیی باشمان لەگەڵ عەرەبەكانی ئەودیو سنوور هەیە. بۆیە ئەوەی لەوێ ڕوودەدات، دەمانخاتە دڵەڕاوكێوە، ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەین كە دڵەڕاوكێ كەم بكەینەوە و رۆڵێك بگێڕێن ئەگەر توانیمان و قەبووڵ بكرێت لەپێناو كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ لە نێوان توركیا و ئەو كوردانەی لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریادان. بۆیە سەردانی توركیام كردووە و لەگەڵ سەرۆك ئەردۆگان و سەركردەكانی توركیا كۆبووینەوە، گفتوگۆی راشكاوانەمان كردووە، لە بەرامبەردا ئەوان تێگەیشتنیان بۆ دۆخەكە هەیە، هەموومان رێككەوتین كە دەبێت ماوەیەكی زەمەنی ببەخشرێت تاوەكوو ئاشتی بەرقەرار بێت و دەزانین چی لەوێ ڕوودەدات. ئێمە بە دڵنیاییەوە لە ترسانی توركیا تێدەگەیت بە هۆی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سووریا، ئەو دۆخەی كە دڵەڕاوكێیەكی زۆری لە ناوچەكەی ئێمەش دروست كردووە. لەبەر ئەوە پێمانوایە كە باشترین ڕێگە بۆ ئایندە ئەوەیە كە دڵەڕاوكێ نەهێڵدرێت، ئەمەش بە هاندانی كوردانی سووریا بەوەی كە لە پەكەكە دوور بكەونەوە و ڕێز لە دۆخی تازە بگرن و بەهۆی پەكەكەوە هەموو كوردانی سووریا نەخەنە مەترسییەوە. ئەوە ڕوونە كە بەڕێز مەزڵووم عەبدی بانگهێشتی هەولێر كرا و دیدارێكی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی هەبوو كە هانی ئەو و هەموو هێزە كوردییەكانی دا تاوەكوو كار لەسەر یەكڕیزیی كورد بكەن تاوەكوو دەنگێكی بەهێزتر و هەژموونێكی زۆرتریان هەبێت بۆ گەیشت بە چارەسەرێكی ئاشتییانەی بەردەوام. هەروەك هانمان دان بۆ دانانی میكانیزمێك كە هاوكارییان بكات بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ دیمەشق. لە راستیدا پێش چەند هەفتەیەك لە داڤۆس بووم، لەوێ لەگەڵ ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا كۆبوومەوە. العربیة: ئێوە لە ژوورێكی داخراو كۆبوونەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا باسی چیتان كرد و بۆچی زۆر لەبارەی ئەم چاوپێكەوتنەتانەوە بڵاو نەكرایەوە؟مەسرور بارزانی: پێموانییە كە هیچ نهێنییەكی تێدا بووبێت. ئێمە قسەمان لەبارەی بارودۆخەكان كرد و رێككەوتین لەسەر زەروورەتی دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتییانە. بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە كوردانی سووریا دەیانەوێ، ئەمە بابەتێكە بۆ ئەوان جێهێڵدراوە و ئێمە ناچاریان ناكەین یان فەرمانیان پێ ناكەین لەوەی كە دەبێت چی بكەن. ئەم بابەتە بۆ كوردەكان بەجێ دەهێڵین كە بڕیار بدەن لەبارەی ئەو چارەسەرەی بۆ ئەوان و دیمەشق باشترینە. بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێ، ئەوەیە كە ببینین سووریا وڵاتێكی سەقامگیری دیموكراسی بێت و لەو ڕووەوەی كە ڕێز لە هەموو كۆمەڵگەكان بە جیاوازیی تایفەكانەوە بگیرێت تێیدا، وەك كورد و عەلەوییەكان و درووز و ئەوانی دیكە. بۆیە سەقامگیریی لە سووریا بۆ ئێمە گرنگە و هەر شتێكیش كە بە ئێمە بكرێت بۆ ئەوەی سەقامگیری لە سووریا بێتە كایەوە، ئێمە ئامادەین بۆ ئەنجامدانی و ئەوەش بووە كە ئێمە قسەمان لەبارەیەوە كردووە. العربیة: بەڵام ئەوەی زانراوە كە دۆخەكە زۆر جێی دڵەڕاوكێیە بەپێی هەندێك زانیاریی دزەكردوو لە نێوان حكوومەتی دیمەشق و قەسەدە، ئایا هەرێمی كوردستان توانای هەیە كە بۆچوونەكان لە یەك نزیك بكاتەوە؟