شەوی ڕابردوو 2020/8/24 لە گوندێکی سەر بە قەزای داقووق، چەکدارانی داعش هێرشیانکردە پۆلیسی عێراق. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی باڵکێش، شەوی ڕابردوو چەکدارانی داعش هێرشیانکردووەتە سەر پۆلیسی فیدڕاڵی عێڕاق و بەهۆیەوە چوار پۆلیسی فیدڕالی کوژراون. هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست باڵکێش کەوتوون، هێرشەکە کراوەتە سەر فەوجی (3)ـى بەتالیۆنی (5)ـى پۆلیسی فیدڕاڵی عێڕاق لە داقووق. هەر لە هێرشەکەی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر پۆلیسی فیدڕالی عێراق، چوار پۆلیس فیدڕالیش بریندار بوون.
دوای شەش مانگ مانەوەی لە بەندینخانە، دادگاى پاراگوای بڕیاری ئازادکردنی ڕۆناڵدینیۆ و برادەکەی دەرکرد. ڕۆژنامەى سپۆرتى ئیسپانى بڵاویکردەوە، دادوەرى دادگاى پاراگواى، ڕۆناڵدینیۆ و ڕۆبێرتۆ دى ئەسیس مۆرێراى براى ئازاد کرد، کە بەهۆى بەکارهێنانى پاسپۆرتى ساختەوە چەند مانگێکە لەو وڵاتەدا دەستگیرکرابوون. ڕۆژنامەکە ئیسپانییەکە دەڵێت “ڕۆناڵدینیۆ بە 90 هەزار دۆلار ئازادکراوە و پارەکە بۆ سەنتەرى پزیشکى ئەسۆنسیۆن دەبێت” هەروەها دەبێت پرۆژەیەکى کۆمەڵایەتى ئەنجامبدات، هاوکات براکەی بە 110 هەزار دۆلار ئازاد کراوە. ڕۆناڵدینیۆى ئەستێرەى پێشووى هەڵبژاردەى بەڕازیل و یانەکانى پاریس سانجێرمان و بارسیلۆنا لە ئازارى ڕابردووەوە بە پاسپۆرتى ساختەوە لە پاراگواى دەستگیر کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/8/25، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی لوتكەی (عیراق-ئوردن-میسر) بەرەو عەممان ـی پایتەختی ئوردن بەڕێكەوت. وا بڕیارە مستەفا كازمی لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەم و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر كۆبێتەوە. نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان هەر سێ سەرۆک (مستەفا كازمی و سیسی و شا عەبدوڵا) لەسەر هاوکاری ئابووری و هاوبەشی نێوان ئەو سێ وڵاتە دەبێت، هەروەها کار لەسەر پتەوکردنی وەبەرهێنان و بازرگانی دەکەن. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەوەرێکی گفتوگۆیەکە بریتی دەبێت لە بابەتی ئاسایشی و سەقامگیری ناوچەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/8/25 نرخی دراوە بیانییەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەم شێوەیە مامەلەی پێوە دەکرێت. 100 دۆلاری ئەمریکی بە 123 هەزار و 250 دینارە. 100 یۆرۆی ئەوروپی بە 145 هەزار 500 دینارە. 100پاوەی بەریتانی بە 161 هەزار دینارە. 100 لیرەی توركی بەرامبەر بە 17 هەزار و 250 دینارە. 100 هەزار تمەن بەرامبەر 5 هەزار 500 دینارە
لە ماوەی 24 کاتژمێرى رابردودا 32 تووشبووى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژئاواى کوردستان دەستنیشانکراون. جوان مستەفا، هاوسەرۆکى تەندروستى ئیدارەى خۆسەری لە رۆژئاواى کوردستان ڕایگەیاند، بە دەستنیشانکردنی 32 تووشبووى نوێی ڤایرۆسى کۆرۆنا، کۆی تووشبووان گەیشتە 394 کەس. لە ڕۆژئاوای کوردستان 394 تووشبووى ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشانکراون و 26 تووشبووش گیانیان لە دەستداوە، هەروەها 74 تووشبووی ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
راكەری پێشووی بەناوبانگی جامایكی، یووسێن بۆڵت بڵاوی کردەوە كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو. یووسێن بۆڵت تەمەن 34 ساڵان ڕایگەیاند، پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای کردووە و ئەنجامەکە پۆزەتیڤ بووە و ئێستا لە ماڵەکەی خۆیدا خۆی كەرەنتین كردووە. یووسێن بۆڵت هەوادارانی ئاگەدار دەکاتەوە خۆیان بپارێزن و و رایگەیاند "بۆ پاراستنی خۆشەویستانتان، پابەندی ڕێکارە خۆپارێزییەکان بن".
