گه‌نده‌ڵیەکی ته‌یف سامی ئاشكرا بوو

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک، وەزارەتی دارایی عێراق، بە واژۆی تەیف سامی ڕەزامەندی لەسەر گواستنەوەی ڕاژەی 10 فەرمانبەر بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران داوە، ئەمەش لە کاتێکدا گواستنەی ڕاژە لە وەزارەتێکەوە بۆ وەزارەتێکی دیکە قەدەغە و نایاساییە.

بەگوێرەی زانیاریەکان جگە لەو فەرمانبەرانە، 500 ئەندامی دیکەی حە*شدی شە*عبی گواستنەوەی ڕاژەیان بۆ کراوە. 

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، نووسراوەکە لە فەرمانگەی بودجەی وەزارەتی داراییەوە ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کراوە، وەزارەتەکە ڕەزامەندیی خۆی نیشانداوە لەسەر گواستنەوەی ڕاژەی 10 فەرمانبەر لە چەند وەزارەتێکی جیاوازەوە بۆ سەر میلاکی ئەنجوومەنی نوێنەران.


ئەم بڕیارە پێچەوانەی ماددەی (12)ـی بڕگەی چوارەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵییە بۆ ساڵانی (2023، 2024، 2025). یاساکە بە ڕوونی گواستنەوەی فەرمانبەران بۆ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (کۆمار، پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیران) و لەنێوان وەزارەتەکان قەدەغە کردووە، بەتایبەت ئەگەر ببێتە هۆی زیادبوونی مووچە و دەرماڵەکانیان.

ئەم بەڵگەنامەیە لە فەرمانگەیەکەوە دەرچووە کە تەیف سامی، وەزیری دارایی، بۆ ماوەیەکی زۆر بەڕێوەبەری گشتیی بووە. هیچ بڕیارێک لە وەزارەتی دارایی بەبێ ڕەزامەندی و ئاگاداریی ئەو تێناپەڕێت، ئەمەش پرسیاری جددی لەسەر دووفاقی لە جێبەجێکردنی یاساکاندا دروست دەکات.

بەرپرسێکی باڵای عێراق ڕایگەیاند، هەر ئەو 10 فەرمانبەرە نین کە گواستنەوەی ڕاژەیان بۆ کراوە، نزیکەی 500 ئەندامی دیکەی دەستەی حەشدی شەعبی ڕاژەیان بۆ شوێنی دیکە گواستنراوەتەوە.


لە کاتێکدا هەزاران فەرمانبەر لە عێراقدا ئاواتەخوازن ڕاژەیان بۆ یەکێک لە سێ سەرۆکایەتییەکە بگوازرێتەوە بەهۆی بەرزیی مووچەکانیانەوە، بەڵام بەهۆی یاساوە ڕێگرییان لێدەکرێت، کەچی بە پێچەوانەوە، ڕێگە بۆ 10 فەرمانبەری دیاریکراو (کە لە نێویاندا یاریدەدەری پزیشکی و دەرمانساز و تەکنیکار هەیە) خۆش کراوە.

ھەواڵی زیاتر