Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13726 بابەت
هەواڵ
02-03-2025

خوشک و برایەک عەلاگەیەکیان دۆزیوەتەوە و پیایاندا تەقیوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکان دوو منداڵ لە گوندی سۆفیانی سەر بە شارەدێی بنگردی سنوری قەزای دوکان، عەلاگەیەکیان دۆزیوەتەوە پێیاندا تەقیووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، منداڵەکان خوشک و بران بەناوی کەژێ و کێوار میقداد تەمەنیان 7 ساڵ و 9 ساڵە و بەسەختی بریندار بوون. بەپێی گوتەی کەسوکاریان، منداڵەکان لەبەر دەرگا یارییان کردووە و زەرفێکی عەلاگەیان دۆزیوەتەوە و لەکاتی کردنەوەیدا پێیاندا تەقیوەتەوە. بریندارەکان دوای چارەکردنی سەرەتایی لە نەخۆشخانەی ڕانیە، بەهۆی سەختی برینەکانیان ڕەوانەی سلێمانی کران .

هەواڵ
02-03-2025

کەشوهەوای سبەینێ چۆن دەبێت؟

کەشناسی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە، بەپێی راپۆرتێکی فەرمانگەی کەشناسی سلێمانیش، مانگی شوباتی ئەمساڵ ساردترین مانگ بووە بەراورد بە مانگی شوباتی ٣٠ ساڵی رابردوو ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ـی ئازاری ٢٠٢٥، کەشناسی سلێمانی دەڵێت، بەپێی داتا تۆماركراوەكانی وێستگەی كەشناسی سلێمانی نزمترین پلەی گەرمی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ٥.٥ پلە ژێر سفر بووە و بەرزترین پلەی گەرماش ١٦.٤ پلە بووە. هەروەها باسی لەوەشکردووە، تێكڕای پلەی گەرمی لەم مانگەدا ٥.٥ پلەی سەدی بووە كە بەراورد بە تێكڕای پلەی گەرمی مانگی شوباتی ٣٠ ساڵی رابردوو ئەمساڵ ٢.٩ پلە نزمتر بووە.هاوکات، بڕی بارانی ئەم مانگە ٧٨.٢ مليم بووە كە بەراورد بە تێكڕای بارینی مانگی شوباتی ٣٠ ساڵی رابردوو نزیكەی ٣٥ مليم كەمتر بووە.

هەواڵ
01-03-2025

لەبارەی پێکهینانی کابینەیی دەیەم بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەسرور بارزانی...

شاندی باڵای یەکێتی و پارتی، بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، ئەمشەو یاخود سبەی پێشنیوەڕۆ کۆدەبنەوە. سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "بافڵ تاڵەبانی بەڕێکەوتووە بۆ هەولێر، ئەمشەو (شەممە، یەکی ئاداری 2025) یاخود سبەی پێشنیوەڕۆ لەگەڵ کاک مەسرور کۆدەبنەوە." ئەو سەرچاوەیە گوتی، "چەندین کۆبوونەوە لەنێوان شاندی پارتی و یەکێتی کراوە، بەڵام هەندێک بابەت ماون کە یەکلایی نەبوونەتەوە، پێویستە لە کۆبوونەوەی شاندی باڵا یەکلایی بکرێنەوە." لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، "تەوەری سەرەکی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت دەبێت و پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بە گشتی تاوتوێ دەکرێن، تەوەرێکی دیکەش پەیوەستە بە بارودۆخی تورکیا و پرۆسەی ئاشتی لەدوای پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان." دوای ئامادەکردنی رەشنووسێک لەنێوان شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی بۆ یەکەمجار، 22ـی شوبات، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە. هەردوولا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن "بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان." شاندی پارتی، لەلایەن هۆشیار زێباری و شاندی یەکێتی، لەلایەن قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتییان دەکرا، دوای راگەیێندراوەکە جارێکی دیکە لە 26ـی شوبات لە هەولێر کۆبوونەوە. نزیکەی چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.