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/8/25 نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 45 دۆلار و 15 مامەڵەی پێوە کرا. نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساس بە 42 دۆلار و 45 سەنت مامەڵەی پێوە کرا. لە ماوەی ڕابردوودا نەوتی خاوی برێنت و تەکساس نزمترین ئاستیان لە بازاڕەکانی جیھاندا تۆمارکرد کاتێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە خوار 20 دۆلار و خاوی تەکساسیش بە -39 فرۆشران.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 2020/8/26، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی پەیوەست بە پەرلەمان و كاروباری ناوخۆی فراكسیۆنەكە. دابان محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند “ئەو کۆبوونەوەیە تەنها پێداچوونەوەیەکی بزووتنەوەی گۆرانە بۆ پەرلەمان و هیچ ئەندامێکی بزووتنەوەکە بە ئۆپۆسیزیۆنبوونی خۆی یان جیابوونەوەی لە فراکسۆنی گۆڕان ڕاناگەیەنێت”. دابان محەمەد وتیشی “فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ناوخۆیی دەکات بۆ وەرزی نوێ و پێداچوونەوە بە کاری پەرلەمانتاری خۆی، لەگەڵ هەندێک بابەتی تایبەت بە فراکسۆنەکە. لەبارەی بە ئۆپۆسیزیۆن بوونی چەند ئەندامێکی بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممە 2020/8/26 لە پەرلەمانی کوردستان، دابان محەمەد بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی وت “ هیچ پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان بە نیازی جیابوونەوە نییە لە فراکسۆنەکەمان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەو جۆرە هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە
ھاوڕێیان گەنجانی خۆشەویستی ھەڵەبجە، لە کاتێکدا ئەم نامە بۆ ئێوەی بەڕێز دەنووسم، بیرکردنەوەم خاڵییە لە دەمارگیری حزبی و پڕ لە خۆشەویستییە بۆ ئێوە و شار، بۆیە داواکارم ئێوەش بەھەمان بیرکردنەوە وەریبگرن. پێویستە پێش ھەرشتێ ئەوە بزانین ھەڵەبجە بە تەنھا موڵکی ھەڵەبجەییەکان نییە لەڕووی سامانی سیاسی و ئەدەبییەوە، چونکە ھەڵەبجە خاوەنی سەرمایەیەکی گەورە و قوربانی گەورەیە. سەرمایەیەک بە بیرکردنەوەی گۆران و ئەحمەد موختار و مەجزوب و مەولەوی و تایەر بەگ درووستبووە. لە دوای کیمیابارانیشەوە ھەڵەبجە پێناسەیەکی جیھانی وەرگرتووە و نازناوی پایتەختی ئاشتی وەرگرت. بۆیە دەبێ ئەو پێناسە نەشێوێنین. ھاوڕێیانی خۆشەویست، گەنجانی ئازیز، من ھەست بە نیگەرانی ئێوە دەکەم لەتەک ڕۆحی ئێوەدا دەژیم خەمەکانتان، ئازارەکانتان، نەداری و بێکاریتان دەزانم، چونکە لەگەڵ زۆرێک لە ئێوە پەیوەندیم ھەیە. بۆیە مافی ئەوەتان ھەیە ناڕەزایەتی دەربڕن و ڕەخنەبگرن و خۆپیشاندان بکەن، بە تایبەت لە ڕێگای خەباتی مەدەنییەوە کاربکەن بۆ بەدەستھێنانی داواکانتان. چونکە ئەم حکومەتە لەسەر ئێسک و پروسکی رابردووی ئێوە دروستبووە. بۆیە دەبێ نیگەرانی ھەردوولا حیسابی بۆ بکرێ، ئەمەی دەیڵێم بەرگری نییە لە کەموکورتی و گەندەڵی، بەڵام گەلۆ ناڕەزایەتی ڕێسا و یاسای خۆی ھەیە. دەزانم پەروەردەی حزبی فەزای گشتی شێواندووە لەبری ڕکابەر کردوینی بە دوژمن! چونکە رقی بەرھەمھێناوە، ھەڵەبجەش قوربانی یەکەمی ئەم رقبوونە بووە لەکاتی شەڕی ناوخۆدا، چونکە ھێزەکان لەبری گەشتن بە حەقیقەت کار بۆ شکاندنی یەکتر دەکەن. ھەتا ئەو رادەیە جۆرێک لە سیاسی ھەیە ھێندە نێرجسییە( خود ئەڤین) کاتێک ھەست بە مەترسی دەکات لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئاساییە لای، وەکو نیرۆن بەدیار سوتانی ڕۆماوە مۆسیقا بژەنێ، کوڕانی شار ئێوە لە سەردەمێکدا دەژین جیھانێکی گۆڕانی بەردەوام ئاڵۆز بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەکان لەئاستی جیھاندا، ئەمەش واقیعی حاڵی کوردە کەدەیبینن. بۆیە پێویستمان بە بیرکردنەوەیە. توندوتیژی مەجالی بیرکردنەوەمان نادات، کەواتە دەبێ کارێک نەکەین شار پەلکێشی ناسۆرەکانی رابردوو بکەینەوە، چونکە زەرەرمەندی یەکەم ھەڵەبجە و گەنجەکانی ھەڵەبجەیە. توندوتیژی دەرگا لەسەر کاری خراپتر دەکاتەوە، لەبەرئەوە توندوتیژی چارەسەرێکی خوازراو نییە کێشەکان چارەسەر ناکات و کێشەی دیکە بەدوای خۆیدا دەھێنێت. بۆیە داوام لە ئێوە وەک براو ھاوڕێ ئەوەیە لەبەر بەرداشی بەرژەوەندی حزبی خۆتان بپارێزن، لە توندوتیژی دووربکەونەوە، چونکە ھەڵەبجە خۆی قوربانی دەستی توندوتیژییە. کەواتە داواکان بە ڕێگاکانی ناتوندوتیژی بخەنەڕوو، لێرەوە بەدوای فەلسەفەی ژیاندا بگەڕێین. ھاوڕێیان ئەو ڕووداوەی شەوی ٢٢ ی مانگ، کە بووەھۆی سوتانی ئەرشیفی شارەوانی، ئەوە زیانێکی گەورەیە بۆ ھەڵەبجە، چونکە بە ھەموو کەموکورتییەوە دواجار ئەوە مێژووی شارە. دەزانن ھاوڕێیان من ھەتا ئێستا کتێبخانەی ھەڵەبجەم لەیاد ناچێ، کە لە کیمیاباراندا برا بۆ ئێران! چونکە ئەوە بەشێک بوو لە سامانی مەعریفەی ھەڵەبجە لەدەسمان چوو. گەنجانی ئازیز ھەندێجار لەکاتی خۆنیشاندان ئارەستەکەی بەرەو بارەگای پارتی دەگۆڕن ئەم بەئامانجگرتنەی پارتی بەتەنھا ڕیسەکەتان لێدەکاتەوە بە خوری، داواکارییەکان دەبنە جێی گومان دەچنەژێر پرسیارەوە، چونکە دەمانگێڕێتەوە بۆ رۆحیەتی ئەو پەروەردە نادروستەی حزبی کە لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا، لە راستیشدا پارتی بێ کەموکوڕ نیە، بەڵام ھەتا ئەو شوێنەی دەسەڵاتی ھەبووە خزمەتی ھەڵەبجەی کردووە. لەبیرمە کە لەنەوەدەکان موچەی کادرەکانی نەدەدا بۆ ئەوەی ئاو لە ئەحمەد ئاوا بھێنێتە ھەڵەبجە. دواتر بۆ بە پارێزگابوونی ڕۆڵی سەرەکی ھەبوو، لە چارەسەری کێشەی ئاو لەسەردەمی کابینەکانی پێشوودا، ھەروەھا بۆ کردنەوەی زانکۆ و قیرتاوکردنی گەڕەکەکان ئەمە ئەرکی خۆی بەجێھێناوە دیارە ئەرکیش سوپاسی ناوێت، بەڵام پێزانینی دەوێت ھەمووشمان ئەو ڕاستییە دەزانین، بەڵام وەک بەختیار عەلی دەڵێت: ( ھەموومان حەقیقەت دەزانین، بەڵام ناچینە ژێرباری حەقیقەتەوە) ئەوەش حەقیقەتە کە پارتی ھیچ دەسەڵاتی نییە لێرە لە دۆخێکدایە نە ئۆپۆزسیۆنە و نە دەسەڵاتە، بەڵام بۆ ھەڵەبجە برای بار ڕاستە. گەنجانی ئازیز.. ئەوانەی لەناو بارەگای پارتیدان برا و کەسوکاری ئێوەن، خوا نەخواستە ھەر کارەساتێکی گیانی لە ھەر کوێبێت لەبەر سروشتی کۆمەڵایەتی، تەحویل دەبێ بۆ کێشەی عەشایەری نموونە زۆرە لە ڕابردوودا، بۆیە ئێمە بە یەکەوە جوانین دەکرێ ڕکابەربین نەک دوژمن. پێمخۆشە ئەوەش بزانن ئەو کادرانەی پارتی خاوەنی گەنجی قارون نین، بەڵام موعاناتی یوسفیان ھەیە. لە کۆتایدا خۆشەویستیم بۆتان ھەیە ھیوام وایەو ئێوەخۆش بژین و شاریش سەلامەت.
حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و باری تەندروستی جێگیرە. تاوەکو ئێستا ژمارەیەك لێپرسراوی حكومەت و پەرلەمانتاری عێراوی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و هەواڵی بەشێکیان پشتڕاست كراوەتەوە.
دوای خنکانی گەنجێک لە ئاوی زێی بچووک، تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە. ڕۆژی ھەینی 2020/8/21 گەنجێک بەناوی (زوبێر مەحموود)ـی تەمەن 17 ساڵان، لە شاری کەرکووکەوە دەچێتە شوێنە گەشتیارییەکانی بۆگد لەسەر زێی بچووک و دەخنکێت. تا ئێستا تیمەکان خەریکی گەڕانن بە دوای تەرمەکەیدا و نەیانتوانیوە بیدۆزنەوە.
مەلار كرێكار لە زیندانێکی وڵاتی ئیتاڵیاوە دەڵێت: بە گشتی لە بارودۆخی زیندانەكە ڕازیم، بەڵام لە ئەدای دادگاكانیان ڕازی نیم، وەک سیستەم بستێک لەملای سیستەمی دادگاکانی میسرەوەیە، دادوەر هەرچی بیەوێت بڕیاری لەسەر دەدات و ئەوەی گوێی لێ نەگیرێت زیندانییەكە و پارێزەرەكەیەتی. خالید رەنجدەر، برای مەلا كرێكار رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە 2020/8/24 کاتژمێر 9ـی پێشنێوەڕۆ لە ڕێگەی سکایپ بۆ ماوەی کاتژمێرێک بە كوردی و بێ بوونی چاودێر و وەرگێڕ، قسەمان لەگەڵ مەلا كرێكار كرد و ئەویش باسی بارودۆخی خۆی لە زیندانەكەی بۆ كردین. ھەر وەک خالید رەنجدەر دەڵێت "مەلا كرێكار وتی: ئاسایشی زیندانەكە تووندوتیژە و بۆ هەر زیندانییەك بەلای كەمەوە (3) پاسەوان دانراوە. هەروەها وتییشی "ڕۆژانە (7) کاتژمێر بۆ وەرزش و جموجوڵی لە دەرەوەی ژوورەكەیەتی. مەلا كرێكار باسی لەوەشكردووە كە خەڵكی وا لە زیندانەكەدا هەیە لەسەر لایكێك بە یاسای دژە تیرۆر حوكم دراوە، یان خەڵك هەیە لە ئەوروپاوە چووەتە میسر و لەوێ چوار پەنجەی دەستی بەرزكردووەوە و وتوویان ئەوە ئاماژەیە بۆ مەیدانی رابیعەی عەدەوی و، بە یاسای دژە تیرۆر حوكم دراوە. خالید ڕەنجدە دەشڵێت "مەلا كرێكار باسی ئەوەی بۆ كردین كە لەو بەشەی ئەوی لێیە، خەڵكی بیانی تریش ھەیە، بەتایبەتی موسوڵمان. مەلا کرێکار لەوێ وانەی قورئان و زانیارییان پێ دەدات لەسەر ئیسلام.