ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/22، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ دەگ برگەم، وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا کۆبووەوە.لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا.وەزیری نآوخۆی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی بەنرخی ئەمەریکایە و خۆشحاڵین بە بەهيزبوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، کە ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی حکومەتی ئەمەریکا کە وزە لەپێناو ئاشتی و خۆشگوزەرانيی خەڵک بەکاربهێنرێت.سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی ئەمەریکا دووپات کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئاشتی و ئارامی دەبێت لە عێراق و ناوچەکەدا.
بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ. وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-05-2025، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ، کە بڕەکەی 50 ملیار و 522 ملیۆن و 750 هەزار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، بەغدا بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دیناری وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هەمان ڕۆژ، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی خشتەی مووچەی مانگی نیسانی بڵاو کردەوە، کە ڕۆژی چوارشەممە، 14-05-2025، دەستی پێ کرد و تا ڕۆژی یەکشەممە، 18-05-2025، بەردەوام بوو. مانگی ڕابردووش (سێشەممە، 22-04-2025)، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ، کە بڕەکەی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینار بوو، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
بەرپرسێک بۆ رۆژنامەی (الشرق الاوسط)، قسەی کردووە رونکردنەوە دەدات دەربارەی بەربەستەکانی حکومەتی ناوەند بۆ هەولێر. وە باس لە گرێبەستەکەی هەرێمی کوردستان و و اشنتن دەکات. لەبارەی كاردانەوەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، سەبارەت بەو دوو گرێبەستەی لەم رۆژانەدا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی واژۆیان كرد، بۆ پێشخستنی چەند كێڵگەیەكی نەوت و غاز، بەرپرسێکی پێشوی نەوت دەڵێت: پێدەچێت بەغداد تەنها بەیاننامەی رەتکردنەوە دەربکات و نەتوانێت گرێبەستەکانی هەرێم رابگرێت. ئەو بەرپرسە كە قسەی بۆ رۆژنامەی (الشرق الاوسط) كردووە، وتویەتی: ناکۆکییەکان لەگەڵ هەرێم بەردەوام دەبن لە نەبوونی یاسایەکی روون و ئاشکرای تایبەت بە نەوت.راشیگەیاندووە: ئەو گرێبەستە نوێیانەی هەرێم ئەنجامی داوە پێدەچێت مەبەست لێی پڕکردنەوەی کورتهێنانی ناوخۆ بێت، بەتایبەتی لە پەیوەست بە غاز، كە وڵات زۆر پێویستی پێیەتی، مەبەست لێی هەناردەکردنی دەرەوەی وڵات نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بابەتە پێویستی بە رێککەوتنی روون و شەفاف هەیە لەنێوان بەغداد و هەولێر.ناكۆكییە نوێكان لەكاتێكدایە، بەهۆی وەستانی نزیکەی دوو ساڵەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک و کێڵگە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، زیانەکانی عێراق بە نزیکەی (١٥)ملیار دۆلار دەخەمڵنێرێت، سەرەڕای چەندین لێدوانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی نزیکبوونەوەی هەناردەکردن، بەڵام تائێستا هەناردەكردنی نەوت راگیراوە.ئەو بەرپرسە نەوتییە ئاماژە بەوە دەکات: لە بەرژەوەندی دارایی عێراقدایە کە هەناردەکردنی نەوتی کورد لە رێگەی جەیهانەوە رابگیرێت؛ بە لەبەرچاوگرتنی تێچوی زۆری بە بەراورد بە نرخی نەوت لە کێڵگەکانی باشووری وڵات.بەدووریشی دەزانێت بەغداد و هەولێر بگەنە رێككەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ماوەی تەمەنی ئەم حکومەتەی ئێستادا، کە بەرەو كۆتایی دەچێت و رەنگە ئەو پرسە بگوازرێتەوە بۆ حکومەتی داهاتوو.دادگاکانی عێراق پێشتر دانیان بە شەرعیەت و یاسایبونی ئەو گرێبەستانەدا ناوە و هیچ کەموکوڕییەکی یاساییان لەسەر نییە، تاکە گۆڕانکارییەک کە روویداوە، سنوردارە بەو کۆمپانیایە کە ئەو گرێبەستانە بەڕێوەدەبات و، گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە بەپێی ئەو رێکارە یاسایی و گرێبەستيانەی کە لە رێککەوتنە واژۆکراوەکانی پێشودا دیاریکراون.ئەو دوو کۆمپانیای ئەمریکییەی کە رێککەوتنەکەیان لەگەڵدا واژۆ کراوە، چەند ساڵێکە سەرقاڵی پەرەپێدانی وەبەرهێنانن لە کەرتی نەوت و غازو لە بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكانی نەوتن لە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەری نوێ نین.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5/21، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن, لەگەڵ کۆنگرێسمان مایک ڕۆجەرز سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاریی سەربازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا جەخت لە بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە کرایەوە .لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا ، گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کات و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی سووریا و ناوچەکە تاوتوێ کرا ..
ئەمڕۆ چوارشەممە 5/21، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن, لەگەڵ کۆنگرێسمان دارێل ئیسا کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا جەخت لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرا . هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان .
ئەمڕۆ چوارشەممە 5/21، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن, لەگەڵ سێناتۆر ئەلیسا سلۆتکین کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا باس لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا . هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی و پێویستیی بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان. ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان ، هەروەها دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و ئازادی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو .
ئەمڕۆ چوارشەممە 5/21، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن, لەگەڵ سێناتۆر تێد بەد کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا جیا لە دووپاتکردنەوەی خواستی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، جەخت لە بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە کرایەوە.گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی هەرێم، چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بوارەکانی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و وزە و کارەبا و سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوارییە گشتییەکان و هەروەها هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5/21، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن, لەگەڵ سێناتۆر بیل هاگەرتی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.سێناتۆر هاگەرتی پێشوازیی لە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیای ئەمەریکی کرد لە بواری وزە و هیوای خواست پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لە نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەی پێ بدرێت.سەرۆکی حکومەت وێڕای سوپاسکردنی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان ، جەختیشی لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی ستراتیژی لە نێوان هەردوولادا کردەوە. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ، باس لە پێویستی ڕێزگرتن لە مافە دەستووریی و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 5/20، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن و لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لەگەڵ کۆنگرێسمان بڕایان ماست سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کۆنگرێسمان ماست سوپاس و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەربڕی . هەروەها هەموو پشتیوانییەکی بۆ هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دووپات کردەوە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە ، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و وزەدا، لەمبارەیەوە ئاماژە بە گرنگیی و سوودەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە کرا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagos کرا .
ئەمڕۆ سێشەممە 5/20 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە واشنتن، لەگەڵ هەردووسێناتۆر ئەنگس کینگ و جەیمس لانکفۆرد ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا کۆبووەوە. هەردوو سێناتۆر خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ ئەمەریکا نیشاندا و ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەیان لە دژی داعش و پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرد .لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە ڕێککەوتنەکانی بواری وزە کران کە لە واشنتن واژۆ کران ، ئاماژەیان بەوە دا کە ڕێککەوتنەکان دەبنە هۆی پەرەپێدانی ئابووری نەک تەنیا هەرێمی کوردستان بەڵکوو هەموو عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە 5/20، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ کۆنگرێسمان ئەبراهام ( ئەیب) حەمادە کۆبووەوە. کۆنگرێسمان ئەیب ئاماژەی بەوەدا کە شانازی دەکەم لە بنەماڵەکەماندا ڕەگێکی کوردیم هەیە و نەنکم ( دایکی باوکم ) کوردە و دایکیشم دورزییە. کۆنگرێسمان ئەیب خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ واشنتن و واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بوارەی وزە دەربڕی کە لە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتییانی عێراقدایە و جەختیشی لە گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە هەموو بوارەکاندا کردەوە.سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی لە کۆنگرێسمان ئەیب کرد کە ساڵی ڕابردوو بە ئەندامی کۆنگرێس هەڵبژێردرا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست . هەروەها سوپاسی پشتیوانیەکەی کرد لە هەرێمی کوردستان .
ئەمڕۆ سێشەممە 5/20، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ کۆنگرێسمان ماریۆ دیاز بالارت کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان و گرنگیی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەمەریکا کرا.کۆنگرێسمان ماریۆ دیاز بالارت، پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.