سوپای سووریا لە چەند ناوچەیەک دەکشێتەوە و ئاسایشی ڕۆژئاوا شوێنیان دەگرێتەوە

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا، ئەمڕۆ شەممە 14ـی شوبات، پرۆسەی ڕادەستکردنی خاڵە سەربازییەکان بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

وردەکاریی ڕێککەوتنەکە و کشانەوەی سوپای سووریا بەم شێوەیە:

بەپێی خاڵی سێیەمی ڕێککەوتنامەی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا، گۆڕانکارییەکان بەم شێوەیە دەبن:

-سوپای سووریا لەو گوند و ناوچانەی پارێزگای حەسەکە و دێرەزوور دەکشێتەوە کە بەر لە 20 ڕۆژ تێیاندا جێگیر بووە.

-هێزەکانی هەسەدە لە 12  خاڵی سەربازیی ناوچەکە دەگەڕێنەوە بۆ بنکە سەرەکییەکانیان لە شارۆچکەی دێرک.

-ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان وەک هێزی جێگرەوە، سەرجەم ئەو خاڵە سەربازییانە وەردەگرێتەوە کە لە ڕووی کارگێڕییەوە (بەپێی ڕێککەوتنەکە) بە وەزارەتی ناوخۆی سووریاوە بەستراونەتەوە.

کاردانەوەی ناوخۆیی و گرژییەکان:

جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەو ناوچانەدا، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، دانیشتووانی ناوچە کوردییەکان بە ئاهەنگگێڕان پێشوازیی لە گەڕانەوەی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، بەڵام هەڵوێستی عەرەبەکان پێچەوانەیە و ناڕازین.

نیگەرانیی عەرەبنشینەکانی ناوچەکە:

لە هەندێک ناوچە عەرەبنشینەکان، کشانەوەی سوپای عەرەبیی سووریا و گەڕانەوەی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان وەک “هەڕەشە” دەبینن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە گرژی.

پڕۆسەکە لەم قۆناغەدا ناوەستێت:

بڕیارە لە هەنگاوی داهاتوودا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان بچنەوە نێو سەرێ کانی، کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عەرەبیی سووریادایە، هەروەها دۆسیەی ئەمنیی کۆبانێ و عەفرین، لە قوناغەکانی دواتردا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر