بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2725، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانييان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەس و کار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم لە خۆشی و شادی و ئارامی و خۆشگوزەرانیدا بن. سوپاسی خەڵکی خۆڕاگر و نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەم کە ئیرادەی بەهێزی گەلی کوردستان، وامان لێدەکات بەگەشبینیەوە لە داهاتوویەکی باشتر بڕوانین و ئومێدەوارین لە ئایندەیەکی نزیکدا، بتوانین حکومەتێکی نوێی بەهێز و یەکگرتوو پێکبهێنین و بە شێوەیەکی باشتر و شایستەتر، درێژە بە کارنامە چاکسازییەکەمان بدەین و زیاتر خزمەتی گشت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەین و وڵاتەکەمان بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر ببەین. نەورۆزتان پیرۆز بێت. خوای مەزن کوردستان و کوردستانییان بپارێزێت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2025/3/20
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/20 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە گلێن مایڵز باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کرد.لە دیدارەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوسترالیا . لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، جەخت لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی و فیدراڵی هەرێمی کوردستان کرایەوە.دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچە ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/20 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا کە تۆمماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتيی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتالیا تاووتوێ کرا و جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی حکومەت و وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا کرا.
ئهمڕۆ پێنجشەممە 3/20، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازيی له باڵيۆز دانيال ڕوبنستين، كاربهڕێكهرى باڵيۆزخانەی ئهمهريكا له عێراق کرد.له كۆبوونهوهدا کە ستیڤ بیتنەر، کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی ڕێکار و هەنگاو و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی باش و ئەرێنی بەڕێوەدەچێت و ڕێککەوتنیش لەسەر کارنامەی حکومەت کراوە.لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگەکان لەم بارەوە.
* ئەنجومەنی وەزیران، هەر یەک لە وەزارەتەکانی تەندروستی و دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی ڕاسپارد لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بن، بۆ دامەزراندنی دەرچووانی کۆلیژە پزیشکيیەکان بۆ ساڵی 2024 ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئاداری 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2725 و هیوای خواست، ساڵی نوێ، ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ خەڵکی کوردستان. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، پێشنیارێکی لەبارەی درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %20 لە سزای سەرپێچيی هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە خستەڕوو.ئەنجومەنی وەزیران لەپێناو یارمەتیدانی هاووڵاتیيان، بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی پەسەند کرد و بڕیار درا بە درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری داشکاندنی ڕێژەی %20 لە سزای سەرپێچيی هاتووچۆ بۆ شەش مانگی دیکە لە 2025/1/1 تاوەکو 2025/6/30. دواتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، بابەتی یەکلاکردنەوەی کێشەی ئەوانەی خستەڕوو کە لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم بە هەمیشەیی و گرێبەست دامەزراون، بەڵام مووچەیان بۆ نەبەستراوە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەهۆی جێگرکردنی میلاکی مانگی تەممووز لە ساڵی 2024 لەلایەن وەزارەتی دارایيی فیدراڵەوە. ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە کاری پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی ئەو کەسانە ئەنجام بدات و کار بۆ چارەسەرکردنی گرفتی خەرجنەکردنی مووچەکانیان بکات، بەگوێرەی ئەو پێشنیارانەی لەلایەن وەزارەتیان لە کۆبوونەوە خرانەڕوو. لە بڕگەی کۆتاییدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دەرچووانی کۆلیژە پزیشکیيەکان بۆ ساڵی 2024 خستەڕوو، کە بەپێی یاسای پلەبەندیی پزیشکی، ڕێڕەوی وەزیفە و کار و خزمەتیان ڕێکخراوە.