Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
هەواڵ
24-07-2020

حەوت وڵاتی عەرەبی نوێژی جەژنیان قەدەغە کرد

حەوت دەوڵەتی عەرەبی بڕیاریاندا نوێژی جەژنی قوربان لە سەرجەم مزگەوت و مەیدانەکاندا قەدەغە بکەن و سەرپێچی کاریش سزا بدەن. وڵاتەکان بریتین لە سعودیە، میسر، مەغریب، جەزائیر، سووریا، عێراق و ئیمارات. بەر لە هەموو وڵاتەکان وەزارەتی کاروباری ئایینی سعودییە رایگەیاند، بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، نوێژی بە کۆمەڵی جەژن قەدەغە دەکات. هەروەها حکومەتی میسریش رایگەیاندووە، کە بانگی نوێژ و سرووتە ئاینییەکەی جەژن، تەنیا لە مزگەوتی گەورەی شارەکان دەخوێنرێت بەبێ نوێژکردن. هەموو ئەم بڕیارانە بەهۆی خۆپاراستن و رێگریکردنە لە زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کە تاوەکو ئێستاش هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر جیهان

هەواڵ
24-07-2020

هەرێمی کوردستان.. ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا 12 هەزار کەسی تێپەڕاند

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوی ژمارە 150ی تایبەت بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا ئێستا 12038 کەسن. لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە" لە 24 کاتژمێری رابردوو 1989 پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراون ، 898 پشکنین لە هەولێر، 321 لە سلێمانی، 235 لە گەرمیان و 535 لە دهۆک بوون. لە ئەنجامیشدا دەرکەوت کە 222 کەس تووشی کۆرۆنا بوون. هەولێر: 101 تووشبوو سلێمانی: 64 تووشبوو گەرمیان: 43 تووشبوو دهۆک: 14 تووشبوو چاکبوونەوە 127 هەولێر 109 گەرمیان 8 هەڵەبجە 10 گیان لەدەستدان 9 سلێمانی 4 هەولێر 4 گەرمیان 1 بە گشتی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان 12038 کەسن کە 6595 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و 464 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

هەواڵ
24-07-2020

کەشناسی: سبەی بەرزترین پلەی گەرما تۆمار دەکرێت

بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی شەممە بەرزترین پلەی گەرما لە هاوینی ئەمساڵ تۆمار دەکرێ کە 47 پلەی سیلیزی دەبێت. ئەژی چەتۆ، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، سبەی شەممە بەرزترین پلەی گەرما لە هاوینی ئەمساڵ تۆمار دەکرێ کە 47 پلەی سیلیزی دەبێت، ئەو هەواڵانەشی باسی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای هەرێمی کوردستان بۆ سەرووی 50 پلە دەکەن، دوورن لە ڕاستی. ئەژی چەتۆ وتی"بەراورد بە پار، ئەمساڵ فێنکترە و رەنگە تەنیا لە ناوچەی گەرمەسێر پلەی گەرما بگاتە 50 پلەی سیلیزی".

هەواڵ
24-07-2020

چەکدارێکی داعش لەنێو ئاوارەکاندا دەستگیر دەکرێت

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، داعشێکیان دەستگیرکردووە کە لەنێو ئاوارەکاندا خۆی حەشارداوە. دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، بە پشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، توانیویانە داعشێک دەستگیربکەن کە لە نێوا کامپێکی ئاوارەکانی قەزای تەلەعفەردا خۆی حەشاردابوو. ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دەستگیرکراوەکە دانی بەوەدا ناوە کە لە چەندین شەڕی دژ بە هێزە ئەمنیەکاندا بەشداریکردووە و بڕیارە بە تۆمەتی تیرۆر دادگایی بکرێت.

هەواڵ
24-07-2020

2485 تووشبووی نوێی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکران

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری 24 کاتژمێری رابردووی تایبەت بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، 2485 تووشبووی نوێ تۆمارکراون و 90 تووشبوویش گیانیان لەدەستداوە. لە راپۆرتەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراقدا هاتووە، 1863تووشبوو لە 24 کاتژمێری رابردوودا چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

هەواڵ
24-07-2020

خۆراکی جیهانی:22.5٪ی خەڵکی عێراق هەژارن

پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی (WFP) دەڵێ" ڕێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتۆتە 22.5٪ و کێشەی سیاسیی، ئەمنی و دابەزینی نرخی نەوتیش گرنگترین هۆکارەکانن". بە پێی دوایین راپۆرتی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی، هەژاری لە عێراق گەیشتۆتە 22.5% و ئێستا عێراق لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی واتە لە رووەکانی داهات، خوێندەواری، تەندروستی و خۆراک لە سەر ئاستی 189 وڵات لە پلەی 120ـەم دێت. WFP  کێشەی سیاسی، ئەمنی، ناسەقامگیریی ئابووری، تێکچوونی دۆخی کۆمەڵایەتی بەهۆی بێکاری، خراپی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و خراپی گوزەرانی خەڵک بە هۆکاری هەڵکشانی ڕێژەی هەژاری دەزانێت.

