Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13712 بابەت
هەواڵ
17-08-2020

دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، سبەینێ مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت. بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، سبەینێ سێشەممە 2020/8/18 مووچەی مانگی ئازار دابەش دەکرێت و وەزارەتی تەندروستیش یەکەم وەزارەت دەبێت بۆ وەرگرتنی مووچە. ھەروەھا دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار بە هەمان ڕێژەی مانگی شوبات دابەش دەکرێت.

هەواڵ
17-08-2020

خوێندنی باڵا دابەزاندن و گواستنەوەی خوێندکاران لە نێوان زانکۆکان دەکات...

بە مەبەستى کار ئاسانى بۆ خوێندکاران، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پرۆسەى گواستنەوە و دابەزاندن دەکاتە ئەلکترۆنی. وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "پلاتفۆڕمى تایبەت بە گواستنەوە و دابەزینى خوێندکاران بۆ ساڵى خوێندنى (2020-2021) بە هەماهەنگى ناوەندى وەرگرتن لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ تۆمارى گشتى و بەشى IT زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى ئامادەکراوە و لە ئێستادا سەرجەم ئەو خوێندکارانەی دەیانەوێت پرۆسەى (گواستنەوە) لە نێوان زانکۆکان و پرۆسەى (دابەزاندن) لە نێوان بەش و کۆلێژەکان ئەنجام بدەن، پێویست ناکات بەهۆى بارودۆخى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا سەردانى وەزارەت یان زانکۆکان بکەن،بەڵکو دەتوانن لە رێگەی ئەلکترۆنییەوە گواستنەوە و دابەزاندنەکە ئەنجامبدەن".

بیروڕا
17-08-2020

حکومەت موڵکی سەرمایەدارە قەرزارەکان دەفرۆشێت

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، واژۆی لەسەر فرۆشتنی موڵکی سەرمایەدارە قەرزارەکان (بەشێوەی موزایەدە) کرد. لە نووسراوێکدا کە واژۆی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، ئاڕاستەی بانکەی بازرگانییەکان کراوە، تێیدا هاتووە: بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی و وەرگرتنەوەی قەرزە ئاسانکارییەکان، بڕیاردراوە بە وەرگرتنی قەرزەکان بەشێوەی (موزایەدە). ئەو بریارەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک بازرگان و سەرمایەدار بە بڕی (820) ملیار دینار قەرزییان لە حکومەت ێلی ھەرێم وەرگرتووە و تا ئێستا ئەو قەرزانە بۆ حکومەت بە گەڕێندراونەتەوە.

هەواڵ
17-08-2020

تەرمی گەنجێک لە ڕانیە دۆزرایەوە

لە ناو پارکێکی قەزای رانیە، تەرمی گەنجێک دۆزرایەوە و تا ئێستاش نازاندرێت کە خۆی خنکاندووە یان خنکێنراوە.  شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی رانیە رایگەیاند، کاتژمێر 7:20 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە 2020/8/17 تەرمی گەنجێکی تەمەن (18) ساڵان کە دانیشتووی قەزای رانیەیە، بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە. وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە کە تەرمی گەنجەکە لە ناو پارکی دەروازەی رانیە لە ژێر یەکێک لە ئامێری یاریکردنەکانەوە دۆزراوەتەوە، دوای گەیاندنی لە بە پزیشکی دادوەری، وا دەرکەوتووە کە شوێنەواری پەت بە ملییەوە هەیە.

