بە بڕیاری مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، فەرماندەی پۆلیسی بەسرە لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە میدیاكانی عێراق بڵاویان کردەوە کە، ئەمڕۆ دووشەممە 2020/8/17 مستەفا كازمی فەرمانی دوورخستنەوەی ڕەشید فلەیح، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بەسرەی دەركرد. بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنی، هۆكاری لابردنی ئەو بەرپرسەی پۆلیس لە پۆستەكەی، بەهۆی تێكچوونی دۆخی ئەمنیی پارێزگاكە دێت، بەتایبەت لەدوای ئەو خۆپیشاندانانەی بۆ ئاشكراكردنی بكوژانی چالاكوانە مەدەنییەكانی بەسرە رێكخرابوو، كە لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە توندوتیژی لەدژی خۆپیشاندەران بەكارهێنرابوو. بەپێی زانیارییەكان، فەرماندەی پۆلیسی بەسرە، لە چەندین كاری گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەکەیەوە تێوەگلاوە.
فابریزۆ ڕۆمانۆ، ڕۆژنامەنووسی ئیتالی ڕایگەیاند، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ڕۆناڵد کومانی وەک ڕاهێنەری نوێی یانەکە هەڵبژاردووە. ڕۆژنامەنووسە وەرزشییەکە، لە تویتەری فەڕی خۆیەوە هەواڵەکەی داناوە و نووسیویەتی “کومان هەڵبژادەی هۆڵەندا بەجێ دەهێڵێت و ئەرکە نوێیەکەی لە بارسیلۆنا ڕادەگەیەنێت”. لە دوای دوورخستنەوەی کیکی سیتین، یانەی بارسیلۆنای ئیسپانی، کومانی وەک بژاردەیەکی بەهێز بۆ یانەکەی دیاریکردووە.
سادیۆ مانی سەنیگالی و هێرشبەری یانەی لیڤەپووڵی ئینگلیزی، بە باشترین یاریزانی خولی ئینگلیزی دەستنیشانکرا.
نەیمار دا سێلڤای بەڕازیلی و ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی، بە باشترین یاریزانی قۆناغی چارەكی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دەستنیشانكرا. پەڕەی فەڕمی چامپیۆنزلیگ لە تویتەر، نەیمار دا سیلڤای ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەڕازیل و یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی وەك باشترین یاریزانی قۆناغی چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگ هەڵبژارد.
خۆپیشاندان: دەربڕینی ناڕەزایەتییە دەرهەق بە کارێک کە لە دەرەوەی ویستی کۆمەڵە، جا ئەو کارە دەسەڵات ئەنجامی دەدات یاخود لایەنێک. لایەن واتا تاکێکە لە کۆمەڵ یاخود چەندانێک، کە کارێک دوور لە بنەما کلتوری و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە وڵات یاخود هەرێم یا شارێک، ئەنجامی دەدەن. لە پێشوودا خەبات لە شاخ دەکرا و ئێستا ئەو خەباتە گواستراوەتەوە بۆ سۆشیاڵ میدیا، مەسەلەن تۆ لە ڕێگای پۆستێکی فەیسبووک یان ڤیدیۆیەک، ناڕەزایەتی دژی خراپی سیستەمی حوکمڕانی هەرێمەکەت دەردەبڕی، ئەمە خەباتی سۆشیاڵیەو دەکرێ بە شتێکی باش ناوببرێت کە لە وەخت و ساتێکدا لەوە باشتر نەکرابێت. خۆپێشاندان کاتێک گرینگی خۆی دەردەخا گۆڕانکاری دروست بکا، جا ئەو گۆڕانە لە باشترکردنی حوکمڕانیدا بێت یا کارێک لە دەرەوەی دابونەریتی جەماوەربێ. جا لێرەدا خۆپێشاندانی سۆشیاڵی