هەواڵ
24-07-2020

سلێمانی سێ رۆژ بێ ئاو دەبێت

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دەڵێ" ماوەی سێ ڕۆژ ناتوانین وەك پێویست ئاو لە پڕۆژەی سەرچنار بنێرین بۆ گەڕەكەكان". بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا بۆ دانیشتووانی سلێمانی دەڵێ" هاووڵاتیانی شاری سلێمانی ئاگادار دەكەینەوە كە بەهۆی لێدان لە كیبڵی ژێرزەوی لە گەڕەكی ڕاپەڕین، ماوەی سێ ڕۆژە ناتوانین وەك پێویست ئاو لە پڕۆژەی سەرچنار بنێرین بۆ گەڕەكەكان، ئەمەش بەهۆی ڕاگرتنی كارەبای پڕۆژەكەمان. ئاماژەی بەوەشکردووە،  ڕۆژانە لە كاتژمێر 10:00 بەیانی بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ كاتژمێر كارەبامان نابێت، بۆیە ئەم گرفتە بەردەوام دەبێت تا چارەسەركردنی کێشەکە لەلایەن بەشی چاککردنەوەی هێڵەكانی كارەباوە.

گشتی
24-07-2020

رووبار کاکەیی کلیپەکەی لە رێگەی باڵکێشەوە بڵاوکردەوە

کچە هونەرمەندی کورد ڕووبار ڕەشید کاکەیی، بۆ یەکەمجار کلیپێکی گۆرانی لە رێگەی باڵکێشەوە بڵاو دەکاتەوە. پێشتر رووبار بە باڵکێشی راگەیاندبوو کە سوپای عێراق رێگریان لێکردووە کە بچێتە گۆڕستانی کاکەییەکان لە داقووق بۆ وێنەگرتنی بەشێکی کلیپەکەی. https://www.facebook.com/balkesh.kurdish/videos/593895487934704

گشتی
24-07-2020

هیندرسۆن بووە باشترین یاریزانی پرێمەرلیگ

جۆردان هێندرسۆن، کاپتنی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بە باشترین یاریزانی پرێمەرلیگ دەستنیشانکرا. هێندرسۆن بە دەنگی ڕۆژنامەنووس و کەسایەتییە وەرزشییەکان کرایە باشترین و بەسەر رکابەرەکانی سادیۆ مانی، محەمەد سەلاح، ڤان دایک و دیبرۆیندا سەرکەوت. ئەمڕۆ دەستەی نووسەرانی پرێمەرلیگ، بەشێوەیەکی فەرمی جۆردان هێندرسۆن، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی لیڤەرپوولی وەک باشترین یاریزانی وەرزی 2020-2019ـی پرێمەرلیگ دەستنیشانکرد.

هەواڵ
24-07-2020

دوای86 ساڵ، نوێژی هەینی لە ئایا سۆفیا کرا

دوای تێپەڕبوونی 86 ساڵ بەسەر گۆڕینی ئایا سۆفیای ئیستەنبوڵ لە مزگەوتەوە بۆ مۆزەخانە، ئەمڕۆ جارێکی تر نوێژی هەینی تێدا کرایەوە و بووەوە بە مزگەوت. ئایا سۆفیا کەنیسەیەکی دێرین بووە، ساڵی 1453 لەلایەن عوسمانییەکانەوە کرایە مزگەوت و دواتر ساڵی 1935 گۆڕا بۆ مۆزەخانە، ئەمڕۆ دووبارە وەکو مزگەوت دەرگاکانی کرانەوە و دوای نزیکەی 86 ساڵ یەکەم نوێژی هەینیی تێدا دەکرێت. عەلی ئێرباش، سەرۆکی کاروباری ئایینیی تورکیا یەکەم وتاری تێدا دەدات، لە بەر لە خۆرهەڵاتنەوە موسڵمانان لەبەردەم مزگەوتەکە دانیشتوون و چاوەڕیی کردنەوەی دەرگایان دەکرد.

هەواڵ
24-07-2020

کۆرۆنا زیانی 555 ملیۆن دیناری لە بازاڕی کوردستان داوە

وتەبێژی دەستەی گەشت و  گوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ، زیانی 555 ملیۆن دیناری لە بازاڕی هەرێمی کوردستان داوە. نادر  روستی، وتەبێژی دەستەی گەشت و  گوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، تائێستا هیچ داتایەک لەبارەی زیانەکانی گەشت و  گوزار بەهۆی کۆرۆناوە کۆنەکراوەتەوە، بەڵام زیانێکی زۆر  بەر  بازاڕ  کەوتووە. نادر روستی وتی"لەنیوەی دووەمی پارساڵ، ملیۆنێک و 850هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بۆ هەر گەشتیارێک بڕی 300 دۆلار خەرجی دانراوە، کە دەکاتە بڕی 555ملیۆن دینار زیان بەر بازاڕی هەرێمی کوردستان کەوتووە". روستی وتیشی" لە شەش مانگی ساڵی 2020دا گەشتیاری سفر بووە ".

هەواڵ
23-07-2020

ئەحمەد کانی بۆ لاهوور شێخ جەنگی: جگە لە تاڵانی چیتان بۆ سلێمانی کردووە...

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی لێدوانەکانی لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی دەداتەوە و دەڵێت" بۆ ناچی چارەسەری دەردی خۆتان بكەن و ناو ماڵتان چاك بكەن". ئەحمەد کانی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەبارەی لێدوانەکان و سەردانی لاهوور شێخ جەنگی نووسیویەتی" لەجیاتی تەنگەنەفەسی و دەنگهەڵبڕین و ڕەزاگرانی و باسكردنی هەولێر و دهۆك و زاخۆ بۆ ناچی چارەسەری دەردی خۆتان بكەن و ناوماڵتان چاك بكەن؟ لەو بیست و چەند ساڵەدا چیتان كردووە بۆ دەڤەری سلێمانی جگە لە تاڵان و سەرانەوەرگرتن و مەحرومكردنی خەڵك تاوەکو بێی باسی هەولێر و دهۆك و زاخۆ بكەی؟" رۆژی پێنجشەممە 23ی تەمووز، لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی سەردانی هەولێری کرد و رایگەیاند، چەقی ململانێی سیاسییان دەبەنە هەولێر و دهۆک و زاخۆ. دەقی نووسینەکەی ئەحمەد کانی جەنابی لاهوور لەجیاتی تەنگەنەفەسی و دەنگهەڵبڕین و ڕەزاگرانی و باسكردنی هەولێر و دهۆك و زاخۆ بۆ ناچی چارەسەری دەردی خۆتان بكەن و ناوماڵتان چاك بكەن؟ لەو بیست و چەند ساڵەدا چیتان كردووە بۆ دەڤەری سلێمانی جگە لە تاڵان و سەرانەوەرگرتن و مەحرومكردنی خەڵك تاكوو بێی باسی هەولێر و دهۆك و زاخۆ بكەی؟ چیتان بۆ زاخۆ كردووە غەیری تەقینەوە و تیرۆر و كوشتنی خەڵكی بێگوناحی ئەم شارە؟ زاخۆییەكان چاوی ئەو دەستسوورانە دەردێنێ ئەگەر بێن خێمەی شوومیان لە شارەكەیاندا هەڵبدەن. دهۆكی دەلال گەرووی هەر خاكفرۆشێك هەڵدەدڕێنێ ئەگەر چاوی تەماح و تاڵانی تێ ببڕێ. كە هەولێر لە ژێر دەستی ئێوەدا بوو چیتان بۆ هەولێر و هەولێرییەكان كرد؟ خۆ هەموومان بیرمان دێت خەڵك لە سەروماڵی خۆی دڵنیا نەبوو. لەبەر دزی و تاڵانییەكانتان خەڵك سەیارەی دەبردە سەر بانەكان بۆ ئەوەی لێیان نەدزن و كەس نەدەوێرا كاسبیی بكات نەوەك تاڵانچییەكانتان سرانەیان لێ بستینن و سامانیان بدزن. هەولێر چەقی كار و چالاكیتان بوو بۆیە لە ڕفاندن و تیرۆركردنی خەڵكی نیشتیمانپەروەر و زانا و پیاوی باشی ئەم وڵاتە دەستتان نەپاراست. كە لە هەولێر بوون خەڵكی خاوەن فكر و ئاكادیمی و زانای وەك د. محەمەد باجەڵان و د. محەمەد قەرەداغی و سلاح هەورامیتان تیرۆر كرد. خەڵكی نیشتیمانپەرورەی وەك نەقیب كەمال و محیەدین ڕەحیم و شوان عوسمان بەزاز و عەونی شاكر و...دەیانی ترتان تیرۆر كرد و ڕفاند و ژیان و ئۆقرەییتان لە هەولێر ستاند.. بە چ ڕوویەك دەتانەوەێ بێن و ئاسمانی شار تاریك بكەن؟ بڕۆن عیلاجی دەردەكانی خۆتان بكەن و بەڵا و دەنگەدەنگتان دوور بكەنەوە. هەولێر جێگە بۆ ژاوەژاو و تاڵانچیایەتی و كەڵەگایەتی ناكاتەوە. احمد کانی ٢٠٢٠/٧/٢٣

1 2 ... 1117 1118 1119 ... 1142 1143