Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
بیروڕا
28-07-2020

خودنەفرەتی: رەیسیزمی ناوەکی

مەریوان وریا قانیع چەمکی خودنەفرەتی بە دونیای کوردی ناساند. چەمکێک لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زۆر پێویستمان پێیەتی بۆ خوێندنەوەی خود. یەکێک لە دەقە باڵاکانی بواری خودنەفرەتی کتێبی پێستی ڕەش و ماسکە سپیەکانی فرانز فانۆنە. لە ساڵی ١٩٥٢ فانۆن تەمەنی تەنها ٢٧ ساڵ بوو. بە زمانێکی ئێجگار شاعیریی و دڵتەنگ و جەستەیەکی پڕ لە ئەزمونەوە، بە میتۆدێکی تێکەڵی زانستی و سایکۆئەنالیسیس و شیعریی و ئەدەبی کتیێکی دەگمەن دەنوسێت بە ناوی پێستی ڕەش و ماسکە سپییەکان. فانون لە سەرەتادا پۆلێنکارییەک دەکات. ئەم پۆلێنکارییە بۆ ئێمە بە سودە. ئەم پۆلێنکارییەی لە سەر ئەوە بونیادناوە کە مرۆڤ هەیە و مرۆڤ یان پیاوی ڕەشیش. کەواتە ڕەشبون بەشێک نیە لە مرۆڤبون. لە پەرەپێدانی ئەم میتۆدەدا فانۆن مرۆڤی سپی و مرۆڤی ڕەش وەها وێنادەکات کە هەردوو لە دونیای تایبەتی خۆیاندا گیریانخواردوە. ئەم دۆخە پلەبەندییەک دروست دەکات، مرۆڤێکی باڵا کە سپی پێستە، مرۆڤێکی خۆبەکەمزان و خۆدنەفرەت کە ڕەشپێستە. ئەم دۆخە لە ژیانی ڕۆژانەدا لە میانەی زمان و دەربڕین و تیلە و دایەلێکت و مامەڵە و ئاگاییەوە دەردەبڕێت و خۆی دوبارەدەکاتەوە و خۆی پتەودەکات. لە نێوان ئەم دوو جۆرە مرۆڤەدا دوو پانتایی هەیە، پانتایی سپی بواری بە بون دەدات و پانتایی ڕەشپێست بوار بە بون نادات. بەو مانایە، ڕەشپێست لە دۆخی نەبودایە. لە دۆخی خۆ سڕینیەوە، خۆ نەفرەتکردن. لە نێوان ڕەشبون و کوردبوندا هاوبەشی زۆرە. ڕەش ئەو کەسەیە کە نیشتەجێی دونیایەکە کە پێویستە تیایدا لە ناوببرێت. ئەم مێژوی سەد ساڵی ڕابوردوی کوردە. لە سەرەتای سەدەی بیستدا کاتێک تورکەکان پێویستیان بە پشتیوانییە، ئەفسەرەکانیان دەگەنە ئەو باوەڕەی کە دەتوانن سود لە بازوی کورد ببینن بۆ شەڕکردن. لەم ڕوانگەیەوە دەیانهێنن و ڕێکیاندەخەن و دەیانکەنە بەشێک لە سوپاکەیان. بەڵام ئەوان کورد کاتێک بە کەسێکی بە سود دەزانن کە لە هەموو پاشخانێک و تایبەتمەندییەک و کەلتور و مێژویی دابرابێت. بە مانایەکی تر پرۆسەی سڕینەوەی کەلتوریی و سڕینەوەی جەستەیی ئەوەی کە بەرگری دەکات لەم پرۆسەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەیەک و کۆنتر لەوەش. ئەم بە میتۆدی جیاواز لە عێراق و سوریا و ئێراندا بەڕێوەدەچێت. ئەگەر نەفرەت لە ڕەش و پاشان نەفرەتی ڕەش لە خۆی دەرئەنجامی کۆلۆنیالیزم و رەیسیزمە ئەوا بە هەمانشێوە کوردبون و نەفرەت لە کوردبون دەرئەنجامی هەمان پرۆسەیە. ئێمە ڕۆژانە ڕوبەڕووی نوکتە و سوکایەتی و دژایەتی و گاڵتەپێکردن دەبینەوە لە لایەن کوردەوە بۆ کورد خۆی. لە ئەم پرۆسەیەدا چێژێک هەیە. چێژێکی باڵا. کاتێک کوردبون مایەی نەفرەتە لە لایەن ئەوانیترەوە، مایەی گاڵتە و سوکایەتییە، ئەوا پیادەکردنی ئەمە کەسی کورد بۆ ساتەوەختێک لە خودی خۆی دادەبڕێت و بە زمان و لەزەتی ماستەرەکەی دەدوێت. لە میانەی ئەم پرۆسەیەدا مرۆڤی کورد خودی خۆی کۆلۆنی دەکات. خۆ دەبێتە کوێخاکەی و ئیتر لە ئاستی دەرونیدا وەها هەست دەکات چیدی ئەو مرۆڤە کوردە نەفرەلێکراوەکە نیە، بەڵکو ئەو بەشێکە لە نەفرەتکەران. دیارە هەمیشە ئەستەمە خۆت وەک نەفرەتلێکراو ببینیت، هەمیشە دەسەڵاتبەخش و چێژبەخشە کاتێک خۆت بە نەفرەتلێکەر دەبینیت. بەشێکی زۆری رەیسزیم یان پرۆسەی جوداکاری نیوان مرۆڤەکان لە سەر هەر بنەمایەک بێت، لە بنەمای چێژوەرگرتن لە پیادەکردنی ئەو پرۆسەیەوە دێت. زمانی فاشیستەنوێکان و نازییەکان و کۆڵۆنیالیستەکان پڕە لە جنێو، لە سوکایەتی، لە پیادەکردنی