نرخی کارتی دەنگدان گەیشتووەتە 500 هەزار دینار

ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، نرخی کارتی دەنگدان لە بەغدا گەیشتووەتە 500 هەزار دینار.کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بوونی شتی لەو جۆرە رەت دەکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی حوزەیران، هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: “پرسەکە زۆر جیدییە و لە زۆر شوێندا دەبینین و دەبیستین کە باس لە کڕین و فرۆشتنی دەنگ و کارتی دەنگدان دەکرێت. بەڕاستی ئەمە مەترسییەکی زۆر گەورەیە و پێویستە رێگری لێبکرێت.”

هادی سەلامی گوتیشی: “کارتەکان بە شێوەی جیاواز کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە بەغدا نرخەکەی گەیشتووەتە 500 هەزار دینار.”

بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاکی، داوایان لە هێزە ئەمنییەکان و لیژنەکانی هەواڵگری کردووە “بە زووترین کات بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەو دۆخە بکەن و بنبڕ بکرێت.”

هاوکات، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی گوت: “ئێمە لە موسڵ، چەندین جار گوێبیستی ئەو بابەتە بووین و بەدڵنیاییەوە راستە، دەگوترێت نرخی کارتی دەنگدان لە 75 هەزار دینارەوە تاوەکو 300 هەزار دینار کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت لە موسڵدا.”

شێروان دووبەردانی گوتی: “بەدڵنیاییەوە لە هەموو پارێزگاکان ئەو دۆخە هەیە، بەڵام کۆمیسیۆن هەمیشە رەتی دەکاتەوە و دەڵێت، دوورە لە راستییەوە.”

رۆژی شەممە، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە گوتاری نوێژی جەژنی قورباندا گوتی: “شەرمەزارییە بازاڕ و بۆرسە بۆ کڕینی بەربژێر و دەنگدەران هەبێت. ئەمە کارێکی قێزەونە، پارەی حەرامە و ناپاکییە لە گەل و نیشتمان.”

لەلای خۆیەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: “ئەگەر لای ئێمە سکاڵا بکرێ، بەدواداچوون دەکەین و بکەران بە تووندی سزا دەدەین، هەرچەندە ئەو بابەتە بە راست نازانین، چونکە کەس ناتوانێت لە بری کەسی دیکە دەنگ بدات.”

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت: “لە رۆژی دەنگداندا رێکاری تایبەتمان هەیە کە رێگری دەکات لە بەکارهێنانی کارتی دەنگدان لەلایەن کەسانی دیکەوە، ئەویش پەنجەمۆری 10 پەنجەی دەست لەسەر ئامێری وردبینی و بەراوردکردنی بە پەنجەمۆری تۆمارکراوی لە ئامێرەکەدا.”

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت و بەشداریکردنی دەنگدەران تەنیا لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە 25ـی ئاداری 2024ـەوە دەرگای نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی کردووەتەوە و پرۆسەکە تاوەکو 15ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت.

ھەواڵی زیاتر