وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 215 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 10 کەسیش مردوون. دەقی راگەیەنراوەکە ڕاگەیاندراوی (٢٤) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە (١٥١) 1. کەرەنتین: (١٣١ هاوڵاتی نوێ لە کەرەنتین) ١٥٣٠ هاوڵاتی لە کەرەنتینن لە ٢٣ شوێنی جیاواز (٣٤٧ سلێمانی)، (١١٨٣ دهۆك). 2. پشکنین: (٢٢٨١ پشکنینی نوێ) (٩٧٥ هەولێر)، (٤٢١ سلێمانی، ٢١٥ گەرمیان، ٢٢ ڕاپەڕین)، (٦٢٣ دهۆك)، (٢٥ هەڵەبجە). 3. تووشبوو: (٢١٥ تووشبووی نوێ) (٧٦ هەولێر) (٧٢ سلێمانی، ٣٩ گەرمیان، ٣ ڕاپەڕین) (١١ دهۆك) (١٤ هەڵەبجە) 4. چاکبوون: (١٤٠ چاکبوون) (١١٣ هەولێر) (٦ گەرمیان) (١٢ دهۆك) (٩ هەڵەبجە) 5. مردن: (١٠ مردن) (٣ هەولێر) (٦ سلێمانی، ١ گەرمیان) ئاماری گشتی: کەڕەنتین ٢٠٠٩٦ هاوڵاتی (١٨٥٦٦ دەرچوو) پشکنین ١٨٨٠٤٠ (٨٠٣٥٦ هەولێر، ٦١٨٦١ سلێمانی، ٤٣٩٩٢ دهۆك، ١٨٣١ هەلەبجە) تووشبوون ١٢٢٥٣ (٣٤٢٠ هەولێر، ٨٠٢٠ سلێمانی، ٣٩٦ دهۆك، ٤١٧ هەڵەبجە) چاکبوون ٦٧٣٥ (٢٥٢٤ هەولێر، ٣٥٦١ سلێمانی، ٣١٢ دهۆك، ٣٣٨ هەڵەبجە) مانەوە لە نەخۆشخانە ٥٠٤٤ (٨٠٤ هەولێر، ٤٠٨٥ سلێمانی، ٨٤ دهۆك، ٧١ هەڵەبجە) مردن ٤٧٤ (٩٢ هەولێر، ٣٧٤ سلێمانی، ٨ هەڵەبجە) بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/). وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جارێکی تر داوا دەکەین هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و دەستکێش، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢). وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ٢٥ تەمووز ٢٠٢٠
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی سەددی قەتەری تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو. چاڤی هێرناندێز، ئەستێرە و کاپتنی پێشووی یانەی بارسێلۆنا و راهێنەری ئێستای یانەی سەددی قەتەری رایگەیاند، لە یارییەکەی ئەمڕۆیاندا بەرامبەر ئەلخۆر، لە دەستپێکی گەڕانەوەی رکابەرییەکانی خولی قەتەردا ئامادەنابێت، بەهۆی ئەوەی دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان و جێبەجێکردنی پرۆتۆکۆڵی تایبەت بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی قەتەر، دەرکەوت کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە. چاڤی ئاماژەی بەوە کردووە، کە تەندروستی باش و جێگیرە. چاڤی هێرناندێز، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سەدد نوێکردەوە، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتووش سەرپەرشتی مەشقەکانی یانەکە بکات.
بڕیارە سبەی یەکشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و چەند پرسێک تاوتوێ دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت، بەڵام تا ئێستا دیارنییە فراکسیۆنەکانی گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ بەشداری دەکەن یان نا. لە بانگهێشتەکەی پەرلەماندا کە هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئیمزای لەسەر کردووە هاتووە "بۆ بانگهێشتی پەرلەمانتاران پشت بهبڕیاری ژماره(6)ی ساڵی 2020 بۆ درێژكردنهوهی وهرزی بههارهی ساڵی دووهمی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان و حوكمی بڕگهی (یهكهم) له ماددهی (19) و بڕگهی (سێیهم) له ماددهی (66) له پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی كوردستان-عێراق بەستراوە". هەروەها ئاماژه بهنووسراوی ژمارەی 1200ـی پهرلهمانی كوردستان بە ئیمزای سهرۆكی پهرلهمان له 16-7-2020 دەکات كه ئاراستهی سهرۆكایهتیی ئهنجوومهنی وهزیران كراوه و تێیدا ئاماژه دانیشتنی پهرلهمان كراوه له ڕێكهوتی 26-27-28ـی 7- 2020. هەرچەندە فراکسیۆنی پارتی بەو پێیەی لەگەڵ چەند فراکسیۆنێکی دیکەدا دەتوانن زۆرینە پێکبهێنن، سوورن لەسەر دانیشتنەکەی سبەی یەکشەممە، ئومێد خۆشنا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بە باڵکێشی وت" بەهیچ جۆرێک دانیشتن دوا ناخەین و بە بڕیاری حیزب پەرلەمان پەک ناخەین". رۆژی یەکشەممە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر پێشنیازی لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی حیزبەکە هەڵپەساردنی کارەکانی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی خستە دەنگدان و بە دەنگی 65 ئەندامی سەرکردایەتی پەسندکرا. بڕیارە ئەمشەویش فراکسیۆنەکانی گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ کۆبوونەوەی نێوخۆیی بکەن و بڕیار لەسەر بەشداریکردن یان نەکردنی دانیشتنەکەی سبەی بدەن.
دەەمویست هەر قسەکردنێک دەربارەی کارکردنم لە گۆڕاندا دوابخەم بۆ کاتێک کە هیچ هەستێکی ڕق، پەشیمانی، هاوسۆزیی و غوبنم لە بەرانبەر ئەو بزووتنەوەیەدا نەمابێت، هەرچەندە بە نزیکەیی هیچ کامێک لەو هەستانەم تێدا نەماوە، بەڵام هێشتاش پێم وایە ڕەنگە بۆ ئەو قسەکردنە زوو بێت. بزووتنەوەی گۆڕان ئەزموونێکی فرەگرنگ و بەهادارە، قۆناغێکی ئاڵتوونییە و ڕابوونی ڕۆحیی کوردانی باشوورە، کە دواتر بە جۆگەی بەرژەوەندی کەسیی و خێزانییدا دەبرێت، بۆ من بەهەڵەدابردنی گۆڕان تراژیدیی نییە وەک ئەوەی برادەران وێنای دەکەن، نا بەهادارە چونکە نەخشەی بەهەڵەدابردن و ئیستیغلالکردنمان پیشان دەدات، بزووتنەوەی گۆڕان وەکو گریمانەی هەڵە، ئەزموونی هەڵەی ناو توێژینەوەی زانستیی وایە، ڕاستە دەرەنجامە ڕاستەکەمان پێشکەش ناکات، بەڵام لەباریدایە لە سەدان بەهەڵەدابردنی دیکە بمانپارێزێت. کورتکردنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە نەوشیروان مستەفا و میراتگران و خانەنشینە ڕازیی و ناڕازییەکاندا هەڵەیە، گۆڕان پرۆژەی نەوشیروان مستەفا نییە، گۆڕان بریتییە لە کۆبوونەوەی دەیان کانی و کانیلە و جۆگەئاو کە لە وێستگەیەکیدا نەوشیروان مستەفا سەرکردایەتیی کرد، سەرەتاکەی باش و بەهێز و کۆتاییەکەشی پڕ لە هەڵە و بەهەڵەدابردن بوو. لێگاسی و میراتیی بزووتنەوەکە و ڕابەرەکەی لە ئەزموونی تراژیدیی ئوممەتی ئیسلام «Nation of Islam»ـی مسوڵمانە ئەفرۆئەمریکاییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەچێت، لێرە نەوشیروان مستەفا و کوڕەکانی، لەوێ ئیلایجا محەممەد و کوڕەکانی، لەوێ بزووتنەوەیەکی جەماوەریی بەهێز و لێرەش هەمان شت، لەوێ کۆمپانیا و موڵک و لێرەش هەمان شت، لەوێ نەوەیەکی چالاک و پڕ لە حەماسەت و لەسەرووی هەمووشیانەوە «ماڵکۆم ئێکس» هەبوون تا میراتییەکە وەربگرن و بزاڤەکە بۆ لووتکە بەرن، بەڵام دواجار میراتییەکە درا بە کوڕەکان و کوڕەکانیش بە بایان دا، لێرەش هەمان چیرۆک. ئینجا یادی ئەو ڕۆژە حەماسەخوڵقێن و پڕ لە ڕۆشناییانە پیرۆز بن، من خۆم لێیان پەشیمان نییم، بریا دەرەنجامەکانی ئاوا نەدەبوو.
تۆڕی میدیایی باڵكێش هەڤپەیفینێكی لەگەڵ سەرۆكی پارتی سەربەستیی كوردستان عارف باوەجانی دەربارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەنجامداوە و دەڵێت: ئێستا دۆخی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان زۆر خراپە و تادێت خراپتریش دەبێت و داواش دەكات پارتە كوردیەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان نەخشەرێگایەك بۆ چارەسەر و باشكردنی دۆخی كورد لە ئێران بخەنەروو. باڵكێش: دۆخی ئێستای شارە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوڕدستان لە ڕووی ئابورری و سیاسیەوە چۆنە؟ عارف باوەجانی سەرۆكی پارتی سەربەستیی كوردستان: بەداخەوە دەکرێت بڵێین کە دۆخی شارە کوردییەکان لە درێژایی تەمەنی ئەو 41 ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران، و ڕێژیمەکانی دەیان ساڵی پێشتری ئەوانیش، بەراورد بە شارەکانی دیکەی فارسی، لە بوارەکانی ئابووری و ئەمنی و سیاسیەوە خراپتر بووە. بە تایبەتیش لەم ساڵانەی کە کێشەی نێوان ئەمریکا وئێران گەیشتووەتە ئاستی بایکووتی ئابووری، و هەروەها بڵابوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژیانی ناوچە کوردییەکا چەند قات دژوارتر کردووە. لە بەر ئەوەی بەشێکی زۆری ژیانی ئەو خەڵکە لە سەر کارو کەساپەتی نێوان سنوورە دەستدرووستکراوەکەی نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستانە بەو هۆکارانەش کە باسمان کرد ئاستەنگییەکی زۆر بۆ سەر سنوورەکان درووستبووە. بەشێکی دیکەی ژیانی لاوانی کورد هەر لە سەر ئەو سنوورانە کۆڵبەری بووە، کە ئەوانیش لە سەردەمانی پێش قەدەغەی هاتووچۆش بێ بەزەییانە کەوتوونەتە بەر گوولەی پاسدارانی سەر سنوور و گیانیان لە پێناو پەیداکردنی ناون بۆ بنەماڵەکەیان بەخشیووە ، ئێستا ئەو هەموو ئاستەنگییانەش کە درووستبووە، تەواو ئاستەنگی بۆ ژیانی دارایی شارە کوردییەکانیش هەڵچنیوە. لە بواری ئەمنی سیاسییشەوە، وەک دەبینن، کە بەردەوام هەواڵی لە سێدارەدان و گرتن و بڕینەوەی بەندی بۆ چالاکوانان بڵاو دەبێتەوە کەوابێت ساڵ بە ساڵ دۆخەکە خراپتر بووەو خراپتریش دەبێت. باڵكێش: ئایا گۆڕانكارییە ڕیشەییەكانی ئێران چۆن دەبینن و پێتان وایە لە قازانجی ئێرانە؟ عارف باوەجانی: هەر جۆرە گۆڕانکارییەک بێتە ئاراوە دەسەڵاتدارانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگری لێدەکەن، و بەدژی کار دەکەن، چوون بە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ڕووخانی خۆیانی دەزانن. ڕاستییەکەشی وایە، خۆپێشاندانە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی بندەست، بە شارە فارسیەکانیشەوە ئەو پەیامەی بە گوێدا گەیاندوون، کە هەموویان درووشمیان بڕووخێت دیکتاتۆر، و ناوهێنانی دەسەڵاتدارانی باڵای رێژیم. کەوابێت ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک ڕووبدات، و خەڵک مەجاڵی هەڵوێست دەربرێنی هەبێت، کاری یەکەمیان ڕووخانی ئەو ڕێژیمە دەبێت. من لە کۆی گشتیدا دەڵێم بە بێ گۆڕانی ئەم ڕێژیمەی ئێستا. هەرگیز هیچ گۆڕانکارییەک جێ ناگرێت، من ئەو بۆچوونەشم لە وڵامی پرسیاری چەند لایەنێک کە لە کاتەکانی، دیدارم لەگەڵ زۆربەی وڵاتان و لایەنە گرنگەکان باسکردووە، کە بەشێک لەوان پێیانوابووە بە گۆڕانکاری ئێستا و مانەوەی ڕێژیمەکە، لەوانەیە ئاسانتر بێت. باڵكێش: كورد لە كویێ گۆڕانكاریەكانی ئێراندایە؟ عارف باوەجانی: کورد لە نێوان نەتەوەکانی ئەو 4 وڵاتە داگیرکەرەدا، هەمێشە ناو و ژمارەیەکی دیارو بەرچاو بووە، هەم لە ئاست سیاسیدا و هەم لە ئاست بەرەنگاری لە بەرامبەر ڕێژیمیە دیکتاتۆرەکاندا. لە خۆرهەڵاتی کوردستانیش هەم نەتەوەی حاکم و هەم نەتەوەکانی دیکەی بندەستیش هەموویان قورسایی کورد باش دەزانن، بەڵام ئەگەر کورد بۆ خۆی تێکی نەدا؟. بێگوومان کورد یەکێکە لە نەتەوە بەرچاوەکانی ئێستاش و دواڕۆژی گۆڕانکارییەکانیش لە ئێراندا، بەڵام بە مەرجێک یەکگرتوو یەکگووتار بێت. باڵكێش: پێویستە كورد چۆن بۆ دۆخی نوێی ئێران خۆی ئامادە بكات؟ باوەجانی: کورد دەتوانێت بە یەکگووتاری و یەکدەنگی خۆی وەک نەتەوەیەکی زیندوو ئامادەبکات بۆ هەر ئەگەر و گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا. پێویستە وەک سەردەمانی شۆڕشی ١٩٧٩ کە یەک دەنگیی بە شاندی هاوبەشەوە لەگەڵ خومەینی دیالۆگیان هەبوو، بۆ ئایندەش هەر لایەنێک خۆی بە نوێنەری گشتی نەزانێت، و پێویستە لێژنەیەکی هاوبەشی کوردستانی پێک بهێنرێت، بەو کارشیان لە ئاستێکی گەورەدا پێشوازیان لێدەکرێت. ئەگەر لایەنە کوردییەکان یەکدەنگ ببن، تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پشتیوانیان دەبن، بێگوومان کاتێک نەتەوەکەشت لە پشت بێت، هەم زلهێزانی ناوچەکەو هەم بە نەتەوەکانی دیکەی بندەست، هەروەها ئەوانەش کە بە ناو ئوپۆزوسیونی دەسەڵاتن، و بە کردەوە سەرتاسەریخوازن ناچار دەبن، ڕێز لە قورساییت بگرن و نەتەوانن داواکارییەکانت بە کەم بگرن. نەتەوەیەکی گەورەی وەک کورد، ئەم هەموو ساڵە خەبات و خوێندانە، بۆ هەموو لایەک شاراوە نییەو، پێگەو قورسایی خۆی هەیە. باڵكێش: هەماهەنگی نێوان حزبەكان لەسەر ئاستی باڵا تا چ ڕادەیەك باشە؟ عارف باوەجانی: ئەوەی کە لە ئێستادا هەیە جێگەی دڵخۆشییە، کە مەترسی ڕووداوی ناخۆش و شەر بە دژی یەک نەماوە، دەکرێت بڵێین لە ئێستادا دۆخەکە لە ناو لایەنە کوردییەکان بە باش دەبینرێت، شەڕی ڕاگەیاندن و دژە یەک کەم بووەتەوە. لایەنی ٢ دیمۆکرات و ٢ کۆمەڵە پێکەوە لە ناوەندێک کاری هاوبەشیان هەیە، و بەو هیوایە ئەو کارە هاوبەشە ئاسانتر بکرێت، و دەرگاکەی بە ڕووی زۆربەی لایەنەکانی دیکەی کوردستانێشدا بکرێتەوە، بە بەشداری گشت لایەنەکان ماناو مەفهوومێکی گشتی نەتەوەیی دەدات بە کارەکە. وەک وتم باشە، بەڵام ئەو باشییە کاری زیاتری ماوە بۆ ئەوەی خراپ نەبێت. باڵكێش: پیویستە لایەنە كوردیەكان چۆن خۆیان بۆ ئێران ئامادەبكەن؟ باوەجانی: من پێموایە پێویستە کورد پێش لە ئێران خۆی بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان زیاتر ئامادە بکات، واتە کاتێک چووینەوە لە پلەی یەکەم لە هەوڵی ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی خۆرهەڵاتی کوردستان بین، نەک وەک ئەزموونەکەی باشوور بچن بەغدایەکی وێران چاک کەنەوەو دواتر هەر ئەوانەش ببنە دووژمنی سەرسەختی گەلی کورد لە باشوور، و بەردەوام بووجەی مووچە خۆران ببڕن و ئاستەنگی بۆ سەر ئاشتی وئارامی باشووری کوردستان درووست بکەن. ئەگەر تارانیش پێش کوردستان ئاوەدان بکەنەوە، ئەوا بێگوومان هەروەک سەردەمی خومەینی یەکەم مەشقی هێزەتازەکەی ئێران، پەلاماردانی کوردستان دەبێت. من پێموایە کورد شاندێکی هەڵبژێراو، پێکهاتوو لە نوێنەری هەموو لایەن و پێکهاتەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانی درووستبکات، بۆ دیالۆگ لەگەڵ ناوەند و چاودێرانی وڵاتان لە ناوچەکەدا، ئیتر ئەو شاندە نوێنەرایەتی کورد بکات، وەک پێویستیشە کورد واز لە فیدراڵی و خودموختارییە گەڕەکییەکە بێنێت، کورد دەبێت داوای مافی تەواوی خۆی بکات، جا با ئەو کات بە گەرەنتی وزەمانەتی نێونەتەوەیی بە هێندێک شتی کاتی ڕازی ببێت. ئێمە