دەسەڵات. خودنەفرەتەکانی کورد بە هەمانشێوە بە هەمان زمان و باری دەرونی دەدوێن. جیاوازی گەورەیان ئەوەیە کە کەسی کوێخا لە واقیعەوە دەوێت و کەسی خودنەفرەت لە وەهمەوە. کەسی خودنەفرەت زۆر بە هەموو جۆرە بەرگرییەک و داننان بە بوندا قەڵس دەبێت. ئەو دەیەوێت بێدەنگیەکی تەواو بەرامبەر ماستەرەکان بەرهەم بهێنێت. هەرکاتێک باسی کوێخاکەی بکەین دەڵێت باسی خۆت بکە. ئەو دەیەوێت بەردەوام کەسی خودنەفرەت لە قۆزاخەی خودنەفرەتیدا بمێنتەوە و چاوی بە دونیا هەڵنەیەت. خودنەفرەتی ڕەخنەنیە، چونکە ڕەخنە پرۆسەیەکی ئێجگار مرۆیی باڵایە بە ئامانجی کرانەوە، جوانکردن و مرۆڤاندن. هەرچەندە لە ڕاستیدا من کێشەی زۆرم لە گەڵ چەمکی مرۆڤ و هیومانیزمدا هەیە. گەر لە ڕابوردودا پارادایمی دینی باڵابوو کە تیایدا خودا سەنتەر بوو، مرۆڤ خەلیفەی بوو، ئەوانیتر هەموو بۆ خزمەتی مرۆڤ دروستکرابو و مرۆڤیش کۆیلەی خودابوو، ئەوا لە پارادایمی هیومانیزمدا خودا مرد، مرۆڤ بوو بە سەنتەر، بەڵام مرۆڤ سەرجەم مرۆڤەکانی دونیا لە خۆی ناگرێت، بۆ ئەمە نمونەی بێشومار هەیە لە مێژوی نوێدا. ئەم مرۆڤ سەنتەرییە بوو لە ڕوانگەیەوە بوو کە مرۆڤ دەبێت سروشت کۆنترۆڵ بکات، دەرئەنجامی ئەمە ئەوەبوو کە ژینگە وێران بوو، سروشت و ئاژەڵەکان بەرەو نەمان دەڕۆن. بەڵام نوکتەیەکی دڵتەنگ لە هەناو هیومانیزمی کوردیدا هەیە، کە ئامانجی سەرەکی دژایەتی کوردە. کاتێک هیومانیزم جێگای کوردی تیادانەبێتەوە، ئەوا جێگای زۆری تری وەک کوردی تیادانەبێتەوە، کەواتە هیومانیزم لەم ڕوانگەیەوە هیچ نیە جگە لە پرۆسەیەکی بەرفراوانی ڕەگەزپەرستی. ئەمەشە کە لە سەدەی ڕابوردودا زۆر ئاسایی بوو کە مرۆڤ بکرێتە مایەی تاقیکردنەوە بۆ زانینی کاریگەری چەکی ئەتۆمی و هایدرۆجینی، تەنها لە بەرئەوەی ئەو مرۆڤانە سپی پێست نەبوون. خودنەفرەتی کوردی چەندین ئاستی هەیە: کوێخاکانی کورد زۆرجار هەوڵی ئەوەیان داوە کە چۆن لە کوێخاکانی ئەوانیتر بچن. زۆرن ئەو سیاسی و کەسایەتییە کوردانە کە خۆزگەیان دەخواست و دەخوازن کە کوردنەبن، وەها بە خۆیان دەڵێن ئەگەر کورد نەبونایە ئەوا دەبونە کەسێکی باڵاتر. ئەمە ئەمڕۆ لە هەناو چینی سیاسی و ڕۆشنبیری کورددا زۆر باوە. توێژێکی تری خودنەفرەتان خەڵکانی خاوەن ئایدەلۆژیا گەورەکانن، ئیسلامییە نوێکان، چەپەکان، هەندێک لەوانەی کە ئەم پاشخانەیان هەیە و سەرگەردان بوووون. بەڵام ئێستا خودنەفرەتی خەریکە دەبێتە کەلتوری گشتی. دیارە ئەمە دیاردەیەکی کاتییە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بۆچی گەلانی دەروبەری کورد، فارسەکان، عەرەبەکان، تورکەکان، کە هەمویان بە دەست دەسەڵاتدارانیانەوە دەناڵینن بەڵام بە هیچ شێوەیەک نەفرەت لە خۆیان ناکەن. سورییەکان، لوبنانیەکان، عەرەبە عێراقیەکان، یەمەنیەکان، سۆمالیەکان، میسرییەکان. زۆری تریش. گەندەڵی و شکستی کوردی دەگمەن نیە. دونیای سێ، بە داخەوە سیخناخە بە شکست و گەندەڵی. بەڵام بۆ ئەوەی بەرگری ئەمە بکەین دەبێت بروات بە خۆت بێت، ئەڵتەرناتڤیت هەبێت، نەک ببیتە کەسێک کە نەفرەت لە خۆت بکەیت و بە دوای ئەوەدا بگەڕێیت کە لە دەرەوە ڕزگارکەرێک بێت ڕزگارت بکات. بروابون بەوەی کە ڕزگارکەرێک هەیە، بەڵام ئەو ڕزگارەکە کوردنیە، کورد توانای نیە ڕزگارکەری خۆی بێت، دروستکردنی دۆخێکە کە تەنها شکست و بێدەسەڵاتی و خۆخواردنەوە و دڵتەنگی بەرهەم دێنێت، لە ئەنجامدا درءژەدان بە دۆخەکە و ملکەچبون. زۆرن ئەوانەی کە ڕۆژانە هەوڵدەدەن بە مرۆڤی کورد بڵێین کە هەموی خەتای خۆتە. تۆ کاتێک ڕزگار دەبێت کە ببیتە کەسێکی تر، بونەوەرێکی تر، خۆت لە کوردبونت پاکبکەیتەوە، وەک چۆن خۆت لە پیساییت پاک دەکەیتەوە.

