سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەربازی عێراق كرد

تاوتوێی بارودۆخی ئەمنی و هەماهەنگیی سوپای عێراق و پێشمەرگە كرا

ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سوپاساڵاری عێراق و شاندێکی یاوەری کرد کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک پلەداری باڵای سەربازی و ئەمنیی عێراق.

لەو دیدارەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا بە تایبەت و هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی هەردوولا لە پێناو پاراستنی ئاسایشی عێراق بە گشتی و ناوچە سنوورییەکان بە تایبەتی. هەروەها هاوکاری و هەماهەنگیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە و پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەمنیی دوولایەنە و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بارودۆخی ئەمنیی سووریا و سنوورەکانی لەگەڵ عێراق تاوتوێ کران.

هەر لەو دیدارەدا باس لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش کرا کە هێشتا مەترسیی گەورەن بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە، لەم پێناوەدا پێویستی بەردەوامیی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ سوپای عێراق و پێشمەرگە و پتەوکردنی هاریکاریی هاوبەشیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە گرنگ زانرا.

کۆتاییهاتن بە ئەرکی هاوپەیمانان لە ئەیلوولی ساڵی داهاتوو و مەترسی و ئەگەرەکانی بارودۆخی دوای ئەو قۆناغە تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارەبوون.

ھەواڵی زیاتر