لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر ئیلام 22 سەربازی ئێران کوژران
فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر بارەگایەکیان لە شاری مێهران، 22 پاسەوانی سنوور کوژران و 21ی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی ئاداری 2026، عەلی نەدرخانی، فەرماندەی پاسەوانی سنووری ئێران لە پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند، بارەگایەکی هێزی پاسەوانیی سنوور لە گۆڕەپانی ئیمام خومەینی لە شاری مێهران کراوەتە ئامانج. بەهۆی هێرشەکەوە 22 ئەندامی هێزەکانیان کوژراون و 21ی دیکەش بریندار بوون کە بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بە گوتەی نەدرخانی، هێرشەکە بووەتە هۆی خاپووربوونی بارەگاکە و زیانێکی زۆریش بە باڵەخانەکانی دەوروبەری گەیشتووە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر 24 پارێزگای ئێران دەستپێکردووە. لەو هێرشانەدا چەندین ناوەندی هەستیار کراونەتە ئامانج و چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژراون، لەنێویشیاندا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین شەپۆلی هێرشی بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل ئەنجامداوە.