دوای چوار رۆژ هەوڵ و گەڕان، تەرمی ئەو گەنجەی لە رووباری سیرواندا خنکا دۆزرایەوە. عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە10.8.2020 تەرمی ئەو گەنجەی کە لە رووباری سیروان لە نزیک گوندی قولەسووتاو خنکابوو دۆزرایەوە و تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکی کەلار کراوە بۆ توێکاری پزیشکی. ئەو گەنجە ناوی محەممەد جەلال سەمینە، تەمەنی 20 ساڵانە و دانیشتووی کەلارە و رۆژی 7ی مانگ کەوتە نێو رووباری سیروانەوە.
وەزارەتی تەندروستی نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەکانی کەمکردەوە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەکان سنوورداربکات و بڕیاریدا نرخی مانەوەی تووشبووانی کۆرۆنا بۆ 40-50٪ کەم بکاتەوە. وەزارەتی تەندروستی فەرمانێکی وزاری دەرکردووە و نووسیویەتی"لەبەر بەرژەوەندی گشتیی و لە پێناو پاراستنی مافی نەخۆش و رەچاوکردنی رەوشی خزمەتگوزاری چارەسەری نەخۆشانی کۆرۆنا و بە لەبەرچاوگرتنی باروگوزەرانی هاووڵاتییان و رەوشی ئابووری کوردستان، پاڵپشت بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت لە 8.8.2020 و کۆبوونەوەی لیژنەی راسپێردراوی وەزارەت، دوای راوێژکردن چەند بڕیارێک دران". بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستی بەمشێوەیەن:- 1.سنووردراکردن و یەکسانکردن و دانانی نرخی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنا لە کەرتی تایبەت و نەخۆشخانەی ئەهلی، بە رەچاوکردنی مەترسی لەسەر ژیانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی. 2.کەمکردنەوەی نرخی خزمەتگوزاری تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بە رێژەی 40-50٪ لە کۆی گشتی خزمەتگوزارییەکان بە گوێرەی چارەسەر. 3.بەڕێوەبەرایەتی پشکنین و بەدواداچوون، بەدواداچوونی رۆژانە و بەردەوام دەکەن بۆ پابەندبوون. 4.نرخەکانی پشکنینی پزیشکانی پسپۆڕ لەلایەن سەندیکای پزیشکان دیاری دەکرێت. 5.تیمی پزیشکی گەڕۆک بۆ ماڵان بەبێ رەزامەندی و رێگەپێدانی وەزارەت قەدەغەیە. 6.بۆ هەر سکاڵایەک هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرم بکەن. 7.ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و سەرپێچی و کەمتەرخەمی بەدەر لە نرخەکانی بڕیاردراوە، رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر.
بڕیارە سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بەغدا و لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆببێتەوە. مەیادە نەجاڕ، ئەندامی لیژنەی ئابووری وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، شاندی دانوساندنکاری هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و سەردانەکەش تەواوکەری سەردانەکانی رابردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. لە پێنج مانگی رابردوودا، شەش جار شاندی ھەرێمی کوردستان چووەتە بەغدا. هەرچەندە ئەنجامەکان بە ئەرێنی وەسف دەکەن، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
لە ئیسرائیل دەمامکێک دروستکراوە کە بە خشڵ و زێڕ ڕووپۆش کراوە و نرخەکەی دەگاتە یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلار. دەمامکەکە زێڕی عەیار 18یە، لە 3600 مرواری رەش و سپی پێکهاتووە، کێشەکەی 270 گرامە، فلتەری ماسکی N99ی بۆ دەبەسترێت، کۆتایی 2020 دەمامکەکە تەواو دەبێت و دەبێتە بە نرخترین دەمامک لە جیهاندا. دەمامکەکە لەلایەن کۆمپانیای یڤل دروست دەکرێت.
هونەرمەند هەڵوێست تووشی کۆرۆنا بووە و داوا دەکات ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵی هەبووە، خۆیان بپارێزن. ئەو هونەرمەندە لە ئینستاگرام نووسیویەتی "ئەزیزانم بەداخەوە دەبێت پێتان رابگەیەنم، پاش پشکنین پێیان راگەیاندم، هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنام". هەڵوێست دەڵێ تەندروستیم باشە بەڵام داوایەکی لە خەڵک هەیە و دەڵێ "تەنیا داوام لەو هاوڕێ و ئازیزانەم هەیە کە لەم چەند رۆژەی تێپەڕیوە و بەرکەوتنمان هەبووە، ئاگاداری خۆتان بن و زۆر تێکەڵی خەڵک مەبن تاوەکو کارەساتی گەورە روونەدات".
