ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و بەپێی زانیاریەكانی تۆڕی میدیایی باڵكێش كۆبونەوەكە بۆ قسەكردنە لەسەر ئامادەكاریەكانی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان. كۆبونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان لە كاتێكدایە پەرلەمان خولی بەهارەی درێژ كردەوە بۆ ماوەی مانگێك بەڵام هیچ دانیشتنێكی ئەنجام نەدا. پێشتریش چەند سەرچاوەیەك ڕایانگەیاندبوو پێدەچێت فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە دەستەی سەرۆكایەت و پەرلەمان بكشێتەوە و بەشداریی هیچ دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستان نەكەن. لەلایەكی تریشەوە ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاندووە دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و چاوەڕێی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ناكەن
ئەمڕۆ چوار شەممە 22 ی تەموزی2020 نرخی دراو لە بازاڕەکانی هەرێم بەم شێوەیەیە: نرخی 100 دۆلار بە 123 هەزار و 900 دینار نرخی 100 یۆرۆ بە 139 هەزار دینار نرخی 100 پاوەن بە 153 هەزار و 500 دینار نرخی 100 هەزار تمەنی ئێرانی بە 5 هەزار و 900 دینار نرخی 100 لیرەی تورکی بە 18 هەزار دینار
ئەمڕۆ چوار شەممە 22ی تەموزی2020نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەم شێوەیە مامەڵەی پێوەدەكرێت نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت، لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 44 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەکرا و پێدەچێت بە دێژایی ڕۆژ نرخكە بە جێگیریی بمێنێتەوە. ئەوە لە كاتێكدایە لە بازاڕەكانی جیهاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیبە 41 دۆلار و 96 سەنت مامەڵەی پێوەكراوە . ئەم بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە كاتێكدایە جیهان سەرقاڵی دۆزینەوەی ڤاكسینێكی تایبەتە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و لەگەڵ هەوڵەكانیشدا نرخی نەوت بەرزبیەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (22 ی تەموزی 2020) نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێم بەم شێوەیەیە: نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 18 بە 271 هەزار دینار نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 316 هەزار دینار نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە 354 هەزار دینار
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا خامنەیی بە كازمی وتووە: تۆڵەی كوشتنی قاسم سولەیمانی لە ئەمریكا دەكەینەوە. عەلی خامنەیی لەكۆبونەوەكەیدا لەگەڵ مستەفا كازمی وتویەتی: "هەندێك لایەن بەرهەڵستیی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئێران دەكەن، لە سەرووی هەمووشیانەوە واشنتن، بەڵام پێویست ناكات لێی بترسێین، چونكە ئەمەریكا هیچی پێ ناكرێت". لە بارەی پەیوەندیەكانی نێوان عێراق و ئەمریكاوە، غەلی خامنەی وتوی: ئێران دەستوەردان لە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمەریكا ناكات، و باوەڕمان وایە ئەمریكا لە هەر وڵاتێكی ناوچەكەدا بێت زیان بەو وڵاتەش دەگەیەنێت."
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، قەدەغەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، دەسەڵاتی تەواو دراوەتە پارێزگارەکان ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان بکەن لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، دوای کۆبونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا چەند رێکار و ڕێنماییەکی نوێ بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە دەگرنە بەر، بڕیاریشدراوە قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام بێت. ڕێبەر ئەحمەدوتیشی، لە خاڵە سنورییەکان رێکاری نوێ دەگیرێتەبەر،رێگەدەدرێت شۆفێرە بارهەڵگرەکان بێنە ناو خاکی هەرێمی كوردستان. دەربارەیی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان وەزیری ناوخۆ دەڵێت، داوایان لە بەڕێوەبەری فرۆکەخانەکان کردووە تا رۆژی (1-8-2020) ئامادەکاری تەواو بکەن لەو وادەیەوە دەست بە گەشتەکان بکرێتەوە.
