هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت: رێگە نادەین عێراق ببێتە گۆڕەپان بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێ

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ڕایگەیاند، عێراق نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. هاوپەیمانییەکە رەتیدەکاتەوە خاکی عێراق بکرێتە مەیدانی جەنگ و جەختیش لە پشتگیریکردنی هێزە چەکدارەکان دەکاتەوە بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی.

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئەمڕۆ شەممە، 7ی ئاداری 2026  لە بەغدا کۆبووەوە و تاوتوێی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی کرد.

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، هاوپەیمانییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە عێراق ”بە هیچ شێوەیەک رانەکێشرێتە ناو ئەو ململانێیانەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەن.” هەروەها تێیدا هاتووە، “عێراق بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکاتەوە ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان، یان ببێتە خاڵی دەستپێکردنی هەر هێرش و دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.”

هاوپەیمانییەکە بە توندی ئیدانەی هەر هێرشێکی کرد کە سەروەریی عێراق پێشێل بکات و ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی بێتاوان. هاوکات بەکارهێنانی خاک، ئاو و ئاسمانی عێراقی بۆ هەر کارێکی دوژمنکارانە رەتکردەوە و داوای لێپرسینەوەی لە بکەر و بەرپرسانی ئەو کارانە کرد.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هاوپەیمانییەکە بە هەموو هێزێکییەوە پشتگیریی دامەزراوەکانی دەوڵەت و هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست لەپێناو پاراستنی سنوورەکان و ”رێگریکردن لە هەر لایەنێک کە بیەوێت خاکی عێراق بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە بەکاربهێنێت.”

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوای راگرتنی دەستبەجێی جەنگ دەکات و دەڵێت، “پێویستە هەمووان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆی جیدی.” ئاماژەی بەوەش کردووە کە ”بەردەوامیی تووندوتیژی تەنیا وێرانکاری و مەینەتی بۆ گەلانی ناوچەکە دەهێنێت و دەبێتە رێگر لەبەردەم گەشەپێدان.”

هاوپەیمانییەکە داوای لە وڵاتە زلهێزەکان و لایەنە کاریگەرەکان کرد کە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و جەخت لە پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر