ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 3/16، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, پێشوازی لە ئەلپئەرسلان بەیرەکدار وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا و شاندێکی یاوەریکرد .لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، بە تایبەتی لە بواری وزەدا تاوتوێ کرا.هەردوولا هاوڕابوون لە سەر نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان لە زووترین کاتدا.
سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی یەکێتی جەخت لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێ لە زووترین کاتدا دەکەنەوە سەرۆکی حکومەت ؛ کۆبوونەوەکانمان ئەرێنی بوون و پێشکەوتن و لەیەکتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوانماندا هەیە. سەرۆکی یەکێتی ؛ ئامانجی هەردوولامان ئەوەیە لە زووترین کات حکومەتێک دروست بکەین بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەمان. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 3/16 , مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد . لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاو و ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا .هەردوولا کۆبوونەوەکانیان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا.دوای کۆبوونەوەکە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکە زۆر باش بووە و لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە .لەم بارەیەوە سەرۆکی یەکێتی گوتی “ کۆبوونەوەکەمان زۆر باش بوو ، لەسەر چەند شتێکی ستراتیژی کە بۆ میللەتەکەمان باش بێت ڕێککەوتووین . کۆبوونەوەکانیشمان بەردەوام دەبێت و ئامانجی هەردوولامان ئەوەیە لە زووترین کاتدا، حکومەتێک دروست بکەین بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەمان”.سەرۆکی حکومەتیش لە لێدوانەکەیدا دووپاتی کردەوە کە “ئەوە دووجارە کۆبوونەوەی باش و ئەرێنیمان بۆ لەیەک نزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بە شێوەیەکی گشتی. پێشکەوتن و لەیەکتێگەیشتنی زۆر باش لە سەر ئەو بابەتانە هەبووە و ئومێدەوارم ، تیمەکانیش بتوانن هەر بەو ڕوحیەتە بگەنە ڕێککەوتنێکی تەواو لەسەر پێکهێنانی حکومەت لە کاتێکی نزیکدا بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان دڵیان خۆش بێت بە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوانمان”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3/16، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە حەمید ئەلشەتڕی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی فیدراڵ کرد.لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتی و ئەمنيی عێراق و ناوچەکە کرا و جەخت لە پەرەپێدانی هاوئاهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کرا.
سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە پەیامێک بڵاودەکاتەوە رۆژی یەکشەممە 16ی ئاداری 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سی و حەوتەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە. دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی؛ زام و ئازاری تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بۆ هەتایە لە ناخ و دڵی هەموو كوردستانییەكدا دەمێنێتەوە و لەیاد ناکرێت. بەرپرسیارێتیی ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە و ئەنجام و ئاسەوارەكانی، تا قەرەبووكردنەی کەسوکاری قوربانیان، لەسەر شانی دەوڵەتی عێراقە. لە سی و حەفت ساڵەی کارەساتی بۆمببارانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و خانەوادە و كەسوكاری شەهید و بریندارانی ئەو تاوانە دەنێرین.