چەند ڕۆژێکە بیرم لەو ناونیشانە دەکردەوە بۆ ئەوەی وتارێکی لە سەر بنووسم و بەخۆمم دەوت: تۆ بڵێی وێنە سەرنجڕاکێشەکانی موستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، چی لە مەسەلەکان بگۆڕێت! تەبعەن ھیچ. وێنە جوانەکانی موستەفا کازمی ھەر دەڵێی سینەماکارە و بۆ ھەوادارانی خۆی نمایش دەکات، نەوەک بۆ گەلی عێراقێک کە ئاتاری لە سەر پاتار نەماوە. بۆ ئێمەیش کە کوردین، بیەوێت ھەرچی ناشرینی عێراق بەرامبەرمانی کرد، بە وێنەیەک تەعویزیمان بۆ بکاتەوە و ئاشت بینەوە لەگەڵیان! جا ماڵی کورد ئاوەدان بێت، لەو ڕۆژانە ئەوەندەیان بە موستەفا کازمییەوە گرتبوو چونکە وێنەیەکی گیراوە کە بە تەنیشت پەنجەرەی فڕۆکەیەکەوە دانیشتووە و لە داھاتووی عێراق دەڕوانیت، ئاگری بەرداوەتە سۆشیاڵ میدیای باشووری کوردستان. مەسەلەن چ گرنگییەکی تێدایە موستەفا کازمی وێنەی بڵاو ببێتەوە لە فڕۆکەیەک دادەبەزێت، یان بە تەنیشت نەخشەیەکی خاکی عێراقەوە خەیاڵی بردوویەتییەوە، یانژی دەست لە سەر سەری منداڵەکانی ھیشام ھاشمیدا دێنێت کە ئەو میلیشیایانە کوشتیان و موستەفا کازمیش توانایانی نییە. ئێمەی کورد و بەتایبەتیش باشوورییەکان، ڕەنگە لەو دونیا مۆدێرنەتە و سەردەمی تەکنەلۆژیایەی کە ئێستا ھەیە، لەو میللەتانە بین کە ساویلکەییمان لە پلەی باڵایەدایە، چونکە پەیام و قسەی یەک تاکە کەس لەو سۆشیاڵ میدیا، ڕەنگە بتوانێت نیوەی ئەو کۆمەلگەیە بباتە سەر زێیەکی گەورە و قومێک ئاویشی نەداتێ. ھەموو ڕۆژێک چەند کەسێکی بێ مۆڕال و بێ ھیچ ئینتیمایەکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەکەونە بڵاوکردنەوەی ھەواڵ و زانیارییەک کە لە وانەیە لەسەر میزاجی کەسێک و لە نۆتی موبایلەوە بۆ پەیجە پارەدارکراوەکانی ناردبێت! لەوێشەوە بەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەھا پەرش و بڵاو دەکرێنەوە کە خزمەتی دوژمن نەبێت، یەک شتی دیکەی پێ ناکرێت. دەی خۆ ناھەقیشییان نییە، چونکە میللەتێک لێرە ھەیە لە پەیجێک بۆی بنووسە موستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی کردووە بە ماڵێکدا و خوازبێنی کچەکەیانی کردووە بۆ کوڕە گەنجێک، بەڵێنیشی داوە تەواوی خەرجی ئاھەنگەکەی لە ئەستۆ بگرێت، ئیتر بەسە بۆ ئەوەی تا ساڵێکی دیکە ئەو قەوانە لێ بدەنەوە. بەسە بۆ ئەوەی لە چەند دەقەیەکدا سۆشیاڵ میدیای باشووری کوردستان سەرۆکی ئەو عێراقەی یەک ڕۆژ بەبێ تەقە و کووشتن و بڕین نییە، ببێتە پاڵەوان! بۆ وێنەگرەکەی موستەفا کازمیش کە دەڵێن گەنجێکی کوردە، خەریکە لە سەرۆکوەزیرانەکە سەرنجڕاکێشتر دەردەکەوێت و لێرە و لەوێ، پۆست و دەیان ڤیدیۆی لەسەر دروستدەکرێت. لەوەشی وەک کارێکی رۆژنامەنووسی و ھونەرییانە دەیکات، دەستی خۆش بێت، بەڵام وێنەی موستەفا کازمی کە لە فڕۆکەدا ڕۆژنامەیەک دەخوێنێتەوە بە من و تۆ چی! ئاخر جیاوازی نێوان موستەفا کازمی و حەیدەر عەبادی چییە؟ کە دەڵێن "چ کەچەڵ حەسەن چ حەسەن کەچەڵ" تۆیش بزانە بۆ ئێمە ھەر کەچەڵەکان! ئیتر کە تۆ نایزانیت موستەفا کازمی ئەو کاتە دەبێتە پاڵەوان کە بەبێ ترس ماف و بودجەی تۆ بنێرێت. بۆ گەلی عێراقیش ئەو کاتە کارێزمایە کە ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە نەھێڵێت، یان بتوانێت بۆ مانگێکیش بێت میلیشیاکان بخانە ژێر کۆنتڕۆلی دەوڵەت و وەک ئەتاری درایڤەر ھەموو ڕۆژێک بەسەر پشتی ماتۆرسکیلێکەوە ڕۆژنامەنووس و سیاسی و شرۆڤەکارێک نەکوژرێت.
