موقتەدا سەدر پەیامێکی بڵاوکردەوە؛ خودایە عێراق لە گەندەڵکاران بپارێزیت
موقتەدا سەدر، داواکارە خودا عێراق لە گەندەڵکاران، تیرۆرستان و ئەوانە بپارێزێت خواستیان ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ئیسرائیل و جەخت لە چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران دەکاتەوە.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتیمانیی شیعی (ڕەوتی سەدری پێشوو)، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بۆ سەرکەوتنی زیارەتی شەعبانییە و دوورکەوتنەوەی شەڕ لە وڵات، سوپاسی خودا دەکات. داواش لە خودا دەکات عێراق لە گەندەڵکاران و داگیرکاران بپارێزێت.
دەشڵێت: “خودا عێراق لە تیرۆرستان ” و ئەوانە بپارێزێت داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکەن لەگەڵ ئیسرائیل. باوەڕدارانیش لەسەر خۆشەویستی نیشتیمان و چاکسازی پتەو و خۆڕاگر بکات.”
موقتەدا سەدر، بە نەیاری سەرسەختی نووری مالیکی ئەمینداری حیزبی دەعوە، دادەنرێت ئێستا کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەدر زۆرینەی کات لە بەکارهێنانی وشەی گەندەڵکاراندا مەبەستی مالیکییە، ساڵی 2022 کە سەدر لیستی یەکەمی هەڵبژاردن بوو، وتی ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنە شیعەکان جگە لە مالیکی، بۆ پێکهێنانی حکومەت هاوپەیمانی پێکبهێنێت، کاتێک لە هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبوو، بە تەواوی لە پرۆسەی سیاسی عێراق کشایەوە.