دەبێت ئەوە بە هەند وەرگرین، لە کاتی شێواندنی ئەم ڕێژیمە کە زیاد لە٤٠ ساڵە فیتنەی و هەژاری چاندووە، ئاڵۆزییەکی زۆر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش درووست دەبێت، ئەگەر بەرگری نەکرێت تاڵانی و ڕەشە کووژی و برسێتی درووست دەبێت. بۆیە بە بۆچوونی من کورد پێویستە هێزێکی پووختەی نێشتیمانی پێک بهێنێت، کە ئەمنییەتی هەموو سنوورەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بپارێزێت. بە کورتی و پووختی دەبێت، خەمی یەکەمان ئاگاداری لە خۆرهەڵاتی کوردستان بێت.
پارێزگاریی هەولێر ڕایگەیاند هاوكاریی تەواوی خاوەن دووكانە سوتاوەكانی دوێنێی هەولێر دەكەن و هەوڵی تەواو دەدەن لە نزیكترن كاتدا تەواوی بەدواداچونەكان تەواو بكەن. لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، فرسەت سۆفی، پارێزگاریی هەولێر ڕایگەیاند: لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگایی هەولێر كۆبونەوەیان كردووە و كار لەسەر ئەوەدەكەن لە نزیكترن كاتدا هاوكاریی تەواوی خاوەن دووكانە سوتاوەكانی هەولێر دەكەن و ڕێگە نادەن مافی هیچ كەسیش لەو رووداوەدا بفەوتێت. پارێزگاریی هەولێر وتیشی: هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە رووداوێکی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکیان پێکهێناوە تاوەکو لەگەڵ نوێنەرانی کاسبکاران و دووکانداران کە ئەنجوومەنێکیان پێکهێناوە کاربکەن بۆ ئەوەی شوێنێکی "شایستە" بۆ ئەو دووکاندارانە دابین بکەن. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڵێنی پێی داوە، "تەواوی خزمەتگوزارییەکانی ئەو شوێنە نوێیە، لە ئاو و ئاوەڕۆ، رێگەوبان و کارەبا دابین بکات. تاوەکو جارێکی دیکە رووداوێکی لەو شێوەیە دووبارە نەبێـەوە
رێواس فایەق، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان بە بۆنەی یادیی 11 ساڵەی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پەیامێك ئاڕاستەی بزوتنەوەكە دەكات و دەڵێت: دامهزراندنی بزوتنهوهی گۆڕان له ههلومهرجێكدا بوو، كه ئۆپۆزسیۆن وهك تهواوكهرێكی پایه و ستوونهكانی دیموكراسی و پێویستییهكی قۆناغهكه هاتە بوون و ئەزموونی ههرێمی کوردستانی گەشاندەوە. دەقى پەیامەکە: بهڕێز کاک عومهری سهید عهلی، ڕێكخهری گشتیی بزوتنهوهی گۆڕان بهڕێزان ئهندامانی خانهی ڕاپهڕاندن و جڤاتی نیشتمانیی بزوتنهوهی گۆڕان بهبۆنهی 11 یازدهمین ساڵهی دامهزراندنی بزوتنهوهی گۆڕان گهرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستهی بەڕێزتان و سەرجهم ئهندامان و ههڵسوڕاوانی بزوتنهوه تێكۆشهرهكهتان دهكهم. ههر لهم یادهدا سڵاو و دروود بۆ ڕۆحی ڕهوانشاد نهوشیروان مستهفا، داینهمۆی فیكری و سیاسیی بزوتنهوی گۆڕان و خەباتی ڕزگاریخوازی میللەتەکەمان ئەنێرین. دامهزراندنی بزوتنهوهی گۆڕان له ههلومهرجێكدا بوو كهئۆپۆزسیۆن وهك تهواوكهرێكی پایهو ستوونهكانی دیموكراسی و پێویستییهكی قۆناغهكه هاتە بوون و ئەزموونی ههرێمی کوردستانی گەشاندەوە. ئومێدهوارم ئهم یاده ببێتهمایهی لێكنزیكبوونهوهی زیاتری هێزه سیاسییهكانی كوردستان و قووڵبوونهوهی پهیوهندییهكان و یهكڕیزیی نێوماڵی كورد، ڕووبهڕووبوونهوهی ئاستهنگهكان و زاڵبوون بهسهر قهیرانه سیاسی و ئابوورییهكانی كوردستان، پارێزگاریكردن لهدهسكهوتهكانی ههرێمی كوردستان و قهواره دهستوورییهكهی، تێپهڕاندنی ئهو تهنگهژه سیاسی و ئابوورییە ناوخۆییەی كهبهرۆكی گرتووین. دووباره پیرۆزباییتان لێدهكهم، هیوای بهردهوامی و سهركهوتنتان بۆ دهخوازم.. د.ڕێواز فایهق سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان 2020/7/25