بیروڕا
28-07-2020

لە ”گرێی خۆ بەکەم زانین“ ەوە بۆ ”ڕقبوونەوە لە خود“

گرێی خۆ بەکەم زانین“ و وێناکردنی خود وەک بوونەوەرێکی کەمتر و نزمتر و کەمنرختر لەوانیتر، ھەمان شت نییە وەک گرێی ”ڕقبوونەوە لە خود“، واتە وەک”خودنەفرەتیی“. بینینی خود وەک شتێکی کەمتر و نزمتر لەوانیتر، یەکسان نییە بە ڕقبوونەوە لەو خودە خۆی و وێناکردنی وەک شتێکی بۆگەن و قابیلی نەفرەتلێکردن. یەکەمیان دۆخێکی گشتییە و لە ڕووی مێژووییەوە بەرھەمی تەماھیکردنە لەگەڵ ستەمگەران و داگیرکەران و پرۆژەی کۆلۆنایلزیمدا، واتە بەرھەمی پەیوەندیی خودە بە ئەوانیترەوە، بە ناوەکیکردنی ڕوانینەکانی ئەویترێکی دەرەکییەیە بەرامبەر بە خود، ھەرچی دووھەمیانە، واتە ھەرچی ڕقبوونەوە لە خود، یان خودنەفرەتییە، بەرھەمی پەیوەندیی خود نییە بە ئەوانیترەوە، واتە پەیوەندییەکەی دەرەکیی نییە، بەڵکو بەرھەمی پەیوەندیی خودە بە خود خۆیەوە، سەیرکردن و ھەڵسەنگاندنی قێزەوانانەی خودە بۆ خۆی لە غیابی ڕاستەوخۆی ئەویترێکی دەرەکیدا. بەم مانایە خودنەفرەتیی چەند ھەنگاوێکی ئەولاتر و قووڵتری پەیوەندیی نێگەتیڤی خودە بە خود خۆیەوە. لە ڕقبوونەوە لە خوددا ھەستکردن بە کەمبوون بەرامبەر بەوانیتری دەرەکیی، گۆڕاوە بۆ پەیوەندیی ناوەکیی ڕقبوونەوەی خود لە خود خۆی. خودنەفرەتیی جۆرێکە لە نەفیکردنی خود و سڕینەوەی، نمایشکردنییەتی وەک شتێک کە شایستەی ژیان نییە. زۆر لەوە بەددترە جێگەیەکی لەسەر زەوی ھەبێت، نەفرەتێکەو پێویستە لێیڕزگاربین. بەم مانایە قۆناغی خودنەفرەتیی قۆناغێکی تەواو ترسناکتر و پڕکێشەترە لە قۆناغی خۆبەکەمزانین، ئەگەر لە دۆخی خۆبەکەمزانیندا پێویستت بەوانیتر ھەبێت بۆئەوەی لەوەدڵنایبیت کە تۆ بچووکتر و کەمتریت، لە دووھەمیاندا ئەم بوونەوەرە دەرەکییە پێویست نییە و نەفرەتەکە بووە بە میکانیزمێکی ناوەکیی سەربەخۆ. گواستنەوە لە گرێی ”خۆ بەکەم زانین“ەوە بۆ گرێی ”خودنەفرەتیی“ لە دونیای ئێمەدا لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕووئەدات. لەوکاتەوە کە تیایدا دۆخێک دروستدەبێت کاروباری ھەرێم و دانیشتوانەکەی دەکەوێتە دەستی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان خۆیان و ئەو ”ئەویتر“ە دەرەکییە ئەو بوونە ڕاستەوخۆیەی لەناو ژیانی سیاسیی و ئابوریی و فەرھەنگیی و سایکۆلۆژیی خەڵکی کوردستاندا نامێنێت. لەوکاتەدا کە ”خود“ خۆی دەبێت بە سەرەوەری خۆی و خۆی دەبێتبە داڕێژەری پەیوەندییەکانی بە خودی خۆی و بە دونیای دەرەوەوە. فۆرمی ئەو خودسەروەریی و حوکمڕانییە بەڕادەیەک بەد و ناشیرینە، بە ڕادەیەک ترسناک و قێزەونە، زەمینەیەکی بەپیت بۆ گەشەکردنی گرێی خودنەفرەتیی دەھێنێتەکایەوە. لەوکاتانەدا کە ھێزە سیاسییە کوردییەکان بە ھەمان لۆژیک و ھەمان مۆدێلی بەعس کەوتنە داڕشتنی بناغەکانی جیھانێکی نەفرەتلێکراو، گرێی خودنەفرەتیی دەبێت بە گرێی سایکۆلۆژیی ژمارە یەکی ناو ئەو دونیایە. لە ئێستادا ئەم گرێیە وەک پەتایەکی گەورەی لێھاتووە و لەناو زیاد لە کایە و لای زیاد لە گروپێکی کۆمەڵایەتیی و لەناو زیاد لە فۆرمێک لە فۆرمەکانی تەعبیرکردن لە خوددا، ئامادەیە. ئەم پەتایە بە ڕادەیەک ئامادە و کاریگەرە بەشێکی زۆری ڕەخنەی سیاسیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی و ئەدەبیی لە دونیای ئێمەدا گۆڕیوە بۆ نەفرەتی سیاسیی و نەفرەتی