هەواڵ
01-03-2025

وەزارەتی بازرگانی ژمارە تەلەفۆنەکانی لیژنەی چاودێری بازاڕ بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کۆمەڵێک ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکانی چاودێری بازاڕی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بڵاوکردەوەتەوە. ساڵانە لە مانگی ڕەمەزاندا، لە سەرجەم شارەکان لیژنەی چاودێری بازاڕ پشکنین بۆ خواردن و ئەو کاڵایانە دەکەن کە لەو مانگە بە ڕێژەیەکی زۆر بەکاردێن  ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ژمارە تەلەفۆنی لیژنەکانی چاودێری بازاڕی بڵاوکردەوە، داوا دەکەن هەر هاونیشتمانییەک کاڵایەکی بەسەرچووی بینی لە ڕێگەی ئەو ژمارانەوە لیژنەکانی لێ ئاگادار بکەنەوە. بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەکیش دوو ژمارە دانراوە. ئەمانە ژمارە تەلەفۆنی لیژنەکانی چاودێری بازاڕن:

هەواڵ
01-03-2025

پەکەکە: ئاگربەست رادەگەیەنین و پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلانین بۆ ئاشتی

پەکەکە ئاگربەستى راگەیاند و دەڵێت پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلانن بۆ ئاشتی، دەشڵێت، پێویستە ئۆجەلان ئازاد بکرێت و خۆی سەرکردایەتى کۆنگرەى هەڵوەشانەوەی حزبەکە بکات ئەمڕۆ شەممە ٢٨ـی ئازارـی ٢٠٢٥، لە راگەیەندراوێکدا هاتووە، وەک پەکەکە راستەوخۆ بەشداری ناوەڕۆکی بانگەوازی باسکراو دەبن و رایدەگەیەنن کە بەپێی پێداویستیەکانی بانگەوازەکە هەڵسوکەوت دەکەن و جێبەجێیان دەکەن. بەڵام بۆ سەرکەوتن پێویستە مەرج و پێداویستیەکانی سیاسەتی دیموکراتی و زەمینەی یاسایی دابین بکرێن. دەشڵێت، لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیەنن، بە رادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەریان، هیچ هێزێکیان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات، هەروەها جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکی ئۆجەلان دەکرێت. باسیان لەوەشکردووە، ئێستا ئەوان بە هەمان گیان و باوەڕ دەستکەوتە مێژووییەکانی دەگوازنەوە بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات. هەروەها ئامادەن کە بەپێی داواکاری ئۆجەلان کۆنگرەی حزبیی بەڕێوەببەن. بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەمەش پێویستە مەرج و پێداویستیە گونجاوەکان دابین بکرێن و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەش پێویستە ئۆجەلان خۆی سەرکردایەتى کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات. هاوکات داواشیان کردووە، ئۆجەلان بتوانێت بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد بژیت و هاوڕێکانیشی بتوانن بەبێ بەربەست لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیانەوێت پەیوەندی دروست بکەن.

هەواڵ
28-02-2025

سەرۆک بارزانی بە بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە پەیامێکی بڵاوکردە...

سەرۆک بارزانی بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان پەیامێکی ئاراستەی موسڵمانانی هەرێمی کوردستان و جیهان کرد. ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی28-2-2025، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بە پشتبەستن بە لیژنەی باڵای بینینی مانگ، سبەی شەممەی وەک یەکەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد.  بارەگای بارزانی پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی مانگی ڕەمەزان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی (ڕەمەزان)ـەوە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم".  - لە خودای مەزن داواکارم ڕۆژوو و نوێژ و نزای هەمووان قبووڵ بکات و ئەو مانگە پیرۆزە خێر و بەرەکەت، ئارامی بۆ هەموو لایەک بەدی بهێنێت.

هەواڵ
28-02-2025

مەسرور بارزانی مانگی رەمەزان لە موسڵمانان پیرۆز دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 2/28 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی هاتنی مانگی ڕەمەزانی لە گشت موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان کرد . ئەمەش دەقی پەیامەکەیە : بە بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، پیرۆزبایی لە گشت موسوڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم . هیوادارم مانگی ڕەمەزان ، مانگی خێر و خۆشی و ئارامیی بێت. خوای مەزن ڕۆژ و نزا و خواپەرستیی هەموو لایەک قبوڵ بکات . مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵ
28-02-2025