هەواڵ
17-08-2020

پەرلەمانتارێکی فەتح: عێراق ریفراندۆم بۆ جیابوونەوەی کوردستان بکات

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند پێویستە پێش هەڵبژاردنی پێشوەخت کە بڕیارە لە حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، لە 15 پارێزگاکەی عێراق ڕیفراندۆم بکرێت لەسەر جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق. عودەی عەواد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری لە راگەیەنراوێکدا وتی " پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق، دەبێ زۆر بابەت چارەسەر بکرێن، گرنگترینیان ئەنجامدانی ریفراندۆمە لە 15 پارێزگاکەی عێراق بۆ وەرگرتنی رەزامەندی گەل لەسەر جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق". عودەی عەواد دەشڵێ "هەرێمی کوردستان پێشتر ڕیفراندۆمی لەسەر ئەو پرسە کرد و رەزامەندی زۆرینەی رەهای لەسەر جیابوونەوە یان وەک خۆیان دەڵێن رەزامەندی لەسەر سەربەخۆیی بەدەستهێنا، بۆیە بڕیاری سەرەتایی و کۆتایی لای گەلی عێراقە".

بیروڕا
17-08-2020

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 45 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەی پێوەکراوە. هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەكساس بە 42 دۆلار و 45 سەنت مامەڵەی پێوەکراوە. لە مانگی نیسانی رابردوودا نرخی نەوتی خاوی برێنت و تەكساس لە بازاڕەكانی جیهاندا نزمترین ئاستی خۆیان تۆماركرد، بە جۆرێك نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە خوارەوەی 20 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكراو نەوتی خاوی (تەكساس)ـیش گەیشتبوویە -39 دۆلار.

بیروڕا
17-08-2020

ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 2020/8/17 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لەسەر پرسی مووچە و رێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا کۆببێتەوە. کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەموو ڕۆژی چوارشەممەیەک ئەنجامدەدرێت، بەڵام بۆ بریاردان لەسەر دابەشکردنی مووچە و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق، کۆبوونەوەکە بۆ ئەمڕۆ دووشەممە 2020/8/17 پێشخرا. ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی وەزیران لە کاتێکدایە کە کە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی عیراق، بڕیاردرا بەغدا بڕی 320 ملیار دینار وەك بەشێك لە مووچەی فەرمانبەران، ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.

هەواڵ
17-08-2020

ئەحمەد رەشید: رەنگە ناردنی 320ملیارەکە بکەوێتە سبەی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رەنگە ناردنی 320ملیارەکە لە بەغداوە بۆ هەولێر بکەوێتە سبەی سێشەممە. ئەحمەد رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، بەوپێیەی هێشتا وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، نووسراوی بۆ بانکی ناوەندی عێراق نەناردووە، رەنگە ناردنی 320ملیارەکە لە بەغداوە بۆ هەولێر بکەوێتە سبەی سێشەممە. ڕۆژی شەممە 15-08-2020 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاوتوێکرد و رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە بەغدا بڕی 320 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. بەپێی راگەیەنراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر رێککەوتنێک، دەبێت رەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات.

هەواڵ
17-08-2020

نرخی دراوەکان

نرخی دراوە بیانییەکان کە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا: 100دۆلاری ئەمریکی بە 123 هەزار و 700 دینارە. 100 یۆرۆی ئەوروپی بە 143 هەزار و 500 دینارە. 100پاوەی بەریتانی بە 160 هەزار و 750 دینارە. 100 لیرەی توركی بەرامبەر بە 17 هەزار و 500 دینارە. 100 هەزار تمەن بەرامبەر 6 هەزار و دینارە.

هەواڵ
17-08-2020

وەزیرانی بەرگریی تورکیا و قەتەر گەیشتنە تەرابلس

وەزیرانی بەرگریی تورکیا و قەتەر بە سەردانێکی چاوەرڕواننەکراو گەیشتنە تەرابلسی پایتەختی لیبیا و بڕیارە لەگەڵ فایز سەڕاج و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆببنەوە. ئەم سەردانەی خلوسی ئاکار و خالیف بن محەمەد عەتیە بۆ ناوچەی دەسەڵاتی حکومەتی ویفاق لەکاتێکدایە، سوپای نیشتیمانی لیبی دەڵێت چاودێریان کردووە، بۆیان دەرکەوتووە کە تورکیا سیستەمی بەرگری لە چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ویفاق جێگیرکردووە. بە وتەی سوپای نیشتیمانی لیبیا، تورکیا بە سەرباز و بەکرێگیراو و پاڵپشتی سەربازی و قەتەریش بە پشتگیری دارایی پاڵپشتی لە فایز سەراج دەکەن.

