Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13719 بابەت
هەواڵ
12-06-2025

حكومەتی فیدراڵی 11 ساڵە مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "حكومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر ئاستە سیاسی و ئابووری و داراییەكان، گەمارۆی خستووەتەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و گوشاری بەردەوامی بۆ بچووككردنەوە و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كردووە". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-06-2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 11 ساڵە بەغدا "بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە. لە بەرانبەردا هەموو مانگێک بیانووی جۆراوجۆری بۆ نەناردنی مووچە دروست كردووە. سەرباری ئەوەی دادگەی فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی خەڵكی كوردستان بێ دواکەوتن خەرج بکرێت و بە هیچ بابەتێكەوە نەبەسترێتەوە". لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، حکومەت ئاماژەی بەوە کردووە، هەولێر هەموو مانگێک پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام بەغدا "هەموو مانگێک مووچەی مووچەخۆرانی دواخستووە و هیچ ساڵێكیش هەر 12 مووچەكەی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، ئەمە جگە لە پیادەنەكردنی دادپەروەری لە دامەزراندن و پلەبەرزكردنەوە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق". حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی دوایین بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی راگرتنی مووچەی پێنج و مووچەی مانگەکانی دیکە دەکات و دەڵێت، "ستەمكارانە و سزادانێكی نوێیە"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا مووچەی 8 مانگی ساڵی 2025 نەنێرێ لە كاتێكدا لە 13 تریلیۆن دیناری پشكی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 تریلیۆن دینار نێردراوە". دەقی راگەیێندراوەکە: لە چەند ساڵی رابردوودا، حكومەتی فیدراڵیی عێراق، لەسەر ئاستە سیاسی و ئابووری و داراییەكان، گەمارۆی خستووەتە سەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و فشاری بەردەوامی بۆ بچووككردنەوە و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كردووە. لەگەڵ ئەوەی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، فاكتەری ئارامی و گەشەی ناوچەكەیە و لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا رۆڵی لە گێڕانەوەی سەقامگیری و لەخۆگرتنی ئاوارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا بینیوە، بەڵام حكومەتی فیدراڵی لە جیاتی هاوبەشی و رێككەوتن، هەموو ئامرازێكی بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان خستووەتە گەڕ. بڕینی مووچە خەڵكی كوردستان بۆ ماوەی 11 ساڵە حكومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە. لە بەرانبەردا هەموو مانگێک بیانووی جۆراوجۆری بۆ نەناردنی مووچە دروست كردووە. سەرباری ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی خەڵكی كوردستان بێ دواکەوتن خەرج بکرێت و بە هیچ بابەتێكەوە نەبەسترێتەوە. حكومەتی هەرێمی کوردستان هەموو مانگێک بیانووەكانی بەغدای بڕیوە و كێشەكانی لیستی مووچەی چارەسەر كردووە، بۆ ئەمەش سیستەمی پەیرۆڵی دامەزراند و یاسای یەكگرتووی خانەنشینیی عێراق و سیستەمی بەبانكیكردنی مووچەی جێبەجێ كرد و لەسەر داوای حکومەتی فیدڕاڵ دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست و لەجێدانانی فەرمانبەرانی بە هەموو شێوەیەک راگرت، بەڵام حكومەتی فیدراڵی هەموو مانگێک مووچەی مووچەخۆرانی دوا خستووە و هیچ ساڵێكیش هەر 12 مووچەكەی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، ئەمە جگە لە پیادەنەكردنی دادپەروەری لە دامەزران و پلەبەرزكردنەوە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق. لە دوابڕیاری ستەمكارانە و سزادانێكی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا مووچەی 8 مانگی ساڵی 2025 نەنێرێ لە كاتێكدا لە 13 تریلیۆن دیناری پشكی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 تریلیۆن دینار نێردراوە. گەمارۆكانی بەغدا لە بواری بودجەدا بەغدا لەڕێگەی سكاڵای نێودەوڵەتییەوە لە 25ی ئاداری 2023 ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرت، كە بە هۆیەوە عێراق و هەرێمی كوردستان 25 ملیار دۆلار زیانیان بەركەوتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 4ی نیسانی 2023 لەگەڵ عێراق رێکكەوتنی ئیمزا کرد کە نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت. هەرێمی کوردستان 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردووە، بەڵام عێراق هیچ تێچوویەكی ئەو بەرهەمهێنانەی خەرج نەكردووە. جگە لەوەی 50%ی داهاتی نانەوتیی رادەست كردووە، بەڵام بەغدا بۆ ماوەی 11 ساڵە بودجەی كوردستانی بڕیوە و بەوهۆیەوە پرۆژە و گەشەی شارەكانی وەستاندووە، سەرەڕای پەسندكردنی بودجە بۆ ساڵی 2023، 2024 و 2025. ئەمە جگە لەوەی بەغدا هیچ قەرەبوویەكی خەڵكی كیمیابارانكراو و جینۆسایدكراو و ئەنفالكراوی كوردستانی نەكردووەتەوە، كە ماددەی 132ی دەستوور ئاماژەی پێداوە. رێگری لە هەناردەكردنەوەی نەوت عێراق جگە لەوەی مووچە و بودجە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێ، ئاستەنگیش لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوت دروستدەكات، تاكو نەتوانێت ئابوورییەكەی ببووژێنێتەوە و مووچە دابین بكات. لە كاتێكدا مادده‌ی 111 و 112ی ده‌ستووری عێراق مافی وەبەرهێنانی وزە بۆ كوردستان دەستەبەر دەكات، هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانكارییەكی بۆ مەرجەكانی عێراق و رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە و گرێبەستەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و كۆمپانیاكان بەپێی بڕیاری دادگاكانی عێراق یاسایین، بەڵام حكومەتی عێراق ئاستەنگی نوێ لەبەردەم پرۆسەكە دروست دەكات، تاكو هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە لاواز بکات و توانای خۆبژێویی نەبێت وەک لە سەرەتای 2014ەوە رووی داوە. سەرباری ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پاساوەكانی بەغدای لە بواری دارایی و نەوتدا بڕیوە، هاوكات ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و كاركردن بە دەستوور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پیشان داوە، بەڵام سزادان و گەمارۆكانی بەغدا بۆ سەر خەڵكی كوردستان بەردەوامن و نیازی حكومەتی فیدراڵی لە دژایەتیی قووڵی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیدا بۆ ناوخۆ و دەرەوە روون بووەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی تووندی حزبەكانی كوردستان و عێراق و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق و سیاسەتمەدار و چاودێرانی دەرەوەی لێكەوتووەتەوە.