وڵاتان پێشوازیی لە پەیامەکەی ئۆجەلان دەکەن

هەر زوو دوای بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە، ژمارەیەک وڵاتانی جیهان پێشوازییان لە پەیامەکە کرد و پێیان وابوو سەرەتایی کۆتایی هاتنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیە. بەریتانیا پێشوازیی لە بانگەوازی عەبدولڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندندوەی پەکەکە دەکات و پشتیوانی خۆشی بۆ پرۆسەی ئاشتی دەردەبڕێت. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایدەگەیەنێت، ئێمە پێشوازیی لە بەرەوپێشچوونی ئاشتی و ئاسایش بۆ خەڵکی تورکیا دەکەین کە هاوپەیمانێکی نزیکی ناتۆ و هاوبەشێکی لەمێژینەی دژی تیرۆرە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دووپاتیشی دەکاتەوە، هەموو لایەک هان دەدەین لە پرۆسەیەکی ئاشتییانە و بونیاتنەرانەدا بەشداربن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش، هەروەها سەقامگیری و ڕێزگرتن لە سەروەری یاسا، ئاماژە بەوەش دەکات، بەریتانا پابەندە بە پشتیوانی کردنی هەنگاوەکان بۆ کەمکردنەوەی ململانێ و پەرەپێدانی سەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکە بەگشتی. هاوکات کۆشکی سپی ڕایگەیاند: پەیامەکەی ئۆجەلان گرنگە و دەخوازن ببێتە هۆکارێکی ئارامکەرەوەی هاوپەیمانە تورکەکانمان، برایان هویس، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، پەیامەکەی ئۆجەلان سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە بە پێشهاتێکی گرنگ دەزانین، گوتی: هیوادارین ئەو پەیامە ئارامکەرەوەی هاوپەیمانە تورکەکانمان بێت و یارمەتیدەر بێت بۆ سەرنج خستنە سەر شەڕی داعش لە باکووری سووریا، گوتەبێژی کۆشکی سپی باس لەوەش دەکات، پەیامەکەی ئۆجەلان یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێنانە کایەی سەقامگیری بۆ ئەو ناوچە پڕ کێشەیە. ئەنتۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: پەیامەکەی عەبولڵا ئۆجەلان تروسکەی هیوایە و دەبێتە هۆکاری چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکان، ئاماژەی بەوەش داوە پەیامەکەی ئۆجەلان بەرەوپێشچوونێکی گرنگە و پێشوازیی لیدەکەن. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند: کۆتایی هێنان بە توندوتیژی هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام پێویستە هەنگاوی زیاتر بۆ ئەو مەبەستە بنرێت، هاوکات مافە کلتووری و دیموکراتییەکانی کورد لە تورکیا دەستەبەر بکرێت، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشدا، پەیامەکەی عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژی و ململانێکان، دەشڵێت: ئەوەی پێیان بکرێت بۆ پشتیوانی کردنی پرۆسەی ئاشتی ئەنجامی دەدەن. پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، شاندی ئیمڕاڵی پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە. ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورە شارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.

هەواڵ
28-02-2025

هەڵوێستی سەرۆک بارزانی لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان

سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هیوادارین پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان دەستپێکێک بێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی ڕێی خۆی بگرێت و، بگاتە ئەنجامێکی وا کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک بێت."  دوێنی پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان راگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە ئەمڕۆ سەردانی ئیمراڵییان کرد. سەرۆک بارزانی، لەو بارەیەوە دەشڵێت: "لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری لە تورکیا، جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دەکەینەوە و بە هەموو توانایەک پشتیوانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیاین و ئاشتی بە تاکە رێگەی دروست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەزانین."  شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان راگەیاند. ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی مێردین پەیامەکەی بە کوردی خوێندەوە. پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان پەیامەکەی بە تورکی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە 7 کەسییەکە دوێنێ سەردانی ئیمراڵییان کرد.  ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا دەڵێت: "داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی لەساڵی نەوەتەکاندا بە هۆکاری نێوخۆوە، کۆتاییهاتنی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی لە وڵاتەکەدا، ئەو بەرەو پێشچوونانەی لە بواری ئازادیی رادەربڕیندا هاتوونەتە کایەوە، هەموو پێکەوە بوونەتە هۆکاری ئەوەی پەکەکە نێوەڕۆک و مانای بوونی خۆی لەدەستبدات و بەبەردەوامی خۆی دووبارە بکاتەوە. لەبەرئەوە پەکەکە تەمەنی کۆتایی پێهاتووە و هەڵوەشاندنەوەی بووەتە زەروورەت."  دەشڵێت: "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ".