بیروڕا
17-08-2020

سلێمانی یەکەو نابێ بە دوو!

ڕۆژێکی هاوینە و گەرماییەکی پڕوکێنەر، هەر چەند دەقەیەک دەچیتە دەرەوە تا موبەریدەکە پڕ بکەیتەوە لە ئاو، یەکپارچە عارەق لە ناوچاوتەوە دێتە خوارەوە، خەتەکانی تەوێڵت دەڵێی جۆگەلەیان هەڵبەستووە، شەکەت و ماندوو لە ژووی پشت هەیوانەکەدا لێی ڕادەکشێی، منداڵەکان لە هەیوانە سێ بە پێنجەکەیا خەریکن یاری ئەکەن، خانووەکە دەستووری کۆنە، ژوورێکی میوان و هەیوانێک و ژوورێکی پشتەوە. ماڵەکەتان، جامخانەیەکی ئاسنی هەیە، ئەها لە ناوەڕاستەکەدا پایەیەکی پێوەیە، وا دیارە جامخانەکە ڕەنگی شین بووە بەڵام ئێستا کاڵ بووەتەوە، لەو کراسەی کوڕەکەت ئەچێ لە برا گەورەکەیەوە بۆی ماوەتەوە و کرچ بووەتە، چێشتخانە و دەستشۆر لە حەوشەکەدان، دوو مەترێک چیمەن بووەتە تەختایی سێبەری دارمێوەکە، حەوزێکی بچوکیش لە نزیک دەرگای حەوشەکەوەیە و دوو دەبەی یەک لیتری دۆ و سەتڵێ ماستی تیایە بۆ خۆیان هەڵدەپەڕن، لە لێواری چیمەنەکەدا مەرکانەیەک ئاوی خواردنەوە دانراوە و پەرداخێکی فافۆن بە پەتێک بەستراوە بە لێوەکەیەوە، بە دەم خەیاڵی پەیداکردنی کرێی خانووی ئەم مانگەوە، چاوت قورس دەبێت و سەرت دەخەیتە سەر گۆڤارە فارسییەکەی بەردەمت، شیعرێکی حسین جنتی بەرچاوت دەکەوێ و دەست دەکەی بە خوێندنەوەی، تۆ کە ماندوو ئەبی یان دەخەوی یان دەخوێنیتەوە، بەشکو ئارامیت پێببەخشێ و تۆزێ سەرت سوک کات. خوڕەی باران دێ و چەترەکان دەکرێنەوە و هەڵدەدرێن، هەر کەسەو خۆی داوەتە پەنایەکەوە و چەند کەسێکیش بە بێ چەتر فڕکان فڕکانیانە، خەیاڵی تۆ بە درێژایی شەقامەکەدا سەردەکەوێ، واقت وڕماوە و چاوت بڕیوەتە تەڕایی شەقامەکە، باراناوەکە خۆڵی حەوت کۆڵان سەروتری لەگەڵ خۆی هێناوە، لەرزێک ئەتگرێ، کەسێک خەریکە بە گیانتا سەردەکەوێ، وەک بڵێی پرسیارت لێدەکا، فولکەیەکی شار ماوە نەگەڕابی و حەسرەتێکی تیا سەوز نەکرابێ و دەردێکیان تیا نەچاندبێ؟ دیسان بیرت ئاڵۆز دەبێتەوە، ئاها سلێمانی شاخاوییە بەڵام دەردەکان بەیانیانیش ڕێگای ئەزمەڕ و گۆیژە دەگرنە بەر و بە ناوی پیادەڕەوییەوە، هەرخەم و داخە ئەدا لە شاخ، خۆتت لێ دەبێتە شاعیرو خەریکی لە خەیاڵاتدا شیعری ناو ماڵ دەنوسیتەوە،کەچی سەدان درز خەریکە دەکەوێتە هەیوانی ماڵەکەتان و دیوارەکان شەقیان بردووە، دیسان چاو ئەخەیتەوە سەر بازاڕەکە، بازاڕ جمەی دێ و شت هەر گران دەبێ و بێ موچەییە، کە دەچیتەوە ماڵەوە، شەکەت و ماندوو، خەو دەتبا بەلادا و خەو دەبینی، "پارەی دەوڵەمەندەکان جزمەی لە پێکردووە و خەریکە بەسەر پشتی هەژارەکاندا سەردەکەوێ"، لە خەو ڕادەپڕی، خوایە بەخێری بگێڕی، خەیاڵت خاو خاو بووەتەوە، دەڵێی پەژمە و شەی کراوە، دیسان پرسیار، جوجەڵەکانی بیروباوەڕت لە کوێ بشاریتەوە گومان وەک پشیلە خەریکە بە دیواری ئیمانتا سەردەکەوێ، شەو خەریکە کۆڵ دەپێچێتەوە و نۆرەی مەراقەکانی ڕۆژە و خەیاڵت ئارام ئارام لە شەقامەکەیترەوە دێتەوە خوارەوە و چیرۆکی شاری لەبەر کردووە. تەقەی دەرگا ئاسنەکە ڕاتدەچڵاکێنێت، خێزانت پەرداخێکی ستیل ئاوی بە دەستەوەیە و لەسەر سەرت وەستاوە، "پیاوەکە ناڵەت دەهات زانیم خەوت دەبینی، وتم با خەبەری بکەمەوە"، ئاوەکەی لێدەگری و یەک قوم هەمووی دەخۆیتەوە. کچەکەت دێتە ژوورەوە و تۆ هێشتا هەر واقت وڕماوە، "باوکە سبەینێ تاقیکرنەوەی مێژووم هەیە، تۆزێ یارمەتیم ئەدەی؟" هێشتاش هەر دەڵێی بەنج کراوی، دێڕێک زیاتر نایێ بە خەیاڵتا و وەڵامی کچەکەت دەدەیتەوە، کچم بۆ هەر چوار پرسیارەکە بنوسە "سلێمانی هەر یەکەو نابێ بە دوو".

