تورکیا لەباری رێکەوتنەکەی دیمەشق و هەسەدە چی دەڵیت؟
توركیا بەفەرمی لە ڕێگەی هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، ئەوان دڵخۆشن بەو رێككەوتنەی نێوان دیمەشق و هەسەدە، پێویستە هەسەدە رێككەوتن جێبەجێ بكات تا بتوانرێت ئارامی و ئاساییش بۆ سووریا بگەڕێتەوە. بەڵام میدیای توركیا، لەبارەی ئەو رێككەوتنە بێدەنگی پێوە دیارە، ئەو بێدەیینگییەش بەو مانایە نییە رێككەوتنەكەیان قبووڵە.
بەر لەوەی دیمەشق و هەسەدە رێككەوتن ئەنجام بدەن، میدیای توركیا هەموو فۆكەسی خۆی خستبووە سەر شەڕی نێوان هەسەدە و سوپای دیمەشق و بەئاشكرا دژایەتییان لە هەسەدە دەكرد و پشتگیریی تەواویان لە سوپای دیمەشق دەكرد، لە تەلەڤزیۆنەكانەوە دەیان دیمانە و گفتوگۆ لەبارەی شەڕی سووریاوە ئەنجام دەدرا، بەڵام دوای ئەم رێككەوتنە، میدیای توركیا بێدەنگە، تەنانەت یەك رۆژنامەی توركیا، بە هەواڵێكیش باسی لەو رێككەوتنە نەكردووە.
بەگوێرەی شڕۆڤەی بەشێك لە لێكۆڵەرانی سیاسی، رەنگە توركیا ناچار كرابێت بەو رێككەوتنەی دیمەشق و هەسەدە رازیبێت، چونكە ئەوەی لەم رێككەوتنەدا هەیە، توركیا پێی نیگەرانە و ئەوەی ویستی بەدڵی ئەو نەبووە.
لەرێككەوتنەكەدا هاتووە، هەسەدە چوار لیوای بۆ دروست دەكرێت، واتە یەك یەك ناچنە ناو سوپای سووریا، بەڵكوو هەسەدە بە چوار لیوا دەمێنێتەوە و رۆژئاوای كوردستان دەپارێزێت. هەروەها دان بەزمانی كوردیدا دەنێن و خوێندن بەزمانی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان رێگەی پێدەدرێت، جیا لەوەی هەموو ئەو بڕوانامانەی لە ٢٠١١ەوە تاوەكوو ئێستا لە رۆژئاوای كوردستان بەدەست هاتوون، بە مەرسوومێكی كۆماریی دانی پێدرا دەنرێت، ئەمانە توركیای نیگەران كردووە.
وەكوو ئەوەی شڕۆڤەكاران باسی دەكەن، ١٠٠ ساڵە باكوورییەكان خەبات دەكەن تا بتوانن مافی كورد لە دەستووردا جێگیر بكەن، بۆ نموونە كورد بەزمانی خۆی بخوێنێت، هەروەها زمانی كوردیش بەفەرمی دانی پێدا بنرێت، بۆیە كاتێك بە ١٢ ساڵ خەبات لە رۆژئاوای كوردستان ئەو مافە بۆ كورد فەراهەم بكرێت، ئەمە ترس دەخاتە دڵی توركیا.
پێشتر باس لەوە دەكرا، لە رۆژئاوای كوردستان كورد بە دەست بەتاڵی لێی بێتە دەرەوە، لە باكووری كوردستانیش كورد لاواز دەبێت و توركیا لە قۆناغی پرسی چارەسەری كورددا، مافی كورد نادات و بوێری ئەوەی دەبێت پرسی كورد وەلا بنێت. بەڵام ئەوەش راستە ئەگەر لە رۆژئاوای كوردستان، كورد مافی بدرێتێ، باكوورییەكان بوێری ئەوەیان دەبێت داوای مافی خۆیان بكەن، بەتایبەت رێگە بدەن كورد بەزمانی خۆی بخوێنێت.
مەزڵووم عەبدی، لە دیمانەیەكدا باسی لەوە كرد، رێككەوتنەكە لەئاستی ئەو خەبات و شەهیدانەی داویانە نەبووە، بەڵام لەم قۆناغەدا پێی رازی بووین و لە خەبات بەردەوام دەبین. لێرەوە دەردەكەوێت كورد لە سووریا بەو رێككەوتنە رازی نییە و بەناچاری قبوڵی كردووە، بۆیە رەنگە لە داهاتوو زیاتریان بوێت.
لە رۆژانی داهاتوو روون دەبێتەوە، ئایە توركیا بەربەست بۆ رێككەوتنەكە دروست دەكات، یان بەناچاری قبوڵییەتی و هەروەها لە توركیاش چەند هەنگاوێك بۆ پرسی كورد دەهاوێت، دیارترینیان رێگەدانە كورد بەزمانی خۆی بخوێنێت و هەروەها كوردیش وەكوو نەتەوە دانی پێدا بنرێت.