بەهۆی وشکەساڵی ملیۆنان تەن گەنم بۆ ئەمساڵ کەمی کردووە

بەرێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکوو دوێنێ لە پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، بڕی سێ ملیۆن و 600 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە. بەهۆی کەمبارانی و کەمئاوی، لە عێراق نزیکەی ملیۆنێک و 700 هەزار تۆن گەنم کەمی کردووە، لەهەرێمی کوردستانیش نزیکەی 800 هەزار تۆن گەنم کەمی کردووە.

سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، د. حەیدەر کەرعاوی، بەرێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی وەرگرتنی گەنمە لە پارێزگای سلێمانی بەتایبەت لە پیرەمەگروون، هەروەها دەرگای سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کراونەتەوە و پرۆسەکە بەردەوامی دەبێت.
گوتیشی: تاوەکوو دوێنێ لە پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، بڕی سێ ملیۆن و 600 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەمساڵ بەهۆی کەمیی ئاو، هەندێک لە جووتیارانی عێراق نەیانتوانی گەنم بچێنن، دەشڵێت بەنموونە بەرهەمی گەنمی پارێزگای نەینەوا لە پار کەمتر بووە.
حەیدەر کەرعاوی، باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ دەرگای سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرانەوە، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و کارمەندان لە پێشوازیی جووتیاراندا دەبن، بڕی 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت. بەڵام بەهۆی کەمئاوی کە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەندێک وڵاتانی دراوسێی گرتووەتەوە بەرهەم کەمی کردووە.
ڕاشیگەیاند، بەهۆی کەمبارانی و کەمئاوی، لە عێراق نزیکەی ملیۆنێک و 700 هەزار تۆن گەنم کەمی کردووە، لەهەرێمی کوردستانیش نزیکەی 800 هەزار تۆن گەنم کەمی کردووە، دەربارەی وەرگرتنی گەنم گوتی: لە هەموو پارێزگاکانی عێراق گەنم کەمتر وەرگیراوە نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، چونکە هیچ جیاوازییەک لە نێوان جووتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا نییە.


حەیدەر کەرعاوی، دەشڵێت: تەنیا لە پارێزگای نەینەوا، بەهۆی کەمبارانیەوە، جووتیاران یەک ملیۆن تۆن گەنمیان کەمتر چاندووە، گوتیشی: پارساڵ هەموو جووتیاران پارەکانیان وەرگرتووە، بەڵام ئەمساڵ پارەکە کەمترە، هەوڵ دەدەین بەهەموو جووتیارانی بدەین.

ھەواڵی زیاتر