هەواڵ
27-02-2025

پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە

پێشوازی و پشتگیری لە هەر هەوڵێکی چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکانی ناوچەکە دەکەم. هەرێمی کوردستان، هەمیشە فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و تەناهی بووە لە ناوچەکەدا و لەم ڕووەوە، ئامادەیی خۆمان بۆ هەر هاریکاری و ڕۆڵێک لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەردەبڕین. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2025/2/27

هەواڵ
27-02-2025

مەزڵووم عەبدی: پەیامەکەی ئۆجەلان هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند: ئەگەر ئاشتی لە تورکیا بەدی هات، ئەوا هیچ پاساوێک نییە بۆ بەردەوامبوونی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئێمە لە سووریا. پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە، گوتی: پەیامەکە ئەرێنییە، چونکە داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسی ئاشتییانە لە ناوخۆی تورکیا دەکات. فەرماندەی هەسەدە، ئاماژەی بەوە کرد، پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، تەنیا پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە لە سووریا. گوتیشی: ئەگەر ئاشتی لە تورکیا بەدی هات، ئەوا هیچ پاساوێک نییە بۆ بەردەوامبوونی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئێمە لە سووریا. پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە. ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت. هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.

هەواڵ
27-02-2025

پارێزگاری هەولێر چەند ڕێنماییەک دەردەکات بۆ مانگی رەمەزان

پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە پارێزگاى هەولێر، بەسەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بەهاتنى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان و نرخى کەلو پەلو کاڵا و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان کرا. لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر جەختى لە توندکردنى چاودێریی بازاڕ و نرخی کەلو پەلو پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە هەموو شوێنەکان کردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش ئەو بڕیارانەى دا. - لیژنەی قائیمقامیەتەکان، بازرگانى، شارەوانى، تەندروستى، و لایەنەکانى دیکەى پەیوەندیدار، بەردەوام بن لە چاودێریی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستیی هاووڵاتییان. - نابێت ڕێگە بە هیچ کەسێک بدرێت، مانگى پیرۆزى ڕەمەزان، بقۆزێتەوە و یاریی بە بازاڕ بکات، هەروەها نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بکات. - ڕێکارى یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانە بگیرێتەبەر، کە یارىی بەبازاڕ دەکەن و نرخی خۆراک و پێداویستی لە سەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن. - لە پێناو پاراستن و سەلامەتىی گیانى هاووڵاتیان و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه‌ بەسەرچوو و بێکوالێتی، هەڵمەتى لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگاکانى خۆراک، دەرمان، مۆڵ، مارکێت و شوێنەکانى ترى هاوشێوەیان لەناو شار و دەرەوەى شار بەردەوام بێت. - لە بازگەکاندا چاودێرىی تووند بکرێت و ڕێگە نەدرێت خۆراک و کەلوپەلى ماوە بەسەرچوو هاوردەى سنوورى پارێزگاى هەولێر بکرێت. - تیمەکانى شارەوانى لە ڕێکخستنى بازاڕ و چاودێریى شوێنە گشتییەکان و پاککردنەوەى بەردەوامى نێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بەردەوام بن. - ڕێکخستنى خشتەى مۆلیدە ئەهلییەکان و کارەباى نیشتیمانى، دەبێت لە کاتى بەربانگ و پارشیواندا کارەبا  بە هاووڵاتییان بدرێت. - کوشتارگەى هاوچەرخى هەولێر و ڤێتەرنەرى بە هاوبەشى لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەکو ساڵان ڕێوشوێنى پێویست بگرنەبەر. - ئامادەباشیی هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و گرتنەبەرى ڕێکارێکى پێویست لە شوێنە گشتییەکان، بە تایبەتى لە شەوانى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان، لە پێناو پاراستنى ئارامى و ئاسایشى شار و سەر و ماڵى هاووڵاتییان. - کردنەوەى بازاڕى شەوانى ڕەمەزان لە سەنتەرى شار لەلایەن سەرۆکایەتىی شارەوانیى هەولێر، لەڕووى ڕێکخستن و ڕێکارەکانى بە باشى وبەبێ کەم و کوڕى بەڕێوە ببرێت. - تەنها لە (10) شەوی كۆتایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن تا نوێژی بەیانی، تەنها پێش نوێژ و وتارخوێنی فەرمیی مزگەوتیش بۆیان هەیە مەراسیمە ئایینیەكان و تەراویح بکەن،  بەپێچەوانەوە هیچ كەسێكى تر بۆی نییە چالاكی بکات. - لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان دەوامی فەرمی لە دام و دەزگا و فەرمانگەكانی حكوومەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر كەم بكرێتەوە.

1 2 ... 122 123 124 ... 1143 1144