لە ساڵڤەگەڕی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری، ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم کۆمەڵکوژییەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە و هەمیشە لە یادمانن. پێزانینی زۆرمان بۆ قوربانیدانەکانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری هەڵەبجە، بە تایبەتی بریندارانی کارەساتەکە و کەسوکاری سەربەزری شەهیدان هەیە. هەرچەندە بەشێک لە بەرپرسیار و ئەنجامدەرانی سەرەکیی ئەم تاوانە، بە سزای خۆیان گەیشتن، بەڵام سەرەڕای تیپەڕبوونی (37) ساڵ، بەسەر ئەم کارەساتە مەزنە، هێشتا زام و برینەکانی ئەم تاوانە ساڕێژ نەبوون. بۆیە ئەرکی هەموومانە، کار لەپێناو زیاتر ناساندنی جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفال و هەموو تاوانەکانی دی، کە بەرانبەر گەلی کوردستان کران بکەین و خزمەتێکی زیاتری بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و قوربانییانی ئەم تاوانانە بکەین.حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکیی خۆی دەزانێت کە خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجەییەکان و قوربانییانی دیکەی جینۆسایدی گەلی کوردستان بکات. لە ساڵانی ڕابردووشدا، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە پارێزگەی هەڵەبجە ئەنجامداوە، بەڵام دەشزانین هەڵەبجە پێویستی بە خزمەتی زیاتر هەیە، لەم ڕووەوە، دانیشتووانی بەڕێز و قوربانیدەری پارێزگەی هەڵەبجە دڵنیا دەکەینەوە کە لە داهاتووشدا، زیاتر و باشتر خزمەتی ئەو ناوچەیە دەکەین. ئەوەی جێی داخە، حکومەتی فیدراڵ تا ئێستا، بەرپرسیاریێتیی دەستووری و یاسایی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی بنەماڵە و کەسوکار قوربانییان و شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان جێبەجێ نەکردووە. تەنانەت تا ئێستاش، ئەنجومەنی نوێنەران پرۆسەی بەپارێزگەبوونی هەڵەبجەی پەسەند نەکردووە. بۆیە داوا دەکەین چیتر کەمتەرخەمی بەرانبەر قوربانیدانەکانی هەڵەبجە نەکرێت و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووبکرێنەوە و بەپارێزگەبوونەکەشی لە زووترین کاتدا پەسەند بکرێت. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2025/3/16
مەسرور بارزانی،سەرۆکوەزیرانی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جارێکی دیکە لەبارەی پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەت و چەند پرسێکی دیکە کۆدەبنەوە. کارەکانی پێکهێنانی حکومەت زۆر باش چوونەتە پێشەوە، بەپێی زانیارییەکان لیژنە تەکنیکییەکان زۆربەی کارەکانیان تەواو کردوون لەبارەی کارنامەی کابینەی نوێی حکومەت و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، ئەوەی ماوەتەوە دابەشکردنی پۆستەکانە. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: کۆبونەوەکە بۆ تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانە، باس لە خۆئامادەکردنە بۆ گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵیاندا”. ئەمە دەبێتە دووەم کۆبوونەوەی لووتکە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی 10ـی ساڵی ڕابردوودا، چونکە لە پارتی مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی کابینەی 10 دەکات، لە یەکێتیش بافڵ تاڵەبانی قسە و بڕیاری کۆتایی لای خۆیەتی، بۆیە گفتوگۆی ڕاشکاوانە دەکەن و ئەم پرسانەی کە ماون بڕیاری لەسەر دەدەن. کۆبوونەوەی یەکەمیان 15ـی یەکی ئەمساڵ بوو لە هەولێر. چاوەڕوان دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیە هۆکارێکی کاریگەر بێت بۆ خێرا پێکهێنانی حکومەت. پێکهێنانی حکومەت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەروونی خەڵک و زۆربەی بوارەکان دەبێت بەتایبەت بووژانەوەی بازاڕ. هاوکات حکومەتێکی بەهێز و یەکدەنگی کورد دەبێتە هۆی زامنکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا بەتایبەت مووچە و شایستە داراییەکان.
سبەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە. بڕیارە سبەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کۆببنەوە. کۆبونەوەکە بۆ تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانە و هەروەها باس لە خۆ ئامادەکردنە بۆ گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵیاندا. پێشەوا هەورامانیوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەكوو بەشێك له ئامادەكاری بۆ پڕۆژەی رووناكی، پرۆسەی تاقیكردنەوەی فشاری سەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی لە سلێمانی چووە واری جێبەجێكرنەوە.بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، بڵاویكردەوە: " بە ئامادەبونی لێپرسراوانی كارەبای سلێمانی و كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان و تیمێكی پرۆژەی رووناكی، پرۆسەی تاقیكردنەوەی فشاری سەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی چووە واری جێبەجێكردنەوە". ئهوهش خراوهتهڕوو، لە كاژمێر 1ی پاشنیوەڕۆوە زۆنی سەنتەری ناو شار بۆ ماوەی سێ رۆژ كارەبای نیشتمانی بەردەوام دەبێت، ئەم پرۆسەیەش تاقیكردنەوە و رێكارێكی رۆتینیە بۆ هەڵسەنگاندنی تۆڕەكانی كارەبا كه لەلایەن وەزارەتی كارەباوه ئەنجام دەدرێت."جەخت كراوەتەوە، ئەو تاقیكردنەوەیە بۆ ئامادەكاری پڕۆژەی رووناكی و بەمەبەستی دۆزینەوە و دیاریكردنی كێشەو خاڵە لاوازەكانی سەر تۆڕەكانی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبایە لەسلێمانی. بڕیارە تاوەكوو رۆژی 18ی 3ی 2025، سلێمانی كارەبای بەردەوامی نیشتمانی هەبێت. وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، لە قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی ڕووناكی /كارەبای 24 كاتژمێری/، كارەبای 24 كاتژمێری دەگاتە 9 هەزار بەشداربووی كارەبا لە شارەكەدا.
دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵی عێراقی، جێگری خەلیفەی داعش و بەرپرسی داعش لە عێراق و سووریا بە ناوی عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رفیعی ناسراو بە ئەبوو خەدیجە لە چالاکییەکدا کوژرا.ئەم کردارەش دەرخەری ڕژدی ئێمەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا. بەڵام بەداخەوە لە ڕاگەیەندراوی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵدا هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆڵی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەدراوە. ئەم نادیدەگرتنەش ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئاسۆی هاوکاریی دامودەزگانی هەرێم و فیدراڵ.دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی کاریگەریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەمناوچەیەدا هەبووە و هەرواش بە کارایی لەم ئەرکەی بەردەوام دەبێت و باشترە حکومەتی فیدراڵیش زەمینەیەکی لەبارتری هاوکاری و هاوئاهەنگی برەخسێنێت لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سەرانسەری عێراق.
ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەدوای کۆبوونەوەیان لە بەغدا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد. فوئاد حوسێن رایگەیاند: "باسمان لە دەستوەرنەدان لە کاروباری سووریا کرد. باسی دروزەکانمان کرد و نیگەرانین لەو دۆخە." هاوکات گوتیشی: "رێککەوتننامەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بۆ سووریا زۆر پێویست بوو." فوئاد حوسێن دەشڵێت: "دا*عش هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و سووریاش. سووریا دووچاری قەیرانێکی زۆر بووەتەوە." لای خۆیەوە، ئەسعەد شەیبانی رایگەیاند: "دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بەدیبێت. چارەنووسمان هاوبەشە و دەبێت شان بە شان بۆ نەوەکانی داهاتوومان کار بکەین." گوتیشی: "دەبێت سووریا و عێراق بە تووندی لە دژی ئەوانە بوەستنەوە کە دەیانەوێت دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆمان دەکەن."
بەرێز قهوال بههزاد سلێمان سڤۆسهرۆکێ قهوالا و ئهندامێ جڤاتا ڕۆحانی یا ئێزدییان؛ ژ بۆ وەغەرا دویماهیێ یا برایێ هەوە ( دکتۆر عهبدلعهزیز سلێمان )، بەهی و سەرەخۆشیێ ل مالباتا هەوە یا بەرێز دکەم و هەڤپشکێ خەما وە مە. خودێ یێ مەزن گیانێ وی ب بەهەشتێ شاد بکەت و سەبر و هەدارێ ب هەوە ببەخشیت. مەسرور بارزانیسەرۆکێ حکومەتا هەرێما کوردستانێ
بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی ژنێک لەنێو ئاوی زێی گەورە لە سنووری گوندێکی ناحیەی کەلەک لە دهۆک دۆزرایەوە کە بەگوتەی پۆلیس، خنکێندراوە و فڕێدراوەتە نێو رووبارەکە. تەرمی ژنەکە کاژێر 11:00ی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سنووری گوندی زەنگل دۆزراوەتەوە. دلاوەر بوزە، قایمقامی قەزای ئاکرێ گوتی، پۆلیسی کەلەک بە هاوکاریی بەرگریی شارستانیی قەزای خەبات تەرمی ژنەکەیان لە رووبارەکە دەرهێناوەتەوە. بەپێی بەڵگەکانی پۆلیس، ژنەکە بەر لەوەی فڕێبدرێتە نێو رووبارەکە، تەلی ئاسن لە ملی ئاڵێندراوە و خنکێندراوە. بەپێی زانیارییەکان، تەرمی ژنەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لەنێو ئاوەکەدا ماوەتەوە و دەموچاوی تێکچووە. تائێستا تەمەنی دیاری نەکراوە و تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادی هەولێر گواستراوەتەوە. لە لایەن پۆلیسی کەلەکەوە دۆسییە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.