زیندانەکانی ئەسەد سەرلەنوێ پڕ دەبنەوە لە زیندانی
کاتێک سوورییەکان بە هیوا و دڵخۆشییەوە دەرگای زیندانە ترسناکەکانی رژێمی ئەسەدیان شکاند، باوەڕیان وابوو ئەو دێوزمەیە بۆ هەمیشە کۆتایی پێهاتووە. بەڵام ئەمڕۆ، هەزاران خێزانی سووری جارێکی دیکە لە ئازاری دابڕان و نەزانینی چارەنووسی ئازیزانیاندا دەناڵێنن.
ساڵێک لەمەوبەر، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوەزەر، بەڵێنی دا “ئەو زیندانە بەدناوانە دابخات” کە بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵهاتووی سووریا بەڕێوەی دەبردن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی (ڕۆیتەرز،) بەڵێنەکانی شەرع هیچیان جێبەجێ نەکراون، زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن نەک هەر دانەخراون، بەڵکوو دیسانەوە خراونەتەوە کار و هاوشێوەی پێشوو پڕ کراون لە زیندانی.
لە دێسەمبەری 2024دا، هاووڵاتیانی سووریا بە هیوایەوە چوونە سەر زیندانەکان، بەدوای ئازیزانە ونبووەکانیاندا دەگەڕان کە لەژێر دەسەڵاتی ئەسەددا چارەنووسیان نادیار بوو. لە هەمان کاتدا، هەزاران ئەفسەر و سەربازی ڕژێمی لێخراو لەلایەن یاخیبووەکانەوە دەستبەسەر کران. دایک و باوکانی سووری بە گریانەوە لەژێر کون و کەلەبەر و شوێنە شاراوەکاندا بەدوای کوڕ و کچەکانیاندا دەگەڕان، بەڵام زۆریان بە دەستی بەتاڵەوە گەڕانەوە.
دوای چەند مانگ لە ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، شەپۆلی نوێی دەستگیرکردن دەستی پێکرد. ئەمجارە سەدان کەس لە مەزهەبی عەلەوی، زۆربەیان پیاو بوون، لە سەرتاسەری سووریا دەستگیر کران. دوای ڕاپەڕینێکی کورت لە کەناراوەکاندا لە مانگی مارسدا کە دەیان هێزی ئەمنی کوژران، تۆڵەسەندنەوەیەکی خوێناوی دەستی پێکرد و نزیکەی هەزار و پێنج سەد عەلەوی گیانیان لەدەست دا.، دەستگیرکردنەکان تا ئەمڕۆش بەردەوامن.
بە گوێرەی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لە هاوینی ئەمساڵەوە، قۆناغێکی دیکەی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ دەستی پێکردووەتەوە، ئەمجارە لە باشوور لەنێو کۆمەڵگەی پێكهاتەی درووزەکاندا. دوای سەرهەڵدانی توندوتیژیی تایفی کە سەدان کەس گیانیان لەدەست دا، دەسەڵات بە لەسێدارەدان و پێشێلکاری وەڵامی دایەوە.
ئاژانسی ناوبراو لە لێکۆڵینەوەیەکی وردا توانیویەتی ناوی لانیکەم 829 کەس کۆ بکاتەوە کە لە دوای هەڵهاتنی ئەسەد بە “پاساوی ئەمنی” دەستبەسەر کراون. ئەم ژمارەیە بەپێی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەی دەستگیرکراوەکان و ئەو کەسانەی کە خۆیان لە زیندانەکاندا بوون، بەدەست هاتووە.
هەروەها لێکۆڵەران پێداچوونەوەیان بە هەندێک لیستی دەستگیرکراوەکاندا کردووە کە لەلایەن کەسانێکەوە دروست راون کە سەردانی خێزانەکانیان بۆ حەوت دامەزراوە ڕێکخستووە.
بەڵام ژمارە ڕاستەقینەکە لەوانەیە زۆر زیاتر بێت، ئەو زیندانانەی کە لە سەردەمی ئەسەددا دەیان و سەدان کەس تیایدا ئازاریان دەچەشت، ئێستا دیسانەوە دەنگی قیژە و ناڵەیان لێ بەرز دەبێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی (ڕۆیتەرز) هەزاران کەسی نوێ لەلایەن دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعەوە بەبێ تۆمەتی فەرمی، بەبێ پارێزەر، بەبێ دادگا، ڕاگیراون.