فەرھەنگیی و نەفرەتی ئەخلاقیی و نەفرەتی ئەدەبیی. ئەمەش وایکردوە کردەی ڕەخنەکردن، کە کردەیەکی ھێجگار گرنگی ناو سەرجەمی دەرکەوتەکانی ژیانی ناو کۆمەگایە، بگۆڕێت بۆ ڕق و نەفرەتێکی ھەمەلایەن، نەک تەنھا بەرامبەر بە ئێستا، بەڵکو بەرامبەر بە سەرجەمی مێژووی سیاسیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی و ئەدەبیی ئێمە. بە بۆچوونی من خوێندنەوەی دونیای دوای ڕاپەڕین لەڕێگای گرێی خودنەفرەتییەوە دەروازەیەکی تازەمان بۆ تێگەیشتن لەزۆر دەرکەوتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەدەبیی و فەرھەنگیی ئەمڕۆمان بۆ دەکاتەوە. گرێ سایکۆلۆژییەکانی ئەم قۆناغە لەوە تێپەڕیون تەعبیربن لە گرێی خۆ بەکەم زانین، کە ڕەنگە ڕاپەڕین کۆتایی بە ھەندێک لە دەرکەوتە سەرەکییەکانی ھێنابێت، ئەوەی دەیبینین گۆڕانی ئەم گرێیە بۆ گرێی خودنەفرەتیی. یەکێک لەو بابەتە سەرەکییانەی کە فرانز فانۆن لە کتێبی ”پێستە ڕەشەکان و ماسکە سپییەکان“دا گەشەی پێئەدات، بابەتی ”گرێی خۆ بەکەم زانینە“،inferiority complex. فانۆن ئەم گرێ دەرونیی و مێژووییە وەک دەرەنجامی وەرگرتن و بەناوەکیکردنی وێنەکانی ھێزە داگیرکەرەکان دەبینێت، لەسەر میلەت و خەڵکە داگیرکراوەکان. ئەو وێنانەی تیایاندا ھێزە داگیرکەرەکان میلەتە داگیرکراوەکان وەک خەڵکانێکی گەمژە و نەزان و جاھیل، وەک ”حەشامەت“ و ”ھۆردو“یەکی دواکەوتو، وەک منداڵی بچووک و پێنەگەیشتو، نمایشدەکەن. لای فانۆن ئەم دۆخی داگیرکردن و سیاسەتی بەرھەمھێنانی وێنەیەیە، کە گرێی خۆ بەکەم زانین دروستدەکات و لەناو کەسانی سەر بە میلەتە داگیرکراوەکاندا دەیچێنێت. دۆخێک فانۆن وەک دۆخێکی پاسۆلۆژیی و ناتەندروست وێنایدەکات. لە پشتی ئەم گرێیەوە ئەوەی ئامادەیە داننەنانە بە کەسایەتی میلەتە داگیرکراوەکاندا وەک کەسایەتیەکی سەربەخۆ و عەقڵانیی، وەک کۆمەڵگایەک قابیلی ژیانێکی سەربەخۆ، وەک دانیشتوانێک خۆیان بتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن و خۆیان چرەنووسی خۆیان دیاریبکەن. وێناکردنی ئەو میلەتانە وەک وەحشی و نەزان و گەمژە و جاھیل، وەک کەسانێک پێویستیان بە پەروەردەکردن و پێگەیاندن ھەیە، وەک خەڵکانێک لە دەرەوەی مێژوو و لە دەرەوەی شارستانیەتدا، بەشێکە لەم سیاسەتی داگیرکارییە. ئەوەی لای فانۆن کۆتایی بەم گرێی خۆ بەکەم زانینە دەھێنێت، شۆڕشە، یاخیبوونی چەکدارانەیە، بەگژاچوونەوەی ئەو دۆخە کۆلۆنیالیی و خۆڕزگارکردنە لە جەبر و فشارە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و سایکۆلۆژییەکانی. ڕاپەڕین لە دونیای ئێمەدا سەرەتاکانی ئەم دۆخە نوێیەی ھێنایەکایەوە، دەکرا ”سەرەتایەکی نوێ“بێت، بۆ دروستکردنی دونیایەکی ناکۆلۆنیالیی کە تیایدا مرۆڤی ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە دروستببێت، کەسێک لە باتی ڕق خۆشەویستیی و لەباتی نەفرەت ئامێزانبوونی ئینسانیی و کۆمەڵایەتیی بیجوڵێنێت. بەڵام خودنەفرەتیی نەک چارەسەر نییە، بەڵکو بیمارییەکی سەختترە لە گرێی خۆ بەکەم زانین، خودنەفرەتیی بازدانە بەسەر خود خۆیدا و ھەوڵدانە بۆ سڕینەوە و نەفیکردنی و بوون بە شتێکی دیکە کە لە ”ھیچ“ەوە نزیکە تا ھەر شتێکی دیکە. بۆ شیکردنەوەی ئەم خاڵە با جارێکی دیکە بۆ فرانز فانۆن بگەڕێینەوە. لای فانۆن مرۆڤی ڕەشپێست ناتوانێت لە ڕشبوونی خۆی ڕزگاریببێت، ڕەشپێست