گۆڵپارێزی دیاری کوردستان سەرهەنگ موحسین، پەیوەندی بە یانەیەکی شاری بەغداوە دەکات و بۆ یەک وەرز گرێبەست لەگەڵ ئەو یانەدا واژوو دەکات. سەرهەنگ موحسین، لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، بۆ ماوەی یەک وەرز، پەیوەندی بە یانەی ئەمانە کردووە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لە خولی عێراقدا یاریی بۆ یانەکە بکات، بەڵام ئامادەنەبوو بڕی گرێبەستەکەی ئاشکرابکات سەرهەنگ موحسین وتیشی، جگە لەو یانەیە یانەی نەجەفیش پێشنیازی گرێبەستی پێشکێشکردبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە یانەی ئەمانە بەغدا لە پایتەختە ئەو یانەیەی هەڵبژاردووە. سەرهەنگ موحسین، چوار نازناوی خولی عێراقی لەگەڵ یانەی هەولێر بردۆتەوە، لە ڕیزی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی و نیشتمانی عێراق یارییکردووە، گۆڵپارێزی یانەی شورتە بووە و ئێستاش گۆڵپارێزی یانەی برایەتییە لە خولی کوردستان
عەبدول ستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند: بۆ پاڵپشتی لە یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆ نوسراومان ئاڕاستەی حكومەت كردووە بەڵام حكومەت ئامادە نییە گوێ لە داواكاریەكەیان بگرێت. وتیشی: لە مانگی ئازارەوە نوسراومان ئاڕاستەی حكومەت كردووە بۆ دامەزراندنی یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی ساڵی 2016 تا 2018 حكومەت ئامادە نین گوێشیان لێبگیردرێت و داواكاریی لەم شێوەیەشیان ئاڕاستە بكرێت عەبدولستار مەجید دەڵێت وەك فڕاكسیۆنی كۆمەڵ بەردەوام دەبن لە پشتیوانی خوێندكارەكان
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماریی24 كاتژمێری ڕابردووی ڕاگەیاند, بەپێی ڕاگەیەنراوەكە 13 كەس بە كۆڕۆنا گیانیان لە دەستداوە و 252 كەس توشی ڤایرۆسەكە بوون. ئەوە لە كاتێكدایە تادێت تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە هەرێمی كوردستاندا ڕوولەزیادبوون دەكات وحكومەتی هەرێمی كوردستانیش داوا لە هاوڵاتیان دەكات پابەندی ڕێنمایەكانی وەزارەتی تەندروستی بن
هونەرمەندی میوزیکژەنی بەنێوبانگی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، سوهراب پورنازری، لە پۆستێکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەوادارانی تووشی سەرسوڕمان دەکات، کاتێک دەنووسێت" من (کۆرد)ی کرماشانم نەک کورد". سوهراب پورنازری لە پێگەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی"هەر بژی ئێران، من "کۆرد"ی کرماشانم نەک "کورد" و شانازی بەڕەگ و ڕیشەی خۆمەوە دەکەم. ناوبراو بەشێوەیەکی زیرەکانە دەستەواژەی (کۆرد)ی لەگەڵ ناوی (کورد) بەکارھێناوە، (کۆرد) دەستەواژەیەکی مۆسیقییە و بە واتای یەکگرتنی چەند تۆنێکی مۆسیقا دێت. پورنازری لە درێژەی ھەڵگەڕانەوەکەی