ئاگربەستی کاتی لە حەلەب ڕاگەیەندرا
ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕایدەگەیەنێت، بۆ ڕزگارکردنی برینداران و ئافرەتان و منداڵان لە نەخۆشخانەی خالید فەجر، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئاگربەستێک لە چەند ناوچەیەکی گەڕەکەکان.
ڕۆژی شەممە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی هەوار، بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگربەستییان لەو گەڕەکە گەمارۆدراوانەی شاری حەلەب، ڕاگەیاندووە، بە مەبەستی وەستانی شەڕ لە بەشێکی ئەو گەڕەکانە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئامانجی سەرەکی لەم ئاگربەستە بریتییە لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ تیمە پزیشکی و مرۆییەکان تا بتوانن کارەکانیان بکەن بۆ گواستنەوەی برینداران، هەروەها ئافرەتان و منداڵان لە نەخۆشخانەی خالید فەجر کە دەکەوێتە گەڕەکی شێخ مەقسوود.
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە لە 6ـی کانوونی دووەمەوە ئەم دوو گەڕەکە ڕووبەڕووی هێرشی توندی چەکدارانی حکوومەت بوونەتەوە و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە کۆمەڵکوژی دڕندانەیان بەرانبەر مەدەنییەکان ئەنجام داوە.
هەر ئەمڕۆ، عەزام غەریب پارێزگاری حەلەب، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نزیکەی 155 هەزار کەس لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئاوارەبوون و ڕوویان لە گەڕەک و گوندەکانی دەوروبەری حەلەب کردووە