داهاتی نانەوتی مانگی نیسان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق
بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-05-2025، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ، کە بڕەکەی 50 ملیار و 522 ملیۆن و 750 هەزار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، بەغدا بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دیناری وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هەمان ڕۆژ، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی خشتەی مووچەی مانگی نیسانی بڵاو کردەوە، کە ڕۆژی چوارشەممە، 14-05-2025، دەستی پێ کرد و تا ڕۆژی یەکشەممە، 18-05-2025، بەردەوام بوو.
مانگی ڕابردووش (سێشەممە، 22-04-2025)، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ، کە بڕەکەی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینار بوو، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.