ئەنجومەنی وەزیران، هەر یەک لە وەزارەتەکانی تەندروستی و دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتيی ڕاژەی ڕاسپارد کە لەگەڵ وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بن، بۆ دامەزراندنی ئەم دەرچووانە لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی هاوتای هاوەڵەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و ئەنجامی ئەو هەوڵانە بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بخەنەڕوو، تا لەبەر ڕۆشنایيی ئەو ئەنجامانە، بڕیاری پێویست سەبارەت بە دامەزراندنیان بدرێت لەپێناو نەوەستانی ڕێکارەکانی پلەبەندیی پزیشکی و ڕێکخستنەوەی سیستمی خزمەتگوزاريی تەندروستيی نەخۆشخانەکان و چاودێريی پزیشکی و دابینکردنی بەپێی پێداویستی. 1 2 3
بەڕێز هیوا گەیلانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی یازدەی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ بۆ کۆچی دوایی باوکی بەڕێزتان ، پرسە و سەرەخۆشیتان لێ دەکەم و هاوبەشی خەمتانم.خواى مهزن گيانی بە بەهەشت شاد بكات و ئارامى و دڵنهوايیش بە بنەماڵەکەتان ببەخشێت. مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى کوردستان
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەستگیر کردنی 16 تۆماتباری ڕاگەیاند. دەقی ڕاگەیەنراوەکە: *(١٦) تۆمەتبار دەستگیرکران و زیاتر لە (٨٢) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەرداگیرا هەروەها لەبەغداو موصلیش ١١٧٠ کیلۆگرام لەدوو چاڵاکی هاوبەش دەستی بەسەردا گیرا. لەبەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ژمارەیەک چاڵاکییدا لە دوو هەفتەی رابردوو بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان و بەشەکانی تری سەر بەو بەڕێوەبەرایەتیە لە دهۆک و زاخۆ، دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، توانرا ژمارەیەک بازرگان دەستگیربکرێن کە کاری گواستنەوەو مامەڵەکردنیان بەماددەی هۆشبەرەوە دەکرد کە ژمارەیەکیان هاووڵاتی وڵاتانی دراوسێن . لەم چاڵاکیانەدا توانراوە بڕی (٢٢٫٩٤٠) کیلۆگرام کریستاڵ و (١٫٤٤٠) کیلۆگرام هیرۆین و (٥٠) کیلۆگرام حەبی ترامادۆڵ دەستبەسەردا بگرن، هاوکات جگە لەم ماددانە توانراوە تۆڕێکی تری بازرگانی (کریستاڵی شل) هەڵبوەشێننەوە کەناو (٢)دەبەی رۆنی ئۆتۆمۆبیل دانراوە کە کێشەکەیان (٧٫٦٢٠)کیۆگرام بووە دەستی بەسەرداگیراوە، کۆی گشتی ئەو مادانە دەکاتە (٨٢)کیلۆگرام و تۆمەتبارەکانیش (١٦)تۆمەتبارن. هەروەها لەلایەکی دیکەوە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان لەچالاکیەکی دیکەدا توانیوویانە بڕی (٤٥)کارتۆن دەرمان و حەبی ماوە بەسەرچوو و بێ ستیکەر کە بەشێوەی قاچاغ و نایاسایی هێنرابوونە ناو هەرێم دەستبەسەردا بگرن. شایانی باسە لەدوو چاڵاکی تردا کە بەرێوەبەرایتی نەهێشتنیی ماددەهۆشبەرەکان رۆڵی گرنگی تێیدا هەبوو، توانرا(١١٠٠ کیلۆگرام واتا تەنێک سەد کیلۆگرام) حەبی کپتاگۆن لەشاری بەغداو (٧٠) کیلۆگرام حەبی کپتاگۆن لەشاری موصل دەستی بەسەردا بگیرێت. کە لەیەکێکیاندا بەهەماهەنگی نێوان هەرسێ بەڕێوەبەراتی مادەهۆشبەرەکانی هەولێر و بەغداو سلێمانی موصل بوو. لە دادگا دۆسیەی تاوان بۆ تەواوی ئەو تۆمەتبارانەی کە دەستگیرکراون کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. لێرەدا بەپێویستی دەزانین تەواوی هاووڵاتیانی خۆشەویست ئاگادار بکەینەوە کە بەهەموو شێوەیەک خۆ بەدووربگرن لەم ماددانە و هەر زانیاریەکیشان دەستکەوت لەسەر ئەو کەسانەی کە مامەڵە بەو ماددانەوە دەکەن بنکەو بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئاساییش ئاگادار بکەنەوە. بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان.١٩ـی ٣ـی ٢٠٢
دکتۆر پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، هەردوو وەفدی باڵای دانووستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنییان ئەنجامدا. دکتۆر پشتیوان سادق، ئەندامی شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، “هەردوو وەفدی باڵای دانووستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ ١٨ی ٣ی ٢٠٢٥، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنییان ئەنجامدا. پشتیوان سادق گوتیشی، “لە کۆبوونەوەکەدا گەیشتنە دواڕەشنوسی دیدگای هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتوو کە دەبێتە ئامرازێک بۆ پێکهێنانی حکومەت و دامەزراوەکانی تر و باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان.