هەواڵ
16-08-2020

سەلما فاتیح: دەستکاری پێشنیازە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی دەکەین

 سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دەستکاری پێشنیازە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی دەکەین و ماددەی 12ـی تایبەت بە دۆسیەی تیرۆر لادەبەین. سەلما فاتیح، سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، دەستکاری پێشنیازە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی دەکەین و ماددەی 12ـی تایبەت بە دۆسیەی تیرۆر لادەبەین، ئێستا دادگاکان پشت بە دوو یاسا دەبەستن بۆ سزادانی رۆژنامەڤانان، بەتایبەتی رۆژنامەڤانانی ئەلیکترۆنی، "یەکەم یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایل، یاسای ژمارەی 6ـی ساڵی 2008، دووەم یاسای ساڵی 1969ـی سزادانی عێراقی کە هەردوو یاساکە زیندانیکردنی تێدایە". پرۆژەپێشنیازەکە لە رۆژی 27ـی تەممووزی 2020 خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و زۆربەی پەرلەمانتاران واژۆیان لەسەرکرد. لە پێشنیازە یاساکەدا لەبارەی هۆکارەکانی دەرچواندنییەوە هاتووە، رۆژ بە رۆژ میدیای ئەلیکترۆنی لە کوردستان و جیهان رۆڵ و کاریگەرییەکانی زیاتر دەبێت، ئەمە دەرفەتی بۆ هەموو کەسێک رەخساندووە کە بە ئاسانی دەستی بە تۆڕەکانی ئینتەرنێت و پێگە ئەلیکترۆنییەکان بگات، بۆیە لەبەر گرنگی و کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە میدیایە بەسەر کۆمەڵگە و لەپێناوی رێکخستنی بواری میدیای ئەلیکترۆنی دروست، ئەم یاسایە دانرا.

1 2 ... 1082 1083 1084 ... 1142 1143