لەکوردبوونی خۆی، نووسیویەتی «ڕیشەی من لە خاکی پاشای مەزن (خەسرەو پەرویز)ی ساسانیدایە و من میراتگەری "ئێرانی کۆنم. ئەم گۆرانیبێژە ھەڵگەڕاوەیە کە زیاتر بەهۆی رەچەڵەکەکەیەوە لە کوردستان خۆشیان دەویشت و بە گەنجێکی بەهرەمەندی کوردی کرماشان ناسراوبوو، تەنیا بەوە دڵی ئاو ناخواتەوە کە حاشا لە کوردبوونی خۆی بکات، بەڵکو دەشنووسێت "هەموو کۆردێک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت "ئێرانییە" چ لە عێراق و سوریا و تورکیا و چ لە هەر شوێنێکی ئەم گۆ خاکییە، من و هاوڕیشە هوشیارەکانم تا دوایین هەناسە، پاسەوانی لە ئێران و کلتورەکەی دەکەین و زمانە فارسییەکەی دەپەرەستین و سوپاسی ئەو خودایە دەکەین کە گەورەترین لوتفی خۆی پێشکەشی ئێمە کردووەو لەم کلتورەدا بەدنیای هێناوین. سوهراب پورنازری، زمانی کوردی بە میراتگری زمانی فارسی ناودەبات و دەشڵێت"شانازی بەزمانی کۆردییەوە دەکەم کە میراتگری زمانی فارسی ناوەڕاست و فارسی سەردەمی کۆنە، هاوڕیشە دلێرە کوردەکانم وەرەن با نەبین بە مەقاشی سیاسەتە جودایی خوازەکانی ئینگلیس و ئەمریکا و ئیسرائیل. بەڕادەیەکی زۆر لەم یەک سەد ساڵەدا لەیەک دووریان خستوینەتەوە، ئێرانەکەمان با بەتەنها جێ نەهێڵین". سوهراب پورنازری کوڕی کەیخەسرەوە پورنازری، ساڵی 1983 لە کرماشان، لە دایک و باوکێکی کورد لەدایک بووە، تەنبوور و کەمانچە دەژەنێت، میوزیکی بۆ چەندین هونەرمەندی نێودار ژەندووە، لەوانە محەمەد ڕەزا شەجەریان و شوجاعەت حوسێن خان، هەروەها لەگەڵ گرووپی میویزیکی کامکارانیش کاری هاوبەشیان کردووە. ماوەیەکیش سەرپەرشتیاری گرووپی هونەری نیشتمان بووە و وەکو دەنگبێژ و میوزیسیانیش لەگەڵیاندا بووە کە سەرجەمیان بە پۆشاکی کوردییەوە کاری هونەرییان دەکرد. پورنازری لە ساڵی 2016 سەردانی باشووری کوردستانی کرد و بەهۆی ئەوەی وەکو کوردێک ناسێنرا، هاووڵاتییان پێشوازییەکی نموونەییان لێ کرد و چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی میدیاییشی بۆ رێکخرا، بەڵام بەم ھەڵوێستە نوێیەی کە حاشا لە کوردبوونی خۆی دەکات، ھەوادارە کوردەکانی خۆی تووشی سەرسوڕمان کرد.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: بەرپرسی شەرعی رێکخراوی داعش لە قەزای دوزخورماتوو لە شاری سلێمانی دەستگیرکراوە. لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە: پاش دەستکەوتنی زانیاری وردی هەواڵگری لەسەر یەکێک لە بەرپرسانی داعش کە لە سلێمانی بووە و ویستویەتی بڕواتە وڵاتانی دەرەوە، لەماوەی 72 کاتژمێردا لە پرۆسەیەکدا دەستگیرکراوە. وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: ئەو کەسە لە دانپێدانانەکەیدا ڕایگەیاندوە کە بەپرسی شەرعی داعش بووە لە قەزای دوزخورماتوو و ویستویەتی لەسلێمانیەوە بڕواتە یەکێک لەوڵاتانی دەرەوە.