هەواڵ
12-06-2025

حکومەتی عێراق یاسای ڕژێمی بەعس بەرامبەر بە کورد بەکار دەهێنێت

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە ڕاگەیاندراوێکدا پەیامێکی تووند ئاڕاستەی حکومەتی فیدراڵ دەکات و دەڵێت: برسی کردنی خەڵکی کوردستان لە یاساکانی ڕژێمی بەعسە، عێراقیش خەریکە یاساکانی بەعس بەرامبەر بە کورد بەکار دەهێنێت. دەقی ڕاگەهاندراوەکەی وەزافەتی سامانە سروشتییەکان: "حكومەتی فیدراڵی سوورە لەسەر چەسپاندنی کۆمەڵێک یاسای ڕژێمی پێشوو کە یاسای بەعسی و ناوەندییەتیی بەسەرچووە، بەتایبەتی یاسای ساڵی 1976، کە بەشێوەیەکی ئاشكرا دژی بنەماکانی سیستمی فیدراڵی و ماددەکانی دەستووری بەركارە، سەرباری ئەوەش مووچە و بژێویی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و سیاسەتی برسیکردنی بەرنامەبۆداڕێژراوە، بۆ جێبەجێکردنی جیاکارییەکان کە دژی دەستوورن و ئەوەش لە دڕندانەترین پێشێلکارییەکانە".

هەواڵ
10-06-2025

بەهۆی وشکەساڵی ملیۆنان تەن گەنم بۆ ئەمساڵ کەمی کردووە

بەرێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکوو دوێنێ لە پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، بڕی سێ ملیۆن و 600 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە. بەهۆی کەمبارانی و کەمئاوی، لە عێراق نزیکەی ملیۆنێک و 700 هەزار تۆن گەنم کەمی کردووە، لەهەرێمی کوردستانیش نزیکەی 800 هەزار تۆن گەنم کەمی کردووە. سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، د. حەیدەر کەرعاوی، بەرێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی وەرگرتنی گەنمە لە پارێزگای سلێمانی بەتایبەت لە پیرەمەگروون، هەروەها دەرگای سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کراونەتەوە و پرۆسەکە بەردەوامی دەبێت.گوتیشی: تاوەکوو دوێنێ لە پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، بڕی سێ ملیۆن و 600 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم بەردەوامە.ئاماژەی بەوەش دا، ئەمساڵ بەهۆی کەمیی ئاو، هەندێک لە جووتیارانی عێراق نەیانتوانی گەنم بچێنن، دەشڵێت بەنموونە بەرهەمی گەنمی پارێزگای نەینەوا لە پار کەمتر بووە.حەیدەر کەرعاوی، باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ دەرگای سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرانەوە، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و کارمەندان لە پێشوازیی جووتیاراندا دەبن، بڕی 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت. بەڵام بەهۆی کەمئاوی کە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەندێک وڵاتانی دراوسێی گرتووەتەوە بەرهەم کەمی کردووە.ڕاشیگەیاند، بەهۆی کەمبارانی و کەمئاوی، لە عێراق نزیکەی ملیۆنێک و 700 هەزار تۆن گەنم کەمی کردووە، لەهەرێمی کوردستانیش نزیکەی 800 هەزار تۆن گەنم کەمی کردووە، دەربارەی وەرگرتنی گەنم گوتی: لە هەموو پارێزگاکانی عێراق گەنم کەمتر وەرگیراوە نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، چونکە هیچ جیاوازییەک لە نێوان جووتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا نییە. حەیدەر کەرعاوی، دەشڵێت: تەنیا لە پارێزگای نەینەوا، بەهۆی کەمبارانیەوە، جووتیاران یەک ملیۆن تۆن گەنمیان کەمتر چاندووە، گوتیشی: پارساڵ هەموو جووتیاران پارەکانیان وەرگرتووە، بەڵام ئەمساڵ پارەکە کەمترە، هەوڵ دەدەین بەهەموو جووتیارانی بدەین.

هەواڵ
08-06-2025

پرسەنامەیەک لە مەسرور بارزانیەوە

بەڕێز د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەبارەی عێراق: بۆ کۆچی دوایی باوکی بەڕێزتان، پرسە و سەرەخۆشیتان لێدەکەم و هاوبەشی خەمتانم. خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە ئێوە و بنەماڵەکەتان ببەخشێت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 08 حوزەیران 2025

هەواڵ
08-06-2025

نرخی کارتی دەنگدان گەیشتووەتە 500 هەزار دینار

ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، نرخی کارتی دەنگدان لە بەغدا گەیشتووەتە 500 هەزار دینار.کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بوونی شتی لەو جۆرە رەت دەکاتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی حوزەیران، هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "پرسەکە زۆر جیدییە و لە زۆر شوێندا دەبینین و دەبیستین کە باس لە کڕین و فرۆشتنی دەنگ و کارتی دەنگدان دەکرێت. بەڕاستی ئەمە مەترسییەکی زۆر گەورەیە و پێویستە رێگری لێبکرێت." هادی سەلامی گوتیشی: "کارتەکان بە شێوەی جیاواز کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە بەغدا نرخەکەی گەیشتووەتە 500 هەزار دینار." بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاکی، داوایان لە هێزە ئەمنییەکان و لیژنەکانی هەواڵگری کردووە "بە زووترین کات بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەو دۆخە بکەن و بنبڕ بکرێت." هاوکات، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی گوت: "ئێمە لە موسڵ، چەندین جار گوێبیستی ئەو بابەتە بووین و بەدڵنیاییەوە راستە، دەگوترێت نرخی کارتی دەنگدان لە 75 هەزار دینارەوە تاوەکو 300 هەزار دینار کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت لە موسڵدا." شێروان دووبەردانی گوتی: "بەدڵنیاییەوە لە هەموو پارێزگاکان ئەو دۆخە هەیە، بەڵام کۆمیسیۆن هەمیشە رەتی دەکاتەوە و دەڵێت، دوورە لە راستییەوە." رۆژی شەممە، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە گوتاری نوێژی جەژنی قورباندا گوتی: "شەرمەزارییە بازاڕ و بۆرسە بۆ کڕینی بەربژێر و دەنگدەران هەبێت. ئەمە کارێکی قێزەونە، پارەی حەرامە و ناپاکییە لە گەل و نیشتمان." لەلای خۆیەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "ئەگەر لای ئێمە سکاڵا بکرێ، بەدواداچوون دەکەین و بکەران بە تووندی سزا دەدەین، هەرچەندە ئەو بابەتە بە راست نازانین، چونکە کەس ناتوانێت لە بری کەسی دیکە دەنگ بدات." گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت: "لە رۆژی دەنگداندا رێکاری تایبەتمان هەیە کە رێگری دەکات لە بەکارهێنانی کارتی دەنگدان لەلایەن کەسانی دیکەوە، ئەویش پەنجەمۆری 10 پەنجەی دەست لەسەر ئامێری وردبینی و بەراوردکردنی بە پەنجەمۆری تۆمارکراوی لە ئامێرەکەدا." بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت و بەشداریکردنی دەنگدەران تەنیا لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە 25ـی ئاداری 2024ـەوە دەرگای نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی کردووەتەوە و پرۆسەکە تاوەکو 15ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت.

هەواڵ
06-06-2025

سزا نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بە تۆمەتی کاری نایاسایی و هاوکاریکردنی ئێران، سزای بەسەر چەند کەسایەتی و قەوارەیەکدا سەپاند. هەینی 6ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، 10 کەسایەتی و 27 قەوارە، بەهۆی کارای نایاسایی و هاوکاریکردنی ئێران، خرانە لیستی سزاکانی ئەمەریکاوە. وەزارەتەکە دەڵێت: بەشێک لەو ژمارە کەسایەتییانە هەڵگری ڕەگەزنامەی دوو وڵاتی جیاوازن، کە چالاکییەکانیان لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران، هەروەها لەندەن و دوبەی چڕبوونەتەوە. هەر بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، سزاکانی ئەمەریکا قەوارە بازرگانییەکانی چەند وڵاتێکیشی لەخۆ گرتبوو، کە بەشێکیان لە ساڵی 2024ـدا تۆمار کرابوون، ئەو کاتیش بە هەمان هۆکار سزایان بەسەردا سەپێنرابوو. گەنجینەی ئەمەریکا، باس لەوەش کرد، کارەکانی کەسایەتی و قەوارە سزادراوەکان بریتیبوون لە؛ بازرگانی گشتی، پترۆکیمیایی، گواستنەوەی پارە، و خزمەتگوزاری لۆجستی.

هەواڵ
05-06-2025

پەیامی پیرۆزبایی مەسرور بارزانی بە بۆنەی جەژنی قوربان

بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی قوربان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت موسڵمانانی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، بە تایبەتی جەژن لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان پیرۆز بێت. هیوادارم ڕۆژانی جەژن لە ئارامی و ئاسوودەییدا بەسەر ببەن. جێی داخ و نیگەرانییەکی قووڵە، ئەم جەژنە لە دۆخێکی سەختی داراییدا دەکەینەوە، بەهۆی سزادانی بە کۆمەڵی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە. بەڵام دڵنیایی دەدەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و لابردنی ئەم ستەمە ناڕەوایەی بەرانبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. جەژنتان پیرۆز بێت و لە تەندروستیدا بژین.مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2025/6/5

هەواڵ
05-06-2025

سامانە سرووشتییەکان بۆ بەغدا: بڕینی مووچە قێزەونترین پێشێلکارییە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی پەیامی وەزارەتی نەوت دەداتەوە کە بە رادەست نەکردنی داهاتی نەوتی تۆمەتباری کردبوون و دەڵێت: بەیاننامەکەیان "دوورە لە راستی و رەچاوی بنەماکانی هاوبەشیی راستەقینەیان نەکردووە."  لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا باس لە راگرتنی مووچەی مووچەخۆران کراوە و رایانگەیاندووە: "مووچە و بژێوی هاووڵاتییانی هەرێمتان بڕیوە، [ئەمە] پێشێلکارییەکی ئاشکرای سادەترین مافە مرۆییەکانیانن، و سیاسەتی برسیکردنی سیستماتیکیان لە دژ پەیڕەو دەکەن بە مەبەستی جێبەجێکردنی پیلانە جیاکارییەکانتان کە پێچەوانەی دەستوورن، و ئەوە یەکێکە لە قێزەونترین پێشێلکارییەکانتان." دەقی راگەیێندراوەکەی سامانە سرووشتییەکان: جارێکی دیکە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەیاننامەیەکی سیاسی بڵاودەکاتەوە کە تەواو دوورە لە ڕاستییە بابەتییەکان، و لە ڕێگەیەوە سوورە لەسەر سیاسەتی خستنە ئەستۆی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی شکستە کەڵەکەبووەکان کە، لە بنەڕەتدا، دەرئەنجامی سیاسەتە (ناوەندییەکانن) کە ڕەچاوی بنەماکانی هاوبەشیی ڕاستەقینەیان نەکردووە کە عێراقی فیدراڵی لەسەری بنیات نراوە. پێش چوونە ناو وردەکارییەکانی وەڵامدانەوەی ئیدعاکانی باسکراو، دەمانەوێت لەبەرچاوی ڕای گشتی چەند ڕاستییەک بخەینەڕوو کە ناتوانرێت نکۆڵییان لێبکرێت و پشتگوێ بخرێن: ئێوەن کە دەستوور بە شێوەیەکی زەق و بەردەوام پێشێل دەکەن، و بوونەتە کۆسپ لەبەردەم پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بۆ چەندین ساڵ، ئەم یاسایە کە بەردی بناغەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە نەوتییەکان. لە جیاتی ئەوە، پێداگری دەکەن لەسەر دەستگرتن بە سیستەمی یاساکانی ڕژێمی پێشوو کە یاسای بەعسیی ناوەندیی سەردەم بەسەرچوون، بەتایبەتی یاسای ساڵی ١٩٧٦، کە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ناکۆکە لەگەڵ پرەنسیپەکانی سیستەمی فیدراڵی و ماددەکانی دەستووری کاری پێکراو. بەوەش نەوەستان، بەڵکو مووچە و بژێوی هاووڵاتیانی هەرێمتان بڕی، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سادەترین مافە مرۆییەکانیان، و سیاسەتی برسیکردنی سیستماتیکیان لە دژ پەیڕەو دەکەن بە مەبەستی جێبەجێکردنی پیلانە جیاکارییەکانتان کە پێچەوانەی دەستوورن، و ئەوە یەکێکە لە قێزەونترین پێشێلکارییەکانتان. سەبارەت بە تۆمەتەکانی بەقاچاغبردنی نەوت لە هەرێم، ئەوا هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ لادانی سەرنج لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی بەقاچاغبردن و گەندەڵیی بەرفراوان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق. ئێوەن کە نەوت لە باشوور بە قاچاخ دەبەن و هەموو کێشەکانی گەندەڵی لەبەرچاوی هەمووان ئەنجام دەدەن، بە شایەتیی ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە قەبارەی بەهەدەردان و گەندەڵی ئاشکرا دەکەن. ئێوەشن کە نەوت تێکەڵ دەکەن و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەوانی تر دەکەن لە جیاتی خزمەتکردنی عێراق و گەلەکەی، بە سیاسەتگەلێکی جێی داخ کە زیانی بە ناوبانگی نەوتی عێراقی لە ئاستی جیهاندا گەیاندووە. لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە هەموو ئەرکەکانیەوە، سەرەڕای پابەندنەبوونی لایەنی بەرامبەر بە بەرپرسیارێتی و ئەرکە دەستوورییەکانی. خستنە ئەستۆی هەرێم بەرپرسیارێتی زیادەی ئۆپێک هەڵەی ئێوەیە، چونکە ئێوە نەوتی ئەوانی تر بە ناوی نەوتی عێراقییەوە دەفرۆشن. مافی دەستووریی هەرێم لە بەرهەمهێنان دوو هێندەی ئێستایەتی، بەڵام هەرێم، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی وڵات، تەنانەت نیوەی ئەم بڕە شایستەیەش بەرهەم ناهێنێت. زیاتر لە ١١ ملیۆن بەرمیل نەوتمان ڕادەست کردوون، و یەک دیناریشتان لە بەرامبەردا بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتن و پابەندییە داراییەکان. سەبارەت بەوەی لە بەیاننامەکەی دواییتاندا هاتووە، ئەم ڕاستییانەی خوارەوە ڕووندەکەینەوە، بە شێوەیەک کە گومانی تێدا نییە: 1- حکومەتی هەرێم ئەو لایەنە نییە کە بووەتە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت، بەڵکو ئەوە لە ئەنجامی ئەو سکاڵایەوە بوو کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە دژی وەزارەتی وزەی تورکیا تۆماری کرد، و بەهۆیەوە هەناردەکردن لە ٢٥/٣/٢٠٢٣ ڕاگیرا، کە بووە هۆی زیان گەیاندن بە حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و کۆمپانیاکان بە زیاتر لە ٢٥ ملیار دۆلار. 2- لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا، و بەدیاریکراوی لە ٤/٤/٢٠٢٣، ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی نەوت کرا بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن، بەڵام یاسای بودجە بڕیاریدا لەسەر دیاریکردنی بڕێک بۆ تێچووی بەرهەمهێنان (کە شەش دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک)، ئەمەش وایکرد زۆربەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان واز لە بەرهەمهێنان بهێنن بەپێی ئەم دیاریکردنە. 3- لەسەر داوای وەزارەتی نەوت، بڕێک لە نەوتی هەرێم ڕادەستی یەکێک لە پاڵاوگەکان کرا کە بۆ بەرژەوەندیی وەزارەتی نەوت کاردەکات، ئەمەش بۆ ماوەیەک کە لە پێنج مانگ زیاتر بوو. کۆی گشتیی ئەوەی ڕادەستکرا (١١،٨٢٦،٢١٨) بەرمیل بوو. سەرەڕای ئەم پابەندبوونەی لایەنی هەرێم، یەک دینار لە بەرامبەر ئەم بڕە نەدرا، و بەهۆی ئەوەشەوە، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان وازیان لە ڕادەستکردنی بەرهەمەکانیان بە وەزارەتی نەوت هێنا. 4- لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵیی ئێستا، لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنرا بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی. بە کردەوە چەندین کۆبوونەوە بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامدرا، بەڵام ئەم هەوڵانە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان نەبووە. سستی و دواکەوتنێکی ڕوون لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بەدی دەکرێت لە بەدواداچوونی ئەم دۆسێیە زۆر گرنگە، کە کلیلی چارەسەری ڕاستەقینەی ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتە. 5- بەو پێیەی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق سیستەمێکی فیدراڵییە، و یەکێک لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم ئەوەیە کە یاسادانانی تایبەت بە خۆی هەبێت کە کاروباری خۆی ڕێکبخات، بۆیە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان واژۆ کردووە بە پشتبەستن بە یاسای نەوت و گازی ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧. ئەگەر کێشەیەکی یاسایی ڕاستەقینە لەم گرێبەستانەدا هەبووایە، ئەوا کۆمپانیا جیهانییە ناودارەکان ملیارەها دۆلاریان لە هەرێمدا وەبەرهێنان نەدەکرد بێ هیچ بنەمایەکی یاسایی. 6- عێراق دەستوورێکی هەیە، ئەگەر بە حوکمەکانی کاری پێبکرایە، دەق و ڕۆح، دوور لە هەڵبژاردن و بەرژەوەندییە تەسکەکان لە جێبەجێکردن و لێکدانەوەدا، ئەوا دۆخی گشتیی وڵات، و بەتایبەتی دۆسێی نەوتی، نەدەگەیشتە ئەم ئاستە لە ئاڵۆزی و قەیراناویبوون. 7- حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەند بووە بە ئەرکەکانیەوە سەبارەت بە هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، کە ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر: فرۆشتنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، و سپاردنی تەواوی داهاتی فرۆشتن لە گەنجینەی دەوڵەت، و دیاریکردنی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری، و کردنەوەی هەژمارێکی گەرەنتیکراو (Escrow Account) بە ناوی کۆمپانیاکانەوە. 8- کۆمپانیا نەوتییەکانی کارکەر لە هەرێم داوای ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەن: (کارکردن بە گرێبەستەکان لە ڕووی مۆدێلی ئابووری، مەرجە بازرگانییەکانی ناو گرێبەست، دەستنەبردن بۆ گرێبەستەکان چونکە ڕێڕەوی یاسایی خۆیان لە دادگا فیدراڵی و نێودەوڵەتییەکان وەرگرتووە). دەمانەوێت یادی ئێوە و ڕای گشتی بخەینەوە کە ڕێککەوتنی (کاتی) تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، و ئەو کۆبوونەوە و دیدارانەی دواتر ئەنجامدران، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر نەرمونیانیی هەرێمی کوردستان و ئامادەیی بۆ هاوکاری، ئەمەش وادەکات ئیدعاکانی وەزارەتەکەتان سەبارەت بە بێسوودیی گفتوگۆکانی پێشوو لەگەڵ هەرێم، ئیدعایەکی بێ بنەما بن. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥

هەواڵ
05-06-2025

پرۆژەی ڕووناکی 7 هەزار مۆلیدە دەكوژنێتەوە

پڕۆژەی ڕووناکی، پڕۆژەیەکی نیشتمانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە تیایدا کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو هەرێمی کوردستان تاکوو کۆتایی ساڵی 2026 دابین دەكات.یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی پڕۆژەی ڕووناکی بریتییە لە کوژاندنەوەی مۆلیدەی گەڕەکەکان کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 7000 مۆلیدە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان. ئەم مۆلیدانە پێشتر هۆکارێکی سەرەکیی پیسبوونی ژینگە بوون لە کوردستاندا. داتا سەرەکییەکانی ئەم هەنگاوەی پڕۆژەی ڕووناکی بەم شێوەیەن:1- 1260 مۆلیدە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا کوژێنراونەتەوە، کە 1092ی لە هەولێر و 79 لە سلێمانی و 89 لە دهۆکە.2- ئەم ڕێژەیە یەکسانە بە ٪17ی مۆلیدەی گەڕەکەکانی سەرانسەری هەرێمی کوردستان.3- کوژانەوەی ئەم مۆلیدانە یەکسانە بە کەمکردنەوەی 240،000 تۆن لە گازی ژەهراویی دوانەئۆکسیدەی کاربۆن لە ساڵێکدا و یەکسانە بە لابردنی تاوەکو 250،000 ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکەن. کاریگەرییەکانی کوژاندنەوەی مۆلیدەکان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026:1- تاوەکوو کۆتایی بەجێگەیاندنی پڕۆژەی ڕووناکی، ژمارەی ئەو مۆلیدانەی دەکوژێنەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بە قەبارەی 1.4 ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا.2- ژمارەی ئەو مۆلیدانەی لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی دەکوژێنەوە یەکسان دەبێت بە 1.3 ملیۆن ئۆتۆمبێل3- ئەم ژمارانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراویی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن بە ڕێژەی ٪4 لە هەرێمی کوردستاندا.شێوازی جێبەجێکردن:1- پڕۆژەی ڕووناکی گرێبەستی لەگەڵ خاوەن مۆلیدەکان کردووە بۆ کوژاندنەوەی مۆلیدەکانیان و تەنها کارکردنیان وەک جێگرەوەیەک.2- لە ئێستادا هاوبەشانی کارەبا ڕاستەوخۆ کارەبای 24 کاتژمێریی پڕۆژەی ڕووناکییان پێدەگات.3- لە سەرەتای پڕۆژەکەوە تاوەکوو ئێستا، خاوەن مۆلیدەکان بە بەردەوامی مانگانە شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە. جۆرەکانی مۆلیدە کە کوژێنراونەتەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی:1- مۆلیدەی گەڕەکەکان2- مۆلیدەی تایبەتی ماڵ3- مۆلیدەی تایبەت بە شوێنە بازرگانییەکانی وەک هۆتێل و ڕێستۆڕانتەکان4- مۆلیدەی شوێنە گشتییەکانی وەک پاڕک سوودە داراییەکان: 1- ٪80ی هاووڵاتییان لە ئێستادا پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بە پێشوو کە دەیاندا بە مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.2- پێشتر خێزانە کەمدەرامەتەکان تاوەکوو ٪30ی داهاتی مانگانەیان خەرج دەکرد بۆ پێدانی پارەی مانگانەی مۆلیدە.3- لە ئێستادا هاووڵاتییان تەنها پارەی ئەو کارەبایە دەدەن کە خۆیان بەکاریان هێناوە. سوودەکانی پڕۆژەی ڕووناکی لەڕووی تەندرووستی و ژینگەییەوە:1- پرۆژەی ڕووناکی لە ڕێگای کوژاندەنەوەی مۆلیدەی گەڕەکەکان، دەردانی گازی ژەهراوی وەک دوانەئۆکسیدی کاربۆن و دوانەئۆکسیدی گۆگرد ڕادەگرێت.2- وەستاندنی تێکەڵبوونی ئاوی پیس و نەوتی بەکارهێنراو لەگەڵ خاکدا.3- کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو بە بڕی 1 ملیۆن مەتر چوارگۆشە کە بەکار دەهێنران بۆ ساردکردنەوەی مۆلیدەکان.4- دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ژاوەژاو - مۆلیدەکان دەنگییان بە ڕێژەی ٪50 - ٪100 بەرزتر بوو لە ئاستی ئاسایی.

هەواڵ
04-06-2025

ئەنجومەنی وەزیران: بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان نادەستووریی و...

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوون بۆ پێشینەی هاوسەرگیری بۆ کو ڕو کچی شەهیدان و زیندانیيانی سیاسی دەدات ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرەتا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە وشەفافانە سەرجەم داتا و زانیاریەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم خستووەتەڕوو و لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم ئیمزاکرا بۆ دابینکردنی تەواوی مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی کە ڕێگە نادات ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، هۆکار بێت بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەستووری عێراق بنەمای یەکسانی لە نێوان سەرجەم عێراقییەکان جێگیرکردووە و دادگای فیدڕاڵیش جەختی کردۆتەوە لەسەر مامەڵەکردنی مووچەخۆرانی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی، بۆیە نابێت لە ژێر هیچ پاساو وبیانوویەک، قوتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو رابگیرێت بە تایبەتیش کە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حکومەتی فیدڕاڵ بەم بڕیارە سیاسیەی؛ گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە. هەر لەوبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران؛ بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە نا دەستووریی و نایاسایی دەزانێت و داوای کرد ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان وکار بە دوا ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم بکرێت. هەروەها بڕیاریشدرا نامەیەکی فەرمی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستووریی و یاسایی و داراییەکان ڕوونبکرێتەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەر کردنی گرفتی مووچەی هەرێم بکرێت لە چوارچێوەی دەستوور. بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی نووسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە پێشنیاریان کردووە لێخۆشبوون بۆ کوڕو کچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی بکرێت لە پێشینەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 158 لە 2025/3/12 بۆ ئەوانەی کە سوودمەند نەبوون لە منحە و دیاریی هاوسەرگیریی، پاش خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەلایەن عەبدوڵلای حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان. ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارەکە دا. بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی کارمەندانی گرێبەست لەسەر بودجەی پەرەپێدان و داهات و پێشینەی بەردەوام و کرێی رۆژانە.پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی بۆ ڕەوایەتی داواکاری ئەو کارمەندانە لەسەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ئەم بابەتە بە بڕیارێکی گشتگیر بۆ سەرجەم وەزارەتەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە ئامادەکاری باشتری بۆ بکرێت لە ڕووی یەکخستنی ژمارە و ئامارەکان لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان وسەرەڕای هەڵسەنگاندنی ئیداریی و دارایی بابەتەکە، تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری یەکلاییکەرەوەی لەسەر بدرێت. لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە سەرجەم موسڵمانان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد و بەو بۆنەیەوە، بڕیاردرا لە ڕۆژی هەینی 2025/6/6 تا رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 2025/6/9 ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان بێت و ڕۆژی سێشەممە 2025/6/10 دەوامی فەرمیی دەستپێدەکاتەوە.

هەواڵ
03-06-2025

پارتی وەڵامی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەداتەوە

لای خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاشکرایە، کە بێ هیچ هۆکارێک و لەم کاتەدا کە بەرەو جەژنی پیرۆزی قوربان دەچین، بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و تەواو سیاسی کە دژی پڕەنسیپەکانی پێکەوەژیان و شەراکەتە لە عێراقی نوێدا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ڕاگیراوە. بەداخەوە لە پاڵ ئەم زوڵم و زۆرەی لە گەلەکەمان دەکرێت، زۆرجار بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش ڕۆڵی پارێزەر دەبینن لە هێنانەوەی ئەو پاساوانەی بۆ بڕینی قوت و مووچە و دەستخستنە قوڕگی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەهێنرێنەوە، نموونەی ئەمڕۆشمان فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و موسەننا ئەمین بوو، کە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان بۆ کوردی وەرگێڕا. لەبری ئەوەی وەك نوێنەری خەڵكی كوردستان دژی ئەو ستەمە بوەستنەوە، بوون بە گوتەبێژ و وەرگێڕ و دەمڕاستی ئەوانەی مافی خەڵكی كوردستانیان بە ناهەق پێشێل كردووە و بەجۆرێک دەریانخست کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەرپرسیارن خوڵقاندنی ئەم دۆخە. هەموو لایەك ئاگادارن، ئەوان و هاوشێوەكانیان دەمێكە بۆ دەركردنی کۆمەڵە بڕیارێک لە دژی خەڵكی كوردستان، بەردەوام چاوساغی بۆ نەیارانی گەلی كوردستان و عەقڵییەتە شۆڤێنی و تایفییەكان دەكەن. چونكە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و دۆزە ڕەواكەی نیە، بەردەوام بەدوای ئەوەدا بوون چیی لەدژی هەرێمی كوردستانە بیكەن و وەك ڕاوێژ بیدەنە نەیارانی گەلی كوردستان. لێرەدا داوایان لێ دەكەین ئەگەر ناتوانن و ناشیانەوێت بەرگریكاری مافەكانی گەلی كوردستان بن، ئەوە با بێدەنگ بن و دەستبەرداری ئەو یارییە هەرزانە و فیتنەگێڕی و ئەو مونافیقیە بن و چیتر دژی بەرژەوەندی و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان نەوەستنەوە. لە کۆتاییدا داوا لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین، لەم پرسەدا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لەگەڵ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بمێننەوە، چونکە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نە خێرە و نە سەدەقە تا موزایدەی پێوە بکرێت، بەڵکو مافێکی شەرعی و یاساییە و نابێت چیتر وەکو کارت و گوشاری سیاسی بەکاربهێنرێت و مافەکانیان زیاتر لەمە پێشێل بکرێت. فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق٢٠٢٥/٦/٣

هەواڵ
03-06-2025

پرسەنامەیەک لە مەسرور بارزانیەوە

پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێیانی هونەرمەندی شێوەکاری ناسراوی کوردستان قەرەنی جەمیل دەکەم و هاوبەشی خەمیانم . مامۆستا قەرەنی جەمیل ، شێوەکارێکی داهێنەر و بە ئەزموونی کوردستان بوو ، لە دەستدانیشی زیانێکی گەورە بوو بۆ هونەری شێوەکاریی کوردی.خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامیی و دڵنەواییش بە بنەماڵە و کەسوکار و دۆست و ئاشنایانی ببەخشێت. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

1 2 ... 103 104 105 ... 1143 1144