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 11مین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پەیامێكی ئاراستەی رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کرد و رایگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان وەک لایەنێکی گرنگی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی دیاری لە بزووتنەوەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا هەیە. ئومێدەوارم بە هەماهەنگیی و هاوکاریی گشت لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێم، حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت کارنامە چاکسازییە هەمەلایەن و گشتگیرەکەی، بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات. دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان:.. بەڕێز عومەری سەید عەلی ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان. بەڕێزان ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان . بە بۆنەی یازدە ساڵەی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و ئەندام و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. بزووتنەوەی گۆڕان وەک لایەنێکی گرنگی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی دیاری لە بزووتنەوەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا هەیە. ئومێدەوارم بە هەماهەنگیی و هاوکاریی گشت لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێم، حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت کارنامە چاکسازییە هەمەلایەن و گشتگیرەکەی، بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات و هەموومان بەیەکەوە، پارێزگاریی و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانمان لە عێراقی فیدراڵ و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بکەین . مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2020/7/25
بڕیارە سبەینێ یەكشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بكات و لەلایەن بەرپرسانی باڵایی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێبكرێت. تۆڕی میدیایی باڵكێش زانیویەتی، سەردانەكە بەشێوەیەكی فەرمیی دەبێت و لە ئاستی باڵادا و بەشێوەیەكی پرۆتۆكۆڵی لە كۆشكی سپی پێشوازی لە مستەفا كازمی دەكرێت و پێدەچێت سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپیش ببینێت. پرسیی رێككەوتنەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق و مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە و هەروەها سەردانی كازمی بۆ تاران بەشێك دەبن لە گفتوگۆكانی نێوان كازمی و بەرپرسانی باڵای كۆشكی سپی. ئەم سەردانەی كازمی بۆ واشنتن لەكاتێكدایە پێشتر كازمی سەردانی تارانی كرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێراندا كۆبوەوە و تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگ بە عێراق و ئێرانەوە كرا، هەرچەندە بڕیاربوو كازمی پێش تاران سەردانی ریازی پایتەختی سعودیە بكات بەڵام بەهۆی نەخۆش كەوتنی شای سعودیەوە سەردانەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا. مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دوایی دەستبەكاربونیەوە گەڕێكی گەشت و سەردانەكانی بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئەمریكا و ئەوروپا دەستپكردووە بە مەبەستی پتەوكردنەوەی پەیوەندیەكانی نێوانیان.