ھەمیشە بە ڕەشپێست دەمێنێتەوە، ھیچ قسەکردنێکی ئەبستراکت لەسەر ”مرۆڤ“ و ”مرۆڤایەتیی“ ناتوانێت ئەو ڕەشبوونە لەیادبکات و تێیپەڕێنێت. بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە باوەشکردن بەم ڕەشبوونەدا و بەخشینی ناوەرۆک و پێناس و ناسنامەی تازەیە پێی لە دەرەوەی گرێی خۆ بەکەم زانین و لە دەرەوەی خودنەفرەتیدا. لە ئێستاشدا مرۆڤی کورد ناتوانێت لە کوردبوونی خۆی ڕابکات و لێی ڕزگارببێت، ھەموو قسەکردنێک بۆ چوونە ئەودیوی کوردبوونەوە، بۆ بوون بە شتکی تر لە دەرەوەی کوردبووندا، جگە لە وەھم و خورافەتێکی مێژوویی و فیکریی، جگە لە گەمژیەکی سیاسیی، زیاتر نییە. بەبۆچوونی من کوردبوون وەک جۆرێک لە شوناسی تایبەت، وەک ھێمایەک بۆ کەمینەبوون، وەک بەشێک لە مێژوویەکی پڕ لە بەرگریی و خوێن، وەک شوناسێکی چەوساوە و چەپێنراو، شتێکە نە کورد خۆی دەتوناێت لێیدەربازببێت و نە ئەو دەوڵەتانەش کە کورد وەک کەمینە لەناویاندا دەژین. بێگومان ئەوەی ئێمە بە بەردەوامی دەکاتەوە بە کورد، ئەوەی وامان لێدەکات بەردەوام بە کوردبوونمانەوە بنووسێین، جەوھەرێک نییە ناوی ”جەوھەری کورد“ و ”جەوھەری کوردبوون“بێت، شوناسێکی ئەتنی و نەتەوەیی نەگۆڕ و نەمر نییە، تەنانەت بوونی بزوتنەوەیەکی سیاسییش نییە بەناوی ئەو کوردبوونەوە بدوێت، ئەوەی بەشێوەیەکی بەردەوام دەمانکاتەوە بە کورد و دەمانخاتە پەیوەندیی جیاوازەوە لەگەڵ کوردبووندا، کوردبوون لە ھەموو فۆرمەکانیدا، لە فۆرمە باش و فۆرمە خراپەکانیدا، ئەو دونیا دژەکوردەیە کە بە دەوری کورددا وەک کەمینەیەکەی چەوساوە و بە دەوری فۆرمە جیاوازەکانی کوردبووندا وەک شوناسێکی تایبەت، دروستکراوە. ئەم دۆخی بە کەمینەبوونەیە کە لە ژینگەیەکی دژەکەمینەییدا، مێژووی ئێمەی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ گەمارۆداوە. ئەو بێماف و بێنرخ و بێکەرامەتکردنە بەردەوامەی کوردبوونە ھەمیشە بەبیرماندەھێنێتەوە کە کوردین. لێرەوە و لەم ھەلومەرجە مێژووییە تایبەتەدا دەستگرتن بە کورد و کوردبوونەوە، تەعبیر نییە لە ڕاسیزم و نەژادپەرستیی و فاشیزم، ئەم جۆرە تۆمەتانە تەنھا تەعبیر نین لە گەمژەییەکی سیاسیی کەموێنە، بەڵکو تەعبیرن لەو دۆخی خودنەفرەتیی و خۆبەکمزانینەی باسمکرد. دەستگرتن بە کوردبوونەوە وەک شوناس کاردانەوەیەکی مێژووییە بەڕووی ھەموو ئەو بێنرخکردن و سوکایەتیپێکردن و پەراوێزخستنە سیستماتیکییەی کورد و کوردبووندا کە تا ئەمڕۆ لە فۆرمی جیاوازدا ھەن و درێژەیان ھەیە جان بۆل سارتەر لە باسکردنی شوناسی جولەکەبووندا بۆچوونێکی ھێجگار گرنگ و بەناوبانگی ھەیە، کە پێموایە بۆ ئێمەی کوردیش گونجاوە. سارتەر دەڵێت، جولەکە جەوھەر یان شوناسێکی ئەبەدیی و نەمر نییە، ”جولەکە ئەو کەسەیە کە کەسانیتر وەک جولەکە مامەڵەی دەکەن“. بەم مانایە ئەوەی جولەکە دروستدەکات جولەکەبوونێکی جەوھەرگەرا نییە، بەڵکو دژەجولەکەبوون و ڕقبوونەوە لە جولەکەیە، واتە ئەنتی سامیتیزمە، چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەوانیترە بۆ جولەکە، کە جولەکە دروستدەکات. کوردبوونیش بەھەمان شێوە شوناسێکی نەمرد و ئەبەدیی نییە، بەڵکو بەرھەمی ئەو دۆخی دژەکوردبوونەیە کە مێژووی سەدەی بیستەم دروستیدەکات و ئەمڕۆش لەناو بەشێکی بەرچاوی کوردان خۆیاندا بووە بە فۆرمێکی تەواو نەخۆشی خودنەفرەتیی.

