سێنتکۆم: هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی تەنەف کشانەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند، رۆژی 11ـی شوباتی 2026، هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازی تەنەف لە سووریا کشاونەتەوە.

ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پڕۆسەی “گواستنەوە و گۆڕانکارییەکانی هێزی هاوبەشی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی داعش کراوە کە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی مەیدانی دارێژراوە.” ئەم هاوپەیمانییە کە لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن سێنتکۆمەوە دامەزراوە، ئەرکی راوێژکاری، یارمەتیدان و بەهێزکردنی هێزە هاوبەشەکانی ناوچەکەی لە ئەستۆ بووە بۆ تێکشکاندنی داعش.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە نیسانی 2025دا، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە سوپای ئەمریکا دەست دەکات بە کۆکردنەوە و کەمکردنەوەی بنکە سەربازییەکانی لە ناو خاکی سووریادا، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2019دا داعش لە رووی جوگرافییەوە تووشی شکستی یەکجاری بوو.

ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ڕایگەیاند: “هێزەکانی ئەمریکا هەمیشە لە ئامادەییدا دەبن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی داعش کە لە ناوچەکەدا سەرهەڵبدات، هاوکات پشتگیریی هەوڵی هاوبەشەکانمان دەکەین بۆ رێگریکردن لە گەشەکردنەوەی ئەو رێکخراوە.” کووپەر جەختی کردەوە، بەردەوامیی گوشارەکان بۆ سەر داعش کارێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی خاکی ئەمریکا و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، تەنیا لە ماوەی 2 مانگی رابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 100 ئامانجی جیاوازیان لەرێگەی 350 مووشەکی ورد و زیرەکەوە پێکاوە. لە ئەنجامی ئەم ئۆپراسیۆنانەدا، زیاتر لە 50 تیرۆریستی داعش کوژراون یان دەستگیر کراون.

ھەواڵی زیاتر