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ٥٤٢کەس تووشی کۆرۆنا بوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، ١٧ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: 542 کەسی دیکە لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون و 17 كەسیش بە كۆڕۆنا گیانیان لەدەستداوە لەڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە: وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو، 17 کەسی دیکە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 141 کەسیش چاکبوونەتەوە.
وەزیری بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەوان نیگەرانی دۆخی بەیروتن و هەركارێكیش بە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بكرێت بۆ ئەو وڵاتەی ئەنجام دەشەن مارك ئیسپەر، وەزیرێ بەرگری ئەمریكا بە فۆكس نیوزی ڕاگەیاندووە: هەر كارێك بە ئەمریكا بكرێت و سودی بە دۆسیەی ئەمنی و سەقامگیری لوبنانەوە هەبێت ئەنجامی دەدەن و یارمەتیان دەدەن ئەو قسانەی مارك ئیسپەر لە كاتێكدایە وا بڕیارە ڕۆژی یەكشەمە كۆڕبەندی ئابوری و ئاوەدانی بەیروت بەڕێوە بچێت و سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد تڕەمپیش بەشداری تێدا بكات.
سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند ئێستا وڵاتەكەی شەپۆلی دووەمی كۆڕۆنا تێپەڕ دەكاتو پێدەچێت شەش مانگ یان زیاتریشی بوێت. حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە برەی كۆڕۆناوە لە وڵاتەكەی وتی:، تەشەنەكردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بەردەوامە و رەنگە تا شەش مانگی داهاتوو یان زیاتر بخایەنێت ئەوەش زیانێكی گەورەی دەبێت. روحانی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا رایگەیاند: لە سەرەتایی سەرهەڵدانیدا، خەڵک مەترسییەکانی کۆرۆنایان بە هەند وەردەگرت و 77% هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکان بوون. وتیشی: بەڵام ئێستا تەنیا 17% هاووڵاتییانی ئێران رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان جێبەجێ دەکەن، ئەمەش هۆکاری بەرزبوونەوەی رێژەی قوربانیانی کۆرۆنایە لە ئێران.
سەرۆكی فەڕەنسا ڕایگەیاند: ڕۆژی یەكشەممە، كۆڕبەندی ئاوەدانكردنەوەی بەیروت بە ئۆنلاین ئەنجام دەدەن و دۆناڵد ترەمپ و بەشێكی زۆر لە سەركردە گەورەكانی جیهانیش لە كۆڕبەندەكەدا بەشدار دەبن ماكڕۆن وتیشی: هەموو هەوڵێكی تەواو دەدەن كە بتوانن داهاتێكی زۆر باش بۆ بەیروت كۆبكەنەوە و ئاوەدانی بكەنەوە ئەوە لە كاتێكدایە،ئاڵۆزی و خۆپتشاندان لە ناو بەیروت بە هۆی تەقینەوەكانەوە بەردەوامە و ئەمڕۆش وەزیری زانیاری لوبنان دەستی لەكار كێشایەوە
كەمێك پێش ئێستا دوو موشەك ئاڕاستەی ئیسڕائیل كراو وهیچ زیانێكی لێنەكەوتەوە. ئەفیغای ئەدرەعی، وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند: لە كەرتی غەزەوە دوو موشەك ئاڕاستەی ئیسڕائیل كراون و توانیویانە كۆنترۆڵیان بكەن و دەستیان بەسەردا بگرن. ئەدرەعی وتیشی: دوای ئاڕاستەكردنی موشەكەكان هێزەكانی سوپای ئیسڕائیل چونەتە شوێنی ڕووداوەكە و ڕوویان لە وشوێنەی كەرتی غەزە كردووە كە هێرشەكەی لێوە كراوە.
كەمێك پێش ئێستا بومەلەرزەیەک بەگوڕی 5.1 پلە رێختەر رۆژهەڵاتی کوردستان هەژاند و تا ئێستا هیچ زیانێك دیاری نەكراوە. بەپێی زانیاریەكان بومەلەرزەكە لە خانەقین و گەرمیانیش هەستی پێكراوە.