وەفدێكی نەوتیی ئێران لە بەغدادە و قسە لەسەر سزاکانی ئەمریکا دەکەن.
حسێن حسێزادە بریكاری وەزیری نەوتی ئێران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی تری ئەو وەزارەتە گەیشتنە بەغداد، وەفدە نەوتییەكەی ئێران لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق كۆبوونەوە.
بەگوێروی راگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق: باس لە ئاسۆی هاوكاری نێوان هەردوو وڵات كراوە لە بوارەكانی نەوت و غازو وزە.
سەردانی وەفدەكەی ئێران لەكاتێكدایە جارێكی تر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەر سەرمایەدارێكی عێراقیدا سەپاندو تاوانباری كرد بەوەی نەوتی ئێرانی تێكەڵ بە نەوتی عێراق كردووەو بە قاچاخ فرۆشتویەتی، ئەمە بۆ خۆپاراستن لە سزاكانی ئەمریكا.
ئەمە جاری یەكەم نییە ئەمریكا، عێراق تۆمەتبار دەكات بە یارمەتیدانی ئێران لە بەقاچاخبردنی نەوت، تۆمەتێك كە بەغداد بەردەوام رەتیدەكاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەفتەی ڕابردوو شاندی دانوستاندنكاری هەولێر و بەغدا، لە شاری بەغدا كۆبوونەوە و نەگەیشتنە ڕێككەوتن، بەڵام كۆبوونەوەكان كۆتاییان نەهاتووە و ئەم هەفتەیەش چەند كۆبوونەوەیەكی دیكە لەنێوان شاندی باڵای هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ بەڕێوەدەچێت.
هەر لەمبارەیەوە، شوان كەلاری، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند: تەوەری گفتوگۆكان زیاتر داهاتی نانەوتییە بەڵام داواكاریی كۆمپانیاكانی نەوتیش بەشێكە لە گفتوگۆكان و كۆمپانیاكان داوای گەرەنتی دەكەن كە ئەمەش تاوەكوو ئێستا بەربەستە لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.