تەندروستی عێراق: لە قۆناغی یەکەمی کۆرۆناداین

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، قۆناغی نوێی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە عێراق هێشتا دەستی پێ نەکردووە.

ریاز حەلفی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “عێراق هێشتا لە قۆناغی یەکەمی تەشەنەکردنی پەتاکەدایە، دامەزراوە تەندروستییەکانیش دەتوانن تووشبووانی کۆرۆنا چارەسەر بکەن، چونکە زۆربەی تووشبووەکان بە سووکی تووشبوونە و پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانە نییە”.

ریاز حەلفی راشیگەیاند: “زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بەهۆی پابەند نەبوونی هاووڵاتیانە، چونکە گردبوونەوەی زۆر هەن کە هیچ رێکارێکی خۆپارێزی تێدا نەگیراوەتەبەر، وەک بەستنی دەمامک و دەتەوانە و دوورەپەرێزی، بۆیە پێشبینی دەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەی تووشبووان زیاتر بێ”.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، ئەمڕۆ، رایگەیاند “لە 24 کاژێری رابردوودا 4644 کەسی دیکە لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کە 492 تووشبوویان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، هاوکات 3891 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەوە، هەروەها 63 تووشبووی دیکە گیانیان لەدەستدا”.

تائێستا 256 هەزار و 719 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 195 هەزار و 259 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە و 7 هەزار و 422 تووشبووی دیکەش گیانیان لەدەستداوە.

ھەواڵی زیاتر