Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13719 بابەت
هەواڵ
28-05-2025

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: پێشوازیی لە هەڵوێستی ئەمەریکا دەکەین بۆ پشتی...

راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان: ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.بڕگەی سەرەکی و کارنامەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی فەرميی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتيی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە حەفتەی ڕابردوودا.لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکە کرد و ڕوونیکردەوە کە ويلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی دەڕوانێت، سەرۆک وەزیران هەروەها پشتیوانی واشنتنی بۆ قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بە گرنگ وەسف کرد بە ئاراستەی پتەوکردنی سیستمی فیدڕاڵی و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم. پاشان سەرۆک وەزیران پوختەی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندەکەی لە واشنتن لە گەڵ کۆنگرێس و ئیدارەی نوێی ئەمەریکا خستەڕوو.لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا، هەردوو لایەن جەختیان لە بەهێزترکردنی پەیوەندی هاوبەشی نێوانیان کردەوە بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی سیستمی فیدڕاڵیی دانپێدانراو لە دەستووری هەمیشەیی عێراق. سەبارەت بەکۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەرۆک وەزیران ستایشی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی کرد تایبەت بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان کە پابەندبوونی ئەمەریکای بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە وەزیری دەرەوە، ئامادەیی ئەمریکای دووپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا و دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.سەرۆک وەزیران ئاماژەی دا بە ستایشی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ میوانداریکردنی هەرێمی کوردستان لە پەنابەر و ئاوارەکان و پاراستنی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکان.دواتر هەریەک لە ئەندامانی شاندەکە بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان، وردەکاریی زیاتری کۆبوونەوە و دیدارەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو.لە دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی سەردانەکە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد و ڕێز و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانییەکەی لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و زامنکردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور.ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستوور، بە تایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدڕاڵیی و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستوور و خستنەوەگەڕی داهاتەکەی بۆ خێر و بەرژەوەندی هەمووان، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنی پرۆسەکە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی کەوتووە.

هەواڵ
28-05-2025

ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی د...

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی 5ی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆ دەبیتەوە.لە کۆبوونەوەکەدا، دەرەنجامی سەردانی فەرمیی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ واشنتن لە ڕۆژانی (18 تاكوو 23ی ئایاری 2025) لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامانی شاندەكە بۆ ئەنجومەن دەخرێتە ڕوو.

هەواڵ
27-05-2025

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا: پشتیوانی خۆمان بۆ هه‌رێمی كوردستانێكی...

سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: پشتیوانی خۆمان بۆ هه‌رێمی كوردستانێكی به‌هێز دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، هەروەها ڕێزگرتن له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌كی په‌یوه‌ندییه‌كانمانه‌ له‌گه‌ڵ عێراق.گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دا، هه‌رێمی كوردستانێكی به‌هێز له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مەریكا و عێراقیشه‌.هاوکات لەبارەی کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ، تامی بروس، دەڵێت: ماركۆ روبیۆ و مه‌سرور بارزانی گفتوگۆیان له‌باره‌ی زیادكردنی قه‌باره‌ی بازرگانی كردووه‌، باسیشیان له‌ پاراستنی مافی پێكهاته‌كان كردووه‌.گوتیشی: ماركۆ روبیۆ سوپاسی مه‌سرور بارزانی كرد بۆ واژۆكردنی گرێبه‌سته‌كان، هەروەها جارێكی دیكه‌ پاڵپشتی له‌و ڕێككه‌وتنانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم كراون.گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئه‌م جۆره‌ گرێبه‌ستانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولایه‌. جەختی لەوەش کردەوە، هانی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ده‌ین پێكه‌وه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی غازی كاربكه‌ن.دەشڵێت: غازی هه‌رێمی كوردستان هاوكار ده‌بێت كه‌ عێراق له‌ بواری وزه‌ سه‌ربه‌خۆ بێت.لەبارەی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان، تامی بروس، ڕایگەیاند: كۆمپانیاکانی وڵاتەکەمان به‌ ملیاران دۆلار له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنانیان كردووه‌.

