پەیامێک لە وتەبێژی داعشەوە؛ هەڕەشە لە دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکات

تۆڕی میدیایی فورقان، کە باڵی فەرمی ڕاگەیاندنی داعشە، وتارێکی دەنگیی نوێی “ئەبو حوزەیفە ئەنساری” وتەبێژی ڕێکخراوەکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هێرش دەکاتە سەر گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سووریا و جەخت لە بەردەوامیی هێرشەکانیان لە ناوچەکە و جیهان دەکاتەوە.

وتەبێژی داعش لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە نەمانی هەژموونی ئێران لە سووریا ڕووداوێکی گرنگ بوو، بەڵام دەسەڵاتی نوێی لە شام (سووریا) بە “کافرانە و مورتەد” ناوبرد، بەو پێیەی بە وتەی ئەو “حکومەتێکی عەلمانییە و پابەندە بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و تورکیا”. ئەنساری هۆشداری دا کە شەڕی ئەوان لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی ئێستای سووریا بەردەوام دەبێت و ڕایگەیاند: “داهاتووی شام بۆ دەسەڵاتدارانی نوێ، لە داهاتووی بەشار ئەسەد و مەزڵووم عەبدی باشتر نابێت.”

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، وتەبێژی داعش پەیامی ئاراستەی زیندانیانی ڕێکخراوەکە کرد کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی عێراقەوە دەستبەسەرن، و ستایشی “خۆڕاگری” ئەوانی کرد. هەروەها داوای لە لایەنگرانی کرد هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە مەسیحی و جووەکان لە سەرتاسەری جیهان چڕ بکەنەوە.

ئەبو حوزەیفە ئەنساری تیشکی خستە سەر چالاکییەکانیان لە کیشوەری ئەفریقا و ڕایگەیاند کە “ئەفریقا بووەتە مەیدانی شەڕێک کە هێزەکانی هاوپەیمانانی تێدا پەرتەوازە بووە”. ئاماژەی بە شەڕەکانی سۆماڵ، نێجیریا، مالی، مۆزەمبیق و کۆنگۆ کرد وەک نموونەی سەرکەوتنی ڕێکخراوەکەیان.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، وتەبێژی داعش دانی بە کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە و بەرپرسانی میدیایی ڕێکخراوەکە لە دوو ساڵی ڕابردوودا نا. هەروەها هۆشدارییەکی توندی تەناهی دایە لایەنگرانی و وتی: “ئێوە ئامانجی هەموو دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهانن،” و داوای لێکردن لە پەیوەندییە دیجیتاڵییەکانیاندا وردتر بن و نەکەونە داوی سیخوڕییەوە.

ھەواڵی زیاتر