سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕی یەک ملیاری دیناری بۆ تەندروستی هەولێر تەرخانکرد. وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ، بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی یەک ملیار دینار بۆ تەندروستی هەولێر تەرخانکرا. لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە" ئەو پارە تەرخانکراوە، بە شێکە لە بودجەی فریاکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کە بۆ دەڤەر و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە".
بەڕێوەبەری تەندروستیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند، نرخی پشکنینی کۆرۆنا بۆ گەشتیاران لە 100هەزار دینارەوە بۆ 60هەزار دینار کەمکراوەتەوە. د.هەست کەریم راشیگەیاند، لە ئەمڕۆوە ئەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن یان بە پێچەوانەوە، بۆ پشکنینی کۆرۆنا تەنیا 60 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق کاتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاری کرد و راگەیاند، رۆژی 6ـی حوزەیرانی 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت. بەڵام پەرلەمانتارێک دەڵێ"کازمی ناتوانێت ئەو بڕیارە بدا". موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، بەپێی دەستوور، تاکو پەرلەمان کارابێت هەڵبژاردن ناکرێت، هەڵبژاردنی پێشوەختیش یانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ئەمەش پێویستی بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان. وتیشی "داواکاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە دوو ڕێگە دەبێت، یەکەم: یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان داوایەک پێشکەش بکەن. دووەم: داوایەک لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بە پاڵپشتی سەرۆک کۆمار پێشکەش بە پەرلەمان بکرێت".
هونەرمەند عەزیز وەیسی نوێترین کلیپی خۆی لە جەژنی قورباندا بڵاوکردەوە و پێشکەشی خوێنەر و بینەرانی باڵکێشی کرد. https://www.facebook.com/balkesh.kurdish/videos/324554405345358
ئەمشەو گەڕی 38ی یارییەکانی خولی ئیتالیا بۆ بەشێکی یانەکان کۆتایی دێت و یانەی یوڤێنتوسی پاڵەوانیش بە پێکهاتەی دووەم بەرامبەر یانەی رۆما یارییدەکات. یانەی خانمە پیرەکە میوانداری یانەی ڕۆما دەکات و بە پێکهاتەی دووەم یاری لەگەڵدا دەکات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە یۆڤی نازناوەکەی یەکلایی کردۆتەوە و خۆی بۆ چامپیۆنسلیگ ئامادە دەکات. خشتەی یارییەکان بێریشیا - سامپدۆریا 19:00یوڤێنتوس - رۆما 21:45ئاتالانتا - ئینتەرمیلان 21:45ناپۆلی - لازیۆ 21:45میلان - کالیاری 21:45
پڕۆفیسۆر سیڤان سەعید سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوین لە زانکۆی شانشی لە چین و پڕۆفیسۆریی یاریدەدەر بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی باڵكێش باسی ئایندەی كورد و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و اڵۆزیەكانی نێوان چین وئەمریكا و هاتنی چین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئایندەی كورد دەكات باڵكێش: كۆڕۆنا گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە سیاسەت و ئابووری جیهاندا دروست كرد؟ ئایا جیهان دەچێتە قاڵبێكی نوێوە یاخود دەگەرێتەوە بارە كۆنەكەی خۆیی. سیڤان سەعید سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوین : ڤایرۆسی کۆرۆنا گۆرانکاریی ریشەیی لە سیاسەت و ئابووری جیهانیدا دروست نەکردووە. بگرە هیچ کاریگەریی لەسەر ئەقڵی سیاسیی و ئابووری دەسەلاتداران دانەناوە و هەنگاوەکانیانی نەگۆڕییوە. تەنها بەهۆی ئەمەوە، ژیانی رۆژانەی خەڵک سنوردار و ناخۆشبووەو شەلەلی ئابووری و روکودی ئیتیسادی ( ریسێشن) خەریکە دیسان بەرۆکی بازاڕ و بانقەکانی خۆرئاوا دەگرێت وبێکاریی و شەلەلی ئابووری بەڕێوەیە لە زۆربەی وڵاتە رۆژاواییەکاندا و بەتایبەت ئەمریکا. کاریگەریی ئەمەش لە سەر رووکەشی سیاسەت و بەڕێوەبردنی ولاتان دەردەکەوێت و لانیکەم ساحەی سیاسی لەو ولاتانە گۆڕانکاریی لە سیاستەوان و کاراکتەرەکان بەخۆوە دەبینێت. بەلام ئەمانە هیچیان بە گۆڕان و گۆڕانکاریی ریشەیی دانانرێن. گۆڕانکاریی ریشەیی بریتیە لە دەستبردن بۆ سیستەمە سیاسیی و ئابوورییەکان کە هێشتا جگە لە هەندێ بیرمەند و هەندێ بزوتنەوەی ئەڵتەرناتیڤ، کەس جورئەتی نیە قسەی لەبارەوە بکات. وەڵامی بەشی دووەمی ئەم پرسیارە لە توانای مندا نیە بە دوو هۆکار، یەکەم نازانم بارەکۆنەکە بیلزەبت چۆنە تا ببینم گۆڕانەکە چۆن دەبێ. دووەمیش هێشتا زووە کە بزانرێت کۆرۆنا بەخۆی چی بوو؟ چۆن ئاوا بووە مایەی سەرێشەو و گیرۆدەبوونی ملیۆنان و لەدەستدانی سەدان هەزار کەس. کێشەکە ئەوەیە کە کۆرۆنا نەخۆشیەک نیە وەک سیل و سەرەتان کە مامەڵەی تەندروستی لەگەڵبکرێت. ئەمە دیاردەیەکی سیاسیی و ئابوورییە بەرلەوەی تەندروستی بێت. بۆیە جیهان دەرگیرە لەگەڵ دیاردەیەکی شێواوو سیاسێنراو کە پێناچێ ئەو پێشبینیانەی کەئەمڕۆبۆ کۆرۆنا دەکرێت ( بە مەسەلەی دۆزینەوەی ڤاکسینیشەوە) مانگێکی دیکە هیچیان وەک خۆیان بمێنن یان بە پێچەوانەوە نەبن. باڵكێش: ئێستا بەهۆیی ناكۆكی زۆر قوڵی چین و ئەمریكا جیهان جۆرێك لە شپرزەیی و بێخاوەنی پێوە دیارە، ئایا جیهانی نوێ دەتوانێت ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت و ئاڵۆزیەكانیش بە شەریی گەورە كۆتایی نەیەت. سیڤان سەعید سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوین : ناکۆکی زۆر قوول لە نێوان چین و ئەمریکا شتێکی تازە نیە، بەلام لەم جەند سالەی دواییدا بە هۆی تەماحە زۆر زەبەلاهەکانی سەرۆکی چین و( شی جینگ پینگ) پرۆژە خێرا و جاوراکێشەکانیەوە، بەتایبەت دەستپێشخەری کەمەر و جادە ( بێڵت ئاند رۆد ئینیشتڤ)، خۆراوا و ئەمریکا بەتایبەتی گەیشتۆتە خاڵی کۆتای لەگەڵ چین، یەک گورزی زۆر بەهێز ماوە کە لە چین بدرێت، ئەگەر ئەو گورزە چین بگێڕێتەوە بۆ ساڵی دووهەزارەکان، ئەوە رەوشەکە دەبێتەوە مایەی ئارامی ئەمریکا وخۆرئاوا. بەلام ئەمە ئێستا بۆتە جۆرێک لەمەحاڵ بۆ ئەمریکا. چین بە بێدەنگیی و بە خێرایی گۆڕانی گەورەی لە رەوشی ناوخۆی خۆیدا کردووە. لە بیست ساڵی رابردوودا، چین حەوسەد ملیۆن ( دووجار زیاتر لە هەموو دانیشتوانی ئەمریکا) خەڵکی خۆی لە ژێر هێڵی هەژاریی دەرهێناوە و کردوونی بە خاوەنی کار و ماڵ و ژیانی سایستەی خۆیان. سیستمی سیاسیی و ئابووری چین زۆر چاوراکێش و کاریگەرە. بۆیە ئەگەری زۆرە لە چەند ساڵی داهاتوودا، ئەوسەردەمەی ئەمریکا و خۆراوا کە لە جەنگی دووەمی جیهانیەوە هاتۆتە سەر کار و لە نەوەدەکاندا بە ناوی نەزمی نوێی جیهانی ( نیو ۆرڵد سیستم) بەناوکرا؛ بەرەوە ئاوابوون بچێ. یەک خاڵی گرنگ لێرەداس کێشە و پرسیاری زۆرکەسە، ئایا سەردەمی چین و سیستمی دونیایی چین لە ئایندەدا مایەی نیگەرانیی و ترسی قووڵە وەک ئەوەی ئێستا خۆرئاوا هۆشداریی دەدات؟ ئایا بەراستی چین دونیا دەکات بە دونیایەکی کۆتکراوو نائازاد؟ من بۆخۆم ماوەیەکی درێژە لەهەوڵی وەلامی ئەم پرسیارەدام. رەنگە وەختێکی زۆری گەرەکبێ تا رۆشندەبێتوە کە سیستمی نوێی دونیا بە رێبەرایەتی چین، چۆن دەبێ و چەند خەتەر دەبێ؟ بەلام ئەوەی کە لە سەد ساڵی رابردوودا لەسەر دەستی خۆرئاوا و سیستمە کاپیتاڵیستییە تەماحکار و بێڕەحمەکەیدا بینراوە، مرۆڤ دەگەیەنێتە لێواری قەناعەتێکی ئەوتۆ کە ترس لە چین زۆر لەجێی خۆیدا نیە. ئەوەی کە گرنگە دیسان بیڵێم، ئەو گۆڕانەیە کە لە سیستەمدا دەبێ رووبدات، چونکە سیستمی سەرمایەداری خۆرئاوایی، رۆژانە توخمەکانی لەسەر پێ وەستان لەدەستدەدات. ئەو هۆیانەی کە مرۆڤە نارازییەکان دێنێتە سەرجادە و شۆڕشەکان هەڵدەگیرسێنێت لە ولاتانی وەک رۆژهەڵاتی ناوەراست، بە زیادەوە لە ئەمریکا و لە زۆربەی ولاتەکاندا هەن. ئەگەر تۆکمەیی سیستمی سەرکوتکاریی (بەلام بەناو ئازاد) خۆرئاوایی (ئەمەریکا و ئینگلیز بەتایبەت) نەبوایە، ئەو پشێوەییەی کە بەناوی بەهاری عەرەبی بینیمان، لە ئەمریکا بەزیادەوە دەیبینین. حەتمەن ئەم گۆڕانی کە دێتە بوون و ئاوابوونی سیستمی خۆرئاوایی بەبێ شەڕی مەزن و کاولکاریی گەورە نابێت. سروشتی دەسەڵاتی خۆرئاوایی سروشتێکی شەڕانگێزە، مومکین نیە جگە لەشەر بزانێت هیچ نزیکبوونەوە ( ئەپرۆچ) یەکی دیکە لە دژی چین بخاتە کار. تەنیا تۆزێک هیوا بە ئاشتی ئەگەر هەبێ، ئەو میتۆدە چینییەیە بۆ رووبەرووبوونەوەی کێشەکان، هەرچەندە لەمرۆدا، دەسەڵاتەکەی چین کەمتر پێرەوی لەو کەلتوورە درێژەی وڵاتەکەی دەکات. بۆیە ئەگەری شەڕی زۆر مەزن لەبەردەم دەرگای مرۆڤایەتیدایە. دەشێ شەڕەکە لەوە ئاڵۆزتر و ماڵکاولکەرتربێ لەوە کە لە شەڕی یەکەم و دووەمی جیهاندا بینرا. هەر ئەم کۆرۆنایە بۆخۆی بەشێکی زۆر بچوکی ئەو شەڕە نەگریسەیە کە لە جەند ساڵی داهاتوودا مرۆڤایەتی پێوەی گیرۆدە دەبێ. باڵكێش: رۆژهەڵاتی ناوەراست لە گۆرانكاریی ڕیشەییدایە چ لە ئابوری بێت یان سیاسیی كورد لەم هاوكێشە گەورە گۆرانكاریەدا دەتوانێت لە سەدەیی نوێدا ڕۆڵێكی گەورەیی هەبێت. سیڤان سەعید سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوین : رۆژهەلاتی ناوین لە گۆڕانی ریشەییدا نیە، کوا شتی وا هەیە؟ تەنیا شتێکی تازە کە لەرۆژهەڵاتی ناوی رووبدا، هاتنی هێز و ئامادەبوونی راستەوخۆی چینە لەمەولا. وەک پێشتر گوتم، لە ململانێی بەڕێوەبردنی دنیادا کە چین خەریکە دەبێتە شۆفێر لە جێی ئەمریکا، رەنگە رۆژهەڵاتی ناوینیش بە نۆبەی خۆی، دەوری خۆی پێبدرێت. رۆژهەڵاتی ناوین وەک سەد سال لەمەوبەر ( بەتورکیا و ئێران و میسریشەوە) هەر لە حاڵی شۆک و واق وڕماندا ماونەتەوەو هیچ هەنگاوێکی دەستپێشخەریی و کاریگەریان نیە بۆ مرۆڤایەتی. هەر خەریکی کێشەی بێ مانای خۆیانن و لە ناو ململانێی یەکتردا تەواوی هێزەکانی خۆیان بەفیرۆداوە. ئەگەرمەبەست لە گۆرانە لە شێوەی سیاسی و نەخشەی ولاتاندا، ئەوە گۆرانی ناوو دەم و چاوەکان روودەدەن نەک هزر و سیسستەم و خەیالە سیاسیی و ژیارییەکان. تۆ تماسای تورکیا ئەردۆگان و تورکیاکەی ئەتاتورک بکە؛ بزانە دەتوانی یەک گۆڕانی بچوک ببینی؟ تماسای ئێرانەکەی رەزا شا و خومەینی بکە؛ هەمان شتە. ئێراقەکەی سەدام و مالیکی و کازمی لەجەوهەردا چ فەرقێکی هەیە؟ بۆبەشی دووەمی پرسیارەکەتان؛ وابزانم کوردیش بەشێکە لەو پەرێشانی و شۆک و واقوڕمانەی کە باسمکرد. پرۆژەیەک بەناوی پرۆژەی کوردی نیە. کورد وەک هەمیشە هەر کۆمبارسە. کرمانجەکان دەڵێن: دەوران تێ و دچە، محەمەدێ کوردا هەر پاسەوانە. کورد ئەکتەر نیە هێشتا، ئەوە راستییەکەیە. دەزانم پرۆژەکەی ئۆجالان وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ پرۆژەی دەوڵەت نەتەوە جێگەی تێڕامان و شرۆڤەی قووڵە. لەراستیدا زۆریش چاوراکێشە و مایەی لێوردبوونەوەیە؛ بەلام لەم پرسیارەدا من وەخت و حەوسەڵەی وەڵامی ئەو باسەم نیە. باڵكێش: چۆن دەتوانرێت دۆزی كورد بكرێتە دۆزێكی نێودەوڵەتی و هەروەها كورد لەگەڵ جیهانی نوێدا چۆن بتوانێت خۆیی بونیاد بنێتەوە وەك نەتەوە و وەك سیاسەت؟ سیڤان سەعید سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوین : دۆزی هیچگەلێک ناکرێ و نابێتە دۆزی نێودەوڵەتی، بەڵام سیاسەتی دەولەتەکان هەریەکە و بە پێی بەرژەوەندی خۆیان هەوڵی دەستێوەردان، یان هاوکارییکردن یان رێگرییکردن لە ئامانجی گەلاندا بکەن. بۆ نموونە کێشەی فەلەستین کێشەی ئەوچەند ملیۆن خەڵکەیە کە خۆیان بە فەلستینی دەزانن، نە سعودیە و میسر و ئیمارات؛ نە تورکیا و قەتەر ئێران هیچیان لەبەر خاتری فەلەستینییەکان ئامادە نەبوون و نایشبن جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و ئینگلیز بەرپابکەن. کێشەی کوردیش هەمان دۆخی هەیە. لەبەر ئەوە دۆزی کورد ناکرێت بە دۆزی نێو دەوڵەتی. بۆ نمونە، کێشەی ژینگە کێشەی نێو دەولەتییە لە چیلێ هەتا ژاپۆن هەموو ناچارن بەشێک بن لە چارەسەر و بەشداربن لەو رێکەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییانەدا کە لەسەر ژینگە هەیە و دەبێ. دۆزی کورد دەبێ ببێتە خەم و هەوڵی کوردان بەخۆیان، بتوانن خۆیان بکەنە هێز و لێبراوانە بیست و چوار سەعات و حەوت رۆژ لە حەفتەیەکدا ( توێنتی فۆ سێڤن) کاربکەن بۆ دۆزەکەیان و لە دەوری رێبەرایەتییەکی لەخۆبوردوو هزر ئازاددا کۆببنەوە، ئیدی دۆزەکە دەگاتە قۆناغێکی جیاواز لەو پەرێشانی و شکستە گرانەی کە سەد ساڵە هەیەتی. بەلام لەمرۆدا وبەهۆی خیانەت و دووبەرەکیی و جەهالەتی خۆیانەوە، ئەمە خەوێک زیاتر هیچ نیە. ئەزموونی جولەکە زۆر گرنگە کورد جاوی لێبکات. لەدوای سێ هەزار ساڵ لە شکست، دووبەرەکی، ئەنفالکران بەدەستی مەسییحییەکان و ئیسلامەکان و دواجار ئەوروپا و ئینگلیز و هەرەدواییش بەدەستی هیتلەر؛ لە خاڵێکدا وتیان ئیدی بەسە ( ئینەف). لە ساڵی ١٨٩٧ تا ئێستا بروانە چ گۆڕانکارییەک لە رەوشی جوولەکەدا کراوە؟ رەنگە کەسانێک وابزانن کە ئەمریکا و ئینگلیز هاوکاری جوولەکە بوون. لەراستیدا ئینگلیز گەورەترین دوژمنی جوولەکە بوون و تا ئێستایش. بەڵام کاریی نەکردەی جوولەکەکان خۆیان ئینگلیزی ناچارکرد بە هاوکارییکردنیان. ئایا کورد دەتوانێ ئەمریکا و چین ناجار بکا بە هاوکارییکردن؟ ئایا کورد دەتوانێ خۆی رێکبخات لە ژێر رێبەرایەتییەکی چالاک و لەخۆبوردوودا بۆ ناچارکردنی دنیا؟ ئەوە نهێنی کارەکەیە ئەگەر بتوانن بیکەن. باڵكێش: ئێستا دوو مۆدێلی سیاسەت لەناو كورددا هەیە ( مۆدێلی خۆسەریی وەك رۆژئاوا ) مۆدێلی دەوڵەتی و حكومەتی وەك( هەرێمی كوردستان) كام مۆدێل دەبێـە موخاتەب بۆ مانەوەی كورد و چۆن. ئەو دوو جۆرە لە ناسنامەی سیاسی، هەریەکە خاوەنی دنیابینی و پەیوەندی ئابووریی و سیاسی و تەنانەت دوپلۆماسی خۆیەتی. لەدەرەوەی کورد، هەم دۆستەکان ( ئەگەر هەبێ) و هەم دوژمنەکانی کوردیش، وەک یەک کوتلە دەرواننە کورد. بەڵام لە پراکتیکدا، ئەو جیاوازییە لەبەرجاو دەگرن و مامەلەی کاتیی لەگەل دەکەن. بۆ نموونە؛ تورکیا و ئێران تا ئەوکاتەی کاریان بە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق و پارتەکانی ناو بازنەی کوردایەتی تەقلیدی هەبێ، جیاوازییەک نیشاندەدەن، بەلام لە جەوهەردا هەموو کورد وەک یەک کوتلە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ لەدەرەوەی کورد خۆی. لە ناوخۆی سیاسەتی کوردیدا، دابەشبوونەکە ئەوەندە قووڵ و زەقە کە ئەگەری لێکتەگەیشتن لە سفرەوە نزیکە. بۆیە ئەو دوو جۆرە لە گوتاری سیاسی، ناجارن وەک رەقیبی یەکتر مامەلە بکەن تا ئەەوکاتەی یەکێکیان بەتەواوی ئەیتریان پایماڵ دەکا. پارتی لە رێگەی درۆ و دراوو چەواشەکردن و وابەستەیی بە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە گوتاری خۆی دەپارێزێ. پەکەکەیش بە ئیمکانی ئایدیۆلۆژی و جۆرێکی جیاواز لە لا ئاکتی سیاسیی و ئابووری و دیپلۆماسیی خەریکی پەرەدانە بە گوتارەکەی خۆی. پرسیارەکەتان کە دەڵێن کام مۆدێل دەبێتە موخاتەب بۆ مانەوەی کورد و چۆن؟ دوو جۆر کورد هەیە ئێستا، کامیان لەو دوو گوتارە پێشبکەوێ، ئەوجۆرە لە کوردبوون گەشەدەکا. وا دیارە هەردوو جۆرەکە ئەگەری مانەوەیان هەیە. کوردی تەقلیدی کە پارتی نوێنەریانە، هەمیشە وەک ئامرازێک بەدەستی هەزە داگیرکەرەکانەوە دەمێنی و بەشدارە لە مانەوەی سیاسەتی هەنووکەیی دنیا. دەستەواژەی: کەروێشک راکە، تانجی دوایکەوە، راست گوزارشتە لەو رەوشەی کە بۆ کوردیان خولقاندووەلانیکەم لە هەشتا ساڵی رابردوودا. پارتی ئەو کەروێشکەیە کە هەردەبێ رابکات و نایشهێڵن تانجییەکە بیگرێ. ئیدی ئەو فەوزایە هەیە کە هەرێمی کوردستان روونترین نموونەیەتی. رەوشی پەکەکە جیاوازە. پەکەکە خەریکی بنیاتنانی ناسنامەیەکی نوێیە بۆ کورد و گەلانی ناوچەکە. زۆر سەختە، زۆر نەکردەنییە، بەڵام پەکەکە دەستی بە پرۆژەکەی کردووە. ئەگەری سەرکەوتنی زۆر کەمە، بەڵام سفر نیە. ئەگەری مانەوەی پرۆژەکەی پەکەکە بەندە بە هۆشیاریی و لەخۆبوردوویی و کۆبوونەوەی کورد لەدەوری سەرکردایەتییەکی خۆنەویست و کارا کە ئەقل و توانای خۆ گۆڕیین و خۆ نوێکردنەوەی هەبێ، بەب لەدەستدانی لانیکەمی سەربەخۆیی هزریی و سیاسی لە نێو ئەو هەموو کێشمەکێشمی سیاسی و موخابەراتییەی کە ناوچەکەی پەرشانکردووە. بۆیە دەڵێم نەکردەنی و سەختە. بەڵام سفر نیە. ئەگەر ئەو کوردەی کە پەکەکە دەیەوێ دروستی بکا، دروستببێ، ئەوە کوردیش دەبێتە خاوەنی ستاتۆی خۆی وەک مرۆڤ حسابی بۆدەکرێ. ئئەو کوردەیش کە پارتی دەیەوێ و حاڵی حازر هەیە، بریتیە لە کوردێکی مل خواری ملکەچی بێ ناوو ناسنامەی وابەستەی دەستی داگیرکەرەکانی کوردستان. ئەوە هەیە و هێزەکانیش دەخوازن هەروابێ و هەر بمێنێ. کێ لەبەرهەم ساڵح، ساڵحتری دەستدەکەوێ بۆ خزمەتی ئێراق و تورکیا و ئێران؟ کێ لە ماڵی بارزانی دەستەمۆتری دەستدەکەوێ بۆ خزمەتی داگیرکەرانی کوردستان و ملکەج و ریسواکردنی کوردان؟ گەلی کورد خۆی یەکێک لەو دوو گوتارە هەلدەبژێرن، بۆیە دەبنە دوو بەرە هەتا یەکێکیان ئەیدیکە پایماڵ دەکا. باڵكێش: كورد لە نێوان چین و ئەمریكادا دۆستایەتی و هاوپەیمانی ڕیشەیی و بەهێزی لەگەڵ كامیان دورست بكات و بۆچی؟ سیڤان سەعید سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوین : کورد کامەیە تا حەدی هەبێت یەکێک لەو دوو هێزە هەڵبژێرێت؟ هەریەک لەو دوو گوتارە سیاسیەی کورد کە لەسەرەوە باسمکردن، بە حسابی خۆیان خەریکی پەیوەندی دیپلۆماسیی و لۆبیی و ئەوشتانەن بۆ خزمەتی دۆزەکەیان، بەڵام لە هیچ شوێنێکدا بە شێوەیەکی گرنگ دەستیان نەگەیشتووە بە کەسانێک کە دەتوانن لە بریارەکاندا دەستیان هەبێ. ئەوە کێشە و فەوزای ناوچەکەیە کە جار جار وشەی کورد دەدا بە گوێی دەسەلاتەکانی دنیادا. بەکارهێنانی کوردان بووە وایکردووە جارجار وێنەی سەرکردەیەکی کوردمان لەگەڵ کەسێکی ناوداری دنیا بینیوە. وشەی هاوپەیمانی ڕیشەیی یەک ملیۆن مەتر دوورە لە رەوشی کوردەوە هێشتا. ئەگەر دەخوازی بزانی کە رەوشی چین دەرهەق بە کورد چۆنە، ئەوە بەکورتی چین هەرگیز نایەوێ بە ئاشکرا هاوکاریی کوردان بکا. هەرگیز ناخوازێ دڵی چواردەولەتەکەی داگیرکەری کوردستان برەنجێنێ. زۆر زیرەکانە و بە نهێنی رەنگە کورد بتوانێ هەندێک هاوکاریی لە چین وەربگرێت بەبێ ئەوەی کەس بەهەند وەریبگرێت. ئەوە باسێکی دوورو درێژە، وەختێکیتر دەکرێ لێی بدوێین. باڵكێش: پێت وایە لە دواین قۆناغەكانی گۆرانكاریی لە ناوچەكەدا و گۆرینی نەخشەكان كوردەكانیش دەبنە خاوەنی نەخشە و پێگەیی خۆیان؟ سیڤان سەعید سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوین : زۆر بەکورتی، نازانم، بەڵام ئەوەندە دەزانم، کە ناسنامەی خاوێن و نەخشەی کوردی یان تورکی یان عەرەبی چانسی مانەوەیان کەمترە لە داهاتوودا، ناسنامەی کورد هەر دەمێنێ و زیاتریش گەشەدەکا، زمان و کولتور و رەسەنایەتی سروشتی کورد لە رابردوودا لەناو نەچووە، تازە لەناوناچێ. بەڵام نەخسەی دەستکرد و زۆرەملێی لە وێنەی ئەوەی تورکیا و ئێراق و ئێران زۆر مەحاڵە لە ئایندەدا خۆیبگرێت. بنواڕە بار و دۆخی سوریا، دەکرێ تورکیا و ئێرانیش وەک سوریا لێک هەڵبوەشێن و پارچە پارچە ببن، بەلام هیچ جێیەک بە پوختی نابێتە هی یەک نەتەوە. پرۆژەکەی ئۆجالان لەوێوە مایەی تێڕامانە و ئەگەری داهاتووی دووری هەیە، ئەگەر لەم بار و دۆخە سەختەی ململانێی چین و ئاەمریکادا بتوانێ خۆی رابگرێ و بانگەشەی هێڵی سێیەم بپارێزێ و ئەو زلهێزانە لەیەک هەنگاودا نەیپلیشێننەوە. باڵكێش: هێرشەكانی توركیا لە ناوچەكە بۆ سەر دەوڵەتان بەگشتی و كوردستان لە دوو پارچە چ پەیامێكیان تێدایە و دەبێت چۆن مامەڵەیان لەكةڵ بكرێت؟ سیڤان سەعید سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوین : هێرشی تورکیا و ئێرانیش بۆ سەر کوردستانە، بۆ سەر ناسنامە و بوونی کوردە وەک کوردێکی بەرخۆدێر و ئازاد. مامەلە لەگەڵ دوژمن تەنیا بە بەرخۆدان دەکرێ. تەسلیم بوون بە تورکیا لە ژێر هەر ناوێکدا، یەکسانە بە هەڵبژاردنی مردنێکی ریسوایی. کوردی بەرخۆدێر مردنی پڕ شانازیی هەڵدەبژێرێ لە دژی تورکیا، کوردی ملکەجیش مردنی ریسوایی. هەردوو دەمرن، بەس بە دووجۆری جیاواز. کاتێ کوردی بەرخۆدێرکوژرا، کوردی ملکەچ بە ئیسراحەت ناژی، سەرەی ئەویش دێت. مردنیش تەنیا مردنی فیزیکی نیە. ئەنفالی کولتوریی و زمانیی هزری لە مردنی فیزیکی خەتەرترە. هێرشی تورکیا هێرشێکی سیاسی نیە تا مرۆڤ بتوانێ موناقەشەی بکا، یان بە شێوەی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ بکا. هێرشێکی بەڕبەڕی تاڵانکار و لەناوبەرە. ناکرێ دان و ستاندنی لەگەڵ بکرێ. تەنیا کورد دەتوانێ بەرگری بکا. سیڤان سەعید پرۆفیسۆری یاریدەدەر بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوین سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوین لە زانکۆی شانشی لە چین