دەورێکی باڵای هەبووە لەو گۆڕانکارییانە. وەک لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بینراوەو هەنووکەش دەبینرێت کە دەتوانین بریارەکەی ئەم دواییە پەرلەمان و ئەو ناڕەزایەتییە زۆرەی بەدوایدا هات وەک نموونە وەربگرین، کە توانیویەتی لە مودەیەکی کەمدا بەشێک لە ئیمزاکەرانی ئەو بڕیارە پەشیمان بکاتەوە لەوەی ناوەڕۆکی بڕیارەکە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی سۆشیاڵ میدیا بووە. خراپیەکی خۆپیشاندانی سۆشیاڵی بەکارهێنانی جنێوە، جنێویش هیچ کات ناچێتە قالبی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە، بەڵکوو دەربڕینی وشانێکە لەو پەڕی توڕەیدا. بۆ نموونە تۆ تا بەیانی بنووسەو بڵێ فڵان حزب وایەو فڵان بەرپرس واتر، ئەمە هیچ لە باسەکە ناگۆڕێت، بەڵکوو بێ دەسەڵاتی تۆ دەرەخات. چونکە وەک وتم خۆپێشاندان دەبێت دروستکەری گۆڕانکاری بێت. جنێویش تەنیا شەق دروستدەکات، ئەگەر خراپتریش نەبێت لەوە. جا بۆ ئەوەی بتوانی گۆڕانکاری دروستبکەیت، دەبێت شتێکی فراوانتر لە چەمکی جنێودان بەکاربەری، شتێک کە دەسەڵات و لایەنی ئەنجامدەر بێزار بکات. بێزارکردن بەو واتایەی خوارو خێچیەکە ڕاست بکاتەوە.
باڵی چەکداری پارتی کرێکاران (پەکەکە) ناوسراو بە هێزی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە دوو هەلیكۆپتەری سوپای توركیایان خستووەتە خوارەوە. ھێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە راگەیاندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەیانی رۆژی دووشەممە 2020/8/16 لە ناوچەی چارچەلا لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، دوو ھەلیکۆپتەری جەنگی سوپای توركیایان كردوەتە ئامانج. ھەپەگە ئاماژەی بەوەشداوە "دوای 10 خولەک لە کردنە ئامانجی ھەلیکۆپتەری یەکەم و کەوتنەوەی خوارەوەی، ھەلیکۆپتەرێکی دیکە بە ئاسمانی ناوچەکەدا فڕیوە و ھێزەکانی ھەپەگە ھەلیکۆپتەرەکەیان پێکاوە، بەڵام به ناچاری بهرهو سنووری پارێزگای جولهمێرگی باكووری كوردستان گهڕاوهتهوه". بە گوێرهی سهرچاوهیهكانیش، ئهو هێلیكۆپتهرهی خراوهته خوارهوه، تایبهت بوو به گواستنهوهی سهربازانی سوپای توركیا لەو ناوچەیە.
تیرۆرستانی داعش لە ناحیەی ڕەشادی سەر بە پارێزگای کەرکوووک، هێرشیان کردووەتە سەر پۆلیسی عێراقی. شەوی ڕابردوو 2020/8/16 لەنزیك گوندی (تلە)ـی سەر بە ناحیەی ڕەشاد لە پاریزگای کەرکووک، چەکدارانی داعش بە هاوەن هێرشیان کردووەتە سەر فەوجی 1ـی لیوای 18ـی بەتالیۆنی 5ـی پۆلیسی فیدڕاڵی عیراق و لە هێرشەکەدا سێ پۆلیس بەناوەکانی (محەمەد ساڵح، (عەلی حسێن، ئەحمەد عەواد) کوژران و پۆلیسێکی دیکەش بریندار بوو.
لە قەزای هاریسەی سەر بە پارێزگای بەسرە، بەهۆی تێکهەڵگژانی دوو هۆز و دروستبوونی شەڕ لە نێوانیان، 14 کەس کوژران و برینداربوون.چالاکوانانی بەسرە رایانگەیاندووە، لە شەڕی نێوان دوو هۆزە چەکدارەکەدا 11 کەس کوژراون و 3 کەسی دیکەش برینداربوون.لە شەڕەکەدا چەکی مامناوەند و سووک بەکاربراوە، لەوانە ئاڕبیجی و کڵاشینکۆف و بیکەیسی.