بیروڕا
28-07-2020

تاڵیبان 3 ڕۆژ ئاگر بەستی ڕاگەیاند

بزوتنەوەی تاڵیبان بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە سێ ڕۆژ ئاگربەستی یەكلایەنەی لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان و پاكستان ڕاگەیاند بەپێی ڕاگەیەنراوێك كە میدیا ئەمریكیەكان بڵاویان كردوەتەوە، بزوتنەوەی تالیبان ئاگربەستی یەكلایەنەی ڕاگەیاندووە و لە سێ ڕۆژی جەژندا هیج هێرش و پەلامارێك ناكەنە سەر حكومەتەكانی پاكستان و ئەفغانستان. ئەوەلەكاتێكدایە پێشتر تاڵیبان ڕایگەیاندبوو، بەهەموو شێوەیەك دژی چالاكیەكانی هەردوو حكومەت دەوەستنەوە و چالاكی توند دژیان ئەنجام دەدەن

بیروڕا
28-07-2020

كۆنگرێس: یەك ترلیۆن دۆلاری دیكە بۆ كۆڕۆنا تەرخاندەكات

كۆنگرێسی ئەمریكا ڕایگەیاند،یەك ترلیۆن دۆلاری دیكە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا تەرخاندەكەن،بۆ ئەوەی ڤایرۆسەكە لەناو ببەن كۆنگێرس دەڵێت: ئەو پارەیە زیاتر لەو ویلایەتانە سەرفدەكرێت كە كۆڕۆنا تێیدا زۆر بڵاو بوەتەوە وقەیرانی گەورەی دروستكردووە و نایانەوێت زیاتر گەشە بكات. سەرفكردنی یەك ترلیۆن دۆلار لە كاتێكدایە پێشتر كۆنگرێس چەندین ترلیۆن دۆلاری بۆ هەمان پرس تەرخانكردبوو. ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە ئەمریكا تا ڕادەیەكی زۆر گەشەی كردووە و لە ئێستادا لە تەواوی وڵاتەكەدا بڵاو بوەتەوە و چەندین بەرپرسی باڵای وڵاتەكەش توشی ڤایرۆسەكە بوون