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی راگەیاند مستەفا كازمی ڕایگەیاند: ڕۆژی 6-6-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا بۆ پەڕلەمان بەڕێوە دەچێت
سەرۆكی كوردەكانی كازاخستان لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕیی میدیایی باڵكێش، باس لە دۆخی كوردەكانی كازاخستان و پەیوەندیەكانیان لەگەڵ باشوریی كوردستان و روسیا و ئەمریكا و جیهانی دەرەوە دەكات و داوا دەكات، مەسعود بارزانی ئاوڕ لە ژیانیان بداتەوە و خەمێك لە دۆخی كوردەكانی ئەوێ بخوات، باڵكێش: بارودۆخی كوردەكانی كازاخستان چۆنەلە ئێستادا؟ زینا ئامارۆڤا- سەرۆكی كوردەكانی كازاخستان: ئێستا لە كازاخستان زیاتر لە 28325 كورد دەژین، سەرقاڵی كاروووباریی ڕۆژانەی خۆیانن ، بەگشتی سەرقاڵی خوێندن وزانست و كاریی ڕۆژانەن، ئێستا بەهۆی ئەو دۆخە سیاسیەوە كە لە ناوچەكەدا هەیە بارودۆخی كورد لە كازاخستان هیچ باش نییە و ژیان و گوزەرانمان لە زۆر ڕوەوە خراپە. ئێمە لێرە كاریی سیاسیی و ئابوریی و پەرلەمانیمان نییە ، بۆمان نییە بچینە ناو كایە سیاسیەكانەوە و لەو ڕوەوە بەهیچ جۆرێك ناتوانین كاربكەین، چونكە ڕێگە بەئێمە نادرێت كە بچینە ناو كایە سیاسیەكانەوە، بۆیە بەردەوام بە شپرزەیی و پرژو بڵاوی لە وڵاتەكەدا دابەشبووین و تەنها خەریكی گوزەرانی خۆمانین. باڵكێش: پەیوەندیەكانتان لەگەڵ حكومەتی كازاخستان بەگشتی چۆنە؟ زینا ئامارۆڤا- سەرۆكی كوردەكانی كازاخستان: لە ڕاستیدا دۆخی كورد لە كازاخستان زۆر خراپە، حكومەت ڕێگەمان نادات كاریی سیاسیی و حزبایەتی بكەین و بچینە نێو حكومەتەوە چونكە گرفتی گەورەمان بۆ دروست دەكەن ڕێگەمان نادەن خاوەنی پارتێكی سەربەخۆ بەخۆمان بین و بتوانین بچینە ناو كایە سیاسی و هەرێمیەكانی كازاخستانەوە بۆ ئەوی مافی ڕەوایی خۆمان بەدەست بهێنین. لێرە سیاسەت بۆ ئێمە ڕێگە پێدراو نییە و چەندین گرفتیی گەورەیان بۆ درویت كردووین، ڕێگەمان نادەن ئەوەندەی كە دەتوانین كاربكەین بۆ ئەوەی خۆمان رێكبخەینەوە و ببینە بەشێكی گەورە لە كازاخستان و خاوەنداریەتی لە ماف و مانەوە و كەمینەیی خۆنان بكەین. ئێمە تەنها دەتوانین لە بواریی مامۆستایی و پزیشكیدا كار بكەین و خوێندن بكەین ئەگەر لە بوارەكانی تردا بمانەوێت كار بكەین بێگومان ڕێگەمان پێنادرێت و كورد وەك پێكهاتەیەكی گەورەی ئەم وڵاتە چاوویی لێناكرێت و ڕێگەمان نادرێت زۆر كایەیی دیكەش هەیە كە سیاسیش نییە تێیدا كاربكەین و خۆمان رێكبخەینەوە. ئەودۆخەی ئێستا بۆمان درویت بووە لە رووی سیاسیی و ئابوریەوە پێشتر وەها نەبوو. تا ساڵی 1995 دۆخی كورد لە كازاخستان بەگشتی باشتر بوو ئێمە سەرۆكی خۆمان و هەروەها حزب و ئابوریی و كاریی سیاسی خۆمان هەبوو خۆمان ژیانی خۆمان بەڕێوەدەبرد و زمان و ئەدەبیاتی تایبەت بەخۆمانمان بە باشترین شێوە بەڕێوە دەبرد، بەڵام دواتر و تا ئێستاش رێگە نادەن بەزمانی خۆمان بنوسین و قسە بكەین. باڵكێش: ئێوە لەگەڵ زمانی كوردیدا چۆنن؟ ئایا زمانەكەی خۆتان پاراستووە و بە كوردیی قسە دەكەن؟ زینا ئامارۆڤا- سەرۆكی كوردەكانی كازاخستان: لە ڕاستیدا ئێستا ئێمە لە دەرەوەی ماڵەكانمان بە كوردیی قسە ناكەین بەڵام لە ناو ماڵەكانی خۆماندا قسە بە كوردیی دەكەین و بەردەوامین لە پاراستنی زمانی خۆمان، بەڵام بە كۆیی گشتی دۆخێك دروست بووە كە كوردەكان خۆشیان حەزناكەن بە كوردیی قسە بكەن، زیاتر حەزدەكەن بە رووسی قسەبكەن، لەبەر ئەوەی زمان و ئەدەبیاتی ڕوسیی كاریگەریی گەورەیی لەسەر ژیان و گوزەرانی ئێمە هەیە. هەرچەندە ئێستا ئێمە زیاتر لە شارەكانی ریدیۆن دەژین و سەرقاڵی ئەوەین كە كاریی گەورە بۆ ژیانی خۆمان بكەین و هەروەها بەردەوامبین لەسەر ئەوەی لێرە بمێنینەوە، بەڵام زۆرێك لە كردەكان دەیانەوێت بچنەوە روسیا و لەوێ بژین و كار بكەن چونكە روسیا بۆ ئێمە باشتر و گونجاوترە و دەتوانین زیاتر پەرە بە ژیانی خۆمان بدەین. باڵكێش: پەیوەندیتان لەگەڵ كوردەكانی ڕوسیا چۆنە؟ زینا ئامارۆڤا- سەرۆكی كوردەكانی كازاخستان: لەگەڵ كوردەكانی ڕوسیا تاڕادەیەكی زۆر پەیوەندیمان زۆر باشە و كار دەكەین و ئاگامان لە دۆخی یەكتریی هەیە و ئێستا لەوێش گرفت بۆ كورد هەیە بەڵام وەك ئێرە نییە و لێرەشەوە زۆر جار ئاگاداریی دۆخی یەكتر دەبین ، بەڵام بە ڕادەیەكی زۆر زۆر باش نییە، لەگەڵ وڵاتی ڕوسیاش پەیوەندیمان باشە ،بەڵام تا ئەو ڕادەیە نییە بتوانین لۆبیەكی بەهێز بكەین كە بگەڕێینەوە بۆ ڕوسیا و لەوێ كاریی گەورە تر بكەین. هەرچەندە كوردەكانی ئێرە دەیانەوێت بچنەوە بۆ روسیا و لەوێ درێژە بە ژیانی سیاسیی و ئابوریی خۆیان بدەن، بەڵام رێگریی زۆر لە ئێمە دەكرێت بۆ ئەوەی لەوێ بمێنینەوە. باڵكێش: لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەیوەندیتان چۆنە؟ زینا ئامارۆڤا- سەرۆكی كوردەكانی كازاخستان: وەك پەیوەندی كۆمەڵایەتی هیچ پەیوەندیەكمان نییە لە ڕاستیدا، هەرچەندە ویستومانە پەیوەندیەكی زۆر بەهێزمان هەبێت و كاریی پێكەوەیی و گەورە بكەین ، بەڵام نەمانتوانیوە ئەو كارە بكەین، من خۆم سێ جار نامەم بۆ مەسعود بارزانی و پەرلەمانی كوردستان ناردووە هیچ وەڵامیان نەداومەتەوە و تا ئێستاش چاوەڕێی وەڵامین، ئەوش ئێمەی نیگەران كردووە و داوادەكەین بەدەممانەوە بێن و هاوكارمان بن. سەرەڕایی ئەوەش داوامان كردووە كە هەرێمی كوردستان ئێمە بگەڕێنیتەوە بۆ باشوریی كوردستان و لە خاك و وڵاتی خۆماندا بژیین وەك چۆن روسەكان چونەوە روسیا و ئەممەن و تورك و فارس و عەجەم گەڕانەوە نیشتیمانی خۆیان دەبێت ئێمەش بگەڕێینەوە خاك و تیشتیمانی خۆمان. باڵكێش: ئایا هەوڵی كاریی سەربەخۆ و حزبیتان نەداوە لە كازاخستان؟ زینا ئامارۆڤا- سەرۆكی كوردەكانی كازاخستان: لەڕاستیدا ئێمە هەموو هەوڵێكمان داوە و كار لەسەر ئەوە دەكەین كە كایەو پێگەیی بەهێزیی سیاسیی و ئابوریی خۆمان هەبێت، بەڵام لێرە دەوڵەت رێگرە لە كاریی سیاسیی و گەورە بۆئێمە و ناتوانین زیاتر بچینە پێشەوە چونكە توشیی سزا و لێپرسینەوە دەبین ئەوەش گرفت بۆ ئێمە و كوردەكان بەگشتی دروست دەكات. كوردەكانی كازاخستان مەبەست لە کوردەکان لە کازاخستان، ئەو کۆمەڵەیە کە دانیشتوو یان لەدایکبووی کازاخستانن و لە بنەچەدا کوردن، بەپێی تازەترین سەرژمێری کازاخیی لە٢٠١١دا، دانیشتوانی کورد ٢٨٣٢٥ یان ٠،٢%ی دانیشتوانە، بەڵام بەپێی جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کوردیی کازاخستان، مەلیکشا گاسنۆڤ ژمارەیان بە ٤٦٠٠٠ لەقەڵەمدەدات چونکە گالێ کورد خۆیان بە تورک و ئازەربایجانی پۆلدەکەن. زۆربەی دانیشتوانە کوردەکەی کازاخستان ڕاگوێزرابوون لە ئەرمەنستان، گورجستان و ئازەربایجان لەلایەن ستالینەوە.ساڵانێک دواتر، کوردەکان کۆچیانکرد لە قرغیزستان و ئۆزبەکستان بۆ کازاخستان. لەو شارانەی کە دانیشتوانێکی کوردی بەرچاوی تیادا نیشتەجێیە، وێژەی کوردی و زمانی کوردی لە خوێندنگا ناوەندی و سەرەتاییەکاندادەخوێنرێ. لە گوندی کەشکەبولاکدا، خوێندکارە کوردەکان دەتوانن کوردی بخوێنن لە پۆلی ١٢وە. لە ١٩٩٠وە، کوردەکانیش ڕۆژنامەی خۆیان هەبووە بە ناوی ڕۆژنامەی کوردستان. کوردەکان ڕاگوێزران بۆ ئاسیای ناوەند دوو جار لە قەوقازەوە. یەکەم ڕاگواستن لە ١٩٣٧دا بوو کە ستالین کوردەکانی نەخچیوانی ڕاگواست، و دووەم ڕاگواستن لە ١٩٤٤دا بوو لە گورجستان. ستالین لە داگیرکاری تورکەکان دەترسا و نەیدەتوانی پشت بە کوردەکان ببەستێ، سەرەڕای ئەوەی کە زۆر لە کوردەکان خرمەتیان دەکرد لە سوپای سۆڤییەتدا. زۆریان مردن لە سەروبەری ڕاگواستنەکەدا، دوای تەنگەژەی ئۆش لە دۆڵی فەرغانە لە نێوان قیرغیزەکان و ئۆزباکەکاندا، زۆر کورد کۆچیانکرد بۆ کازاخستان