ئەمڕۆ دووشەممە 17-08-2020، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە. سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی وت" دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و تاوتوێکردنی داهات و پارەی حکومەت، بڕیاردراوە مووچەی ئەم مانگەش بە لێبڕینەوە وەکو مانگی رابردوو دابەشبکرێت. ئەو سەرچاوەیە وتیشی" جگە لە دابەشکردنی مووچە بەو شێوەیە، هیچ رێگایەکی تر لەبەردەم حکومەتدا نەبوو، بۆیە هەموو وەزیرەکان بە تێکڕا دەنگیان پێیدا و رازیبوون" ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە سبەی سێشەممە 17-08-2020 وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەت مووچەی مانگی سێ وەردەگرێت و بڕیاریشدراوە کە میکانیزمی دابەشکردنەکەی بەهەمان شێوەی دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دۆلار قەرزی لای کۆمپانیا و وەبەرهێنەکانە، بۆ وەرگرتنەوەشی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە لە بری ئەو قەرزەی حکومەت کە لەلای کۆمپانیاکان هەیەتی، بە زیادکردنی ئاشکرا موڵکی کۆمپانیاکان بفرۆشێت. بەڕێوەبەرایەتی بەشی ئاسانکاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی، نووسراوێکی بۆ گشت بانکە بازرگانییەکان گشتاندووە و تێیدا هاتووە"ئاماژە بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (29361) لە 16.4.2020 تایبەت بە یاسای چاکسازی و نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری ژمارە 2069 لە 13.5.2020 نووسراوەکانمان ژمارە 626، 694، 969 و 981 لە 14ی نیسان، 13ی ئایار، 30حوزەیران و 19ی تەممووز، ئاگادارتان دەکەینەوە نووسراوێک بۆ بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردن بکرێت بە مەبەستی وەرگرتنەوەی قەرزی ئاسانکاری لە رێگای فرۆشتنی ئاشکرا (موزایدە) بە دوایین رێکارە یاساییەکان بە وەرگرتنەوەی قەرز بەپێی (قانون تحصیل دیون الحکومە) ژمارە 56ی ساڵی 1977 و یاسای تۆماری خانوبەرە ژمارە 43ی ساڵی 1971 یاسای جێبەجێکردنی ژمارە 45ی ساڵی 1980 بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە رێگەی لیژنەکەتان و لە بوونی گرفتێک لە فرۆشتنی موڵکەکان بە نووسراوی فەرمی ئاگادارمان بکەنەوە".
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 463 تووشبووی نوێ دەستنیشانکراون و 24 کەسی دیکەش مردوون.. بەپێی دوایین راگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ دووشەممە 17-08-2020، بڵاویکردووەتەوە لە کۆی 4 هەزار و 258 پشکنین 463 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 24 کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە. هەروەها هەزار و 28 کەسیش چاکبوونەتەوە. ئێستا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 21 هەزار و 660 تووشبوو. لەو ژمارەیە 777 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 هەزار و 524 کەسیش چاکبوونەتەوە. دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوی (٢٤) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە (١٧٣) ١. کەرەنتین: (٣ هاوڵاتی نوێ لە کەرەنتین) ٥٥ هاوڵاتی لە کەرەنتینن لە ٤ شوێنی جیاواز لە پارێزگای دهۆك ماونەتەوە. ٢. پشکنین: (٤٢٥٨ پشکنینی نوێ) (١٦٤٢ هەولێر)، (٥٣٤ سلێمانی، ٢٢١ گەرمیان)، (١٨٣١ دهۆك)، (٣٠ هەڵەبجە) ٣. تووشبوو: (٤٦٣ تووشبووی نوێ) (٢١٣ هەولێر) (٨٥ سلێمانی، ٣٤ گەرمیان) (١١٦ دهۆك) (١٥ هەڵەبجە) ٤. چاکبوون: (١٠٢٨ چاکبوون) (١١٦ هەولێر) (٨٥٦ سلێمانی لە ماوەی ٢ هەفتەدا، ٤٠ گەرمیان) (١٦ هەڵەبجە) ٥. مردن: (٢٤ مردن) (١٠ هەولێر) (٥ سلێمانی، ٢ گەرمیان، ٢ ڕاپەڕین) (٥ دهۆك) ئاماری گشتی: کەڕەنتین ٢١٧١٨ هاوڵاتی (٢١٦٦٣ دەرچوو) پشکنین ٢٥٢٥٥١ (١٠٦٩٧١ هەولێر، ٧٦٣٨٩ سلێمانی، ٦٦٨٢١ دهۆك، ٢٣٧٠ هەڵەبجە) تووشبوون ٢١٦٦٠ (٨٩٥٧ هەولێر، ١٠١٠٠ سلێمانی، ١٩٣٦ دهۆك، ٦٦٧ هەڵەبجە) چاکبوون ١٢٥٢٤ (٤٤٤٦ هەولێر، ٦٧٢٣ سلێمانی، ٧٩٥ دهۆك، ٥٦٠ هەڵەبجە) لەژێر چارەسەر ٨٣٥٩ (٤٢٥٧ هەولێر، ٢٨٨٤ سلێمانی، ١١٢٣ دهۆك، ٩٥ هەڵەبجە) مردن ٧٧٧ (٢٥٤ هەولێر، ٤٩٣ سلێمانی، ١٨ دهۆك ، ١٢ هەڵەبجە) بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/). وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جارێکی تر داوا دەکەین هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و دەستکێش، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢). وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٧ی ئاب ٢٠٢٠
وەزارەتی دارایی وادەی دابەشکردنی مووچەی مانی سێی راگەیاند و سبەی سێشەممە 18-8-2020 مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت. کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات و بڕیاردرا مووچەی مانگی ئادار بەهەمان میکانیزمی مانگی شوبات دابەشدەکرێت و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی بکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە 2020/8/17 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و میکانیزمی دابەشکردنی مووچە تاوتوێ کرا. سەبارەت بەدابەش كردنی مووچە، پاش ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و بەرچاوڕوونی زیاتر لەبارەی دۆخی داریی ھەرێم، بڕیاردرا مووچە بە پێی ئەو داھاتەی كە لەبەر دەستە، لە زووترین کاتدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت. بۆ لەمەودواش، پێویستە بە میکانیزمی خۆگونجاندن لەگەڵ داھاتی مانگانە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مووچە لە کاتی گونجاودا دابەش بکرێت بە پشت بەستن بەداھاتەكانی ھەرێم كە داھاتی نەوتی و نا نەوتی و ئەو بڕە پارەیەی كە لە بەغداوە دێت بۆ ھەرێم، ھەموو مانگێک ڕێژەی مووچە بە پێی داھات دەبێت. لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها گفتوگۆ دەربارەی دۆخی تەندروستی و ڕێکار و هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کرا کە بەداخەوە ئێستا هەرێمی کوردستان، لە دۆخێکی مەترسیداردایە و ڕێژەی تووشبوون و گیان لە دەستدان لە بەرزبوونەوەدایە. بۆیە پێویستە هاووڵاتییان، پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان بن . ئاماژەش بەوە درا کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە ، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکاری پێویستی گرتەبەر و توانی تا ئاستێکی باش، دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات کە بووە جێی دەستخۆشی و ستایشی خەڵک لە ناوخۆ و دەرەوە، بەڵام بەداخەوە پابەندنەبوون بە ڕێکار و ڕێنماییەکان، بووە هۆی ئەوەی دۆخی تەندروستی بگاتە ئەم ئاستە مەترسیدارەی ئەمڕۆ. بۆیە له كاتێکدا دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی ، داوا لە هاووڵاتییانیش دەکەین لە پێناو پاراستنی خۆیان و کەسوکاریان ، پابەندبن و خۆیان بپارێزن