هەواڵ
26-05-2025

پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە لە یادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی 49 ساڵەی شۆڕشی گوڵان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ لەم یادەدا جەخت لە كاركردنی هاوبەش و تەبایی و یەکهەڵوێستی و هاوخەباتی هەموو پێکهاتە و هێز و لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە. دەقی پەیامی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان: لە چل و نۆیەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی هەموو تێکۆشەر و خەباتکاران و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەینەوە کە لەم شۆڕشەدا بەشدار بوون و بە شکۆمەندی و بڕوایەکی بەرزەوە، بەرگریان لە گەلی کوردستان کرد . شۆڕشی گوڵان، وەک درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بەڕێبەرایەتی ڕێبەری نیشتیمانیمان بارزانیی نەمر، پیلانی دوژمنانی کوردستانی تێکشکاند و لە ڕێگەی گیانفیدایی و بەردەوامبوونی خەبات و تێکۆشانەوە، ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم خەڵکی کوردستاندا کردەوە . لە یادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، جەخت لە كاركردنی هاوبەش و تەبایی و یەکهەڵوێستی و هاوخەباتی هەموو پێکهاتە و هێز و لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە کە ئەو یەکڕیزییە، یەکێک لە بنەما بەهادارەکانی شۆڕشی گوڵان بوو کە بووە هۆی دروستبوونی بەرەی کوردستانی و سەرکەوتنی ڕاپەڕینی ئاداری 1991 و بەدەستێهنانی هەموو دەستکەوتە نیشتمانییەکان. لە یادی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد و گشت شەهیدانی کوردستان. مەسرور بارزانیجێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

هەواڵ
24-05-2025

پوختەیەک چاوپێکەوتنەکەی مەسرور بارزانی لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 24ی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ئەنجام داو و تێیدا وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە. پوختەیەک لە گوتە و وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: ویستمان بگەڕێینەوە بۆ واشنتن بۆ ئەوەی پیزانینی خۆمان بۆ سەرۆک ترەمپ، بۆ هێزی سەربازیی ئەمریکا بۆ گەلی ئەمریکا دەربڕین، بە تایبەت بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامییەی کە هەیانە بۆ ئێمە. هاتووین تا جەخت لە پابەندبوونی خۆمان بکەیەنەوە بۆ ئەوەی کە هاوپەیمان و دۆستی ئەمریکاین. ئێمە پێکەوە لەگەڵ ئەمریکا شەڕی دژی تیرۆرمان کرد، لەگەڵ کۆمپانیاکانی وڵاتەکە دەتوانین زۆر شت پێکەوە بنیاد بنێین، کە لە بەرژەوەندیی ئاشتی و ئاسایشی هەرێمەکەشمان بێت. ئێمە دەستوورمان هەیە، بە ڕوونی تێیدا هاتووە کە مافی کوردستان چییە، کوردستان مافی هەیە گرێبەست واژوو بکات، بە تایبەت لە پەرەپێدان و فراوانکردنی سێکتەری وزە، ئێمە لە ڕابردوو گرێبەستمان واژۆووکردووە، ئەم دوو کۆمپانیایەش تازە نین و 15 ساڵ لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستان کاریان کردووە. ئێمە هاوڕاین لەگەڵ سیاسەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، پێمان باشە دەرفەتێک بدرێتە سووریا، چونکە بە دۆخێکی ناهەموار تێپەڕیوە، دەسەڵاتدارانی دیمەشق تا ئێستا نەیتوانیوە بە تەواوی کۆنترۆڵی وڵات بکەن، هێشتا داعش لە وڵاتەکەدا هەیە و دەبێت چاودێریی بکرێن، هیوادارین بە هەماهەنگیی لەگەڵ هەموو لایەک داعش لە وڵاتەکەدا بوونیان نەمێنێت. هیوادارین دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕێککەوتنی ئاشتی لێ بکەوێتەوە، ئێمە شەڕمان ناوێت، هەموو لایەک پاڵشتیی لە دنیابینی سەرۆک ترەمپ دەکەن، ئێمەش بە هەمان شێوە پاڵپشتیی لێ دەکەین، بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی و ئاسایش بێتە ئاراوە، هیوادارین هەردوولا بگەنە ڕێککەوتن و ڕێز لە مافەکانیان بگیرێت. پاڵپشتیی ئەمریکا زۆر گرنگ بووە لە پاڵپشتیکردنی هەرێمەکە، ئێمە نەماندەتوانی داعش بە ئاسانی لەناو ببەین ئەگەر هاوکاریی ئەمریکا نەبووایە. هیوادارین ئەمریکا بەردەوام وەک هاوبەشێکی گرنگ سەیری هەرێمی کوردستان بکات، کە ئێستا وا سەیری دەکات. شانازی بەوە دەکەین کە ببینە هاوبەشی ئەمریکا.

