پەیامی مەزڵووم عەبدی لەسەر ئاگربەست لە حەلەب
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕایدەگەیەنێت، لە ڕێگەی نێوەندگیریی نێودەوڵەتییەوە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە حەلەب.
ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی بە پێنج ڕۆژی شەڕی سەخت و گەمارۆی تووندی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دێنێت. بڕیاری کشانەوە و گواستنەوەی هێزەکان بەرەو ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر، دوای ئەوەیە کە هاوسەنگیی هێز لە حەلەب بەهۆی چەکی قورسی سوپای سووریاوە گۆڕا، هاوکات ژیانی سڤیل کەوتووتە مەترسییەوە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند: “داوا لە لایەنی ناوبژیکار دەکەین پابەندی بەڵێنەکانیان بن بۆ وەستاندنی پێشێلکارییەکان. هاوخەمیی قووڵی خۆمان بۆ تێکۆشەرانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و بنەماڵەی شەهیدان دەردەبڕین کە ئازایانە لە بەرامبەر هێرشەکاندا وەستانەوە.”
شەڕی حەلەب لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا بووە هۆی شەهیدبوونی 28 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 115 کەسی دیکە، هاوکات زیاتر لە 155 هەزار کەس ئاوارە بوون. گواستنەوەی بریندارەکان و مەدەنییەکان وەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دەست پێ دەکات.