بیروڕا
28-07-2020

ڕۆحانی: ئەمریكا لەگەڵمان كۆنابێتەوە

سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند،چەندین جار داوای كۆبومەوەیان لە ویلایرتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كردووە لەگەڵیان كۆ ببێتەوە بەڵام كۆنەبونەتەوە حەسەن رووحانی، سەرۆک كۆماری ئێران لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پیشەسازیی پێترۆکیمیای وڵاتەکە کۆبوبوەوە وتی: دوای کشانەوەی ئەمریکا، ئەگەر بڵێم 23 جار داوای کۆبوونەوەم لێکراوە، هێشتا کەمم گوتووە". ئەمریکا ساڵی 2018 لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە کشایەوە و رێککەوتنەکەی بە "خراپترین" رێککەوتن لە مێژووی ئەمریکا وەسفکرد. سەرۆك كۆماری ئێران وتیشی: زیاتر لە دوو ساڵە لەژێر تووندترین گووشاردان، "ئەمریکا وایدەزانی تەنیا چەند مانگێک بەرگەی سزا و گووشارەکانیان دەگرین و ناچاردەبین پەیوەندییان پێوەبکەین".   رووحانی وتیشی: ئێران دڵنیایە لەوەی دەبێت دانوستاندن بکەن و ئەوان بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن، بەڵام دەبێت سەرەتا گەمارۆکانیان لەسەر لاببەن و ئەمریکا کۆتایی بە "کارە هەڵەکەی" بهێنێت. سەرۆک كۆماری ئێران سزاکانی ئەمریکا بە "تیرۆری ئابووری" ناودەبات و پێیوایە گەمارۆکان نەک تەنیا گوشاری لەسەر حکومەتی ئێران دروستکردووە، بەڵکو خەڵکی ئێرانیشی خستووەتە دۆخێکی خراپی ئابووری.

بیروڕا
28-07-2020

پارێزگاری هەولێر: دوكانە سوتاوەكان نۆژەندەكەینەوە

پارێزگاری هه‌ولێر، لە ڕاگەیەنراوێكدا دەلێت: سه‌رجه‌م ئه‌و دوكانانه‌ی له‌ بازاڕی سیم له‌ گه‌ڕه‌كی كوردستانی شاری هه‌ولێر، رۆژی هه‌ینی رابردوو سووتابوون، به‌ بڕیاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نۆژه‌ن ده‌كرێنه‌وە بە باشترین شێواز لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، سەرجەم دوكانەكان بەشێوازێمی نوێ و مۆدێرن لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكمومەتی هەرێمی كوردستان نۆژەن دەكرێنەوە ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ دوای ئەوەی لەبەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو 2020.7.24 بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە سوتا و زیاتر لە 230 دوکان زیانیان پێگەیشت، بەڕێز پارێزگاری هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زیان لێکەوتوان و دوکاندارانی ئەم بازاڕە سەردانی بازاڕەکەی کرد و لێژنەیەک بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجومەنی بازاڕەکە پێکهێنرا بۆ گواستنەوەی بازاڕەکە بۆ شوێنکی گونجاو، تا گەیشتنە ئاکامی گفتوگۆکان ئەو بڕیارانە دران:- 1- بۆ یارمەتیدانی کاسبکاران، ئەوانەی لەئاکامی ئاگرکەتنەوەکە زەرەرمەند بوونە، هەروەها بۆ ئەوەی کار و کاسبی خەڵک نەوەستێت و بتوانن لە کاری ڕۆژانەی خۆیان بەردەوامبن، جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی ئەو دوکانانەی کە سوتاون نۆژەن بکرێنەوە. 2- بۆ گواستنەوەی بازاڕەکە و دروستکردنی بازاڕێکی مۆدێرن و سەردەمیانە بە میکانیزمێکی گونجاو و ڕەزامەندی کاسبکاران، ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئەوشوێنەی کە دەستنیشان دەکرێت بۆیان، تەواوی خزمەتگوزارییەکانی وەک تۆڕەکانی (ئاو، کارەبا، قیڕتاوکردنی شەقامەکانی، سیستەمی بەرگری شارستانی) لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینبکرێت. نووسینگەی پارێزگاری هەولێر

هەواڵ
28-07-2020

ژنێک لە پشکی یەکێتی دەبێتە جێگری پارێزگاری سلێمانی

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبووە و بە تێکڕای دەنگ، دەنگی کاندیدێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا بۆ جێگری پارێزگاری سلێمانی. لەیلا عومەر عەلی، جێگری نوێی پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا لە کۆی 27 ئەندام، 27 دەنگم بەدەستهێناوە و متمانەم بەخشرا کە ببمە جێگری پارێزگاری سلێمانی. هەروەها لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو، دەنگ لەسەر چەند کاندیدێکی تر درا لەوانە: د.سەباح نەسردەین هەورامی، بۆ پۆستی بەڕێوەبەری تەندروستی عەلی رەئووف، بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزار دەرباز قادر، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان ئاوارە حەمەشەریف، بەڕێوەبەری ناحیەی وارماوە

بیروڕا
28-07-2020

حیسامەددین ئاشنا بۆ ترەمپ: دەتكوژم

ڕاوێژكارێكی باڵای سەرۆك كۆماریی ئێران لە تویتێكدا ڕایگەیاند: ڕۆژێك دێت بەدەستی خۆی و دەوڵەتەكەی  دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەكوژێت و لەناویی دەبات. حیسامەددین ئاشنا، راوێژکاری حەسەن رووحانی و سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند: ترەمپ و چەند بەرپرسێكی دیكەی باڵای ئەمریكا دەكوژێت و ڕزگاریی بۆ ئێران و ئەمریكاش دەهێنێت. دەربارەیی ئەو هێرشانەی دوای سەر كەشتییە نەوتی و گەشتیارییەكانی ئێران دەڵێت: "کەسێک کە گیانی رێبەرەکانی خۆی خۆش بوێت، یاری بە گیانی گەشتیارانی ئێمە ناکات و ئەوانەشی وادەكەن گلەی لەبەختی خۆیان نەكەن كە گیانیان لەدەستدا. ئەم قسانەی حیسامەددین ئاشنا  دوایی ئەوەهات ، بەهۆی زۆر نزیکبوونی فڕۆکە سەربازییەکان، فڕۆکەکەی هێڵی ئاسمانیی ماهان بە ناچاری و بەپەلە ئاراستەی خۆی گۆڕیوە و ئەوەش بووەتە هۆی برینداربوونی چەند سەرنشینێك.