مەسرور بارزانی: هێزەكانی سووریای دیموكرات تاكە نوێنەری كورد نین، بەڵكوو نوێنەرایەتیی بەشێك لە كوردەكان دەكەن، بەڵام حزبی سیاسیی دیكەش لە سووریا هەن كە نوێنەرایەتیی كورد یان زۆرینەی كورد دەكەن، ئێمە هەوڵ دەدەین ئەوان كۆبكەینەوە بۆ ئەوەی ناكۆكییەكان وەلاوە بنێن لەژێر ڕۆشنایی دۆخی تازە لە سووریا تاوەكوو بتوانن سوودی لێ وەربگرن و كار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بكەن كە ئاشتی و سەقامگیری بۆ هەموو كوردان بهێنێت. ئەم بابەتە پەیوەندیدار نییە تەنیا بە هەسەدە. نازانم چی رووی دا لە نێوان هەسەدە و دیمەشق، بۆیە من ناتوانم قسە لەسەر ئەمە بكەم. بەڵام پێمانوایە كە لەسەر دیمەشقە كە لەگەڵ هەموو كوردەكان گفتوگۆ بكات، نەك تەنیا هەسەدە، هیوادارم كە هێزەكانی سووریای دیموكراتیش ئامادە بن بۆ كاركردن لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی كورد، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەكی گەورەتر و تێڕوانینێكی گشتگیری كوردیان لە سووریا هەبێت. العربیة: پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو چۆنە؟ زانیومانە كە پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و سعودیە بەتایبەت زۆر باشە، چین دیارترین بوارەكانی هاریكاری و وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو لا؟مەسرور بارزانی: پەیوەندیی باشمان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو هەیە، لەنێویشیاندا شانشینی عەرەبیی سعوودی، بە دڵنیاییەوە ئێمە كار بۆ باشتركردنی پەیوەندیمان بۆ ئاستی باشتر دەكەین. لەبەر ئەوە دەمانەوێ كە كۆمپانیای زیاتر لە وڵاتانی كەنداو و كۆمپانیاكانی سعوودیە بێن بۆ كوردستان بۆ وەبەرهێنان و وەستان لەسەر ئەو هەلانەی هەن. ئەو هەلانەی كە لە كوردستاندا هەن رەنگە سوود بە هەردوو لا بگەیەنن، چ بۆ لایەنی خانەخوێ و چ بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی. هەروەك دەشزانین كە كوردستان گونجاوە لە رووی رۆشنبیری و جوگرافیا و دیمەنی سرووشتی، ئەمەش رووگەیەكی زۆر باشە بۆ ئەوەی خەڵك لەپێناوسەردانی كوردستان بێن. بۆیە ئێمە بەختەوەرین بەو پەیوەندییەی كە كۆمان دەكاتەوە و خواستیشمان هەیە بۆ فراوانكردنی ئەو پەیوەندییانە و كاركردن لەسەر زیاتر پێشخستنی. العربیة: وەك ئەوەی كە هەرێمی كوردستانی عێراق هاوشێوەیی هەیە لەگەڵ روانگەی ٢٠٣٠، وەك دەزانیت كە روانگەی ٢٠٣٠ كار لەسەر ئەوە دەكات كە هەر تەنیا پشت بە نەوت و كەرەستە خاوەكانی تر نەبەستێ، بەڵكوو بواری دیكە بكاتەوە وەك وەبەرهێنان و گەشتوگوزار، ئێوەش بە هەمان ئەو ئاراستەیەدا دەڕۆن لەپێناو تێپەڕاندنی كێشە ناوخۆییەكان و هەندێك ئاستەنگ لەگەڵ حكوومەتی بەغدا، ئایا بواری هاریكاری هەیە لە نێوان هەردوو لا؟مەسرور بارزانی: بە دڵنیاییەوە زۆر شت هەن كە دەتوانین پێكەوە بیكەین، هەلی زۆر هەن كە دەكرێ لە ناوچەكانی دیكەدا نەبن. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە قسە لەسەر كانزا و گەشتوگوزار و كەشوهەوا دەكەین، بە دڵنیاییەوە كوردستان كەشوهەوایەكی جیاوازی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی كەنداو هەیە، چونكە ژینگەیەكی تەواو جیاوازمان هەیە. زۆر بوار هەن كە دەكرێ لە نێوانماندا ڕووبدات، بۆ نموونە كۆبوونەوە لە نێوان كۆمپانیاكان، چونكە حكوومەت و لایەنە یاسادانەرەكان كاریان كردووە بۆ ئاسانكردنی وابەستەییەكان و پەیوەندییەكان لە نێوان كۆمپانیا بازرگانییەكان و ژوورەكانی بازرگانی، لەو رووەی كە بتواندرێت كۆببنەوە و بە ڕێگەی تایبەتیی خۆیان بگەنە رێگەیەك بۆ پێشخستنی كارە بازرگانییەكان لە نێوان خۆیاندا. پێموایە كە دەرفەتی زۆر هەیە لە نێوان هەموو لایەنەكان. العربیة: ئەم پرسیارە زۆر لە كوردان خۆیان لێی لادەدەن، ئایا تا ئێستا خەونی دەوڵەتی كوردی هەیە؟مەسرور بارزانی: پێموایە كە بابەتەكە دەوەستێتە سەر ئەو ڕێگەیەی كە مامەڵەی لەگەڵ كوردەكان پێ دەكرێت. ئەگەر سەیری یەكێتیی ئەورووپا بكەین كە ساڵانێكی زۆر و بگرە چەندان دەیە شەڕ كرا لەپێناو دروستكردنی دەوڵەتە تایبەكانی خۆیان، كەچی ئێستا یەكێتیی ئەورووپایان هەیە. ئەوان ئەم قۆناغەیان تێپەڕاند و دەیانەوێ لێك بدرێن و یەكێتییەكیان هەبێت وەك یەك قەوارە. بابەتەكە دەوەستێتە سەر ئەو وڵاتانەی كە كوردەكان تێیدا دەژین و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن. بەداخەوە مێژوومان پڕە لە زوڵم و نایەكسانی، ئەگەر بابەتەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا كاردانەوەی كوردەكان هاوشێوە دەبێت، بەڵام ئەگەر نزیكبوونەوەی تازە خرایە ڕوو كە لەسەر قەبووڵكردن و رێزگرتن و یەكسانی و دادپەروەری بونیاد نرابێت، دەكرێ گەلان پێش بكەون و بەیەكەوە بەرەو ئایندەیەكی سەقامگیر و ئاشتییانە بڕۆن. پێموایە كە بابەتەكە دەوەستێتە سەر ئەو ڕێگەیەی كە پێی مامەڵەمان لەگەڵدا دەكرێت. العربیة: پەیامتان بۆ ئەحمەد شەرع؟مەسرور بارزانی: دەبێ سەرۆكی هەموو سوورییەكان بێت، لەسەریەتی كە ڕێز لە هەموو پێكهاتەكانی گەلی سووریا بگرێت لەپێناو بەردەوامی و سەركەوتن. العربیة: پەیامتان بۆ محەمەد شیاع سوودانی؟مەسرور بارزانی: ئەویش؟ لەسەریەتی كە سەرۆك وەزیرانی هەموو عێراق بێت نەك پێكهاتەیەك، هەروەها بەردەوام بێت لە پەیوەندیی باش لەگەڵ كوردەكان و سوننە و شیعەكانیش لە وڵاتەكەدا. العربیة: پەیامتان بۆ مەزڵووم عەبدی؟مەسرور بارزانی: لەسەریەتی كە كار بۆ یەكخستنی كوردەكان بكات لەپێناو گەرەنتیكردنی مافەكانی كورد و ئاییندەی سووریا بكات. العربیة: ئۆجەلان؟مەسرور بارزانی: ئەو لە زیندانە، وەك مرۆڤێك، هیوا دەخوازم رۆژێك لە رۆژان ئازاد بكرێت، بە گشتی بگەینە چارەسەرێك بۆ دۆزی كورد لەنێو توركیا. العربیة: دەمەوێ زۆر سوپاست بكەم بۆ كاتەكەت و دڵفراوانیت و هەموو ئەو زانیارییانەی كە پێشكەشتان كرد. دەكرێ قسەی كۆتاییتان بكەن؟مەسرور بارزانی: زۆر سوپاست دەكەم، ڕێز لەم گفتوگۆ راشكاوانەیە دەگرم.
سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان، جهخت دهكاتهوه ئیسرائیل هیچ بوونێكی له ههرێمی كوردستان نییه؛ دهشڵێت، كێشه ئابوورییهكانی ههرێمی كوردستان و عێراق به سیاسی كراون. هەینی، 14ـی شوباتی 2025، مهسرور بارزانی، سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان له چاوپێكهوتنێكی تایبهتدا لهگهڵ كهناڵی ئاسمانی “العربیة” گوتی: پشتگیریی له بهشداریی كوردی سووریا دهكهن له پرۆسهی نوێی سیاسیی ئهو وڵاته. باسی لهوهش كرد، هێزهكانی سووریای دیموكرات (ههسهده) نوێنهرایهتی ههموو كوردی سووریا ناكات. سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان ئهو ههواڵ و دهنگۆیانهیشی ڕهت كردهوه كه باس له بوونی بنكه و پێگهی ئیسرائیل دهكهن له ههرێمی كوردستان. گوتیشی: كێشه ئابوورییهكانی ههرێمی كوردستان و عێراق به سیاسی كراون. سهرۆك وهزیران مهسرور بارزانی باسی لهوهش كرد، پهیوهندییهكی باش له نێوان ههرێمی كوردستان و ئهمهریكادا ههیه بهتایبهتی كه ئهمهریكا پشتیگرییهكی بههێزی عێراق و ههرێمی كوردستانیش بووه نهخاسمه له ڕووبهڕووبوونهوهی داعش و تیرۆر به گشتی. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئهمهریكا له ساڵی 2003ـوه هاوكاریی زۆری پێشكهش به عێراق كردووه، هەروەها ههرێمی كوردستان لهگهڵ ههموو دامهزراوه كاریگهرهكانی ئهمهریكا پهیوهندییهكانی پێش خستووه و سوپاسی هاوكارییهكانیان دهكات و به گرنگ له قهڵهمیان دهدات. سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان، دەڵێت: ههرێمەکە له شهڕی دژی تیرۆر له پاڵ ئهمهریكا وهستا و شهڕی تیرۆری كرد، هەروەها ئهمهریكا ڕۆڵی ههبووه له پهرهپێدانی ههرێمی كوردستان. سهبارهت به مانهوهی هێزهكانی ئهمهریكا و هاوپهیمانان له ههرێمی كوردستان له دوای كشانهوهیان له عێراق كه بڕیار وایه له كۆتاییهكانی ساڵی داهاتوودا ڕوو بدات، مهسرور بارزانی گوتی: ئهم بڕیاره پهیوهندیی به ئهمهریكییهكانهوه ههیه كه ئاخۆ هێزهكانیان له ههرێمی كوردستان دههێڵنهوه و چۆنیان دههێڵنهوه. دەشڵێت: پلانی یهكهم بهم شێوهیه بوو كه هێزهكانی هاوپهیمانی نێودهوڵهتی له كۆتاییهكانی ساڵی 2025 عێراق بهجێبهێڵن و بهشێكی ئهم هێزانهش تاوهكوو كۆتاییهكانی ساڵی 2026 له ههرێمی كوردستان بمێننهوه و دواتر ههرێمەکە بهجێبهێڵن، بهڵام ئهو گۆڕانكارییانهی له ماوهی چهند مانگی ڕابردوودا ڕوویان دا، پێم وایه ههڵوێستی عێراقیشیان لهم بارهوه گۆڕیوه، بۆیه پێم وا نییه پلانهكه له ئێستادا وهكوو خۆی مابێتهوه، بهتایبهتی كه پێشهات و پێشكهوتنی نوێ و ڕێككهوتنی نوێ له ئارادا دهبن، بۆیه ڕاڤهیهكی نوێ بۆ ههموو ئهو پێشهاتانه دهكرێت و ئهم ڕاڤه نوێیانه ماوهی مانهوهی هێزهكانی هاوپهیمانان و ژمارهیان له ناوچهكه دیاریی دهكهن، بهڵام له كۆتاییدا ئهمه پهیوهسته به بڕیاری ئهمهریكا. نوێ دەکرێتەوە. مهسرور بارزانی تیشكی خسته سهر ئهوهش، لهگهڵ حكوومهتی فیدراڵ له پهیوهندیی بهردهوامدان و له بارهی هێزهكانی هاوپهیمانان له عێراق گفتوگۆیان كردووه و تهنانهت بهشدارییان له دانوستانهكانیش كردووه و ههرێمی كوردستان نوێنهری له گفتوگۆ و دانوستانهكان ههبووه، بهڵام دواجار ئهم پرسه بڕیارهكهی له لای حكوومهتی فیدراڵه و ههرێمی كوردستانیش ئارهزووی خۆی بۆ میوانداریی هێزهكانی هاوپهیمانان دهربڕیوه، چونكه ههرێمی دركی به مهترسیی و ئاڵنگارییه ئهمنییهكانی ناوچهكه كردووه كه ڕووبهڕووی ههمووان دهبێتهوه، بهڵام بهغداش لهم بارهوه چاوخشاندنهوه به بڕیار و ههڵوێستی پێشێوویدا سهبارهت به ماوهی مانهوهی هێزهكانی هاوپهیمانان له خاكهكهی دهكات بهتایبهتی كه پێویستی به مانهوهی ئهو هێزانه دهبێت بۆ ماوهیهكی دیكه.