هەواڵ
23-05-2025

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڵ...

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا؛پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، بەشێکی بنەڕەتی و ستراتیژی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا بە ڕێبەرایەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ. لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمەریکا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 23ی ئایاری 2025، لە واشنتن ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتیش ستایشی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی کرد تایبەت بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان.وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پابەندبوونی ئەمەریکای بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمە بەشێکی بنەڕەتی و ستراتیژی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا بە ڕێبەرایەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ. هەروەها ئامادەیی ئەمریکای دووپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ، ستایشی هەرێمی کوردستانیشی کرد له میوانداریکردنی پەنابەر و ئاوارەکان و پاراستنی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکان. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا کرایەوە.چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری هەمەچەشنکردنی ئابووری و گرنگی دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێم، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

هەواڵ
23-05-2025

ئەمریكا پشتیوانییەکانی بۆ مەسرور بارزانی و گرێبەستەکانی لە واشنتن دووپ...

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانی بۆ رێككەوتنەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەربڕی و داواشی لە حكومەتی عیراق كرد رێز لەو رێككەوتنە بگرێت. تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەكەی دڵخۆشە هەرێمی كوردستان رێككەوتنی گەورەی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان ئیمزا كردوە بە مەبەستی فراوانكردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە ناوچەكەدا. بروس روونیشیكردەوە، ئەو رێككەوتنانە یارمەتی عیراق دەدات بۆ ئەوەی سەرچاوە ناوخۆییەكانی بەكاربهێنێت و سەربەخۆ بێت لە وزە، ئەوەش لە پێشینەی كارە سەرەكییەكانی ئیدارەی ئەمریكا و پرسێكی گەورەی ئاسایشی نیشتمانییە. بروس داواشی لە حكومەتی عیراق كرد رێز لەو رێككەوتنە ئابورییە گرنگە بگرێت، كە پێویستە بۆ خۆشگوزەرانی و سەركەوتنی عیراق. جەختی لەوەش كردەوە، بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و عیراق و هەرێم لەوەدایە كە هەرێمێكی بەهێز و خۆراگڕ لە چوارچێوەی عیراقێكی فیدراڵیی هەبێت.

هەواڵ
23-05-2025

ئێوارە خوانێک بۆ بەخێرهێنانی مەسرور بارزانی لە واشنتن سازکرا

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 5/22 , لە واشنتن ، بە ئامادەبوونی مەسعەد بوڵس ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ ، ئێوارە خوانێک بۆ بەخێرهێنانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخرا.لە ئێوارەخوانەکەدا، کە ژمارەیەک لە کەسایەتیی ناسراوی ئەمەریکا ئامادەی بوون ، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک ترەمپ ، لە وتەیەکدا ، بەخێرهاتنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و سەردانەکەی بۆ ئەمەریکای بە سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو ناوبرد . ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا جەختیشی لە بەهێزترکردنی پەیوەندیی ستراتیژی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە.سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا سوپاسی میواندارییەکەی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان پێزانینی زۆری بۆ هاوکاری و پشتیوانیی و دۆستایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەیە و خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەین لە هەموو بوارەکاندا.

هەواڵ
22-05-2025

مەسرور بارزانی لەگەڵ بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا کۆبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/22، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن, لەگەڵ برادلی سمیس بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا کۆبووەوە.لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری دارایی و سیستەمی بانکی کرا.بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، سەرسامی خۆی بە پێشکەوتنەکانی پڕۆژەی (هەژماری من ) نیشاندا و هەموو پشتیوانییەکی وەزارەتەکەی بۆ پڕۆژەکە و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و گوتی پێزانینێکی زۆرمان بۆ هەوڵ و چاکسازییەکانی سەرۆکی حکومەت لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا ،بە تایبەتی لە بواری داراییدا هەیە و ئەو چاکسازییانە دەکرێ ببنە نموونە بۆ وڵاتانی تریش. سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکای کرد لە چاکسازییەکان و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە چاکسازییە داراییەکان و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دووپاتکردەوە.

هەواڵ
22-05-2025

مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری ئاسایشی ناوخۆى ئەمەریکا کۆبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/22، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن, لەگەڵ کریستی نۆوم وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ، بە تایبەتی لە بواری ئەمنی و ڕاهێنان و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو.

هەواڵ
22-05-2025

مەسرور بارزانی: فیدراڵیزم شتێک نیە تەنها لەسەر کاغەز بنوسرێتەوە بەڵکو...

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22ی ئایاری 2025، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان لە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا له‌ پانێڵێكی "کۆنفرانسی وزە" به‌شداریی كرد و تێیدا وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری دایەوە. پوختەیەک لە گوتە و وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: ئێمه‌ له‌ ڕێگه‌ی چاكسازییه‌وه‌ پرۆژه‌ی ڕووناكیمان ڕاگه‌یاندووه‌، واتا دابینكردنی كاره‌بای 24 كاتژمێری بۆ هه‌موو كوردستان، من زۆر خۆشحاڵم كه‌ پرۆژه‌كه‌ زۆر به‌ باشی ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌، پرۆژه‌كه‌مان له‌ ناوه‌ندیی شاره‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌ست پێ كردووه‌، هیوادارین تا كۆتایی ئه‌م ساڵ به‌ڵێنمان داوه‌، هه‌موو شاره‌كان كاره‌بای 24 كاتژمێرییان هه‌بێت و تاوه‌كوو كۆتایی ساڵی داهاتووش پرۆژه‌كه‌ هه‌موو كوردستان بگرێته‌وه‌. ئامانجی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر به‌ ته‌نیا كاره‌با بۆ هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌ین، به‌ڵكوو ده‌مانه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گازه‌وه، بتوانین كاره‌بای زیاتر به‌رهه‌م بهێنین و بۆ عێراق و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه‌ش. شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌م ئێمه‌ دوو ڕێككه‌وتنی زۆر باشمان له‌گه‌ڵ دوو كۆمپانیای باشی ئه‌مریكی واژوو كردووه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، نزیكه‌ی 15 ساڵ زیاترە ئه‌و دوو كۆمپانیایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌مه‌ هاوكارێكی باش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانین گازی زیاتر به‌رهه‌م بهێنین، له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ بتوانین كاره‌بای زیاتر به‌رهه‌م بهێنین. پێم وایه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و كاره‌یه‌ كه‌ پێویست بوو و ده‌بوو بیكه‌ین و چاومان له‌ خه‌ڵكی خۆمان بێت و ئاگامان لێیان بێت و باشترین خزمه‌تگوزارییان بۆ دابین بكه‌ین. چاوه‌ڕێین بزانین وه‌ڵامی فه‌رمیی به‌غدا له‌ باره‌ی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ چی ده‌بێت، پێم وایه‌ ده‌بوو چاوه‌ڕێیان بكردایه‌، چونكه‌ ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ی كراوه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو خه‌ڵك و وڵاته‌، ته‌نانه‌ت بۆ خه‌ڵكی عێراقیش باشه‌، ئه‌مه‌ به‌ ته‌نیا شتێك نییه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان و گه‌لی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ ڕێككه‌وتنێكه‌ هه‌موو چاوه‌ڕێیان ده‌كرد. ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ به‌ ته‌واوی یاسایین، چونكه‌ دوو كۆمپانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن و گرێبه‌سته‌كانیان براونه‌ته‌ دادگا و دادگا له‌ به‌غدا سێ جار بڕیاری له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی داوه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كان كردوویه‌تی. ده‌ستوور مافی ئه‌وه‌ی به‌ هه‌رێمی كوردستان داوه‌ له‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیدایه‌ و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریاندا هه‌یه‌، كار له‌سه‌ر نه‌وت بكات، ئه‌مه‌ش به‌ ته‌واوی سه‌د له‌ سه‌د یاسایی و ده‌ستوورییه‌ و هه‌ر ڕاگه‌یه‌ندراوێكیش له‌ دژی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌، بڕیارێكی سیاسییه‌ و هیچی دیكه‌ نییه‌. هیچ گومانێكی تێدا نییه‌ كه‌ سووریا به‌ كاتێكی زه‌حمه‌تدا تێپه‌ڕیوه‌، ئه‌مه‌ سه‌رده‌مێكی تازه‌یه‌ بۆ سووریا و خه‌ڵكه‌كه‌ی، ئێمه‌ باكگراوندی هه‌موویان ده‌زانین ئه‌وانه‌ی سه‌ركرده‌ن له‌ سووریا، به‌ڵكوو حكومه‌تی نوێی سووریاش پێویسته‌ ده‌رفه‌تێكی پێ بدرێت. حكومه‌تی دیمه‌شق ئاڵنگاری له‌ به‌رده‌مدایه‌، شیاوی ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو كه‌س هاوكاریی بكات، ئێمه‌ هاوكاری ده‌بین. ئێمه‌ سیسته‌مێكی فیدراڵیمان هه‌یه‌، به‌ڵام فیدراڵیزم شتێك نییه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر كاغه‌ز بنووسرێته‌وه‌ و مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌ز نییه‌، به‌ڵكوو ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت. زۆر گرنگه‌ كاتێك سیسته‌مێكت هه‌بێت و ڕێزی لێ بگیردرێت، ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ بۆ عێراق ده‌مانه‌وێت و داوای ده‌كه‌ین. سه‌رۆك بارزانی هه‌ردوو لایه‌نی كوردی له‌ سووریا كۆ كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ هه‌ردوولادا دانیشت و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن. پێمان وایه‌ كورد به‌یه‌كده‌ستی زۆر هاوكار ده‌بێت و هێزێكیان له‌ دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ده‌داتێ بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی خۆیان به‌ده‌ست بهێنن. ئێمە ڕێزمان هەیە بۆ قسەكانی بەڕێز ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا زۆر گرنگ بوو و زۆر خۆشحاڵ بووین كە ئەمەمان بیست. ئێمە بە شانازییەوە دۆست و هاوپەیمانی ئەمریكاین، بە ڕوونی ئێمە زۆر پاڵپشتیی سیاسەتی دەرەوەی بەڕێز ترەمپ و بڕیارەكانی ئەوین بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهان. ئێمە دەمانەوێ بیسەلمێنین كە كورد نەك هەر لە شەڕی داعشدا باشە و لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا كار دەكات، بەڵكوو ئێمە دەمانەوێ هاوپەیمانێتیی دیكەشمان هەبێت. ئیدارەی سەرۆک ترەمپ ئامادەن پشتگیری هەم لەم گرێبەستانە بکەن، هەم لە درێژەپێدانی پەیوەندییەکان بکەن لە هەموو ئاستێکدا.

هەواڵ
22-05-2025

مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا کۆبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/22، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ دەگ برگەم، وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا کۆبووەوە.لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا.وەزیری نآوخۆی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی بەنرخی ئەمەریکایە و خۆشحاڵین بە بەهيزبوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، کە ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی حکومەتی ئەمەریکا کە وزە لەپێناو ئاشتی و خۆشگوزەرانيی خەڵک بەکاربهێنرێت.سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی ئەمەریکا دووپات کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئاشتی و ئارامی دەبێت لە عێراق و ناوچەکەدا.

1 2 ... 105 106 107 ... 1143 1144