بیروڕا
28-07-2020

ناتانیاهۆ بۆ حزبوڵا: یاریی بە ئاگر مەكەن

 بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل لە بارەیی گرژیكانی سەر سنوریی وڵاتەكەیەوە ڕایگەیاند: حزبوڵا یاریی بە ئاگر دەكات و دەیەوێت ئاشتی وڵاتەكەمان تێكبدات ناتانیاهۆ وتیشی: چەکدارانی حزبوڵڵا هەوڵی دزەکردنیان بۆ ناو خاکی ئیسرائیل داوە لە سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل، بەڵام رێکخراوەکە رەتی دەکاتەوە. سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتیشی:  ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین ئەوان دزە نەکەنە ناو خاکەکەمان. لە دۆخێکی واشدا، لوبنان و حزبوڵڵا بەرپرسیارەتی تەواو دەگرنە ئەستۆ. حزبوڵڵا دەبێت بزانێت کە یاری بە ئاگر دەکات. وتیشی گەلی ئیسرائیل گەلێكی بەهێزە و ئێمەش سوپایەكی بەهێز و تۆكمەمان هەیە كە دەتوانین بەتوندی بەرپەرچی ئەو هێرش و هەرەشانە بدەینەوە كە ئێران و حزبوڵا دەیكەنە سەر وڵاتەكەمان

هەواڵ
28-07-2020

لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک کۆدەبێتەوە

سبەی چوارشەممە لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک کۆدەبێتەوە و  نوێنەری پێکهاتەکان گفتوگۆ لەبارەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک دەکەن. شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری کورد بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، کۆبوونەوەکانی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک بە چڕی دەستیان پێ کردۆتەوە و پێکهاتەکان زۆر لەیەک نزیکبوونەتەوە. لە ماوەی دوو هەفتەدا لیژنەکە 6 جار لە بەغدا کۆبووەتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەی سبەی چوارشەممە بە ڤیدیۆ کۆنفرانس دەبێت. شاندی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک خالید شوانی و شاخەوان عەبدوڵلا -نوێنەری کورد محەممەد تەمیمی و خالید مەفرەجی، پەرلەمانتاری عێراق - نوێنەری سوننە ئەحمەد تازەلی، پەرلەمانتاری عێراق - نوێنەری شیعە

بیروڕا
28-07-2020

كرماشان: تەقینەوەیەك روویدا و زیانی گیانی نییە

 كەمێك پێش ئێستا تەقینەوەیەكی گەورە لە كۆگایەكی نەوت لە كرماشان روویدا و هیچ زیانێكی گیانی نەبووە ئاگرەکە بەهۆی تەقینەوەیەک بووە و بەشێکە لە زنجیرە تەقینەوەکانی ئەم دوایەی ئێران و هیچ زیانێكی گیان لێنەكەوتوەتەوە و تەنها چەند كەسێك بریندار بوون. ئەوە لەكاتێكدای میدیا ئێرانیەكان دەڵێـن: تەقینەوەكە بە هۆیی سوتانی شەش تەنكەریی نەوتەوە روویداوە و زیانێكی زۆریی مادیش بەر ناوچەكە كەوتووە..

بیروڕا
28-07-2020

ترەمپ: جیهانی درەوشاوەیی ئەمریكا دەستپێدەكات

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، بەم نزیكانە دووبارە سەردەمی درەوشاوە و زێڕینی وڵاتەكەی دەستپێدەكات و نەیارەكانیشی بێدەنگ دەبن لە بارەی كۆرۆناوە، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ڕایگەیاند:  به‌ڵێنی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر په‌تای كۆرۆنا و رایده‌گه‌یه‌نێین ،هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە بەم نزیكانە سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنادا ڕادەگەیەنین. لە بارەی هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەشیەوە كە تەنها 100 ڕۆژیی ماوە ترەمپ دەڵێت:  "ئه‌گه‌ر جۆ بایدن سه‌ركه‌وت، بووكه‌ڵه‌ی چه‌په‌كان، وڵاته‌كه‌مان وێران ده‌كات، له‌وه‌ش خراپتر بازاڕه‌كان تێكده‌چن وڵاته‌كه‌مان به‌جۆرێك تووشی كێشه‌ ده‌بێت كه‌ هه‌رگیز پێشتر رووینه‌داوه‌، ئەوەش مەترسیەكی گەورەیە بۆ سەر  ئەمریكا.

1 2 ... 1109 1110 1111 ... 1142 1143