ئهمڕۆ 31ى تهمموز، سی و حهوت ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالی بارزانییەکاندا تێپەڕ دەبێت، تاوانێکى دیکە له تۆمارى کۆمەڵکوژييهكانى رژێمی بەعسى فاشيست دژ بە گەلی کورد بهمهبهستى قڕکردن و سڕینەوەی ناسنامەی كورد، كه تيايدا 8 هەزار بارزانی ئهنفال كران. ئەنفالی بارزانییەکان سهرهتا بە راگواستنی بارزانییەکان دەستی پێکرد، لهم پرۆسه بهرنامه بۆ داڕێژراوهدا بارزانییەکان لە شوێنی رەسەنی خۆیان بۆ بیابانەكانی باشووری عێراق راگوێزران، گوندەكانیان وێران کرا، رهز و باخ و زەوییە بەپیت و چێندراوەكانيان سوتێندرا، ژینگەى ناوچهكهيان تێکدرا و مەڕوماڵات و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان تاڵان کرا. لە ساڵى 1975 بەر لە هەڵمەتی ئەنفالکردنیان، بارزانییەکان بۆ باشووری عێراق راگوێزرابوون، دواتر لە ساڵی 1980 هێنرانهوه بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی قوشتەپە و لە هەردوو کۆمەڵگەی "قودس و قادسیە" نیشتەجێ كران، بەر لەمەش لە ساڵی 1978 هەندێکی دیکەیان ئەوانەی لە شوێنی رەسەنی خۆیان مابوون راگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی (دیانا، هەریر، بەحركە و گۆڕەتوو). بارزانییەكان لەو ئۆردوگایانە لەژێر چاودێريى توندی سەربازیدا كۆكرابوونەوە، بەم شێوەیە ئەم كۆمەڵە مرۆڤەی کە بە بۆچوونی بەعس پێویست بوو لە ناو ببرێن كە بارزانیيەكان بوون، دەستنیشان كران. لە كۆتایی تەمموز و سەرەتای مانگی ئابی ساڵى 1983، دەستكرا بە گرتنی پیاوان و کوڕانی بارزانییەکان، ئەوانەی پێشتر لە کۆمەڵگا زۆرەملێیەکاندا نیشتەجێ کرابوون، بارزانیيەكان پاش گرتنیان گواسترانەوە بۆ خوارووی عێراق و رەوانەی پارێزگای موسەنا كران. پاش ئەوە و لە ناوەڕاستی مانگی ئابی 1983دا جارێکی دیکە هێزە ئەمنی و سیخوڕییەکانى بهعس لە ئوردۆگای قوشتەپە، ماڵ بە ماڵ گەڕان و ئەو مێردمنداڵانەی جاری پێشووتر شاردرابوونهوه، ئەوانیشیان دەستگیر كرد و بێسەروشوێن کران.
سەرۆكی پێشویی ئەمریكا، ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت مافی دەنگدان كە مافێكی دیموكراسییە لە خەڵكی وڵاتەكەی وەربگرێتەوە و ئەوەش كارێكی هەڵەیە. باراك حسێن ئۆباما، سەرۆكی پێشووی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لەوتارێكدا ڕایگەیاند: پێشنیاریی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە ئەمریكا كارێكیی هەڵەیە و ناكرێت ئەو كارە ئەنجام بدرێت، دیارە بەم كارە دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت مافی دەنگدان لە خەڵكی وڵاتەكەمان بسەنێتەوە. ئۆباما وتیشی: ئێستا و هەركاتێكی تربێت دەبێت هەڵبژاردن بكرێت و ترەمپی ناتوانێت دەنگی پێویست بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەدەست بهێنیێت بۆیە نایەوێت هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێن و دەیەوێت ببێتەوە بەسەرۆك
سەرۆكی كۆنگرێسی ئەمریكا لە بارەیی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاوە كە لە لایەن ترەمپەوە پێشنیا كراوە،ڕایگەیاند ئەوە خەونێكی منداڵانەیە و هەرگیز نایەتەدی. نانسی پیلۆسیی، سەرۆكی كۆنگرێسیی ئەمریكا ڕایگەیاند: جگە لە كۆنگرێس هیچ كەس و لایەن و دەسەڵاتێك مافی ئەوەیی نییە كە هەڵبژاردنەكان لە ئەمریكا دوابخات و ئەو مافە لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی بكات. پیلۆسی وتیشی: ئەمریكا هەموو بنەما دیموكراسیەكان جێبەجێ دەكات كە باوەڕیی پێیەتیی و ئەوە ئەرك و كاریی ئەمریكایە كە رووبەرووی هەر كێشە و گرفتێكی گەورە ببێتەوە كە روو لە وڵاتەكەیی دەكات
پارتی كۆماریەكانی ئەمریكا،ڕایگەیاند:ترەمپ مافی ئەوەی نییە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا دوابخات وخەڵك لە مافی دەنگدان بكات، چونكە ئەوە دەسەڵاتی كۆنگرێسە نەوەك سەررۆكی ئەمریكا. پارتی كۆماریەكان لە ناو حزبەكەیان و لەناو كۆنگرێس دا دەڵێن: "ترەمپ دەسەڵاتی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی نییە و ئەو مافە تەنیا لەدەستی کۆنگرێسی ئەمریکایە"، ئەو ئەركەش دەبێت كۆگرێس تاوتوێی بكات نەك سەرۆكی ئەمریكاو هیچ بیانیەك نییە بۆ نەكردنی هەڵبژاردن لە كاتیی خۆیدا. ئەو قسانە لە كاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی دواخستنی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی وڵاتی کرد کە بڕیارە لە 3ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و رایگەیاند "بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بەشێوەی پۆستە ئەگەری ساختەکردنی زۆرە و ئەنجامی نادروستیشی لێدەکەوێتەوە".