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا: ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژەی رووناكی بۆ هاووڵاتییان دێتەوە، كەمترە لەو پارەیەی ئێستا دەیدەنە هەردوو کارەبای موەلیدە و نیشتمانی. پڕۆژەی رووناكی، كارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییانی كوردستان دابین دەكات، خەونێك بوو كە چەندان ساڵە هاووڵاتییانی كوردستان چاوەڕوانی بوون. دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان، (90%)یان لە پڕۆژەی ڕووناكی پارەی زیاد نادەن، بۆیە پارەی پڕۆژەی ڕووناكی لە پارەی ئێستای موەلیدە كەمتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی نابێت و ژینگەش پیس ناکات. بۆیە پێویستە لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە بین و پشتیوانی لێ بكەین. دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان، ئەم پڕۆژەیە بە سوودی هەمووان دەبێت.
بەخشینی مانگانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدرێتە 3 هەزار و 575 ڕزگاربووی دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش داعش. فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە: "بەخشینی دارایی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبەخشرێتە ئێزدییانی ڕزگاربووی دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش." ئاماژەشی بەوە داوە: "بۆ ماوەی 7 مانگە، 2 هەزار و 128 ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش هاوكارییەكە وەردەگرن و پرۆسەی ناوتۆماركردنیش تاوەكوو 3 هەزار و 575 ڕزگاربوو بەردەوام دەبێ." ئەوەش خراوەتە روو: "بەخشینی سەرۆكوەزیران بۆ ڕزگاربوانی دەستی داعش هەموو ئەندامانی خێزانی ڕزگاربووی گرتووەتەوە و تەنانەت ئەوانەشی لە دەرەوەی وڵاتن هاوكارییەكانیان پێدەگات." روونیش کراوەتەوە: "لەو چوارچێوەیەدا لە 5 شوێنی سنووری دهۆك و زاخۆ، بەشێوەی ڕێكخراو و مانگانە بەخشینەكان دابەش دەكرێن و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێ." فەرمانگەی میدیا و زانیاری راشی گەیاندووە: "لە مانگی تەممووزی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی پاڵپشتیی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش ڕاگەیاند، لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا، پرۆژەكە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەردەوامە." جەختیش کراوەتەوە: "ئەم هاوكارییە بەردەوامەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سۆنگەی هەستكردنە بەو ئازار و زیانانەی لە هێرشی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا بەر كوردانی ئێزدی كەوتووە و بەوهۆیەوە قوربانیی زۆریان داوە."
ئەمڕۆ دووشەممە 3/17، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد. هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد.تەوەرێکی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە کەشێکی ئەرێنی و لەیەکتێگەیشتنی باش لەئارادایە و ئومێدەوارین لە ئایيندەیەکی نزیکدا، حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو پێکبهێنین. گرنگیی نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بەشە بودجەی هەرێم و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووريی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، کە یان برێم کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ . دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان، بۆ مانگی شوباتی ساڵی 2025، کە بڕەکەی 48 ملیار و 722 ملیۆن و 239 هەزار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق."