مەترسییەکانی داخستنی گەرووی هورمز؛ ئابووریی عێراق و مووچەی فەرمانبەران لە لێواری کارەساتدایە
بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سوپای پاسدارانی ئێران گەرووی هورمزی بە تەواوی داخست و شارەزایان هۆشداری لەدۆخی عێراق دەدەن.
ئەمڕۆ شەممە 28-02-2026، گەرووی هورمز وەک گرنگترین دەروازەی دەریایی بۆ هەناردەکردنی نەوتی ناوچەی کەنداو، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە تەواوی داخرا، ئەمەش دڵەڕاوکێی زۆری لای شارەزایانی ئابووری دروستکردووە، چونکە ڕۆژانە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت.
پێشتر نەبیل مەرسوومی، شارەزای دیاری ئابووریی عێراق ڕایگەیاند، داخستنی گەرووی هورمز ئەنجامی کارەساتباری بۆ عێراق دەبێت، چونکە وڵاتەکە 90٪ی داهاتەکەی لە ڕێگەی هەناردەی نەوتەوە لەم ڕێڕەوەوە دەست دەکەوێت، لە حاڵەتی داخستنیدا عێراق بە کردەیی توانای هەناردەکردنی نەوتی لە بەندەرەکانی باشوورەوە لەدەست دەدات.
بەپێی پێشبینییە ئابوورییەکان ئەگەر گەرووەکە دابخرێت هەناردەی نەوتی عێراق لە سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلەوە بۆ تەنیا 210 هەزار بەرمیل کەمدەکاتەوە کە 200 هەزاری لە ڕێگەی هەرێمی کوردستان و 10 هەزار بەرمیلی لەڕیگەی ئوردنەوە دەبێت، تەنانەت ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 150 دۆلاریش، ناتوانێت قەرەبووی ئەو زیانە بکاتەوە چونکە داهاتی مانگانەی وڵات لە حەوت ملیار دۆلارەوە بۆ کەمتر لە یەک ملیار دۆلار دادەبەزێت، ئەم بڕە پارەیەش تەنیا بەشی 14٪ی مووچەی فەرمانبەران دەکات.
ئەم مەترسییە لە کاتێکدایە کە عێراق بەپێچەوانەی وڵاتانی سعودیە، ئیمارات و ئێران هیچ دەروازەیەکی جێگرەوەی ئامادەی نییە بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی، لە هەمان کاتدا وەزارەتی دارایی بەهۆی کەمیی نەختینەوە لە کێشەدایە، بۆ سێیەم مانگ لەسەریەک نەیتوانیوە لە کاتی خۆیدا مووچەی هەشت ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر دابین بکات، ئەمەش دۆخەکە بەرەو تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی مەترسیدار دەبات.