حكومەتی فیدراڵی 11 ساڵە مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “حكومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر ئاستە سیاسی و ئابووری و داراییەكان، گەمارۆی خستووەتەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و گوشاری بەردەوامی بۆ بچووككردنەوە و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كردووە”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-06-2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 11 ساڵە بەغدا “بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە. لە بەرانبەردا هەموو مانگێک بیانووی جۆراوجۆری بۆ نەناردنی مووچە دروست كردووە. سەرباری ئەوەی دادگەی فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی خەڵكی كوردستان بێ دواکەوتن خەرج بکرێت و بە هیچ بابەتێكەوە نەبەسترێتەوە”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، حکومەت ئاماژەی بەوە کردووە، هەولێر هەموو مانگێک پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام بەغدا “هەموو مانگێک مووچەی مووچەخۆرانی دواخستووە و هیچ ساڵێكیش هەر 12 مووچەكەی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، ئەمە جگە لە پیادەنەكردنی دادپەروەری لە دامەزراندن و پلەبەرزكردنەوە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق”.
حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی دوایین بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی راگرتنی مووچەی پێنج و مووچەی مانگەکانی دیکە دەکات و دەڵێت، “ستەمكارانە و سزادانێكی نوێیە”، ئاماژەی بەوەش کردووە، “وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا مووچەی 8 مانگی ساڵی 2025 نەنێرێ لە كاتێكدا لە 13 تریلیۆن دیناری پشكی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 تریلیۆن دینار نێردراوە”.
دەقی راگەیێندراوەکە:
لە چەند ساڵی رابردوودا، حكومەتی فیدراڵیی عێراق، لەسەر ئاستە سیاسی و ئابووری و داراییەكان، گەمارۆی خستووەتە سەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و فشاری بەردەوامی بۆ بچووككردنەوە و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كردووە.
لەگەڵ ئەوەی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، فاكتەری ئارامی و گەشەی ناوچەكەیە و لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا رۆڵی لە گێڕانەوەی سەقامگیری و لەخۆگرتنی ئاوارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا بینیوە، بەڵام حكومەتی فیدراڵی لە جیاتی هاوبەشی و رێككەوتن، هەموو ئامرازێكی بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان خستووەتە گەڕ.
بڕینی مووچە خەڵكی كوردستان
بۆ ماوەی 11 ساڵە حكومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە. لە بەرانبەردا هەموو مانگێک بیانووی جۆراوجۆری بۆ نەناردنی مووچە دروست كردووە. سەرباری ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی خەڵكی كوردستان بێ دواکەوتن خەرج بکرێت و بە هیچ بابەتێكەوە نەبەسترێتەوە.
حكومەتی هەرێمی کوردستان هەموو مانگێک بیانووەكانی بەغدای بڕیوە و كێشەكانی لیستی مووچەی چارەسەر كردووە، بۆ ئەمەش سیستەمی پەیرۆڵی دامەزراند و یاسای یەكگرتووی خانەنشینیی عێراق و سیستەمی بەبانكیكردنی مووچەی جێبەجێ كرد و لەسەر داوای حکومەتی فیدڕاڵ دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست و لەجێدانانی فەرمانبەرانی بە هەموو شێوەیەک راگرت، بەڵام حكومەتی فیدراڵی هەموو مانگێک مووچەی مووچەخۆرانی دوا خستووە و هیچ ساڵێكیش هەر 12 مووچەكەی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، ئەمە جگە لە پیادەنەكردنی دادپەروەری لە دامەزران و پلەبەرزكردنەوە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق.
لە دوابڕیاری ستەمكارانە و سزادانێكی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا مووچەی 8 مانگی ساڵی 2025 نەنێرێ لە كاتێكدا لە 13 تریلیۆن دیناری پشكی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 تریلیۆن دینار نێردراوە.
گەمارۆكانی بەغدا لە بواری بودجەدا
بەغدا لەڕێگەی سكاڵای نێودەوڵەتییەوە لە 25ی ئاداری 2023 ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرت، كە بە هۆیەوە عێراق و هەرێمی كوردستان 25 ملیار دۆلار زیانیان بەركەوتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 4ی نیسانی 2023 لەگەڵ عێراق رێکكەوتنی ئیمزا کرد کە نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت. هەرێمی کوردستان 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردووە، بەڵام عێراق هیچ تێچوویەكی ئەو بەرهەمهێنانەی خەرج نەكردووە. جگە لەوەی 50%ی داهاتی نانەوتیی رادەست كردووە، بەڵام بەغدا بۆ ماوەی 11 ساڵە بودجەی كوردستانی بڕیوە و بەوهۆیەوە پرۆژە و گەشەی شارەكانی وەستاندووە، سەرەڕای پەسندكردنی بودجە بۆ ساڵی 2023، 2024 و 2025. ئەمە جگە لەوەی بەغدا هیچ قەرەبوویەكی خەڵكی كیمیابارانكراو و جینۆسایدكراو و ئەنفالكراوی كوردستانی نەكردووەتەوە، كە ماددەی 132ی دەستوور ئاماژەی پێداوە.
رێگری لە هەناردەكردنەوەی نەوت
عێراق جگە لەوەی مووچە و بودجە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێ، ئاستەنگیش لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوت دروستدەكات، تاكو نەتوانێت ئابوورییەكەی ببووژێنێتەوە و مووچە دابین بكات.
لە كاتێكدا ماددهی 111 و 112ی دهستووری عێراق مافی وەبەرهێنانی وزە بۆ كوردستان دەستەبەر دەكات، هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانكارییەكی بۆ مەرجەكانی عێراق و رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە و گرێبەستەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و كۆمپانیاكان بەپێی بڕیاری دادگاكانی عێراق یاسایین، بەڵام حكومەتی عێراق ئاستەنگی نوێ لەبەردەم پرۆسەكە دروست دەكات، تاكو هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە لاواز بکات و توانای خۆبژێویی نەبێت وەک لە سەرەتای 2014ەوە رووی داوە.
سەرباری ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پاساوەكانی بەغدای لە بواری دارایی و نەوتدا بڕیوە، هاوكات ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و كاركردن بە دەستوور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پیشان داوە، بەڵام سزادان و گەمارۆكانی بەغدا بۆ سەر خەڵكی كوردستان بەردەوامن و نیازی حكومەتی فیدراڵی لە دژایەتیی قووڵی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیدا بۆ ناوخۆ و دەرەوە روون بووەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی تووندی حزبەكانی كوردستان و عێراق و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق و سیاسەتمەدار و چاودێرانی دەرەوەی لێكەوتووەتەوە.