Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13719 بابەت
بیروڕا
02-09-2020

له‌ قاڵبدانی ژن له‌ دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كاندا!

میدیا به‌كۆی ئامرازه‌كانیه‌وه‌ وه‌ك دامه‌زراوه‌و سیاسه‌تی میدیایی، ده‌یان سه‌رنجی هه‌ڵگرتوه‌، به‌دیاریكراوی له‌م ناوچه‌یه‌، هاوكێشه‌ی میدیایی جیاواز له‌سیاسه‌ت‌و ئامانجی دیاریكراوی ئه‌و ڕوبه‌ره‌ی دیاریكردوه‌، وه‌ك هه‌یكه‌لی دامه‌زراوه‌یی هه‌میشه‌ جێی ڕه‌خنه‌ی به‌شێك له‌ژنان‌و فێمێنیسته‌كانیش بووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن ژن له‌میدیای كوردیدا له‌قاڵبدراوه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رنجبده‌ین به‌دیاریكراوی ژن له‌هه‌یكه‌لی دامه‌زراوه‌یی میدیاییدا، وه‌زیفه‌ میدیاییه‌كه‌ی به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌قاڵبدراوه‌‌و تێگه‌یشتنێكی بۆ وه‌رگر دروستكردوه‌، كه‌ تواناكانی له‌و چوارچێوه‌ دیاریكراوه‌ زیاتر نییه‌، ئه‌مه‌ش كلتورێكی دروستكردوه‌ كه‌ ژنان خۆشیان پابه‌ندی ئه‌و كلتوره‌بن كه‌ هه‌یه‌! ئه‌گه‌ر نمونه‌كه‌ له‌سه‌ر تیڤی بهێنینه‌وه‌، له‌كۆی دامه‌زراوه‌یه‌كی تی ڤی دا ئه‌ركی ژنان به‌گه‌وره‌یی ئه‌ركی پێشكه‌شكارییه‌، زۆربه‌ی كاتیش پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ هونه‌ریی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانن، جگه‌ له‌هه‌واڵنامه‌ سیاسیه‌كان، ته‌نانه‌ت ژنان كه‌مترین خاوه‌نی به‌رنامه‌ی سیاسین، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش له‌چه‌ند زاویه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌كرێت بخوێندرێته‌وه‌و هۆیه‌كانی ده‌ستنیشانبكرێت! سه‌رنجبده‌ن؛ له‌دامه‌زراوه‌یه‌كی تی ڤی دا له‌به‌شه‌كانی هه‌واڵ‌و په‌یامنێراندا كه‌مترین ژنه‌كان سه‌رنوسه‌رن، هه‌واڵسازن، یاخود په‌یامنێره‌كان كه‌ له‌په‌نجه‌ی ده‌ست تێپه‌ڕناكه‌ن‌و زۆركات ده‌وترێت په‌یامنێره‌ تاقانه‌كان، چونكه‌ له‌كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كاندا زیاتر هه‌ست به‌و گرفته‌ ده‌كه‌یت‌و له‌ژنێك تا دوان زیاتر نییه‌، هه‌روه‌ك له‌ڕوه‌ هونه‌ریی‌و ته‌كنیكیه‌كانیشه‌وه‌ له‌كۆنترۆڵه‌كاندا له‌كاری مۆنتێری، ده‌رهێنان، كامێرا تا هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی ته‌كنیك ژنان هیچ تایبه‌تمه‌ندیه‌كیان نییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ڕوبه‌ری هیوایه‌كمان بۆ ناهێڵێته‌وه‌ له‌سه‌ر تواناو پێگه‌یشتی ژن له‌میدیادا، له‌كاتێكدا میدیا به‌زانست كراوه‌و ساڵانه‌ له‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز ده‌رچویه‌كی زۆرمان هه‌یه‌ له‌و بواره‌دا كه‌ تایبه‌تمه‌ندی له‌به‌شه‌كانی میدیا وه‌رده‌گرن. دروستكردنی ئه‌م مۆدێله‌ بۆ ده‌ركه‌وتنی ژن له‌میدیادا، داهاتوی ژن ده‌خاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی گه‌وره‌كردنی ئه‌و ڕوبه‌ره‌ی پیاو له‌میدیادا قۆرخی كردوه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ره‌نجام ژن له‌میدیادا له‌قاڵبدراوه‌ بۆ هه‌ندێك چوارچێوه‌ی بچوك‌و قه‌تیس كراوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و بۆچونانه‌ی باس له‌وه‌ده‌كه‌ن ژن خزمه‌تی چاوی وه‌رگره‌كانی ده‌كات‌و هه‌ندێك كات ده‌وترێت وه‌ك كاڵا بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی وه‌رگر به‌كارده‌هێنرێن، هه‌ڵبه‌ت نه‌ك له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ك كوردستان، به‌ڵكو له‌جیهانیشدا ئه‌و تێڕوانینه‌ له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنی ژن له‌بواره‌ جیاوازه‌كاندا هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌كوردستان ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ قوڵتره‌، هه‌روه‌ك ده‌بینین له‌ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵی كوردی تایبه‌ت به‌كاتبه‌سه‌ربردن، به‌لێشاو به‌رنامه‌ی نمایشكاریی‌و مه‌یك ئاپ‌و فاشن‌و دیداری هونه‌ری ئه‌نجامده‌درێت‌و پێشكه‌شكاره‌كانیان ژنن كه‌ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان به‌رگی ئه‌م مۆدێله‌یان به‌باڵای ژناندا دوریوه‌و ئه‌م گۆشه‌ی ده‌ركه‌وتنه‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاندون ! ده‌كرێت بڵێم بۆ وه‌ها بابه‌تێك له‌چوارچێوه‌ی لێكوڵینه‌وه‌ یان توێژینه‌وه‌یه‌كدا دروستترو شیكاریتر هۆكارو ده‌ره‌نجامه‌كانیمان ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێره‌دا ڕه‌هه‌نده‌ سیاسیه‌كه‌ چاولێبكه‌ین، وه‌ك كاریگه‌رترین‌و به‌هێزترین هۆكاری ئه‌م كێشه‌یه‌، زۆر به‌ساده‌یی ده‌توانین هێڵی كێشراوی ئه‌م دۆخه‌ ببینین‌و بپرسین خاوه‌ندارێتی میدیاكان بۆكێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟. گومانی تێدانییه‌ مه‌كینه‌ی میدیای پارته‌ سیاسیه‌كان‌و سێبه‌ره‌كانیان له‌كوردستان ته‌واوی ڕوبه‌ره‌كه‌ی داگیركردوه‌ كه‌ سیاسه‌ت‌وستراتیژی لایه‌نێكی دیاریكراو جێبه‌جێده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌رگای پرسیارێكی دیكه‌مان بۆ ده‌كاته‌وه‌، ئایا سیاسه‌تی پشتی میدیاكان چه‌ند باوه‌ڕیان به‌باڵانسی جێنده‌ری هه‌یه‌‌و زه‌مینه‌یان ڕه‌خساندوه‌ كه‌ ژن خاوه‌ندارێتی بگرێته‌ده‌ست‌و ڕۆڵی به‌ڕێوه‌بردن وه‌ربگرێت، له‌كاتێكدا ژن له‌ناو خودی حزبه‌كاندا كێشه‌ی ڕێژه‌یی‌و به‌شداریكری سیاسی هه‌یه‌؟ ئه‌م نه‌فه‌سه‌ له‌بیركردنه‌وه‌ له‌ناو حزبه‌كاندا كلتورێكی دروستكردوه‌و سه‌پاندوه‌ تا ئه‌‌ندازه‌ی له‌قاڵبدانی بیركردنه‌وه‌ی خودی ژنان تا شوكرانه‌ی ئه‌و كادیره‌بكه‌ن كه‌تێیدا ده‌رده‌كه‌ون‌و ته‌نها له‌یه‌ك بازنه‌دا بخولێنه‌وه‌ نه‌ك خاوه‌ندارێتی، بگره‌ ده‌ست بۆ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی دیكه‌ی كاری میدیاییش نابه‌ن كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موی په‌یوه‌ستن به‌فه‌لسه‌فه‌ی كاركردنی پشتی میدیاكان‌و ئێستا پێویستیان به‌گۆڕانكاری هه‌یه. به‌م تێروانینه‌ خێرایه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی له‌م ژینگه‌ میدیاییه‌ی ئێستاداو له‌پاڵ شۆڕشه‌ گه‌وره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیاو توانای ژن وه‌ك زه‌روره‌تێك له‌به‌شه‌كانی دیكه‌ی كاری میدیایی‌و به‌ڕێوه‌بردندا، پێویستیمان به‌شكانی كۆنكرێتی بیری كۆنی حزبی‌و شۆڕشی عه‌قڵه‌ به‌سه‌ر ئه‌و كلتوری له‌قاڵبدانه‌ی ژن‌و ڕاچڵه‌كینی ژنه‌ بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هزرو ڕوناككردنی بیری تاریكی‌و ده‌ركه‌وتنی له‌به‌رگێكی دیكه‌ی پێگه‌یشتن‌و ڕۆشنبیركردنی له‌به‌شه‌كانی میدیا‌و ئه‌زمونكردنی خاوه‌ندارێتی‌و به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌ی میدیاییدا.

هەواڵ
02-09-2020

گه‌نجێكی گه‌رمیانی به‌ هه‌وره‌ بروسكه‌ گیانی له‌ده‌ستدا

گه‌نجێكی گەرمیانی لە گوندی به‌كربایه‌فی ناحیەی شێخ تەویل به‌ ھەورە بروسکەوە گیانی لەدەستدا.ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی ئەیلول، لە گوندی بەکربایەفی سەر بەناحیەی شێخ تەویل، گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵ به‌ناوی ( ئاکۆ فایەق غەریب) بەھۆی ھەورە بروسکەوە گیانی لەدەستدا گه‌نجه‌كه‌ مانگێكە هاوسەرگیری کردووەو لەکاتی کارکردن له‌ مزگەوتی گوندەکەیان ھەورە بروسکە لێیداوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

هەواڵ
02-09-2020

وەزارەتی پەروەردە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیاندراوێكی لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بڵاوكردەوە. تێیدا هاتووە، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی قوتابیان و مامۆستایان، بڕیاردرا ناوەندەكانی خوێندنی سەر بە وەزارەت بە شێوازی خوێندنی ناو پۆل نەكرێتەوە.  دەقی راگەیاندراوەكە: راگەیاندراوێك لە راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەوە :ئەمڕۆ چوارشەممە ، ۲ ی ۹ ی ۲۰۲۰ ، بەڕێز وەزیری پەروەردە راپۆرتی وەزارەتی پێشكەش بە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كرد. سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی ۲۰۲۰ـ ۲۰۲۱ ، كە چەندین بژارە خرانە روو ، پاش هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستیی لەلایەن بەڕێز وەزیری تەندروستی، بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا  ئەنجومەنی وەزیران بریاریدا، كە ناوەندەكانی خوێندنی سەر بە وەزارەتمان بە شێوازی خوێندنی ناو پۆل نەكرێتەوە. بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی قوتابیان و مامۆستایان و كۆی گشتی كۆمەڵگا. لەهەمان كاتدا تاوتوێی ئەوەش كرا، كە پرۆسەی خوێندن رانەگیرێت. بۆ ئەوەی ساڵی خوێندنی قوتابیان و خوێندكاران نەفەوتێت و لەكاتی دەستپێكی دەوام خوێندنی ئەلیكترۆنی و خوێندنی ئۆنلاین پەیرەو بكرێت، لە سەرجەم ناوەندەكانی وەزارەتی پەروەردە ، جگە لە قۆناغی ۱۲ ی ئامادەیی . بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین، كە وەزارەتی پەروەردە  لە نزیكترین دەرفەتدا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت ئەنجام دەدات، بۆ تاوتوێكردنی دەرچواندنی رێنمایی ورد بۆ جێبەجێكردنی بریاری ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیران كە چەندین بابەت لە خۆ دەگرێت ، لە گرنگترینیان : ۱ـ ئەنجومەنی وەزارەت بریار دەدات لەسەر دیاریكردنی ڕێكەوتی دەستپێكی ساڵی نوێ خوێندن بەشێوازی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین  بۆ قوتابخانە و خوێندنگا و پەیمانگا  حكومی و ناحكومیەكان. ۲ـ ئەنجومەنی وەزارەت بریار دەدات لەسەر دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن بۆ قوتابیانی قۆناغی ۱۲ ی ئامادەیی ، بە هەموو بەشەكانیەوە ، لە خوێندنی حكومی و ناحكومی بە شێوازی ئامادەبوونی تەواو لە ناو پۆل بە گوێرەی ئەورێنماییانەی وەزارەتی تەندروستی دیاری دەكات  پاش كۆتایی هاتنی  خولی دووەمی تاقیكردنەوە گشتییەكان. ۳ـ میكانیزمی پاڵپشتیكردنی قوتابیانی قۆناغی یەكەمی بنەرەتی و چۆنیەتی ئاشناكردنیان بە ژینگەی قوتابخانە.كۆی گشتی ئەو بابەتانەی پێویستن بۆ دەستپكی ساڵی نوێی خوێندن لە ئەنجومەنی وەزارەت ڕێنمایی پێویستیان پێدەردەچوێنرێت. رەوشی تەندروستی لە ئێستادا وا دەخوازێت كە ژیانی مامۆستایان و قوتابیان پارێزراو بێت و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەكرێت و قوتابیانیش بێ خوێندن نەبن. ئەم هەنگاوەش پێویستی بە پشتیوانیكردنی هەمووانە، ئەگەر دۆخی تەندروستیش ڕێگابدات بەگەرانەوە بۆ ناو ناوەندەكانی خوێندن، لە هەركاتێكدا بە دڵنیاییەوە خوێندنی ئاسایی دەستپێدەكاتەوە .راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە ۲ ی ۹ ی ۲۰۲۰

هەواڵ
02-09-2020

چارەنووسی وێستگە کارەباییه‌کەى گەرمیان دیار نیە

بڕیاربوو وێستگەیەکى بەرهەمهێنانى کارەبا لەم بەهارەدا له‌ گه‌رمیان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام پرۆژەکە تائێستا چاره‌نووسی دیار نییه له‌باره‌ی چاره‌نووسی پرۆژه‌كه‌وه‌ تۆڕی میدیایی باڵكێش، په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌بای گه‌رمیانه‌وه كرد، وتی: "هۆكاری جێبه‌جێ نه‌كردنی پرۆژه‌كه‌ تائێستا، په‌یوه‌ندی به‌ بارودۆخی ته‌ندروستییه‌وه‌ هه‌یه‌و هه‌ركات ئه‌م بارودۆخه‌ ئاسایی بووه‌وه‌، ئه‌وه‌ كۆمپانیای جێبه‌جێكار ده‌ست به‌ كاره‌كانی ده‌كات" وتیشی: "پرۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای ئه‌گریكۆی به‌ریتانییه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا كردووه‌و به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ش ده‌بێت كۆمپانیاكه‌ پێنج كیلۆمه‌تر له‌وغازه‌ی كه‌ له‌ كێڵگه‌ی حه‌سیره‌ به‌فیڕۆ ده‌چێت، بكێشێت بۆ وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای گه‌رمیان و ١٦٥ مێگاوات كاره‌با دابین بكات" ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "كه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ١٦٨ مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت و ٨ مێگاواتی بۆ گه‌رمیانه‌، چونكه‌ سیسته‌می دابه‌ش كردنی كاره‌بای هه‌رێم مه‌ركه‌زییه‌، به‌ڵام به‌م ٨ مێگاواته‌ كاره‌بای ماڵان به‌هێز ده‌بێت و ئه‌و بڕه‌ كاره‌بایه‌ش كه‌ له‌نێوان چه‌مچه‌ماڵ و كه‌لاردا ون ده‌بێت، چاره‌سه‌رده‌بێت و هه‌لی كاریش له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا ده‌ڕه‌خسێنێت و له‌ڕووی ژینگه‌ییشه‌وه‌ ئه‌و غازه‌ی كه‌ پێشتر‌ به‌فیڕۆ ده‌چوو و ژینگه‌ی گه‌رمیانی پیس ده‌كرد، چیتر به‌فیڕۆناچێت و ‌ژینگه‌ی گه‌رمیان پیس ناكات" وەزارەتى کارەبا لە سەرەتاى ئەمساڵدا، ئەنجامدانى پرۆژەیەکى وێستگەى بەرهەمهێنانى کارەبای لە گەرمیان ڕاگەیاند، کە پرۆژەکە پشت دەبەستێت بەو گازەى کە لە کێڵگەى نەوتى حەسیرە دەردەهێنرێت و له‌ئێستادا بە فیڕۆ ده‌چێت و دەسووتێت، بەشێوەیەک ئەو گازە دەدرێتە كۆمپانیای ئه‌گریكۆی به‌ریتانی کە تواناى به‌رهه‌مهێنانی (١٦٥) مێگاوات کارەبای هەیە. پرۆژەکە ئەگەرچی بڕیار بوو ئەم بەهارە جێبه‌جێ بكرێت، بەڵام تائێستا دواکەوتووه‌و جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

بیروڕا
02-09-2020

تۆمەتبارێک لە هەولێر دەستگیر کرا

لە شاری هەولێر تۆمەتبارێك لە لایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەستگیركرا، كە ماددەی هۆشبەریشی بەكارهێناوە. بەگوێرەی راگەیاندراوێكی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، دوای كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر تۆمەتبارێك كە فەرمانی دەستگیركردنی هەبوو، بە تۆمەتی دزینی ماتۆڕسكیل و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، هەروەها تەقەكردن لە نێو شەقام، دوای چاودێریكردن، تۆمەتبارەكە دەستگیر کرا. راگەیاندراوەكەی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە كرد، لە كاتی دەستگیركردنیدا، تۆمەتبارەكە كەرەستەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرو دەمانچەیەك و كلاشینكۆفك و چەكێكی تر لە جۆری (جێرسە) و چەقۆیەك لە ماڵەكەیدا دەستیان بەسەردا گیرا، تۆمەتبارەکە دانی بەتاوانەكانی داناو بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادان بڕیاری بەندكردنی بۆ دەرچووە.

هەواڵ
02-09-2020

یەکێتی ئەوروپا بۆ تورکیا: هەڕەشە و قیڕاندن ئێمە ناترسێنن

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، تورکیا ناتوانێت یەکێتی ئەوروپا دەستەمۆ بکات و وتی" هیج لایەنێک ناتوانێت یەکێتی ئەوروپا بە هەڕەشە و قیڕاندن بترسێنێت".. مارگریتیس کیناس، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەشی بە ناکۆکیەکانی نێوان یۆنان و تورکیا کرد لە سەر سەچاوەکانی وزە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و لەو بارەیەوە وتی "هیج لایەنێک ناتوانێت یەکێتی ئەوروپا بە هەڕەشە و قیڕاندن دەستەمۆ بکات یانیش بترسێنێت. ئێمە بیر لە رێگەیەک دەکەینەوە کە دوایین دەرفەت بە تورکیا بدەین. ئەگەر پێش ٢٥ی ئەم مانگە کەوتینە دۆخێکی لەو شێوەیە، ئەوا دۆخەکە لەبار دەبێت بۆ سەپاندنی سزا. لەم کاتەدا، کۆمەڵێکی جۆری سزا لەسەر مێزی گفتوگۆن." لەبارەی سزاکانیشەوە وتی "ئەو سزایانەی کە زیاتر لە هەموو شتێک زیان بە تورکیا دەگەیێنێت ئەوانە دەبن کە پێشوەخت ئاشکرا نەکراون، ئەوانە بریتین لە کۆمەڵیک سزا کە دواتر بڕیاریان لەسەر دەدرێت و جێبەجێدەکرێن." بڕیارە لە ٢٤ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتی ئەوروپا لە بارەی ناکۆکیەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لەسەر رۆژەهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەڕێوەبچێت.

بیروڕا
02-09-2020

مێسی بارسیلۆنای بەجێھێشت

کەناڵی بی بی سی ڕایگەیاند، لیۆنێل مێسی یاریزانی یانەی بارسیلۆنای ئیسپانی و ئەستێرەی ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بە گرێبەستێکی 5 ساڵە و بە بڕی 700 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی مانچیستەر سیتی ئینگلیزییەوە کرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە لیۆنێل مێسی لە ڕاھێنانەکانی یانەی بارسیلۆنای ئیسپانی بەشداری ناکات و میدیایە جیھانییەکانیش باسی بەجێھێشتنی یاریزانەکە دەکەن.

بیروڕا
02-09-2020

نێچیرڤان بازرانی و به‌رهه‌م ساڵح جەخت له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان ده‌که...

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆککۆماری عێراقی فیدراڵ کۆبووه‌وه‌ و باسیان لە چۆنیەتی تێپەڕاندنی قەیرانەکان و زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکاندا کرد. سەرۆکایەتیی ھەرێمی کۆوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/9/2 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بەرھەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی کۆماری کووبوونەتەوە. ھەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی ھەرێم، کۆبوونەوەکە سەبارەت بە ھەڵومەرجی سیاسی عێراق و ناوچەکە، لەگەڵ گرنگی یەکخستنەوەی تواناکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و زاڵبوون بەسەر ناکۆکیەکاندا بووە. ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونه‌وه‌که‌دا جەخت لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی بژێوی ژیانی ھاوڵاتیان و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بێ جیاوازی، کرایه‌وه‌. دوا پێشهاته‌کانی ناوچه‌که‌ و پێویستیی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌که ‌و جیهان، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.

هەواڵ
02-09-2020

نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ ماکرۆن کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان کرد

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە بەغدا کۆبوونەوە. شاندی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکە پێکهاتبوون نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان. شاندی فەرەنساش جگە لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوو وەزیر و باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا بوون.   نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی لە بەغدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن لە تویتێکدا رایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداریان لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا هەبووە.هەروەها نێچیرڤان بارزانی سوپاسگوزاریی خۆی بۆ پەیوەندی و پشتیوانیی بەردەوامی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان لە تویتەکەدا دەردەبڕێت و دەشڵێت هیوا ئەوە دەخوازێت کە لەداهاتوودا ئەو پەیوەندیانە بەهێزتر بن. دەقی تویتەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:"شەرەفمەند بووم بە دیتنی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن. ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان هەبوو لە بەغدا. من سوپاسگوزاری پشتیوانی بەردەوام و پەیوەندیە بەهێزەکانی فەرەنسام لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان. هیوام وایە پەیوەندیە بەهێزەکانمان لەگەڵ فەرەنسا هێشتاش بەرەو پێشەوە ببەین."

هەواڵ
02-09-2020

دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا

دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان دواخرا و سەرۆکی پەرلەمانیش رایگەیاند، لەبەر تێکنەچوونی دۆخی دانیشتنەکە ئەو بڕیارەی داوە. دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان خرایە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو.

گشتی
02-09-2020

باوکی مێسی هاندەرانی بارسای بێهیوا کرد

خۆرخی مێسی، باوکی لیۆنێل مێسی بۆ کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا گەیشتە ئیسپانیا و بەر لە کۆبوونەوەکەش هاندەرانی یانەکەی بێهیواکرد. پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، خۆرخی مێسی بە فرۆکە تایبەتەکەی لیۆنێل مێسی گەیشتە بارسێلۆنا، لەکاتی گەیشتنی باوکی مێسی بۆ بارسێلۆنا، رۆژنامەنووسان رێیان لێگرت و پرسیاریان لەبارەی داهاتووی کوڕەکەیەوە لێکرد، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە داهاتووی مێسی چی لێدێت؟ وتی "هیچ نازانم، مانەوەی مێسی لە بارسێلۆنا زۆر زۆر ئەستەمە".  ئەمە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی بەڕێوەبەری کارەکانی لیۆنێل مێسی و کارگێڕی یانەی بارسێلۆنا، دوای ئەوەی مێسی لە رێگەی فاکسێکەوە داوای رۆیشتنی لە یانەکەی کرد.

هەواڵ
02-09-2020

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی خوێندنەوە بڕیاریدا

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی خوێندنی ساڵی داهاتووەوە بڕیاریدا و رایگەیاند، هەر قوتابیەک دەتوانێت لە پۆل ئامادەبێت، یان دەتوانێ بە ئۆنلاین بخوێنێت. بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، پۆلی 12 لەپۆل وانە دەخوێنن و دەوامیان 27/9/2020 دەستپێدەکات،  لە زانکۆ و پەیمانگاکانیش سیستەمی خوێندنی ئاوێتە پەیڕەودەکرێت، ھەندێک لە وانەکان لە پۆل و ھەندێک وانە بە ئۆنلاین دەبێت. هەروەها باخچەی ساوایان، قوتابخانە، پەیمانگا حکومی و ئەھلییەکان تاوەکو سەرەتای مانگی 10 بەداخراوی دەمێننەوە.

1 2 ... 1058 1059 1060 ... 1143 1144