بەبۆنەی یادی 11 ساڵەی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان ، هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی گەورەیە و یادی دامەزراندنی بزوتنەوەكەش 25-7 ڕۆژی هەستانەوەی هەستی ئینسانیی، مەدەنیی، نیشتمانیی و ڕۆژی دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن و لەخەوڕاچڵەکینی دەسەڵاتە تەقلیدیییەکانە. د. هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت: لە ڕۆژیی داەزراندنی گۆڕاندا بۆئەوەی گۆڕان بەهەمان بیرو بڕواو باوەڕو وتارو ڕەفتارو ڕوئیا، بەهەمان گیان و بەرنامەو ئامانجەوە بەردەوام بێت، پێویستمان بە نەوشیروانبوونە ودەبێت هەموومان ببینە نەوشیروان مستەفا. دەقی پەیامەکە: ڕۆژی هەستانەوەی هەستی ئینسانیی و مەدەنیی و نیشتمانیی، ڕۆژی ئیرادەی گشتیی و موکوڕبوون و شێرگیریی لەسەر دادپەروەریی و ئازادیی و سەروەریی یاساو حکومەتی هاووڵاتیی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکترو شەفافیەت و لێپرسینەوە. ڕۆژی بەخۆداچوونەوەی نیشتمانیی و ئەجێنداو پڕۆژەو پاکێژی نیشتمانیی. ڕۆژی بەیەکەوەبوون و کۆبوونەوەی هەموو جیاوازو ناکۆکەکان بۆ ئامانجە گشتیی و مەزنەکان. ڕۆژی دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن و لەخەوڕاچڵەکینی دەسەڵاتە تەقلیدییەکان. ڕۆژی گۆڕانکاریی لە خودو لە کەس و لە دەستەو لە کۆمەڵ و لە کۆمەڵگا. ڕۆژی دروستکردنی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی مەدەنیی و پەرلەمانیی و هەڵبژاردنی دەنگ و ڕەنگی ڕاست و ڕەواو دیاری هاووڵاتیان بۆ شاڕێی گۆڕانکارییەکان. ڕۆژی کۆتاییهێنان بە خۆسەپێنیی و خۆپەرستیی و کودەتاو شەڕی ناوخۆو براکوژیی و ململانێ خوێناوییەکان. ڕۆژی داگیرساندنی ئەو مۆمانەی دەسوتێن و هەموو دنیا ڕۆشن دەکەنەوە، ڕۆژی خۆنەویستیی و بەخشش و خۆبەخشیی. لەم ڕۆژەدا سڵاو لە نەوشیروان مستەفا و هەموو ئەوانەی بەیەکەوە کۆبوونەوە بۆئەوەی پەرتیی و نەهامەتیی و نادادیی و چەقبەستوویی و بێمتمانەیی و نائومێدی و ترس و تۆقاندن و بێدەرەتانی، تێبپەڕێنن. سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی پشتیوان و قەڵغان و هاودەنگ و هاوکارو هەماهەنگ و هەڵسوڕاوی (گۆڕان) بوون. لە ئەمڕۆدا بۆئەوەی گۆڕان بەهەمان بیرو بڕواو باوەڕو وتارو ڕەفتارو ڕوئیا، بەهەمان گیان و بەرنامەو ئامانجەوە بەردەوام بێت، پێویستمان بە نەوشیروانبوونە، بە ژیاندنەوەی گیانی گۆڕانکاریی ڕاستەقینەیە لە خۆماندا پێش ئەوانی تر، گۆڕانبوون تەنها پەیوەست نییە بە گردەکەی گۆڕانەوە، گۆڕانبوون وابەستەی هەموو ئەو کەس و ئیرادەو بیرکردنەوە سترایتیژیی و دوربینی و خەڵکبینی و دنیابینی و ڕێکخستن و ئاراستەکردنی حوکمڕانیی و کایە ئارامیی و ئاسایش و ئاشتیی و ئابوورییانەیە کە کۆمەڵگاو نەتەوەو نیشتمان بەرەو باشتر، بەرەو چاکتر بەرەو، جوانترو شایستەترو شایانتر دەگۆڕن، ئیتر لە هەر پنتێکی ئەم گەردونەدا بن، گۆڕان بووبن یان نەبووبن، دڵشاد بووبن یان دڵشکاو، نزیک بن یان دوور، بیانەوێت یان نەیانەوێت، بەیاربن یان نەیار، لە هەرکوێ بن، گۆڕانن؛ بۆئەوەی مرۆڤ و ژیان و سیستم و دنیا بگۆڕن، نەک تەنها هێزێکی سیاسیی تر بخەنە سەر خەرمانی بێبەرەکەتی حیزبایەتی لە کوردستاندا. بەرزو پیرۆز بێت یادی پڕ یادەوەریی و هیوابەخشی نیشتمانیانەی بزوتنەوەی گۆڕان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پەیامێک ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان و ڕێکخەری گشتی دەکات و دەڵێت:" دۆخی نالهبار و كێشه و قهیرانهكان كه بهرۆكی كوردستانیان گرتووه، یهكڕیزی و تهبایی و پیكهوهیى له ههموو لایهك دهخوازێت تا بتوانین ئهم قۆناغه سهخته تێپهڕێنین". بهڕێز عومهری سهید عهلی، ڕێكخهری گشتی بهڕێزان ئهندامی خانهی ڕاپهڕاندن و جڤاتی نیشتمانيی بزووتنهوهی گۆڕان له يادى یازده ساڵهی دامهزراندنی بزوتنهوهی گۆڕاندا، به گهرمى پیرۆزبایی له بهڕێزتان و ئهندامان و لایهنگرانی بزووتنهوهكهتان دهكهم، هیوای بهردهوامی و پێشكهوتنتان بۆ دهخوازم. بزووتنهوهی گۆڕان ههر له دامهزراندنیيهوه لهسهر دهستی خوالێخۆشبوو نهوشیروان مستهفا كه لهم یادهدا سڵاو بۆ گیانی دهنێرین و یادی دهكهينهوه، ڕۆڵێكی دیاری له كایهی سیاسیدا گێڕاوه، ئێستاش لایهنێكى كاریگهر و سهرهكیی پێكهاتهی حكوومهت و پرۆسهی سیاسیی كوردستانه، ههڵوێستهكانیشی بهرپرسیار و خهمخۆرانهن. هیوادارم ئهم یاده گوڕوتینی زیاتر بداته تێكۆشانی سیاسيی بزووتنهوهكهتان لهپێناو ئامانجه ڕهواكانی گهلهكهماندا، ئهم بۆنانه ببنه دهرفهتى قووڵكردنهوهی گیانی هاوكاری و پتهوكردنی هاوخهباتی و دهستگرتنی كۆی لایهنه تێكۆشهرهكانی كوردستان به نهگۆڕ و ئامانجه نیشتمانی و بهرژهوهندییه باڵاكانی گهلهكهمانهوه. دۆخی نالهبار و كێشه و قهیرانهكان كه بهرۆكی كوردستانیان گرتووه، یهكڕیزی و تهبایی و پیكهوهیى له ههموو لایهك دهخوازێت تا بتوانین ئهم قۆناغه سهخته تێپهڕێنین، گهلهكهمان له قهیران و كێشهكان دهرباز بكهین، پارێزگاری لە قەوارەی دەستووريی هەرێمی کوردستان بکەین و هەنگاوی زیاتر بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بنێين. دووباره پیرۆزباییتان لێدهكهم و هیوای سهركهوتنتان بۆ دهخوازم. نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان 25/7/2020
سەرۆكی فركسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەیەكی گەورەیە و نە لە گەندەڵی تێوە گلاوە نە لەو پرسە تێوەدەگلێت، وە كەسیش بەڵگەی نییە كە بزوتنەوەكەیان تێكەڵی دۆسیەیی گەندەڵی بكات.عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی یادی 11 ساڵەی دامەزراندنی بزوتنەوەی كۆرانەوە رایگەیاند: ئێستا گەندەڵی، قاچاخی، زوڵم و نادادی ئێستا لە ھەموو کات زیاترە، ھیچ کەسێک بەڵگەیەکی نیە گۆڕان لە گەندەڵی و زوڵم تێوەگلابێت، بەڵام بەردەوامبوون لەم شێوە حوکمڕانیەی ئێستاو ئەنجامنەدانی چاکسازی و پەیوەست نەبوونی پارتی بە ڕێککەوتنی چاکسازی، زیانی گەورەیە بۆ بەرنامەی گۆڕان. عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت:، کاک نەوشیروان دەورێکی باڵاو مێژووی ھەبوو لە دروستکردنەوەی متمانەدا،ئەو کۆچی کرد، نابێت گۆڕانیش بە تەنیا لەسەر ئەو ڕابردوەی کاک نەوشیروان بێت، دەستگرتن بە ڕێبازی کاک نەوشیروان ھەنگاوی ئازایانەی دەوێت.ئەمڕۆ 11 ساڵ بەسەر دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا تێپەڕ دەبێت و لە ئێستاشدا بزوتنەوەی گۆڕان لە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە و بەشێك لە پشكەكانی حكومەت لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەڕێوەدەبرێن.