ڕاوێژكارێكی كازمی: ڕهنگه نەتوانین تا 10 ساڵی تر هەڵبژاردن ئەنجام بدەین
كاروان كهلاری/ باڵكێش
حسێن هینداوی، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردن ڕایگهیاند، ئەگەر دۆخهكه بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت، ڕەنگە نەتوانین تا 10 ساڵی دیكە هەڵبژاردن ئەنجام بدەین.
ئاماژەی بەوهشكرد، كە هەندێك لایەنی سیاسیی هەوڵ دەدەن هەڵبژاردنی پێشوەختە پەكبخەن و وتی، لەئێستاشدا ناكۆكیی و ململانێ لەسەر پێكهاتهی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەیە.
ڕوونیشیكردهوه، یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان كە لە ساڵی ڕابردووەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانە و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە بە تایبەتیش فرەبازنەیی، پەسەند نەكراوە، گەورەترین ئاستەنگه لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕۆژی 6ی6ی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكرد، بەڵێنی ئەوەشیدا كه كاربكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی چاودێرانی نیودەوڵەتیدا بەڕێوەبچێت.